| 
			٢٨\٦\٢٠١٢ 
			راپۆرتی وەرزانەی 
			پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بە ھۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. 
			کوژران، برینداربوون و گیران و خرانە بەندیخانەی 
			١٣٢ کە لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەو ساڵدا.
 
 کوردستان و کورد نیوز: سەرکوت و کوشتوبڕی خەڵکی بێتاوانی کورد و، گرتن 
			و راوەدوونانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کپکردنی دەنگی ئازاد و 
			سەربەخۆ لە کوردستان بە ھۆی دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی کۆماری 
			ئیسلامی ھەروا درێژەی ھەیە.
 
 دەزگا ئەمنیەتی و ھێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە 
			ھاوکاریی یەکتر و وێڕای دەزگای قەزایی ئەو رێژێمە لە سەرەتای ئەو 
			ساڵەوە تا ئێستا بوونەتە ھۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی ٣٥ کەس 
			لە کوردستان و ھەروەھا خرانە زیندان و سزادانی ٩٥ کەس و؛ لە سەپاندن و 
			جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد لە کوردستان بەردەوام 
			بوون.
 
 لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەو ساڵدا لانیکەم ٢٢ کەس لە کوردستان بە 
			دەستی ھێزە ئەمنیەتی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٩ کەسیان 
			کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوون و بە تەقەی 
			راستەوخۆی ھێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. دەزگای قەزایی 
			کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا دوو چالاکی سیاسیی کوردی لەژێر ناو و بە 
			پاساوی قاچاغچی بوونی ئەو دوو کەسە لە دار داوە و شەش زیندانیی سیاسیش 
			لە ماوەی سێ مانگی بەھاری ئەوساڵدا بەھۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و 
			خراپبوونی باری سڵامەتی و تەندروستییان لە زیندانەکاندا گیانیان لە 
			دەست داوە.
 
 ھەر لە ئاکامی کەمین نانەوە و تەقە کردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی 
			ناوچە سنورییەکانی کوردستان کە بە ھۆ بێکاری و بێ دەرەتانی بە کاری 
			کۆلکێشی نان و بژیوی رۆژانەی خۆیان پەیدا دەکەن، ١٣ کەس بریندار بوون. 
			تەقینەوەی مین لە کوردستان دیسانەکەش رووداوی دڵتەزێنی لێ کەوتەوە و لە 
			یەکەم نابگی بەھاردا دوو منداڵی ٧ ساڵە و ٨ ساڵە بە ھۆی تەقینەوەی مین 
			بە توندی بریندار بوون و دەست و لاقیان لە دەست دا.
 
 ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان لە ماوەی ئەو سێ 
			مانگەی سەرەتای ساڵدا لانیکەم ٥١ کەس لە خەڵکی مەدەنی و چالاکان و 
			لاوانی ھەڵسووڕی کوردیان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەمنیەتی دژی 
			کۆماری ئیسلامی قۆڵبەست کردوە. بەشێک لەو کەسانە دوای لێپیچینەوە و 
			دادگایی کرانیان بە شێوەی کاتی و بە بارمتە ئازاد کراون و دەزگای 
			قەزاییش لەو سێ مانگەدا لانیکەم ٤٤ کەس لە گیراوان و چالاکانی سیاسیی 
			کوردی دادگایی کردوە و سزای لە ٥ مانگ و یەک ساڵ و دوو ساڵ را بگرە تا 
			٣٠ ساڵ زیندانی بە سەریاندا سەپاندوە و ٣ کەس لەوانی مەحکووم بە ئێعدام 
			کردوە.
 
 شایانی باسە کە ئەو ئامارە بەپێی ئەو ھەواڵ و زانیارییانە بڵاو 
			بوونەتەوە کە بە ھەواڵدەریی کوردستان و کورد گەیشتوون یان لە میدیا و 
			لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو بوونەتەوەو؛ بەو پێیەش کە 
			کۆماری ئیسلامی کەشی سەرکوت و بێدەنگە کردنی بە سەر کوردستاندا 
			سەپاندوە، بە دڵنیاییەوە ئاماری پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان زۆر 
			لەوە زیاترە کە لەو راپۆرتەدا و لەو خشتەیەی خوارەوەدا ھاتوە.
 
			  
			
			
			فەرموون لێرە 
			کرتە بکەن تا  تەواوی ئاماری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان 
			ببینن. 
			  
			  
			
			
			
			smailsherefi@gmail.com 
			  
			  
			  
			  |