١٠\٨\٢٠١٢
راسیزم (رەگەزپەرستیی).
وەرگێرانی: یاسین
محەمەد
راسیزم یاخود رەگەزپەرستیی ئەو باوەڕەیە کە پێیوایە کەسێک بەڕێزترە
یاخود کەمترە لەکەسێکی تر، لەسەر ئەو بنەمایەی کە خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و
ئاکاریەکانی کەسێک پێشوەخت لەساتی لەدایکبوونەوە بڕیاردەدات لەسەر
سیفاتەکانی ئەو کەسە. جیاکاری رەگەزی ئەو باوەڕەیە کە زۆربەی جار لەسەر
بنەمای رەگەزپەرستیی دامەزراوە، لەسەر بنەمای ئەو بۆچوونەی کە رەگەزە
جیاوازەکان پێویستە لەیەکتر جیابکرێنەوە.
رەگەزپەرستیی بەدرێژایی مێژوو بوونی هەبووە. رەگەزپەرستیی رەنگە بەوە
پێناسە بکرێت رقلێبوونەوەی کەسێکە لەکەسێکی تر، یاخود ئەو بۆچوونەی
کەسێک شایستەی ئەوە نیە پێیبووترێت مرۆڤ بەهۆی: رەنگی پێست، زمان،
نەریت، شوێنی لەدایکبوون یاخود هەر هۆکارێکی دیکە کە بنەمای سروشتی
کەسەکە دەستنیشان بکات. راسیزم یاخود رەگەزپەرستیی کاریگەری دەبێت
بەسەر شەڕ، کۆیلایەتی، پێکهاتنی گەلان و پرەنسیپی یاساییەوە.
لە ماوەی ٥٠٠ بۆ
١٠٠٠ ساڵی رابردوو، رەگەزپەرستیی
دەسەڵاتەکانی رۆژئاوا بە ئاڕاستەی گەلانی نارۆژئاوایی کاریگەریەکی
ئێجگار گەورەی هەبووە لەسەر رەوتی مێژوو بە بەراورد لەگەڵ هەر کام
لەشێوەکانی تری رەگەزپەرستیی (بۆ نمونە رەگەزپەرستیی لەنێو گروپە
رۆژئاواییەکان یاخود گروپە رۆژهەڵاتیەکانی وەک ئاسیایی و ئەفەریقایی و
ئەوانی تر). نمونەیەکی زۆر دزێوی رەگەزپەرستیی رۆژئاواییەکان
کۆیلایەتیە بەتایبەت بەکۆیلەکردنی ئەفەریقیەکان لەجیهانی نوێدا (ئەگەرچی
کۆیلایەتی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران سالڕ بەر لەئێستا). ئەم
بەکۆیلەکردنە بەهۆی ئەو بیروباوەڕەوە گەڵاڵە بووە کە رەشپێستە
ئەفەریقیەکان کەمترن لەسپیپێستە ئەوروپیەکان و نەوەکانیان.
ئەم بیروباوەڕە لەخۆوە سەری هەڵنەداوە، ئەفەریقیەکان لەبنەماوە بە کەم
دانەنراون. کاتێک پورتوگالەکان بۆ یەکەمجار لەسەدەی
١٥ و ١٦ ئەفەریقایان دۆزیەوە، ئەوان
لەئیمبراتۆریەت و شارگەلی پێشکەوتووی وەک ئەوانەی خۆیانەوە هاتبوون،
ئەفەریقیەکانیان وەک رکابەرێکی خۆیان دەبینیەوە. بەدرێژایی ئەو سەردەمە
ژیارە ئەفەریقاییەکان نەیانتوانی تەکنەلۆجیای پەرەسەندووی ئەوروپا
بگوێزنەوە، زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش دەستیان کرد بە تاڵانکردنی
کیشوەرەکەو بەزۆر دانیشتوانە رەسەنەکانیان راپێچدەکرد تا وەک کۆیلە
کاریان پێبکەن لەکۆڵۆنیالە نوێیەکان بەدرێژایی زەریای ئەتڵەسی،
ئەفەریقیەکان وەک رەگەزێکی کەمتر تەماشادەکران کرابوونە دڕندە. ئەم
تێڕوانینە پێویست بوو بۆ پاساودان بە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە،
لەکاتێکدا کەلتوری خۆرئاوا هانی یەکسانی و پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤی
دەدا. خواستی هەندێک لەئەفەریقیەکان بۆ فرۆشتنی ئەفەریقیەکانی تر بە
ئەوروپیەکان لەشێوەی بازرگانی کۆیلەدا بووەهۆی ئەوەی وەک دڕندە یاخود
کێوی ناودێر بکرێن، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ئەو باوەڕە هەڵەیەی کە
دەڵێت کەسانی رەشپێست هەموویان کەس و کاری یەکترن، هەموویان نەوەی یەک
کۆمەڵگان، بەرهەڵستی جیاوازیەکان دەکەن هەندێکجار لەو پێناوەدا لەگەڵ
میلەەتانی دیکە دەجەنگێن.
یەکێک لەنیشانە گرنگەکانی رەگەزپەرستیی بەتایبەتی بەئاڕاستەی گروپەکانی
رەشپێست و کۆچبەراندا، لەو هەڵوێستانەدا ئاشکرا دەبێت کە لەکۆیلەو
کۆیلایەتیدا خراوەتەڕوو. جولەکەکان گەلێکجار لەلایەن دژە سامیەکانەوە
وەک نیمچە مرۆڤ تەماشاکراون، بەڵام مرۆڤی باڵا وەک کەسانی زۆرزان،
شارەزاو دەسەڵاتدار تەماشاکراون. رەشپێستەکان و ئەوانی دیکە لەلایەن
رەگەزپەرستەکانەوە وەک نیمچە مرۆڤ تەماشاکراون، بە بۆچوونی ئەوان زیاتر
لەدڕندەوە نزیکترن وەک لەمرۆڤ. ئەگەر هەڵوێستی دژە سامیەکان
شەڕانگێزانە بێت ئەوا هەڵوێستی رەگەزپەرستەکان بەکەم تەماشاکردنە
بەئاڕاستەی ئەو کەسانەی کەمتر ئەرزشی شەڕانگێزیان هەیە، ئەگەرچی
لەسەدەی بیستەمدا بەتایبەتی قوربانیانی رەگەزپەرستیی زۆرجار بەسوک
تەماشاکراون.
لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، داروینیزم، بیروباوەڕی مەسیحیەت و
زیادبوونی کۆچ لەلایەن زۆرێک لەسپیپێستەکانی خۆرئاواوە بە هەڕەشەیەک
هەژماردەکرا بۆ سەر بەها کەلتوریەکانی خۆیان. فەیلەسوف و زانا ئەوروپی
و تاڕادەیەکیش ئەمەریکیەکان زانستێکی چەواشەکاریان داهێنا بۆ سەلماندنی
باڵادەستی سپیپێستە دژە سامیەکان (ئەوانەی لەرەگەزی جولەکە نین و
سپیپێستن). لەکاتێکدا قەلاچۆکردنی جولەکە لەلایەن نازیەوە متمانەی بە
زۆرێک لەو جۆرە زانستە گریمانەییانە نەبوو بۆ بەرزکردنەوەی رەگەزێک
بەسەر ئەوی تردا، رێژەیەکی کەمتری زانایان و بیرمەندانی کۆمەڵایەتی
لەسەدەی بیستەمدا بەردەوامیاندا بە بیرۆکەی کەم و کورتی زگماکی
رەگەزێکی دیاریکراو بەتایبەتی رەشپێستەکان. لەهەمان کاتدا هەندێک
ئەندامی کۆمەڵەی رەشپێستی ئەمەریکی پشتیوانی بالادەستی رەگەزی خۆیان
دەکردو رەگەزی سپیپێستەکانیان بەکەمتر دادەنا، زمانێکی نزیک لەزمانی
رەگەزپەرستە سپیپێستەکان بەکاردەهێنا.
هەموو ئەو بۆچوونانە لەسەر تێگەیشتنی هەڵە داڕێژراوە لە
بارەی رەگەزەوە، لەراستیدا زانا هاوچەرخەکانیش قایل نین بەوەی
کە ئەگەر رەگەز رێگایەکی شیاو بێت بۆ پۆلێنکردنی مرۆڤ. ئەوەی کەوا
دادەنرێت گرنگ بێت بەلای جیاوازیە رەگەزیەکانەوە لەلای هەندێک کەس بۆ
نمونە جیاوازیەکانی وەک: رەنگی پێست، قژ، شێوەی دەم و
چاو لەڕووی زانستیەوە جێگەی بایەخ نیە. لەراستیدا جیاوازیە
بۆماوەییەکان لەڕووی ئەو بابەتەی کە پێیدەوترێت رەگەز، رەنگە زیاتر بێت
وەک لەجیاوازی نێوان رەگەزەکان. یەکێک لەفەیلەسوفەکان دەڵێت: "تایبەتمەندی
بۆماوەیی کەمتر لەنێو دانیشتوانی بەریتانیادا دەبینرێت کە بەو رێژەیە
نابینرێت لە زائیر یاخود چین، ئەو جیاوازیانە زۆر بەقوڵی کاری کردۆتە
سەرمان لەمامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەوانی تردا تا لەڕووی بایۆلۆجیەوە بڕیار
بدەین".
____________________________
سەرچاوە:
www.guardian.co.uk
yaseenmuhamad@gmail.com
|