١٨\٥\٢٠١٩
راستییەکان لە
یادی ٥٣ ساڵەی داستانی ھەندرێندا، کێ کردی؟

عەلی مەحمود محەمەد
بە حوکمی بەرنامەی سەکۆی چەپ, لە گەڵ چەندین تێکۆشەر ئەگەر زێدە رۆیی
نەبێت بڵێم دەیان تێکۆشەری زێڕین دیدارم ئەنجامداوە کە بەشداری شەڕی
ھەندرێنیان کردووە, ھەموو دەگێڕنەوە کە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی
عێراقی بە سەرکردایەتی رەئیس کەمال، ملازم عەبدولرەحمان، فاخر
مێرگەسوری، ملازم خدر، مام سدیق، مام ئەلیاس، عەریف یونس، عزەت سلێمان
بەگ داستانەکەیان تۆمار کردووە, کە تا ئەوکات گەورەترین سەرکەوتن بووە
بەسەر سوپای داگیر کەری بەغدا ئەنجامدرابێت, تەنانەت ئەو دەستکەوتانەی
لە شەڕەکە بە دەست ھاتووە لە چەکی قورس و ئامێری پەیوەندیکردن زیاتر
بووە لە بارتەقای ھەموو ئەو چەکانەی کە ھێزی پێشمەرگە پێش داستانەکە
ھەیان بووە, سەرکەوتنەکەش لە کاتێکدا تۆمارکرا کە جوڵانەوەی کوردی توشی
دوبەرەکی و کەرت بوون ھاتبوو , بەمەش روح خرایەوە بەری.
بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سەردێری "
پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی پەنجا و سێیەمین ساڵیادی داستانی ھەندرێن"
لە بەرواری " ١٢ـی ٥ـی ٢٠١٩ " پەیامێکی پیرۆزبایی و وەبیرھێنانەوەی
بڵاو کردۆتەوە, لە بەشێکیدا دەڵێت " پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
و بە ھاوکاری ھێزەکانی حیزبی شیوعی لە پلانێکی تۆکمەی دژەھێرشدا لە
١٢ـی ٥ـی ١٩٦٦ پەلاماری دوژمنیان تێکشکاند و لیواکانی یەک و سێ و چوار
و پێنجی سوپای عێراق لە چیای ھەندرێن و زۆزک و گەرووی ئۆمەرئاغا و
ئاکۆیان بە تەواوەتی تێکشکان و زیانێکی یەکجار زۆریان بەرکەوت" , ئەمە
لە کاتێکدایە مێژوو پێمان دەڵێت سەرکەوتنەکە تەنھا لە چیای ھەندرێن
تۆمار کراوە نەک لە زۆزک و شوێنەکانی دی, ئەوانە لەو چرکە ساتە بەرەی
شەڕ بوونە لێ سەرکەوتنیان تێدا تۆمار نەکراوە, بۆیە ناکرێت ناویان بە
ھاوتایی لە گەڵ ھەندرێن ریز بکرێت, دووەم سەرکەوتنەکە پێشمەرگەکانی
حیزبی شیوعی و دۆست و لایەنگرەکانی تۆماریان کردووە نەک کەسی دی بۆیە
ئەویش ناوی پارتی دیموکرات ریز ناکات پارێز دەکات, لێ لە رێگای بەخشینی
رۆڵی سەرەکی بە پێشمەرگەی شۆرشی ئەیلولەوە دەیانکاتە بەشە شەریکی
سەرەکی, سێیەم پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی لەوکاتە بەشێک بوونە لە ھێزی
پێشمەرگەی کوردستان, لق و پەلەکانی حیزبی شیوعی بەشێک بوونە لەو
جوڵانەوە چەکدارییە, بە جیا ناوھێنانیان پارتی دەکاتەوە بە تاکە ھێزی
پێکھێنەری پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول, ئەمەو نەک تەنھا شەڕی ھەندرێن بگرە
تەواوی شەڕە گەورەکانی ساڵانی ٦٣ بۆ ٧٠ مۆرکی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی
پێوە بووە, پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی نەک ھاوکاری داستانی ھەندرێن
نەبوونە بگرە ھێزی سەرەکی و کۆتا بوونە لە داستانە مێژوویەکەی ھەندرێن,
ھەر ئەمەش وا دەکات شایەدحاڵەکانی ئەو رۆژانە بڵێن کۆچکردووان ئیدریس
بارزانی و فرانسۆ حەریری تا چۆمان دەستڕی سوریان ھەڵداوەو دروشمی بژی
حیزبی شیوعیان وتوەتەوە" سەیری لینکی ڤیدیۆکان بکەن".
لە داستانەکەی ھەندرێندا ھەر ٦٠ فیداییەکە کە ھێزی یەکەمی سەرکەوتنەکە
بوون شیوعی بوون, ٣ شەھید درا وەک پێشتر نەخشەی بۆ داندرا بوو لە لایەن
فەرماندە شیوعییەکانەوە کە ئەوانیش عەریف یونس و ساڵەح مام ئەلیاس
ھەردوک شیوعی بوون, خدر عەوڵا بەگیش دۆستی ئەو حیزبە بووە, سڵاو لە
یاداوەری روحی پاکیان, خۆزگەم بارزانی بتوانێت کەسێکی پارتی ئەوکاتە
بدۆزێتەوە نەک شەھید و بریندار بگرە بەشداربوو نەک لە ناو فیدایەکان
بگرە لە بەشداربوەکان بۆ ئەوەی لە یادی ٥٤ ساڵەی داستانەکەدا لە ساڵی
داھاتوو مەدالیای ئازایەتی پێ ببەخشێت, راستیەکەش ئەوەیە لە کاتێک دوای
سەرکەوتنەکە پێشمەرگەکانی پارتی دێنە ھەندرێن بۆ ئەوەی شوێنی
شیوعییەکان بگرنەوە, وەلێ کە ھێرش دەست پێ دەکات جارێکی دی دەکشێنەوە
چیایەکە دەدرێتەوە بە پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی بۆ ئەوەی پارێزگاری
لێبکەن.
دوای ئەو سەرکەوتنە مەزنە لە رێگای جیھازەکەی ئەبو شاخەوانی کوڕە
کریستانی بەشداربوی داستانەکەوە , پەیوەندی لە نێوان پێشمەگەو سوپای
عێراقی دەست پێدەکات تا دەگاتە بەیاننامەی ٣٠ حوزەیران کە داننان بە
لامەرکەزیەتی کوردستانی لێ ھاتە ئاراوە.
بە پەراوێز خستنی لایەنەکان و خواردنی بەشی یەکتر لە جوڵانەوەی چەکداری
کوردستاندا باو بووە تا ھەنوووکە بە تایبەت لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە,
دەیان جار خۆیان کردووە بە خاوەند چالاکی وا کە بە رێکەوت چەند
کەسێکیان تێیدا پشکدار بوونە, ئەوان نەک تەنھا سەروەت و سامانی
کوردستان بگرە سەروەری و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیش بە موڵکی
خۆیان دەزانن و تەزویری مێژوو دەکەن, بەیاننامەکەی بارزانیش لە یادی ٥٣
ساڵەی داستانی ھەندرێندا دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە, راستە مێژوو
براوەکان و دەسەڵاتداران دەینووسنەوە , وەلێ قۆناغی تەسحیحاتی مێژوو
دەستی پێکردووە, مێژوو لە حەکایەت و تەسریحاتەوە بووە بە زانست و
گێڕانەوەی راستیەکان, پشکنین و بەڵگەو گەڕان بە دوای راستییەکان و وتەی
ئەکتەرە ئەکتیڤەکانی روداوەکان.
ئەوە ئەگەر ھەندرێن لەو شەڕە قارەمانانەیە ئازاد نەکرایاتەوە, ھەتا
ھەتایە دەکرایە پەڵەیەکی رەش بەناو چەوانی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعیەوە,
ئیتر وابووە سەرکەوتن فرە بابەو شکستیش ھەتیو.
لە کاتێکدا حیزبی شیوعی لە نێوان ١٩٤٦ بۆ ١٩٦١ بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ھێزی
یەکەمی کوردستان بووە, ئەمڕۆ لەسەر ئەو مێژووە دەژێت, دەبوایە وەڵامی
بۆ ھەموو ئەوانە ھەبێت کە دەیانەوێت مێژووەکەی زەوت بکەن و بیشێوێنن,
ژیانی ئەمڕۆی لەسەر مێژوو بێت, داکۆکینەکردن لەو مێژووەش مانی دەخاتە
ژێر پرسیارەوە, خەریکە سەرکەوتنەکان و داستانەکان و مێژووش وەک
گواستنەوەی شەھیدەکان سەنگەر بگوازنەوە.
بۆ سەلماندنی بۆچونەكانم ئەم دوو دیدارە ببینن:
ئەبو شاخەوان تێكۆشەرێكی كریستان:
www.youtube.com/watch?v=I5xO52J3Wgs
عەبدوڵا تۆفیق ناسراو پاڵەوانی هەندرێن :
www.youtube.com/watch?v=MqHP56xeRqg
بۆ بینینی هەموو بەرنامەكان:
www.youtube.com/channel/UCtvPDyYamHh_awOgEwc-m8g/videos
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |