| 
			٢٦\١\٢٠١٥ 
			راسیزم و نازییە 
			نوێیەکان و راستەڕەوەکانی ئەڵمانیا بوونە "پەگیدا". 
			
			 فوئاد زیندانی
 
			  
			پێش سەرهەڵدانی گرووپ و تاقمە تیرۆریستیە 
			ئیسلامیەکانی داعش و بەرەی نوسرە لە سوریا و عیڕاق ، لە کیشوەری 
			ئەوروپا بەگشتی و لە ووڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا بەدیاریکراوی ، گرووپەکانی 
			ڕاسیزم و دژبەرانی پەنابەرانی بێگانە و نازیە نوێیەکان و ڕاستڕەوەکان 
			زۆر لاوازبوون تەنانەت لەهەندێک شوێن بوونیان نەبوو . دوای سەرهەڵدانی 
			داعش و ڕێکخراوەکانی تری گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) و 
			ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەوانەش جینۆساید کردنی گەلی 
			کوردی باوەڕمەندی ئیزیدی و ڕفاندن و فرۆشتنی ژنانی شەنگال و سەربڕینی 
			مرۆڤەکان و پارچەکردنی لاشەی قوربانیان و بڵاوکردنەوەی ئەو تاوانانە 
			لەلایەن خودی داعش لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکان و یوتوب ، بووە هۆی ئەوەی 
			لە ئەوروپا ، بەتایبەتی لە ووڵاتی ئەڵمانیا گرووپە ڕاسیزمەکان و نازیە 
			نوێیەکان و دژبەرانی پەنابەرانی بێگانە و تەنانەت بەشێک لە ئەندامەکانی 
			پاڕتە ڕاستڕەوکان خۆیان لە ڕێکخراوێکی تردا ڕێکبخەنەوە ، بەڵام بە 
			ناوێکی تازە کەی پێدەڵێن بزووتنەوەی(پەگیدا).
 ڕێکخراوی "پەگیدا" کورتکراوەی " یەکیەتی ئەوروپاییەکان لەدژی 
			بەئیسلامیکردنی ئەڵمانیا و ئەوروپا " یە ، ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی 
			ڕابردوو لە ١١ی ئۆکتۆبەر لەلایەن " لوتز باخمان " دامەزرا ، سەرەتا 
			گرووپێک بوون ، چەند ڕۆژ دواتر دەستیانکرد بە چالاکی ڕێپێوانی ئێواران 
			، لە ٢٠١٤/١٠/٢٠ وە هەفتانە لە شاری درێسدن ڕێپیوان و خۆپیشاندان 
			ئەنجامدەدەن ، ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان زۆر بەخێرایی 
			زیادیکرد ، دیاگرامێکی فەرمی ئاشکرایکرد ژمارەی بەشداربووانی 
			خۆپیشاندانەکانی پەگیدا لە شاری درێسدن لە بەرواری ٢٠١٤/١٠/٢٠ دا (٣٥٠) 
			کەس بووە ، هەموو هەفتەیەک ئەو ژمارەیە زیادی کردووە بەتایبەتی دوای 
			ڕووداوەکەی هەفتەنامەی شارڵی هێبدۆ لە پاریس ، پەگیدا ڕۆژی ٢٠١٥/١/١٢ 
			لە شاری درێسدنی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی (٢٥) هەزار کەسی ڕێکخست ، لەو 
			خۆپیشاندانەدا "پەگیدا" زۆر ژیرانە سوودی لە ڕووداوی تیرۆرکردنی 
			ڕۆژنامەنووسانی هەفتەنامەی "شاڕڵی هێبدۆ " وەرگرت و توانی گرووپ و 
			ڕێکخراوەکانی ڕاسیزم و نازیە نوێیەکان و بەشێک لە سیاسیە ڕاستڕەوکانیش 
			لەو بزووتنەوەیە کۆبکاتەوە ، شانبەشانی شاری درێسدن پەگیدا توانی لە 
			چەندین شاری تری ئەڵمانیا خۆپیشاندان سازبکات . ئەو چالاکبوونەی 
			ڕێکخراوی پەگیدا لە ماوەی داهاتوودا ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر ووڵاتانی 
			تری ئەوروپا ، بەتایبەتی ئەو ووڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەرانی 
			بێگانەی لێ دەژی لەوانەش فەڕەنسا ، بەریتانیا ، هۆڵەندا ، بەلجیکا ، 
			سوێد . لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی پەگیدای ڕاسیزم ، 
			خۆپیشاندانی پێچەوانە لەلایەن (چەپ)ەکانی ئەڵمانیا ئەنجامدرا ، بۆ 
			نموونە لە خودی شاری درێسدن کە بەچەقی قورسایی بزووتنەوەی پەگیدا 
			هەژمار دەکرێ ، چەپەکان توانیان خۆپیشاندانێکی (٣٥) هەزارکەسی ڕێکبخەن 
			، تەنانەت لەهەموو ئەو شوێنانەی پەگیدا خوپیشاندانی سازکردووە ، 
			ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی پێچەوانەی چەپەکان بۆتەوە و هەروەها 
			تێکهەڵجوونیش لەنیوان هەردوو لا ڕوویداوە بۆ نموونە ، ئێوارەی ڕۆژی 
			چوارشەممە ٢٠١٥/١/٢١ لە شاری " لایپتسیگ " تێکهەڵجوون ڕوویدا بەڵام 
			بەهۆی ئەوەی چوار هەزار پۆلیس لەئامادەباشیدابوون توانرا هەودوولا 
			لەیەکتر دوور بخەنەوە و بەخێرایی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێ.
 
 داعش و ڕێکخراوەکانی گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی "ئەلقاعیدە" 
			بەهاوکاری حکومەتی تورکیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی بەو هەڵوێست و 
			تێڕوانینە هاوبەشەی کەهەیانە توانیان ئایینی ئیسلام لەسەر ئاستی 
			نێودەوڵەتی بەخراپترین شێوە نمایش بکەن بەتایبەتی ڕووداوی هەفتەنامەی " 
			شاڕڵی هێبدۆ " بووە هۆی ئەوەی لەپاریس ڕێپێوانی چەندین ملیۆنی 
			بەبەشداری سەرکردەکانی جیهان ئەنجامبدرێ و سەنگەرێکی نوێی جیهانی 
			لەبەرامبەر تیرۆر دەستبەکاربێ و مرۆڤایەتی بووە خاوەن یەک هەڵوێست ، 
			هاوکات ئیسلامیەکان لەڕێگەی کارە تیرۆریستیەکانیان توانیان گەورەترین 
			خزمەت بە ڕاسیزم و نازیە نوێیەکان بکەن و ببنە خێراترین و کاریگەرترین 
			هۆکاری لەدایکبوونی بزووتنەوەی "پەگیدا" و گەرمکردنی بازاڕی شەڕ و 
			بەهێزکردنی سیستەمی سەرمایەداری . داعش وەکو "مەلا نەسرەدین" لەسەر 
			دارەکە بەدەستی خۆی ژێر خۆی دەبڕێتەوە، لە ئەوروپا بەگشتی و لە 
			ئەڵمانیا بۆ نموونە ، بە ملیۆنەها مرۆڤی موسڵمان دەژین ، بەهێز بوونی 
			پەگیدا واتە بەهێزبوونی ڕاسیزمەکانی ڕکابەری پەنابەران و بێگانەکان و 
			موسڵمانەکان کە لەو وڵاتانە دەژین لەوانەش پەنابەرانی موسڵمان پشکی 
			شێریان بەردەکەوێ.
 
 بزووتنەوەی پەگیدا لەسەر بنەمای ڕاسیزم لەدایکبووە و لەبنەڕەتدا 
			پەیوەندیە خەیاڵاویەکەیان (وەهمیەکەیان) لەگەڵ تاوانباری جەنگ " ئەدۆلف 
			هیتلەر" هەرماوە، ئەمجارەیان بەو ناوە تازە دەستیان بەکارکرد ، لوتز 
			باخمان چەند ساڵێک لەمەوبەر بەئەنقەست سمێڵی خۆی بەهەمان ستایلی سمێڵی 
			هیتلەر ڕێکخستبوو وێنەیەکیشی لەوکاتەدا بەو ستایلە گرتووە ، لە ڕٶژانی 
			ڕابردوودا ئەو وێنەیەی ناوبراو لە ڕاگەیاندنەکانی ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە 
			، لەلایەن داواکاری گشتی شاری درێسدن دۆسیە لەدژی خاوەن وێنە بەتاوانی 
			لێدوانی نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی پەنابەران کرایەوە ، بەوهۆیەوە 
			باخمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی پەگیدا لە 
			سەرۆکایەتیکردنی بزووتنەوەکە ڕاگەیاند ، ژنێک ناوی (کاترین ئۆرتێل)ە 
			یەکێکە لەسەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە جێگای باخمانی گرتەوە.
 
 چەتەکانی داعش بەهەمان شێوەی نازیە نوێیەکان ، پەیوەندیە ڕوحی و 
			خەێاڵاویەکەیان لەگەڵ تاوانباری جەنگ "سەدام حسێن " هەرماوە ، 
			ئەمجارەیان پاشماوەی بەعسیەکانی عیڕاق بەناوێکی نوێ کەپێی دەڵێن داعش 
			پەرە بە تاوانەکانیان دەدەن.
 
			  
			  
			
			
			
			fuadzindani@yahoo.de
 
			  
			  
			  |