٢٠\١١\٢٠١٣
راپۆرتی تانگانیکا.

نازم
حیکمەت. و. لە فارسییەوە: ھەژێن
-
نامەی
دووەم
-
له قاهیره، باخی «ئوزبه‌کیه»ت لە‌یاد ماوە؟
چووم و کورسییه‌ک که پێکه‌وه لە بانی دانیشتبووین، دۆزیمه‌وه.
هێشتا پا شکاوه‌که‌ی چاکنه‌کرا‌وه
شه‌و بوو، له‌یادتە؟
له به‌رامبه‌رمانا، ڕۆشنایی ئه‌ستێرە و ئۆتۆمەبێلەکان لە شووشه‌به‌نده‌کانا،
ئاوێته‌بووبوو و
گه‌دایێک به دیزداشەوە.
له‌یادته که پێکه‌وه، لە ژنه خه‌مباره‌کە دواین
ڕوخساری وه‌ک «نێفه‌رتیتی»ی شاژن وابوو
هاوسه‌ره کۆمونیسته‌که‌ی پێنج ساڵ بوو گیانه‌ڵای بوو
له‌نێو بیابان، ئوردووگه‌ی کاری زۆره‌ملێ
باخی «ئوزبه‌کیه»ی قاهیره‌ت له‌بیر دێ؟
چووم، کورسییه‌ک که له‌سه‌ری دانیشتبووین، دۆزیمەوه..
هێشتا پا شکاوه‌که‌ی چاکنه‌کرا‌وە
به رۆژ، دره‌خته‌کان ته‌پوتۆز دایگرتوون
گه‌دا دیزداشەپۆشەکە، بۆته مشتێ پێست و ئێسقان،
هاوسه‌ری ژنه خه‌مباره‌که‌ش مردووه.
تۆ باخی «ئۆزبه‌کیه»ی قاهیره‌ت له‌یاد ماوە؟
-
نامەی
سێیەم
-
شه‌و، دره‌نگانێ له قاهیره هه‌ڵفڕین
دوور، زۆر دوور، له نووکی باڵەکانیا، چرای سووری دابڕان هه‌ڵکرابوو.
ئه‌ستێره‌کانم گرتنه نێو له‌پم و خه‌وتم.
له ڕووناکی کازیوه‌دا، له فڕگەی «خه‌رتوم» نیشتینه‌وه،
ڕووناکییه‌کی سپی بێ هه‌ور،
ڕوناکی سێرامیکەکان،
فنجانێکی سێرامیک، ناسک وه‌ک پێست.
«کۆمێت»ێکی دێوئاسای لێ‌بوو
فڕۆکه‌ی هێڵی هه‌وایی سودان.
فڕۆکه‌یه‌کی وەرزشیی گچکه‌ی زه‌رد و سووریش.
تێنه‌گه‌یشتم بۆچی له‌وێنده‌رێ بوو.
فڕگەی «خه‌رتوم» خاوێنه.
خۆر له فێنکی به‌یانیدا سه‌رده‌که‌وت.
پاڵتۆکه‌م خسته سه‌رشان و ڕووبه‌ڕووی دانیشتم.
له هه‌رکوێ بم، ته‌نانه‌ت له زیندانیش،
ڕۆژم به زرینگانەوەی ھەواڵێکی خۆش لە گوێما ده‌ستپێده‌کا.
سودانییه‌کان جوانن،
-
ژنه هۆنه‌رێکی سودانی ده‌ناسم، جوانی جوانانه
-*
له داری ئابنۆس داتاشراوه.
کراسی سپی، کەتانی سپی و سپیەتی مێزەرە‌کانیان.
ئه‌فسه‌رانی یۆنانی پیاسه‌ده‌که‌ن و به ئینگلیزی ده‌دوێن
ڕاوچیانی موو زێڕینیش ویسکی ده‌خۆنه‌وه.
ڕاوچیان بۆ ڕاوی شێر و ڕاوی په‌موو هاتوون.
تفه‌نگه‌کانیان به‌رگی نایلۆنییان هه‌یه.
خۆر بە ئەندازەی ڕمێ به‌رزبووه‌ته‌وه،
پاڵتۆکه‌م خسته‌لاوه و چاکه‌ته‌که‌مم داکه‌ند.
«کۆمێت»ەکە وەک ھەڵچووونی بورکانێ له زه‌مین به‌رزبووه‌وه و
به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵفڕی.
کچم تۆ له کوێ بزانی،
که «عوسمانی»یه‌کانی وڵاتی من، له‌م خاکه سووره‌وه کۆیله‌یان ده‌برد.
کۆیله‌ی بەژن دوو مه‌تری،
ھەروا عاج و ئاڵتونیش،
به پشیله خستنه ده‌رپێی ژنان، باج و خه‌راجیان کۆده‌کرده‌وه.
له‌وانه‌یه هێشتا ئه‌م شێوازه له ئاناتۆڵی باوبێ
به‌ڵام کۆیلانی ئه‌ناتۆڵی کورته‌ڵه و ئێسک ئه‌ستوورن.
________________________________
*
ڕاپۆرتی تانگانیکا یەکێکە لە دواھەمین ھۆنراوەکانی نازم حیکمەت، چونکە
لە شوباتی ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە
و ''نازم حیکمەت'' لە
حوزەیرانی ھەمان ساڵدا
مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی
''ڤێرا
تولیاکۆڤا'' ھاوسەرە ڕوسەکەی کردووە، کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەک نازم
حیکمەت ھاوسەریی کردووە. تانگانیکا، وەک دەزانن لە
کاتی گەشتەکەی نازم حیکمەت دا، دوو ساڵ بوو کە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو
و بە پێشەوایی
''جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere''
کەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی.. ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا
بە ڕێکەوتنی زنگبار
''کۆماری تانزانیا''ی
پێکهێنا
و ''جولیوس نایرە'' وەک
سەرۆککۆماری دانرا.
کانوونی دووەمی
١٩٦٣
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن
|