په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٦

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران:

ڕاستییەکان و سیناریۆ دەستکردەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.


کامەران ئەمین ئاوە    


ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتەدا؛ ڕاپەڕینێک کە لە لایەک، بناغەکانی خەلافەتی کۆماری ئیسلامی هەژاندوە و لە لایەکی دیکەشەوە، بووە بە گۆڕەپانێک بۆ کەڵکوەرگرتنی بەشێک لە ڕەوته سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات. لەم نێوەدا پاشایەتیخوازەکان هەوڵیان داوە دەست بەسەر ئەو ناڕەزایەتیانەدا بگرن بۆ بەرژەوەندی خۆیان؛ لە کاتێکدا ڕاستیی کۆمەڵگای ئێران ئەوە نیشان دەدات کە مەیلی پاشایەتیخوازی زۆرتر لەوەی کە ڕیشەی لە کۆمەڵگادا بێ، دیاردەیەکی سنووردار و ویستی کەمینەیەکە کە لە لایەن میدیاکانی سەر بە ڕەزا پەهلەویەوە گەورە دەکرێتەوە.


ئەم بزووتنەوەیە، بە تایبەت پاش پچڕانی بەربڵاوی بەرق، تەلەفۆن و ئینتەرنێت، ڕووبەڕووی سەرکوتی بێ وێنە و توند و تیژیی هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتی و دەرەکییەکانیی وەک حەشدی شەعبی بووەوە.


هێشتا بە وردی ڕەهەندی ئەم سەرکوتکردنە و تاوانەکانی ئەنجامدراو بە تەواوی ڕوون نین، ئەمەش بەهۆی سنووردارکردنی توندی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و نەبوونی پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیە. لەم هەلومەرجەدا، ڕێژیمی ئێران بۆ پاساوی‌نانەوە و شەرعیەتدان بە کردەوە توندوتیژەکانی، پەنای بۆ سیناریۆی دووپاتکراو و سواو بردووە. جارێکی دیکەش وەک سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی پەهلەوی تیشکی خستۆتە سەر گریمانەی "دەستی بێگانە" و، بەرپرسیارێتی کوشتنی ناڕازییان وتوندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی بە ملی "تیرۆریستەکان و هێزە بیانییەکان" دادێنێ.


فەرەحی دیبا شاژنی پێشووی ئێرانیش لە بیرەوەرییەکانیدا به ڕێبازێکی هاوشێوه ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵانی شۆڕشی ١٣٥٧ – ١٣٥٦ی کردوە. بۆ وێنە لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی هەینی ١٧ی خەرمانانی ١٣٥٧، بە مەبەستی شەرعیەتدان بە سەرکوتکردنی خەڵک، نووسیویەتی:


"ئەرتەش کە چاوەڕێی خۆپیشاندەران بوو لە مەیدانی ژالە، فەرمانی وردی لە تیمسار ئۆوەیسی وەرگرتبوو. هەردوو گروپەکە چەکدار بوون، و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا حەتمی بوو. تەقەکەرانی فەلەستینی، کە بێ لەبەرکردنی جلوبەرگی فەلەستینی خۆیان لە نێۆ جەماوەری خەڵک یان لەسەربانەکان حەشار دابوو، تەقەیان لە سەربازەکان کرد و ئەوانیش بە ناچاری وەڵامیان دایەوە لەم پێکدادانانەدا ١٢١ خۆپیشاندەر و ٧٠ سەرباز کوژران. [کهن دیارا، ل. ٢٧٣]
لە شوێنێکی تردا دەنووسێت: "میدیا چەپەکانی ڕۆژئاوا باسی توندوتیژی و ترس و تۆقاندنیان دەکرد. نەک باسی ئەو باردۆخەی تیرۆریستەکان پێکیان هێنابوو، بەڵکوو ئەوی کە بە گوێرەی قسەی ئەوان لە پۆلیس و ساواک سەرچاوەی گرتبوو". [کهن دیارا، ل. ٢٧٥]


ئەو ئیددیعایەی بەڕێوەبەران و ڕاگەیەنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە "تیرۆریستەکان و بریکارەکانی موساد" لە یەک کاتدا تەقەیان لە ناڕازییان و هێزەکانی حکومەت کردووە، وەک شێرو ڕێوی‌هێنانی فەرەحی دیبا سەبارەت بە بوونی"تیرۆریستە فەلەستینیەکان" لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی ڕژێمی پەهلەوی، زیاتر هەوڵێکە بۆ نکۆڵیکردن لە سروشتی جەماوەری و خۆبەخۆیی ناڕەزایەتییەکان نەک شیکارییەکی بەڵگەدار. جێ داخ ئەوەیە، کەسانێک لە دەرەوەی وڵاتیش، خوازراو و نەخوازراو، یارمەتی به بەرهەمهێنانەوە و بەدیهێنانی ئەم تیۆرییە پیلانگێڕییە دەدەن.

چاوخشاندنێکی ڕاستبینانه بە مەیدانی ناڕەزایەتییەکان، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم بزووتنەوەیە، بۆ یەکەمجار لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانەوە، ڕەهەندێکی تەواو جەماوەریی هەیە و زیاتر لە ١٠٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانی لەخۆگرتۆتەوە. لەرزۆکبوونی بە جیددی بناغەکانی ڕێژیم بۆخۆی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەیەکی وەها بەربڵاو، پێویستی بە دروستکردنی دوژمنێکی دەرەکی‌و، گەورەکردنی دیاردەیەک به ناوی ڕۆڵی "تیرۆریستەکان" هەیە.


لە هەلومەرجێکدا کە ئینتەرنێت بە تایبەت لە دوای ٨ی ژانویە بە تەواویی پچڕاوە، ئەم پرسیارە جیدییە دێتە ئاراوە کە چۆن دەکرێ وتار و پەیامی میدیایی کەسایەتییەکی وەک ڕەزا پەهلەوی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبێ لە وروژاندن و ڕێنماییکردنی ئەو خەڵکەی کە لەسەرخۆ ڕژانە سەر شەقامەکان؟ بیستنی هەندێک دروشمی پاشایەتیخوازی له ناو ناڕەزایەتیەکاندا، بە هیچ شێوەیەک بە مانای هەژموونی سیاسی ڕەوتێک یان تاکێکی دیاریکراو نییە. هەروەک چۆن باوەڕ ناکرێ لە وڵاتێکی بەرفراوانی وەک ئێراندا، چەند "تیرۆریست"ێکی ڕاهێنراو لە شوێنی جیاوازەوە بتوانن لەو ساتەدا کە ناڕەزایەتی پیشەییەکان دەستیپێکرد و لە مەودایەکی کورتدا لە تارانەوە بۆ ئیلام، شەپۆلێکی توندوتیژی ڕێکخراو دروست بکەن.


ئەم جۆرە ڕەوایاتانه، لە ڕاستیدا گاڵتە بە فیداکاریی ئەو گەنج و خەڵکانەیە کە بەوپەڕی گیانفیداییەوە لە بەرامبەر یەکێک لە توندوتیژترین حکومەتەکانی ئێران لە‌م چەند سەدەیەی دواییەدا ڕاوەستاون.


ئەمە یەکەمجار نییە کە حکومەتی ئیسلامیی ئێران، نائارامیی ناوخۆ بە پیلانێکی دەرەکی گرێ دەدا و بە پێی سیناریۆیەکی ساختە، باس لە ڕۆڵی 'موساد و هێزە بیانییەکان' لە دروستکردنی "گرژی و نائارامی" لە ئێراندا دەکات.


لەگەڵ ئەمەشدا، تەنانەت ئەگەرێکی لاوازی وەک بوونی هێندێک توخم کە هەوڵدەدەن "لە ئاوی لێڵ ماسی بگڕن" بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە ئەوان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووبێ لە گۆڕینی دیمەنێک بۆ توندوتیژی کە تێیدا حکومەت خۆی سەرچاوەی سەرەکیی ئەم توندوتیژی بووە. داکۆکی لەخۆکردن و تەنانەت بەرهەڵستیان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت کە خەڵک دەکوژن، مافی ئاشکرای خۆپیشاندەرانە. بۆیە نابێ بە کەوتنە ناو مەیدانی کایەی کۆماری ئیسلامی، بە دەستی خۆ بەهای ئەم بزووتنەوە و خوێنی گیانبەختکردووانی کەم بکەینەوە.


بزووتنەوەی خەڵکی ئێران، پێش هەموو شتێک، دەنگی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە ستەمێکی پێکهاتەیی و هەڵاواردن و سەرکوت؛ دەنگێک کە بە پیلانێکی دەرەکی دەستی پێنەکردووە و بە سیناریۆسازیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ناکوژێتەوە.

 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک