په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٩

راستییەکان دەربارەی فەنزوێلا - ئەفسانەی نەوتەکەی.


عەلی مەحمود محەمەد  


ئەوەی ھەواڵەکان فەنزوێلا رۆژانە دەخوێنێتەوە، وا دەبینێت مادۆرۆ ستالینێکەو کۆلاکەکانی لە سۆفخۆزو کۆلخۆزەکان زیندانی کردوەو و بەرازو مانگاکانی لێسەندونەتەوە و سەنتیمەترێک زەوی بە دەستیانەوە نەماوەو سەرجەم کارگاو کارخانەکان دەستیان بەسەردا گیراوەو موڵکداری تایبەتی تەیریشی بە ئاسمانەوە نەھێشتووە، ئەم خەڵکە پێش شافێز ھەموو لە بەختیاری و خۆشی و دیموکراسیدا بە ئارامی ژیاون، کەراکاس جیھانی دیلمۆنێک بووە بۆ خۆی، شارە ئەفسانییەکەی ئارامی و ئاسایشی و یەکسانی و بەختەوەری بووە، ئەم دێوەزمەیەی ناوی شافیز بوو ھەمووی تێکداو بەسەر یەکدا وێرانیکرد، ئێستا ئەوەی لەل بکات زمانی دەبڕێتەوەو رۆژانە لەسەر شەقامەکان سعودیە ئاسا ھەر سەرەو بە دەستی شمشێر بەدەستەکان دەپەڕێنرێن، ھەر دەستەو لە بنەوە فت دەکرێت، لەم وڵاتە پێشتر برسێتی و جیاوازی چینایەتی نەبووە، رۆژھەڵات و رۆژئاوای کاراکاس بە سەنتیمەتر باڵەخانەکانیان لە یەکتری بەرزتر نەبووە، ھەنووکە رۆژانە زیاتر لە سعودیەو روسیا نەوتی ھەناردە کردووەو بە ناوی میرەکانی کەراکاسەوە لە بانکەکانی سویسراو ئەمەریکا ھەڵگیراون، لە ھەڵبژاردنەکان شافێزو مادۆرۆ بە رێژەی ٩٩،٩٩% دەرچوونەتەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم خاڵانەو دەرخستنی راستییەکان ئێستاو پێش سەرکەوتنی شافیز لە چەند بەشێک کۆمەڵێک زانیاری دەخەمە بەردەستان کە راگەیاندنەکان خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەپارێزن.

راگەیاندنەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٧ەدا ٣٨٨٠ ھەواڵی لەسەر فەنزوێلا ھەبووە، ١١ ھەواڵ لە رۆژێکد، کە ٩١%ی بە خراپە باسی فەنزوێلای تێدا کراوە، راگەیاندنی ئەڵمانیا لە ھەمان ساڵدا ٦٣٠ ھەواڵ ، مەکسیک و کۆڵۆمبیا ٤٢٠٠ ھەواڵ ھەموو تیایدا بە خراپە باسی دەسەڵاتی ئێستای فەنزوێلا کراوە، راگەیاندنی شیلی ٣١٣٣ ھەواڵی لەسەر فەنزوێلا بڵاو کردۆتەوە زۆرینەی بە خراپە، تەنھا رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی سعودی ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە ٥٠٠ ھەواڵ و وتاری لەسەر فەنزوێلا بڵاوکردۆتەوە، یەک ھەواڵی بە چاکە نەبووە، ھیچیان باسی ئابلوقەیان نەکردووە بەسەر فەنزوێلادا سەپاوە، ئامارو زانیاری ورد و زانستیان بڵاو نەکردۆتەوە، بە تایبەتیش راگەیاندنی کوردی زۆر کۆڵەوارن لەو ئاستەد، ئەوەی باسکراوە سۆسیالزم دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەمەریکای لاتینی بەرەو برسێتی و ئاوارەیی بردووە، ئەدی دەبێت ئاماری ھەواڵەکانی ساڵی ٢٠١٩ بگاتە چەند؟.

لە سەرەتای سەدەی بیست و تا ناوەڕاستەکەشی بە تایبەت ساڵی ١٩٢٨ دا فەنزوێلا یەکەم بەرھەم ھێنەری نەوت بووە لە جیھاند، تەنانەت لە جەنگی جیھانی دووەم نەوتی فەنزویلی رۆڵی گرنگی گێڕا لە بڵاو بونەوەی سوپای ئەمەریکا لە جیھاند، ماشینی جەنگی سوپای ھاوپەیمانانی بە ئیش خستبوو.

راستە فەنزوێلا خاوەند ٣٠٠،٨٧٨ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەکە و لە پلەی یەکەمی جیھاندایە، وەلێ یانزەھەمین بەرھەم ھێنەری نەوتە لە جیھان و شەشەمی ئۆپێکە، رۆژانە ٢٢٧٦٩٦٧ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ساڵی ٢٠١٨ بەرھەم ھێناوە کە دەکاتە تەنھا ٢٠%ی بەرھەمی سعودیە، لەو بڕەش لە ساڵی ٢٠١٤ ەدا تەنھا ١،٥١٤،٠٠٠ بەرمیلی لێ ھەناردە کردووە ئێستاش لە خوار ئەو ئاستەیە، ئەوەی شایانی باسە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێز فەنزوێلا رۆژانە ٣،٢ ملیۆن بەرمیلی ھەناردە کردووە، لە بەشەکانی داھاتوودا دەبینین ژیانی ھاووڵاتی ئەوکات باشتر بووە یان لەسەردەمی شافێز ، پێشبینی دەکرێت لە سەپتەمبەری ئەمساڵ ھەناردەی نەوت بۆ ٢،٥ ملیۆن بەرزی بکاتەوە، واتا فەنزوێلا لە ئێستادا تەنھا ١٨،٢٤%ی سعودیە نەوتی ھەناردە کردووە، یەدەک کاتێک دەبێتە پارە کە بەرھەم بھێنرێت و ساغ بکرێتەوە لە بازاڕ، وەلێ کاتێک خاوەو لە ژێر زەویدایە و نەکراوەتە پارە، سەرمایەی دوارۆژە نەک ئەمڕۆ، بەڵام تێچووی بەرمیلێک نەوتی فەنزویلی ٢٣،٥ دۆلارە بۆ دەرھێنان و ناردنە دەرەوە، کەچی لە کوەیت ٨،٥ دۆلار، سعودیە ٩،٩ دۆلار، عێراق ١٠،٧ دۆلار، ئێران ١٢،٦ دۆلارە ، .... بە تایبەتیش نەوتی قورس لە ھەرێمی ئۆرینکۆی فەنزوێلی نرخی تێچوی دەرھێنانی وەک نەوتی لمی کەنەدایە، کە ٤١،١ دۆلارە بۆ بەرمیلێک لە ساڵی ٢٠١٥ەد، کە لە ھەمان ساڵدا نەوتی ئۆپێک نەک فەنزویلی بەشێوەی گشتی ٥١،٠٦ دۆلار بووە، بۆیە پارەی سافی ماوەی نەوتی فەنزوێلی کەمترە لە وڵاتانی دی، راستە ھەموو نەوتن، وەلێ لە روی تێچووی دەرھێناندا جیاوازن، بۆیە پارەی بە دەستھاتووی نەوتی فەنزوێلی و کەنەدی و ئەمەریکی و ئیکوادۆری کەمترە لە نەوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ھەندێک کاتدا بە تایبەت ئەو کاتانەی نرخ دابەزی دەبینین نرخی دەرھێنان و ھەناردەکردنی خۆی دەرنەھێناوەتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی حکومەتی فەنزوێلا ھەرزانترین بەنزین و سوتەمەنی لە جیھاندا پێشکەش ھاوڵاتیەکانی دەکات، لیتری بە یەک سەنت، ئەمەش وەک باوەڕێک شافێز ھەیبوو نەوتی خەڵکە دەبێت بۆ خەڵک بە خۆڕایی بێت، کە بەشی زۆری بە قاچاغ بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت کۆڵۆمبیا دەڕوات، کە بۆ خۆشی بەرھەم ھێنەری نەوتە، بۆ رێگریکردن لەمە حکومەت بڕیاری داوە لە رێگای کارتی ھۆملاندەوە ھاوکاری ھاووڵاتیان بکاتەوەو نرخی بەنزین گران بکات، ئەوانەی کارتی ھۆملاندیان ھەیە بە نرخی جاران بەنزینیان پێ دەدرێت، کارتی ھۆملاند کارتێکە ھاوتای کۆپۆنی خۆراکی لەمەڕ خۆمانە دەدرێت بە ھەژارانی فەنزوێلا.

ھەمیشە کۆمپانیا ئەمەریکیەکان باڵادەست بوونە بەسەر نەوتی فەنزوێلاو تاڵانیان کردووە، تەنانەت ئێستاش ٤١%ی نەوتی فەنزوێلا بۆ ئەمەریکا دەڕوات، بۆیە نەوت ناوەندی مامەڵەی ئەمەریکا بووە لە گەڵ فەنزوێل، بە تایبەتیش پاش دۆزینەوەکانی ساڵەکانی ٢٠٠٠ بە دواوە، کە فەنزویلای گەیاندە خاوەند یەکەم یەدەک لە جیھان ئەم وڵاتە گرنگی زیاد بوو بۆ ئەمەریک، تەنانەت لە ١١ی ئەبرێلی ٢٠٠٢ دا بیدرۆ کارمۆنا جەنەراڵی نەوت کودەتای کرد بەسەر شافێزد، کۆمپانیای نەوت ناوەندی کێشمە کێشەکان بوو، کرێکارانی نەوت دژ بە شافێز دەستیان دایە مانگرتن و بەرھمیان کەمکردەوە، لێ لە ١٤-٤ی ھەمان ساڵدا پاش ٤٨ کاتژمێر لە کودەتاکە، بە پشتیوانی خەڵک شافێز گەڕایەوە "میرا فلۆریس" کۆشکی کۆماری" و کارمرناش بووە پەنابەر لە کۆڵۆمبیا.

فەنزوێلا سەدەیەک زیاترە لەسەر نەوت ژیاوە بە بونی جیاوازی زۆری زەقی چینایەتیەوە، ھەمیشەش سەرچاوەی نەخۆشی کوشندەی ھۆڵەندی بووە لەم وڵاتە وەک کوردستان، چۆن کوردەکان گۆشتی برژاو لە ئەرجەنتینی زیاتر دەخۆن، بەھەمان شێوە ئێستاش فەنزوێلییەکان ویسکی لە سکۆتلەندییەکان زیاتر دەخۆنەوە، جیاوازیەکە ئەوەیە جاران ھەژاران ناڕازی بوون بە بەشی خۆیان، ئێستا ئۆلیگارشی و سەرمایەداران، رێک پیچەوانەی کوردستانەکەی خۆمان کە بۆتە بەھەشتی سەرمایەداران.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک