٢٠\٢\٢٠١٩
راستییەکان
دەربارەی فەنزوێلا - ئەفسانەی سەرکوت و دکتاتۆریەت.

عەلی مەحمود محەمەد
مێژووی فەنزوێلا مێژووی زەبرو زەنگ و یاخی بوونەوەی چەکداری و
دکتاتۆریەتە, راستە شافێز کاسترۆیەک بوو بۆ خۆی, لێ جیاوازی نێوانیان
سێ شت بوو, ئەم بەچکە ھەژارێک بوو, لە برسێتیەوە ھوشیاری چینایەتی
ھەڵگرت, کاسترۆ رۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕی خاوەند زەوی زادەبوو, دووەم نەوتی
ھەبوو کاسترۆیەکی دەوڵەمەند بوو, سێیەم لە جیاتی زیندان و چەک چڵە
زەیتون بە دەست بوو, میھرەبان بوو لەگەڵ نەیارەکانی کە بەردەوام لە
ھەوڵی لەناوبردنیدا بوون, ھەرچەندە خۆی وەک ئەفسەریک لە ساڵی ١٩٩٢
ھەوڵی کودەتای دا و برایەکیشی گەریلایەکی ناسراوی چەکداری چەپگەرای
یاخی بوو, زۆربەی کۆنە گەریلا چەکدارەکان شوێنی خۆیان لە حزب و
حکومەتەکەی گرت, بێسڵەمینەوە دەتوانین بڵێین سەردەمی شافێز سەردەمی
کەمترین زەبرو زەنگ و دکتاتۆریەتە لە مێژووی فەنزوێلادا, ئەمە قسەی من
نییە, بەڵکە قسەی خوێندنەوەی مێژوو و ژمارەی ئامارەکانە بە وردی نەک
ھەڵپەڕین و سەما بۆ درۆکان, لێ نابێت ئەوەش لە یاد بکەین ئەوەی لە
فەنزوێلا پیادە کراو دەکرێت سۆسیالزم نەبووە, ھەوڵێک بووە بۆ حکومەتی
موئەسەسات بە عەدالەتەوە وەک شافێز ناوی بردووە, لە راستیدا عەدالەتی
زیاتر بووە لە جاران نەک کۆتایی عەدالەت, نامەوێت بکەومە ناو
ھەڵەیەکەوە وەک چۆن پیاھەڵدان دەکرا بۆ ئەزموونی سۆسیالستی وڵاتانی سەر
بە ئۆردوگای سۆڤیەتی, دوای دیواری بەرلین روخا بەسەرخاوەنەکانیان و
ناشرینییەکان دەرکەوتن, شانسی ئەوەیان ھەبوو سەرمایەداری بەرەو ناشرینی
زیاتر دەڕوات, حوکمڕانی بۆ خۆی وەک چێشتی بۆگەنە چۆن سەرقەپاغی ھەڵی
دەیتەوە بۆنی کاست دەکات, ھەموو ئەزموونەکان وەک کۆمۆنەی ٧٢ رۆژەی
لایەک پاریس نین, سنورەی دەسەڵاتەکەی ھێندە بچوک و ماوەی
فەرمانڕەواییەکەی ئەوەندە کەم بوون فریای کەوتنە ناو ھەڵە نەکەوتن .
فەنزوێلا لە ساڵی ١٨٣٠ ەوە سەربەخۆیی وەرگرتووە پاش ٣٠٨ ساڵ لە
داگیرکردن و جینۆسایدگردن لە لایەن ئیسپانی و ھەندێک وڵاتی ئەوروپیەوە,
تاکو ساڵی ١٩٥٨ لەسایەی دەسەڵاتی دکتاتۆریەتی راستەوخۆدا بووە, کە تا
سەدەی بیست کۆدیلۆکان" سەرکردە سەربازییە بەھێزەکان" بەڕێوەیان بردووە,
دەسەڵاتی رەھایان لە کوشت و بڕو سەرکوتدا ھەبووە, تەنھا لە سەردەمی
خۆسیە ئەنتۆنیۆ بایز ١٨٣٠-١٨٦٣ دا لە ٨٠٠ ھەزار دانیشتووان سەدان ھەزار
کەس کراوە بە سوتەمەنی شەڕ, لە ساڵی ١٨٥٤ کۆیلەداری قەدەغەکراوە لە
فەنزوێلا, تا ئەوکاتە وڵات بازاڕێکی باشی کۆیلە رەشپێستەکان بووە.
ئەمەریکا گوێی نەداوە لەناو باخچەی پشتەوەی وڵاتەکەی ئەمەریکای لاتین
چی گوزەراوە لە سەرکوت و تاڵان و بڕۆ, گرنگ حکومەت رازی بێت وڵاتەکەی
بە باخچەی پشتەوەی ئەمەریکا بمێنێتەوە, سەرەتای سەدەی بیست ئەمەریکا لە
قەیرانی نێوان فەنزوێلا و ھۆڵەندادا, ھێزی دەریاوانەکەی ھاوکاری جێگیری
ئەوسای سەرۆکی فەنزوێلی خوان فیسنتی غۆمێزی کرد تا ئەوکاتەی مرد خۆی
یان بوکە شوشەکانی تاکو ساڵی ١٩٣٥ حوکمی وڵاتیان راستەوخۆ کرد,
دەسەڵاتێکی وەحشیانەی چاخی ناوەڕاست ئاسای سەپاند و لە دوای خۆشی ٣,٦
ملیار دۆلار بە نرخی ئێستا میراتی لە دوا بەجێ ما لە گەڵ ١٠%ی سەرجەم
خاکی فەنزوێلا.
پارتی کاری دیموکراتی و پارتی کریستانی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ١٩٥٢ەوە بە
ھاوبەشی حکومەتیان بەڕێوە بردووە بۆ ماوەی چل ساڵ, لەسایەی دەسەڵاتیان
سەرکوت و گەندەڵی بەردەوام بوو, پارەی نەوتیان لە نێوان خۆیان دابەش
دەکرد و لە بانکەکانی سویسراو ئەمەریکا دەیان خەواند, وڵات بێ
نەخۆشخانە و ریگاو بان و قوتابخانە مایەوە ئەوەی کراش بایی پێداویستی
ھاووڵاتیانی ناکرد, ھەرچەندە ھەندێک تەلاری بەرز دروستکران, لە ساڵی
١٩٦٦ زیاتر لە ٦٦%ی ھاووڵاتیان لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە بوون , خەڵک بێ
ئاو کارەبا لە قەراخ شارەکان لەناو چینکۆدا دەژیان.
لە ساڵی ١٩٨٣ بۆ ٨٤ کە نەوت نرخی دابەزی دیسانەوە قەیران دروست بوەوە,
لە ھەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٨دا, کارلۆس ئەندرێز پیریز توانی رێژەی ٥٢,٩١%ی
دەنگەکانی بھێنێتەوەو بوو بە سەرۆک کۆماری فەنزوێلا, بۆ دەرچوون لە
قەیران کە ئەوساش نەوت نرخی دابەزیبوو, ٤٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی کرد لە
بانکی نێو دەوڵەتی, لەسەر رێنوێنی بانکی نێودەوڵەتی, سیاسەتی سک گوشینی
پەیڕەو کرد, ئاو کارەباو تەلەفۆن و گاز نرخیان زیادیکرد, نرخی بەنزین
١٠٠% چووە سەر, لە بەرامبەردا گومرک لە بەرامبەر ھاوردەکان ھەڵگرترا,
دژ بەم ھەنگاوانە لە بەرواری ٢٧-٢-١٩٨٩ بزاڤی کارکازۆ سەری ھەڵدا دژ بە
ھەنگاوە نیو لیبراڵییەکانی حکومەتی کارلۆس ئەندرێزی سۆسیال دیموکرات,
لە ئەنجامدا ٣٥٠٠ کەس بە دەستی پیاوانی ئاسایش لەسەر شۆستەکانی کاراکاس
کوژران و تەرمەکانیان لە پاڵ یەکتریدا کەوتبوون, ٣٠٠ کەسیش شوێنبزرکران,
گەورەترین کۆمەڵکوژی لە سەدەی بیستدا لە فەنزوێلا بەڕێوە چوو.
تەنانەت ئەوکاتیش شافیزو کاسترۆ تاوانبار کران, گوایە قەناس
بەدەستەکانی کوبا بە ناوی دۆڵفین فیدل تەقەیان کردووە, بەم ھۆیەشەوە
نەخشەی فیلا جێبەجێکرا , رێگا درا بە سوپا بۆ بەکارھێنانی چەک دژ بە
خەڵک, ژەنەراڵ کارلۆس بنیالۆزا بۆ ئەمکارە ئەرکدار کرا, ئەمەریکاش
لایەنگیری لە حکومەت کرد, شافێز ساڵی ٢٠٠٦ قەرەبووی قوربانیانی
کەراکاسی کردەوە,
ساڵانە یادی کاراکازۆ وەک راپەڕینی گەل لە لایەن حکومەتەوە دەکرێتەەوە,
ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا بۆ شێواندنی یادەکە ھەر جارە چالاکیەک ئەنجام
دەدات و نایاتە سەر زاریان وەک راپەڕینی گەل ناوزەدی بکات, ئێستا کە
باسی فەنزوێلا دەکرێت وەک ئەوەی پێش شافێز بە ١٠ ساڵ وڵات کەرەکازۆی
بەخۆوە نەبینیبێت.
زەبروزەنگەکانی ٢٠ ساڵی رابردوو بە دواوە.
شاری کەرەکاس یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین زەبروزەنگی تێدا ئەنجام
دەدرێت لە جیھاندا, لە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی شافێزیش ھەروا بووە,
ئەمە میراتی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی فەنزوێلایە لە ٤٩٧ ساڵی
رابردوودا بۆ ئەمڕۆ ماوەتەوە, وڵاتانی دی ناوچەکەش ھەر وان, لە ساڵی
٢٠١٧ ەدا لە ئەمەریکا ١,٢٤٨,١٨٥ تاوانی زەبروزەنگاوی ئەنجامدراوە,
مەکسیکیش لەوە زیاتری بەخۆوە بینیوە, ئەوە باسی ھندۆراسیش مەکەن.
سەبارەت بە زەبرو زەنگی سیاسیش, ئەم وڵاتە وەک ئەمەریکا حوکمی ئیعدامی
تێدا نییە و ھیچ باوەڕێکی سیاسی یاساغی لەسەر نییە, ئەوەی بە دەست
نەیارانی حکومەتی فەنزوێلاوەیە بەکار ھێنانی زەبرو زەنگە بەرامبەر
خۆپیشاندەران,وەلێ رێکخراوی مافی مرۆڤی سور غێنتس لە بڵاڤۆکێکی خۆیدا
رایگەیاند ٣٨%ی خۆپیشاندانەکان فەنزوێلا زەبروزەنگاوین, وە ٢٨,٥%یان
بەرەو روبونەوەیان تێدا بووە لە گەڵ پۆلیس بە چەک, نەک تەنھا
خۆپیشاندەران چەکیان بەکار ھێناوە بگرە زۆرجار کەسانی تاوانکاریشیان
بەکرێ گرتووە بۆ ئەنجامدانی تاوان.
تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن ئاماری کوشتنە سیاسییەکانی ٢٠ ساڵی رابردووی بڵاو
نەکردۆتەوە بەناو بەروار و دۆکۆمێنتەوە, وەلێ ژمارەی کوژراو
تیرۆرکراوەکانی حکومەت بە دەست ئۆپۆزسیۆن زیاترە, زۆربەی تێوە گلاوەکان
سەر بە ئۆپۆزسیۆنن, ھاوکات بەشی زۆریشیان کەسانی تاوانکارن روداوە
سیاسیەکان و ئاڵۆزییەکان دەقۆزنەوە بۆ دزی و تاڵان لێرەدا چەند
نموونەیە دەھێنمەوە " لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠-٢١ی نیسانی ٢٠١٦ ەدا ١٢
کەس لە کاتی تاڵانیدا کوژران ", ھاوکات نموونە زۆرە لەسەر تیرۆرکراوانی
بەرەی حکومەت تا ئاستی سوتاندنیان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی راستەوە" لە
ھەرێمی میرندا لە ٢٤ی نیسان ٢٠١٦ سەرکردەیەکی پارتی سۆسیالست کوژرا, ٣ی
ئایاری ھەمان ساڵ ئەفسەرێکی پۆلیس لە باریناس و لایەنگرێکی حکومەت
بەناوی جوانتشۆ لە مۆنتۆیا کوژران و تەرمی یەکێکیشیان سوتێنرا... " .
ھاوکات لە ٤٠ کوژراوەکەی ٢٣ی مانگی یەکی ٢٠١٩ەدا تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن
یەک ناوی لە کوژرانی خۆپیشاندەران دەستنیشان نەکردووە, ئەوەی ھەبووە
ئۆپۆزسیۆن ھانی کەسانی تاوانکاریان داوە بۆ ئەنجامدانی تاڵانی و
شێواندنی شار لە ئەنجامدا ١٨ کەس لەوانە لە بەرەو روبونەوە لە گەڵ
پۆلیس کوژراون.
ئەوان ھەر کەسەکانیان بۆ ئەنجامدانی تاوان بە کرێ نەگرتووە, بگرە بۆ
بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانیش"کەسێک بەناوی تشینۆ " بە رەگەز چینی "
لە ساڵی ٢٠١٦ لە شاری تشاکاو دەستگیرکرا بە تاوانی ئەوەی بۆ
بەشداریکردن لە خۆپیشاندان ٨٠٠ دۆلاری بۆ ھەفتەیەک داوە بەوانەی
رازیبونە بەشداری خۆپیشاندان بکەن", بەھۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن
ئۆلیگارشیەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن, بۆیە ٧٠% راگەیاندنی وڵات و
بازاڕو ئابورییەکی زەبلاحیان لە بەردەستە, بۆ دژایەتی رژێم کەڵک لە
ھەمووی وەردەگرن.
ھاوکات لە ١٥ ساڵی رابردوودا ٣٠٠ روداوی کوشتن و بزرکردنی جوتیاران
رویداوە لە فەنزوێلا لە لایەن خاوەند زەوییەکانەوە, پاش ئەوەی حکومەت
بڕیاریدا زەویەکانی دەوڵەت ئەوانەی بەکار نەھێنراون بەسەر ملیۆنێک
جوتیاردا دابەش بکات, تەنانەت پۆلیسیش زۆر جار لە خزمەت مەلاکەکاندا
کاری کردووە بە تایبەت ئەو ھەرێمانەی ئۆپۆزسیۆن حوکمڕانیان کردووە,
واتا قوربانیانی زەوی دوو ھێندەو زیاتر قوربانیانی خۆپیشاندانەکان
بوونە لە فەنزوێلا.
کەواتە ھەردوو بەرە, شافێزییە رەنگاورەنگە ھەژارەکان و سپی پێستە
دەوڵەمەندە ئۆپۆزسیۆنەکان چەک لە شانن, زۆرجاریش کە چەک دێتە قسە یاسا
نامێنێت .
لە لایەکی دیکەوە, مادۆرۆ لە ١٧-٧-٢٠١٧ ەوە ھێزێکی پۆلیسی مەترسیداری
دروستکردووە بە ناوی ئێف ئی ئەی سی بۆ بەرەو روبونەوەی تاوان, جار
جارەش لە سەرکوتی خۆپیشاندەران بەکاریان دەھێنێت, بە پێی ئاماری
رێکخراوی پرۆڤیا کە تایبەتە بە مافی مرۆڤ , ھێزەکانی کاری تایبەت ئێف
ئەی ئی سی سەر بە دەزگای پۆلیس لە ساڵی ٢٠١٨ بەرپرسە لە کوژرانی ٢٠٥
کەس.
ھەڵبژاردنەکان دوای شافێز تا ھەنووکە.
لە ماوەی ٢٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی شافیستەکان لە فەنزوێلا" ئۆپۆزسیۆنی سپی
پێستی دەوڵەمەندەکان کە بە مەیمونستەکان ناویان دەبەن" ٢٥ ھەڵبژاردن
ئەنجامدراوە, ھێزەکان خۆیان تاقیکردۆتەوە, سستەمی ھەڵبژاردنی فەنزوێلاش
بە یەکێک لە سستەمە شەفافەکانی جیھان تەنانەت لە لایەن دەزگای
کارتەرەوە ناسێنراوە, دادپەروەری ھەلبژاردن لە فەنزوێلا زیاترە لە
کەنەداو ئەمەریکا.
شافێز بۆ یەکەمجار کە خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵات کە لە
٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٨ بەڕێوە چوو, شاجوانی فەنزوێلا ئیرین سایز
پێشبڕکێی دەکرد, راپرسییەکان دەریان دەخست دەدۆڕێت بە شا جوان, کەچی بە
ھێنانی ٥٦,٢٠%ی دەنگەکان و ٣٦٧٣٦٨٥ دەنگ بردییەوە و شا جوان چووە
ریزبەندی سێیەمی دەنگە بە دەست ھاتووەکانی ھەڵبژاردنەکەوەو تەنھا
٢,٨٢%ی دەنگەکانی بە دەستھێنا, لە ھەڵبژاردنەکە لە کۆی ٦٥٣٧٣٠٤ دەنگدەر,
٦٣,٤٥%ی بەشدارییان کرد.
مادۆرۆ لە یەکەم ھەڵبژاردندا دوای مەرگی شافێز بە ھێنانی ٥٠,٦١%ی
دەنگەکان سەرکەوت, لە کۆی ١٨٩٠٤٣٦٤ دەنگ ٧٥٨٧٥٧٩ دەنگی ھێنایەوە , لێ
لە ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٨ەدا , لە کۆی ٢٠٥٢٧٥٧١ دەنگدەر تەنھا
٦٢٤٤٠١٦دەنگی ھێنایەوە, ھەرچەندە ٦٧,٨٤%ی دەنگەکانی ھێنایەوە , بەڵام
تەنھا ٤٦,٠٧%ی دەنگدەران پشکداریان لە ھەڵبژاردنەکە کرد, لە راستیدا
ئەویش وەک پشتیوانی جەماوەری دۆڕابوو, لە ٦٠ ساڵی دوایندا کەمترین
رێژەی بەشداریکردن بوو لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە فەنزوێلا.
ھەرچی ھەڵبژاردنی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ی پەرلەمانە , یەکەمجار بوو لە
ماوەی ١٧ ساڵدا لە کۆی ٢٣ ھەڵبژاردن ئۆپۆزسیۆنی راستگەرا سەر بکەوێت,
بە ھێنانی ٥٦,٢١%ی دەنگەکان توانی ببێتە خاوەند ١٠٩ کورسی لە کۆی ١٦٧
کورسی پەرلەمان, لیستی جەمسەری گەورەی نیشتمان تەنھا ٥٥ کورسی و
٤٠,٩٢%ی دەنگەکانی ھێنایەوە, ٤٤ کورسی کەمتر لە پێشوو, ئەم ھەڵبژاردنە
ورەی ئۆپۆزسیۆنی بەرز کردەوەو کەوتنە داواکردنی ھەڵبژاردن و پێشخستنی ,
وەلێ رۆژە خۆشەکانیان زۆری نەخایاند تا لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی کانوونی
یەکەمی ٢٠١٧ی شارەوانیەکان کە چاوەڕوانی زۆرینەی کورسیەکانیان دەکرد,
جارێکی دیکە توشی شکست بونەوە, بەرەی جەمسەری بەرفراوان ٦٥١٧٥٠٦ دەنگ و
٧١,١٣%ی دەنگەکانی ھێنایەوە, کۆی گشتی ٣٠٦ شارەوانی لە کۆی ٣٣١
شارەوانی بەدەست ھێنا, ئۆپۆزسیۆنی راستگەراش تەنھا ٢٥ شارەوانی بردەوە,
ھاوکات لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمەکان جەمسەری گەورەی نیشتمان ١٨ لە
کۆی ٢٣ ھەرێمی بردەوە, لە گەڵ ٥٥,٠٧%ی دەنگەکان, لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی
ھەرێمەکان لە ساڵی ٢٠١٧ ئۆپۆزسیۆن خۆیان بۆ ٩٠%ی دەنگەکان دانابوو,
کەچی پارتی سۆسیالست ١٨ لە کۆی ٢٣ ھەرێمی بردەوە, ساڵی ٢٠٠٠ بۆ
یەکەمجار لە فەنزوێلا پارێزگاری ھەرێمەکان بە ھەڵبژاردنی راستەوخۆو
نھێنی ئەنجامدرا.
دوای ئەم دۆڕانە "بەرەی ئۆپۆزسیۆن Mud بیرۆی یەکێتی دیموکراتی" کەوتنە
پەلاماردانی یەکتر تا شەڕە جنێو گەیشتە سەر فەیسبووک, ھەر ئەمەش بو
گەیشتە ئەوەی نەوێرن بەشداری ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٨
بکەن, مادۆرۆش لە بری ئەوەی بەدوای شەرعیەتی زیاترەوە بێت , کەوتە ناو
خۆشی بەشدارینەکردنی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکییەوە.
ئۆپۆزسیۆن پەرت و بڵاو بوون, ھەرچەندە خۆیان داوای ھەڵبژاردنیان کرد لە
دانیشتنی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی دۆمەنیکان, رێکەوتن لە
نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ ەدا ئەنجام بدرێت, لە فەنزوێلا ھەڵبژاردن
ئازادانەیە بەشداری کردن و نەکردن تیایدا, بە ھەمان شێوە بۆ پارتە
سیاسییەکانیش.
لە دوا ھەڵبژاردندا دەنگی مادۆرۆ بە نزیک ١,٦ ملیۆن لە چاو ھەڵبژاردنی
ساڵی ٢٠١٣ کەمی کرد, بەشێوەی گشتی دەنگی بەرەی حکومەت بە رێژەی ٤٣,٤%
کەمی کردوە لە چاو یەکەم ھەڵبژاردن کە شافێز گەیشت بە دەسەڵات لە ساڵی
١٩٩٨ەدا, بۆیە مەسەلەکە سندوق پڕ کردن نییە, جەمسەرگیری بەرفراوان
لەسەر بنچینەی چینایەتی و رەنگی پێست دروست بووە, دەسەڵات لە سپی پێستە
دەوڵەمەندەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ ھەژارە دو رەگەکان " میستیزۆ", چوار
سەدە دەسەڵاتدار بوون, دوو دەیەی ھەژارەکان تەحەمول ناکەن,
ناڕەزایەتیەکان رەگەز پەرستانەیە, ھاوارە کەن شافێزو مادۆرۆ مەیمونن,
ئەوەی دەگوزەرێت لە فەنزوێلا شەڕی چین و رەگەزەکانە وێڕای ھەڵە
کوشندەکانی دەسەڵات, پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن زۆربەیان سپی پێستن وەک
بەفر, ئەوانەی پشتیوانی مادۆرۆ دەکەن ھەژارو ئەسمەرو رەنگاو رەنگ و
رەشن, ھەژارەکان نان نییە بخۆن, لەم قەیرانی داراییە ئەوان لێیان
قەوماوە, بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٩٨, شۆرشی برسیەکان
بە سەرۆکایەتی سەرمایەدارو ئاغاکان ئەنجام نەدرا, ئێستا غوایدۆ لە
ھەڵبژاردن دەترسێت, بۆیە وڵات بەجێ ھێشتنی مادۆرۆیان کردۆتە داواکاری
سەرەکی بە ئەمەریکاوە, نەک ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەوە, چونکە زۆرینەی
مستیزۆ دەنگی پێدەدەن, دوای ئەویش پارتەکەی قەدەغە دەکەن و ئیرادە لە
ھەژارە رەنگاو رەنگە ئاڵا سورەکان دەسێننەوە ئەگەر پلانەکەیان سەر
بگرێت.
غوایدۆ یەکسەر دوای پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ ترامپ, بێ گەڕانەوە بۆ
پەرلەمانیش خۆی وەک سەرۆک ناساند, بۆیە ئەو بوکە شوشەی ئەمەریکایە,
وەلێ ئەمەریکا چەندە زەبلاح بێت ئیرادەی فەنزوێلییەکان دوای ئەم
قەیرانە, مادۆرۆ ئەگەر دەرچێت گەورەتری دەکەن, چۆن شافێزی کردە وێنەی
رزگاریبەخشی ئەمەریکای لاتین, سەرجەم کاندیدە ناڕازییەکانی لە ٢٠ ساڵی
رابردوو لە وێنەی ئەوەوە دەناساند.
تا ئێستا جەماوەری مادۆرۆ نەک لە دابەزین نییە, بەڵکە تارمایی بەرگ
سورەکان کاراکاسی داگیر کردووە, بە پێی راپرسی ٣ی شوباتی ٢٠١٩, ٣٣%ی
فەنزویلیەکان خۆیان بە شافینیزم دەزانن, ١٩% خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن, ٤٨%یش
سەر بە ھیچ لایەکیان نین, کەواتە ھێشتا ئۆپۆزسیۆن زۆر لە دوایە .
وتارە ئاگرینەکانی بەردەوامەکانی مادۆرۆ رزگاری ناکات, ناتوانێت بەرەو
روی سەربازی ئەمەریکا ببێتەوە , بە سوپایەکی لاوازەوە کە لە پلەی ٤٥ی
سوپاکانی جیھاندایە, سیناریۆکان زیاتر لە شەڕی عێراق و لیبیا دەچن نەک
ڤێتام و سوریا, بە تایبەتیش ترامپ لە فلۆریداوە شەڕی جیھانی دژ بە
سۆسیالزمی لە جیھان بە گشتی و فەنزوێلاو ئەمەریکای لاتین بە تایبەتی
رگەیاند, لەو رۆژەی بیرنی ساندەرز خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید
کردەوە, سۆسیالزم بۆتە بابەتی شەڕەکان, کەواتە ھێشتا سۆسیالزم شەڕی
سەرەکی چینە کۆمەڵایەتییەکانە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |