په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ڕاستگۆیی لە دروشمەکانی هەڵبژاردن، دەنگدان بە سەرۆکایەتی بە نموونە.

   
عەلی مەحموود محەمەد


ئەمڕۆ چوارشەممە 29-7-2009بەڕێز فوئاد مەعسوم لە وتەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت دانی بە هەڵەی خۆیان وەکو لیستی کوردستانی نا، کە گەندەڵکاری ئەوانەیان بڵاو نەکردەوە چوونە ڕیزی لیستی گۆڕان،دەڵێت لەداهاتوو بڵاویان دەکەینەوە.


لە سەرەتای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە قەڵەمی ئەندامێکی زانیاری دانی بە تاوانێکدا نا لە کوشتنی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە،یەکێک لەوانەی لە فایلەکە ناویان هاتبوو،یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی لیستی گۆڕان بوو،ئێمە چاوەڕوان بەشەکانی دیکە و نهێنییەکان دیکەی زانیاری بووین بڵاوی بکاتەوە،کەچی ماڵپەڕی کوردستان پۆست ئەو وتارەشی هەڵگرت و چیرۆکەکەش دێزە بە دەرخۆنە کرا و بەشەکانی دیکەی دانپێنانەکەمان نەبینی.


بە هەمان شێوە کاک نەوشیروان مستەفاش نووسینەکەی خۆی لەسەر شەڕی ناوخۆیی هەڵگرت،چەندین جاریش داوای مونازەرەی سەرۆکی لیستەکانیان لێی کرد ئامادە نەبوو،بارزانی ئاسا وەڵامیشی نەبوو بۆ مونازەرە.


هەردوولا لە ینک زاوەتروک بوون کاتێک باسی تیرۆر و مرۆڤ کوژییەکان هاتە پێشەوە،لەو ڕۆژەوە سالا عەزیز دەمی هەڵنەهێنایەوە و بێدەنگ کرا.
ئێستا 4 مانگی دیکەمان ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە،کە ڕاستەوخۆ پەیوەندە بە وارەکەی بەغداو"بودجە"و دابەشکردنی پۆستەکان بەغداوە هەیە،لە ئێستاوە تا ئەوکات لە کوردستان چی دەگوزەرێت؟،ئایا هەموو لە ترسی خۆیان باسی عەیب و عار و پێشێلییەکان بەرامبەر ناکەن؟،یان وەک بەڕێز فوئاد مەعسوم باسی دەکات ئەمجار دەرگای نهێنییەکانمان بۆ دەکەنە سەر پشت،باشتر دەزانین ئەوانەی چوار دەیەیە چارەنووسی ئێمەیان بە دەستە کێن؟،ئایا بەڕاستی ئەم بەڕێزانە کە سەری جولانەوەی کوردیان لە 4دەیەی ڕابردوەوە بە دەستەوەیە دەیانەوێت حکوومەتی موئەسەسات پێک بهێنن؟.ئایا بەڕاستی دەیانەوێت دەسەڵاتەکان لە یەکتری جیا بکەنەوە؟،دادوەری سەربەخۆ کە بنچینەی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکانی دیکەشە دابمەزرێنن؟،ئەی گەلۆ ئەو دادگایە یەکەم کەس ملی خۆیان لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ناگرێت؟،ئەمەو کۆمەڵێک پرسیاری دیکە پێویستە وەڵام بدرێتەوە،بۆ ئەوەی بەرچاو ڕۆشنییەک بۆ تاکی گەل درووست ببێت لە دەنگدانی بە لیست و لایەنێک لە داهاتوودا،مافی خۆمانە بڵێین سیاسییەکان ئەگەر لە ژێرەوە شەریک نین گەندەڵکارییەکان یەکتریمان بۆ ئاشکرا بکەن،ئەگەر بە ڕاستی ڕەقیبی یەکترن؟.


گەلۆ ئایا لەم کوردستانە چی دەگوزەرێت؟،ئەم لیستانە ڕاستگۆن لە گەڵ بەرنامە و پەیامی لیستەکانیان؟،لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چی گوزەرا؟،.... .


بۆ ناسینی هەر کەس و بزووتنەوەیەک پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕابردووی ئەو کەس و بزووتنەوەیە و وەفادار بوون بەو پەیامەی دەیدا.شاردنەوەی نهێنییەکان یەکتر تەنها سەفقەیەکی بەرژەوەندی هاوبەش بووە،هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێویستە هەمووی ئاشکرا بکات،ئۆپۆزیۆن و دەسەڵات ئەگەر سنووردارییەک لە نەدرکاندن لە نێوانیان هەبێت،مانای گومانە لەسەر هەردوولا.


ئێمە چۆن خۆش باوەڕ بین بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دامەزراندنی دەسەڵاتی موئەسەسات لە کاتێکدا ئەگەر دادگای ئازاد و دەزگای نەزاهە هەبێت یەکەمجار بەرۆک بەوانە بگرێت کە بانگەوازی بۆ دەکەن؟،ئایا بەڕاستی ئەو سیاسیانە ئامادەن خۆیان لە بەردەم ئەو دادگایانە ئامادە بن و سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن؟،با لە ئێستاوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.


کایە سیاسیەکان بەرەو ئەو ئاقارە دەڕوات کە پێویستمان بە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان بێت نەک ئەوەی لە ژێر ئەو ئاڵاو ڕەنگانەی خۆیان شاردۆتەوە،نەوەیەکیش ئاگای لەو مێژووە نییە لە خەیاڵدا کەوتۆتە سەما.

هەڵبژاردنی سەرۆک و ڕاستگۆیی لەگەڵ دروشمەکان.

جگە لە لیسی کوردستانی هیچ لایەنێکی دیکە بە فەرمی کاندیدی بۆ سەرۆکایەتی نەبوو. تەواوی لیستەکان بەسەر 3 بۆچوندا دابەش ببوون:
-کوردستانی ولایەنی دی دەنگدان بە بەڕێز مەسعود بارزانی.


-لیستی چوار پارتەکە،ئەندامانی ئازادکرد لە دەنگدان بە پاڵێوراوێک،ئەمە هەڵویستێکی ناسەقامگیری سیاسیە.


- لیستی گۆڕان بەهۆی باوەڕ نەبوونی بە پۆستی سەرۆکایەتی،بڕیاری دەنگ نەدانی بە هیچ کاندیدێک دا،چونکە بە وتەی خۆیان لە بنەڕەتەوە پۆستەکە ڕەت دەکەنەوە.


با بزانین ئەنجامەکانی دەنگدان چۆن کەوتەوە،لیست و قەوارەکان چۆن وەفادار بوون بە بۆچونەکانیانەوە:


- بەڕێز مەسعود بارزانی لە لیستی کوردستانی دەنگی زیاتری هێنایەوە،واتە لە دەرەوەی خۆیان نزیک12% دەنگیان پێی دا.


-هیچ دەنگێکی سپی لە دەنگدانەکاندا نەبوو،واتە لیستی گۆڕان لە ئێستاوە پەیمانی خۆیان لە گەڵ باوەڕەکانیان شکاند،سەرتاپا دەنگیان بە بەڕێز د.کەماڵ میراودەلی دا.


-بەڕێز هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد لیستەکەی بۆ پارلەمان تەنها0،18%دەنگەکانی هێنایەوە،کەچی خۆی 3،49%ی دەنگەکانی هێنایەوە،بە هەموو پێوەرێک ئەم دەنگانە لە ئەندامانی یەکێتییەوە بۆی چووە،کەواتە16%دەنگی دەرەوەی خۆیان بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی هاتووە.


-بەشێکی کەمی دەنگەکانی لیستی خزمەتگوزاری بۆ کاک کەماڵ چووە زۆری بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی چووە،وەک پێشتر پێشبینیم کردبوو"بارزانی کەسێکی باوەڕداری پارێزگارە"،ئەمەش لە گەڵ بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوونا وابزانم نایاتەوە.


باشە 11-8 ڕاپرسی لەسەر پڕۆژەی دەستوور دەکرێت،لە ئێستاوە پابەند نەبوون هەبێت بە باوەڕەکان لەسەر دەستوور،چۆن لە ڕاپرسیدا بانگەشە بۆ دەنگنەدان بۆی بکرێت؟.


ئایا بۆ ئۆپۆزسیۆن باشتر نەبوو کاندیدی فەرمی خۆیان هەبوایە و ڕاشکاوانە بڵێن کێشەمان لەگەڵ سستەمی سەرۆکایەتی و دەستووردا نییە،بەڵکە لەگەڵ دەموچاوەکاندایە و دەمانەوێت دەموچاوەکانی ئەم چوار دەیەی ڕابردوو دیسان دوبارە نەبنەوە لە کایە سیاسیەکان،نەک هەموو کێشەکان ئاراستەی یەک لایەن بکرێتەوە ،ئەمەیان باوەڕی منیشە.

 


http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&issueno=11201&article=529620&feature