په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٢

راستییە شاراوەکانی پشت تاوانەکانی ١١ی سپتێمبەر!


ئامادەکردن و وەرگێرانی: ھەورامان عەلی


تاوانی یازدەی سپتێمبەر، یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی بیستویەکەمی تەمەنی مرۆڤایەتیە، بە جۆرێک زۆرێک لە مێژونوسان ، مێژوی تازەی مرۆڤایەتی دابەش دەکەن بۆ دوو قۆناغ ، پێش و پاش رووداوەکە. کەم رووداو ھەیە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا ھێندەی١١ ی سپتێمبەر لەسەر نوسرابێت، سەدان ھەزار لێکۆلینەوە و ریپۆرتاژ و وتار و فیلم و کتێب...ھتد. بەلام ھێشتا سەرەڕایی تێپەربونی ١١ سال و ئەم ھەموو نوسینانە ھێستا مرۆڤایەتی کەمترین زانیاری لەسەر رووداوەکە ھەیە! ریوایەتی فەرمی دەسەلاتدارانی ئەمەریکا کە تاوانەکە لە ولاتی ئەواندا ئەنجامدراوە بەم جۆرەیە : کۆمەلێک ترۆریستی ئیسلامی سەربە رێکخراوی قاعدە چوار فرۆکەی مەدەنی دەرفێنن و وەک موشەک بەکاریان دەھێنن و جگە لە دوتاوەرەکەی مەنھاتن وەزارەتی بەرگری دەکەنە ئامانج و سەرەنجام زیاتر لە ٣٠٠٠ خەلکی سیڤلی ئەمەریکا دەبنە قوربانی ئەو تاوانە! ھیچ لێکۆلەرەوەیەکی جدی ناتوانێت بروا بەم ریوایەتە فەرمیەی ئیدارەی ئەمەریکا بکات.

 

گەلێک لایەنی جۆراوجۆری ئەو رووداوە ھەیە بە نادیاری ماونەتەوە . مافی تاکتاکی بەشەریەتی ئازادی خوازی دنیایە بزانن لەو رۆژەدا و رۆژانی پێشتر چی رویدا، ئەوکارە ترۆرستیانە ھەرتەنیا تاوانێک نەبوو بەرامبەر خەلکی سیڤلی ئەمەریکا ئەنجام درابێت ، ئاکامەکانی ئەو رووداوانە کاریگەری لەسەر ھەر چوارگۆشەی دنیا دانا. ھەمو کەسێک مافی خۆیەتی بپرسێت، چۆنە ئەمەریکا کە بەھێزترین دەزگایی ھەوالگری لە جیھاندا ھەیە، نەیتوانی بەر بەو ھێرشانە بگرێت؟ بۆچی دەزگا سەربازیەکانی ئەمەریکا کە پرچەکترین سوپا و خاوەن دەیان سیستەمی موشەکی و راداری و بەھێزترین تۆری بەرگری ئەلکترۆنین ، لەسەر ھەر روبەروبونەوەکی ئەتۆمیش راھێنراون کە دەبێت لە یەکەم خولەکی ھەر ھێرشێکدا کاردانەوەی خۆیان نیشان بدەن ، چۆنە بۆماوەی ٣٠ خولەک فرۆکە لە ناو خاکی ئەمەریکادا رفێنراوە و ھیچ سیستەمێکی موشەکی و ھیچ ھێزێکی بەرگری ھیچ کاردانەوەیەک نیشان نادەن؟!بۆچی لە٢٨ بنکەی فرۆکەوانی کە ھەزارن فرۆکە لەخۆ دەگرێت و ٢٤ کاتژمێر لەئامادەباشدان ، ھیچ فرۆکەیەکیان کاردانەوەیەکی نیشان نەدا؟ ئاسمانی ھەموو ولاتێک ، بەتایبەت ئەمەریکا ، لە رێگەی کۆمپیتەرەکانەوە کۆنترۆلکراوە و ھیچ فرۆکەیەک ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنانەی قەدەغەیە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆچی ھیچ کۆمپیتەرێکی ئەم تۆرە تۆکمەیە ھیچ بنکەیەکی حالەتی کتوپری ئاگادار نەکردەوە؟! ھەزاران پرسیاری سادە و ساکار ھەن ھیچ وەلامێکیان نیە ... لە یادی تێپەربونی ١١ سال بەسەر رووداوەکاندا ، من ھەندێک زانیاری دەخەمە روکە کۆمەک دەکات بە وەلامی ئەو پرسیارەی کە کێ لەپشت ردواوەکانی یانزەی سپتێمبەرەوەیە.


یەکەم: سالێک پێش رووداوەکە و پێش ئەوەی جۆرج بۆشی کور بگاتە کۆشکی سپی ، لەلایەن کۆمەلێکی فکریەوە راپۆرتێک ئامادەکرا بەناوی ( پرۆژەی سەدەی ئەمەریکانی نوێ) کە دیارترین دارێژەرانی ئەو پرۆژەیە " دیک چینی ، دۆنالد رامسفیلد، جیب بۆش ، باول ولولفوتز .." بوون ، ناوەرۆکی پرۆژەکەیان بریتیبوو لە نەخشەی سەرلەنوێ بینانانەوەی پەیکەری بەرگریەکانی ئەمەریکا ، ھەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەگەر کارەساتێکی گەورەی لە چەشنی ئەوەی "بیرل ھابر" دوبارە نەبێتەوە ، ئەوا ئەم پرۆسەی گۆرانکاریەکان زۆر لەسەرخۆ دەچێتە پێش.!


دووەم: لە ٢٤ ی ئۆکتۆبەری سالی ٢٠٠٠ دا پینتاگۆن مەشقێکی گەورەی لەژێرناوی " ماسکال" رێکخست ، لەسەر چۆنیەتی روبەروبونەوەی خۆپێداکێشانی فرۆکەی بۆینگی ٧٥٧ بە بینایی پنتاگۆندا!


سێیەم: لە بەرواری ١.٦.٢٠٠١ بەشێوەیەکی چاوەروانەکراو رێنوێنیەک لە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپاوە دابەزی بۆ ھەموو یەکەکانی ھێزی ئاسمانی ئەمەریکا ، کە لەکا‌تی رودانی رفاندنی فرۆکەی مەدەنیدا ھیچ کاردانەوەیەک بەبێ داواکاری راستەوخۆیی وەزیری بەرگری نیشان نەدەن! (لە رۆژی رووداوەکاندا رامسفیل ی وەزیری بەرگری پۆستەکەی خۆیی جێ ھێشتبوو و لە حەوشەی پنتاگۆندا خەریکی فریاکەوتنی سەرەتایی بریندارەکانی پنتاگۆن بوو !).


چوارەم: بە پێی راپۆرتی دەزگاکانی ھەوالگیری فەرەنسا لە ٤.٧.٢٠٠١ یانی دومانگ پێش رووداوەکان ، ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە لە یەکێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەی ئەمەریکی لە دوبەی خەوێنراوە و ئەفسەرێکی " سی. ئای .ئەی " چاوی پێکەوتوە و دوای ئەو چاوپێکەوتنەش بەپەلە بانگکراوەتەوە واشنتۆن. بەردەوام ئەمریکیەکان ئەم ھەوالە رەددەکەنەوە.‌.


پێنجەم: لە ٢٤.٧.٢٠٠١ گەورە دەولەمەندێکی یەھودی بەناوی لاری سیلفرشتاین ھەردوو تاوەرەکەی مەنھاتنی بۆ ماوەی ٩٩ سال بەکرێ گرتووە بەنرخی ٢.٣ ملیار دۆلار ، ھاوکات تەئمینیکردون لە ھەر ھێرشێکی ترۆرستی بە نرخی ٣،٥ ملیار دۆلار ، جێی سەرنجە دوای رووداوەکان لاری دوای دوبەرابەر قەرەبوی دەکرد بەپێی گرێبەستەکە ، بەو ھۆیەوە کە دو فرۆکە و لە دوکاتی جیاجیادا کارەساتەکەیان خولقاندوە! ئێستەش ھەمان سەرمایەدار کرێ مانگانەی خۆیی دەدات ، بۆ ئەوەی لە جێگەی تاوەرەکۆنەکاندا سەرمایەگوزاری خۆیی بکات!


شەشەم: لە ٦.٩.٢٠٠١ دا سەرەرایی بونی دەیان ھۆشداری لە جموجولی ترۆریستی، بەفەرمانی لێپرسراوێکی بالا لە واشنتۆن ( کەجارێ کەس نازانێ کێیە!) ھەموو سەگە راھێنراوەکانی دۆزینەوەی تەقەمەنی کە لەگەل لیژنەی پارێزگاری ئەرکی پاراستنی ئاسایشی تاوەرەکانیان لە ئەستۆبوو دورخرانەوە لەو ئەرکەیان!


حەوتەم: لە ٦.٩.٢٠٠١ دا کوتوپر رێژەی فرۆشتنی سەھمی کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی ئەمەریکا بەشێوەیەکی سەرسورھێنەر چواربەرابەر زیادیکرد لە رێژەی فرۆشتنی ئاسایی خۆیی، رۆژانی دواترلە ٧.٩.٢٠٠١ دا ‌ رێژەی فرۆشتنی سەھمەکانی کۆمپانیایی بۆینگ پێنج بەرابەر زیادیکرد، ولە ٨.٩.٢٠٠١ دا رێژەی فرۆشتنی سەھمەکانی کۆمپانیایی ئەمەریکان ئیرلاینز یازدە بەرابەری زیادیکرد! ئەم کرینو فرۆشتنە بۆ ئەوانەی سەھمەکانی خۆیان فرۆش بری ١.٧ ملیار دۆلار قازانجیان بۆ خۆیان لەو دو ھەفتەیەدا مسۆگەرکرد!


ھەشتەم: لە رۆژی ١٠.٩.٢٠٠١ دا زۆربەی لێپرسراوەکانی پنتاگۆن کە بریاربوو ١١ ی مانگ بە فرۆکە سەفەرکەن ، بەشێوەیەکی کوتوپر پەشیمان بونەوە و سەفەرەکەیان یان گۆری یان دوایان خست!


نۆیەم: لە ١٠.٩.٢٠٠١ دا لەرێگەی تەلەفۆنەوە ویلی براون پارێزگاری سان فرانسیسکۆ ئاگادارکرایەوە کە سبەینی سەفەری فرۆکە نەکات بۆ نیۆیۆرک ، بریاربوو لەورۆژەدا کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجام بدرێت. دواتر دەرکەوت سەرچاوەی ئەو تەلەفۆنە نوسینگەی کۆندەلیزا رایس راوێژکاری سەرۆک بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بووە.‌
دەیەم: دەیان راپۆرتی باوەرپێکراو بلاوکرایەوە کە لە شەوی ١١.٩ دا ئوسامە بن لادن لە خەستەخانەیەکی سەربازی پاکستاندا لەبەشی گورچیلەو کۆئەندامی میزدا بینراوە ، دوای ئەوەی ھەموو کارمەندەکانی ئەو بەشەی خەستەخانەکە بە کەسانی سەربە دەزگایی سوپا وھەوالگری پاکستان گۆردراون ، بەپێی شایدی یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو خەستەخانەیە.‌.


یانزە: لە ١٠.٩ دا زۆربەی فرۆکە جەنگیەکان ئەمەریکا گوازرانەوە بۆ کەنەدا و ئالاسکا بە مەبەستی مانۆرێکی سەربازی گەورە بە ناوی " شەری باکور" ئامانج لەم مانۆرە روبەروبونەوەی ھێرشێکی خەیالی فرۆکەکانی روسیا بوو، شایانی باسە لە رۆژی ١١.٩ دا بەدەستی ئەنقەست فرۆکەی جۆراوجۆری وەھمی دەھاتنە سەر شاشەی رادارە سەربازیەکان بەشێوەیەک دامەزراوەی بەرگری ئاسمانی " نوارد" توشی سەرلێشێواوێکی بێوێنە بوو لەوەی ئەو فرۆکانەی لەسەر شاشەی رادارەکانی دەبینران وەھمین یان راستەقینەن! . بەھۆیی ئەم مانۆرەوە لە ھەموو ئەمەریکادا تەنیا ١٤ فرۆکەی ف١٦ بۆ بەرگری مابونەوە ، پێش چەند کاتژمێر لەو ژمارەیەش ٣ فرۆکەیان کە ئەرکی پارێزگاری پنتاگۆنیان لە ئەستۆ بوو نێردران بۆ مەشق لە باکوری کارۆلاینا!


دوازدە: بەپێی شرۆڤەی فەرمی ئیدارەی ئەمەرکا فرۆکەی بۆینگی ٧٥٧ لە گەشتی ژمارە ٧٧ کە خۆی کێشا بە پنتاگۆندا ، بەخێرایی ٥٣٠ میل لە کاتژمێرێکدا ٣٣٠ پلە رێرەوی خۆیی گۆریوە و ھاوکات ٧٠٠٠ پێ دابەزیوە لەماوەی کەمتر لە دوو خولەک و نیودا، ئەوەی ئەلف و بێیەک شارەزانی زاستی فرۆکەوانی و فرۆکەی بۆینگ بێت ، دەزانێت کاری لەو جۆرە مەحالە و فرۆکەکە ھەر لە ئاسماندا تێک دەشکێت. ئەگەر فرۆکەی بۆینگ مانۆرێکی لەو بابەتە ئەنجام بدات دەبێتە ھۆیی لەدەستدانی کۆنتۆلی ئۆتۆماتیکی فرۆکەکە و ھیچ بەشێکی ئەلکتۆنی وەلامی فەرمانەکانی فرۆکەوانەکە ناداتەوە. لەکاتێکدا بە پێی راپۆرتە فەرمیەکان بێت ئەو فرۆکەیەی خۆیی بە بینایی پنتاگۆندا کێشا وە تا دواین چرکە لەژێر کۆنترۆلی فرۆکەوانەکەدا بوە!


سیازدە: بە پێی راپۆرتە فەرمیەکان بێت ئەو فرۆکەیەی خۆی بە بینای پنتاگۆندا کێشاوە ، پێش ئەوەی بگاتە بیناکە ٥ ستونی کارەبای لە رێگەی خۆیدا ھەلکەندووە بە بێ ئەوەی ھیچ پارچەیەک لە بالەکانی یان بزوێنەرەکانی لێبێتەوە! ھەروەھا ھیچ جۆرە لێکخشانێکی سەلمێنراو لە حەوشەی پنتاگۆندا نە دۆزرایەوە! نەک ھەر ئەمە ھیچ پارچەیەکی فرۆکە تێکشکێنراوەکە نەدۆزرایەوە ، گێرانەوەی فەرمی ئیدارەی ئەمەریکا ھۆکارەکەی بۆ بە ھەلم بەنی فرۆکەکە دەگێرنەوە بە ھۆیی پلەی گەرمیەوە! لەکاتێکدا توانرا ١٨٤ کەسی قوربانی لە ١٨٩کەس کە لەوێدا بونەقوربانی بناسرێتەوە! بۆ زانیاری خوێنەر تەنیا بزوێنەری فرۆکەکە ١٢ تەنەو لە مادەیەکی زۆر رق دروست دەکرێت کە پێ دەلێن تیتانیۆم و لە پلەیەکی گەرمی زۆر بەھێزدا نەبێت ناتوێتەوە. لەو فرۆکە گەورەیە تەنیا سێ پارچەی بچوک دۆزرانەوە کە لەگەل ھیچ پارچەیەکی فرۆکەی بۆینگ ناچن!


بە پێی ئەو وێنە ‌و ڤیدیۆیانە ‌بێت، پێش درووخانی بینایی پنتاگۆن ، تەنیا کونێکی بچوک لە دیواری بیناکەدا دەبینرێت کە بە ھیچ شێوەک لە پیاکێشانی فرۆکە ناچێت و قەبارەی کونەکە ھەر ھێندەی لوتی فرۆکەکە دەبێت و ھیچ ئاسەوارێکی شوێنی پیاکێشانی بالەکان و بزوێنەرە گەورەکانی فرۆکەکە دیار نیە! بەپێی شاھدی ئەوانەی لەو رۆژەدا لە بیانی پنتاگۆندا بون بۆنی مادەی کورودایت بەشێوەیەکی بەربلاو ھەستی پێکراوە کە ئەو مادەیە تەنیا لە رۆکێت و موشەکەکاندا بەکار دەبرێت ، نەک بۆ سوتەمەنی فرۆکە.


چواردە: شێوازی رووخانی تاوەرەکان و ھۆکاری راستەقینەیان تائێستاش وەلامی راستەقینەی خۆیی وەر نەگرتوەتە، بە پێ راپۆرتە فەرمیەکان بێت ھۆکاری رووخانەکەیان دەگێرنەوە بۆ ئەو ئاگرەی کە بەھۆیی پیاکێشانی فرۆکەکانەوە کەو توەتەوە ، تاوەری خوارو لەماوەی ١٠ چرکەدا روخا، ھەموو شارەزایانی بینابەرزەکان ، ئەوانەی بینا کۆنەکان دەتەقێننەوە ئەو راستییە دەزانن رووخانی قاتی بینایەک بەشێوەی ستونی بەو ماوەکەمە تەنیا بەشێوەی تەقەمەنیەوە رودەدات.


پیاوانی ئاگرکوژێنەوە توانیان بگەنە قاتی ٧٨ واتە ئەو قاتەی فرۆکەکە خۆی پێدا کێشابو وە توانیشیان ئاگرەکەی ئەو قاتە بکوژێننەوە ، لە کاتێکدا راپۆرتە فەرمیەکان باس لە توانەوەی ھەیکەلی ئاسنینی بیناکە دەکەن بەھۆیی گەرمی ئاگرەکەوە!زۆرێک لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە کە ئەو رۆژە لە مەنھاتتن بون پێیان وایە ئەوەی روی دا تەقاندنەوەی تاوەرەکان بون ، لە چەند سالی رابردوشدا چەندین ڤیدیۆ بلاوکرانەوە کە بە رونی تیشانی دەدات تەقەمەنی لە نێو تاوەرەکاندا بووە.


بەپێی بەلگەنامەکانی دەزگاکانی پێوەری بومەلەرزەی زانکۆیی کۆلۆمبیا ، لەژێر تاوەرەکاندا تەقینەوە رویداوە بە ماوەیەکی کەم پێش رووخانی تاوەرەکان.


رووخانی بالەخانەی ژمارە ٧ بەبێ ھیچ ھۆکارێکی لۆژیکی گومانێکی گەورەی لەسەر رونکردنەوەکانی ئیدارەی ئەمەریکی دروست کرد، ھەموو بیناکانی دەوروبەری ئەم بینایە نەک زیانیان پێنەگەشتبوو ، بەلکە شوشەیپەنجەرەکانی زۆرێکیان نەشکابوو ، کەچی چەند کاتژمێر دواتر ئەم تاوەرەش بە شێوەی ستونی روخا، دواتر دەرکەوت ئەو بینایەش مولکی (لاری سیلفرشتاین)ە ھەمان کەسایەتی کە تاوەرەکانی بەکرێ گرتبوو! ویەکێک بوە لە نوسینگەکانی " سی.ئایی.ئەی" بۆکاروباری نھێنی. شایەنی باسە لاری لەبەرامبەر رووخانی ئەم بالەخانەیەشدا ٨٦١ ملیۆن دۆلاری لە کۆمپانیاکانی دلنیابون " تائمین" وەرگرد لە کاتێکدا خۆیی بە ٣٨٦ ملیۆن کریبوی!


پانزەیەم: ئەوەی پێی دەوترێت رێکخراوی قاعدە ، بە کۆمەک و رێنوێنی و مەشقی دەزگای ھەوالگری ئەمەریکا بە ھاوکاری دەزگا ھەوالگریەکانی دەولەتانی خۆرھەلاتی ناوەراست لە کۆتایی سالانی ١٩٧٩ و سەرەتای سالی ١٩٨٠ دروستکرا! من چەند سال لەمەوبەر وتارێکم لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەم رێخراوە نووسی و لێرەدا لینکەکەی دادەنێمەوە تا خوێنەر ئاگاداری پێشینەی ئەم رێکخراوەبێت:
http://www.emrro.com/birecinski.htm


سەرەتانی سالی ١٩٩٨ بنلادن جەنگی لەدژی (ئەمەریکا و ھێزە خاچپەرستەکان) راگەیاند و لە ھاوینی ھەمانسالدا بالوێزخانەی ئەمەریکانی لە نایرۆبی و دارسلام لە کردەوەیەکی ترۆرستیدا تەقاندەوە ، دوھەفتە دواتر لە نایرۆبی دا محەمەد راشد یەکێک لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکان دەسگیرکراو لە رێگەی تەلەفونەکەیەوە ژمارەی تەلەفۆنی (خالید محدار یەکێک لە فەرماندەکانی رفاندنی فرۆکەکانی ١١.٩ کە ئەوکات لە یەمەن بوو)ئاشکرا بوو .بەم شێوەیە سەرچاوەی دارای و لۆجستی کردەوەترۆریستیەکەیە ئاشکرابوو، ھەربۆیە لەوکاتەوە ھەمو جموجول و پەیوەندیە تەلەفۆننیەکانی خالید لە ژێر چاوەدێری دەزگایی ھەوالگری ئەمەریکادابوو.

لە کانوونی دوەمی سالی ٢٠٠٠ کۆبونەوەیەک لە کولالامپوری پایتەختی مالیزیادا رێکخرا کە ھەریەک لە (خالید شێخ محەمەد خاوەنی بیرۆکەی رفاندنی فرۆکەکان ، رەمزی بن شیبە رێکخەری ھێرشەکانی ١١.٩ ، خالید محدار و نواف الحازمی دوان لە فەرماندەکانی رفاندنی فرۆکەکان و توفیق بن عگاش کە ناسراوە بە وەلید بن عگاش لێپرسراوی کردەوە ترۆریستیەکەی کشتیە جەنگیەکەی ئەمەریکا لە کەنار ئاوەکانی یەمەندا) تێیدا بەشداربون ، سی. ئای . ئەی ئاگاداری ئەم کۆبونەوەیەبوو، بەمەبەستی چاودێری کردنی کۆبونەوەکە تیمێکی خۆی رەوانەی مالیزیاکردوو بەھاوکاری دەزگای ھەوالگری مالیزیا وێنەو دەقی تۆمارکراوی کۆبونەوەکەیان تۆمار کرد. ھاوکات تیمێکی تریش پێشتر چاودێری جموجولەکانی خالید شێخ محەمەدیان دەکرد. ھەر لەو کۆبونەوەیەدا بریاری کردەوە ترۆریستیەکەی ١١.٩ درا.


لە ٣٠ کانونی دوەمی سالی ٢٠٠٠دا کاتێک زیاد جەراح یەکێکیتر لە رفێنەری فرۆکەکانی ١١.٩ لە ئەفگانستانەوە گەرایەوە ، لەسەرداوای سی . ئای . ئەی بۆماوەی چوار کاتژمێر لە فرۆکەخانەی دوبەی دەسگیرکرا و دوای لێکۆلینەوە ئازاد کرا ، سەرنج راکێش ئەوەیە دەزگا ھەوالگریەکانی ئەمەریکا ئاگاداربوو کە لای بن لادنەوە ھاتوەتەوە!


ئەو شانەیەی ھامبورگ کە محەمەد عگا یەکێکیتر لە فەرماندەکانی کردەوە ترۆریستیەکەی ١١.٩ لەسەر بریاری دەزگا ھەوالگریەکانی تورکیاو ئەلمانیا بەدرێژایی سالی ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ لەژێر چاوەدێری بەردەوامدابون و ھەموو تەلەفۆن و ئیمێل و جموجولێکیان چاودێری کراوبوو، لەو ماوەیەدا چەند جار رەمزی بن شەیبە سەردانی کردون بەبەرچاوی دەزگا ھەوالگریەکانی ئەلمانیا و تورکیا و خودی ئەمەریکاشەوە!


خالید محدار کە دوای تەقینەوەکانی نایرۆبی و دارسەلام تۆمەتباری سەرەکیە و ناوی لەلیستی داواکراوەکانە ، بە ناوی راستەقینەی خۆی و بە پاسپۆرتی خۆیەوە سەفەری ئەمەریکا دەکات ، بێ ئەوەی لە ھیچ فرۆکەخانەیەکدا بچوکترین لێپرسینەوەی لێبکرێت! کاتێک خالید دەگاتە لۆس انجلۆس لەلایەن ( عمر بەیومی کە کەسێکی نزیکبالوێزخانەی سعودیە و گومانی زۆر دەکرێت ئەفسەرێکی دەزگای ھەوالگری سعودیەبێت) پێشوازی لێدەکرێت و کۆمەکی پێدەکرێت.


لە سانتیاگۆ زیاتر لە ٧ مانگ ( نەواف ئەلحازمی و خالید محدار) لە مالی جاسوسێکی پۆلیسی فیدرالی ئەمەریکادا بەناوی ( عەبدولستار شێخ کە موسولمانێکی ھندی بوو ) کرێ چیبون ، کە وایە بە درێژای ئەوماوەیە کە خۆیان بۆ کردەوە ترۆریستیەکان ئامادە دەکرد، لەژێر چاودێری پۆلیسی فیدرالیدابوو ، سەرنج راکێش ئەوەیە دوای رووداوەکان ، کەس پرسیارێکی لەم عەبدولستارە نەکرد!

دوو مانگ پێس ئەوەی محەمەد عگا روەو ئەمەریکا بکەوێتە رێ، سەرەتای سالی ٢٠٠٠ فرۆکە سیخوریەکانی ئەمەریکا کە ھەلگری موشەکیش بون ، شوێنی بن لادن لە قەندەھاری ئەفگانستان دەدۆزنەوە و کە لەگەل چەند بەرپسی ئیماراتیدابوو ، گەر بیاویستایە زۆر بە ئاسانی لەناویان دەبرد. ھەر لەو ماوەیەدا جارێکی تریش لەلایەن کۆمەلێک سەرەک خێلی ئەفگانیەوە شوێنی بن لادن ئاشکرا کرا و داوالە ئەمەریکیەکان کرا تا بریاری گرتن یان لەناوبردنی دەرکەن ، کەچی ھیچ لێپرسراوێک ئەو بریارەی نەدا! چەند سال پێشتریش لە سالی١٩٩٦ دا ئەوکاتەی بن لادن لە سودان بوو ، سودانیەکان بە فەرمی داوایان لە ئەمەریکا کردبوو ئامادەن بن لادن تەسلیم بکەن ، ئەمەریکیەکان وەلامیان نەدابونەوە ، ھەر لەو سالەدا کاتێک بن لادن گەرایەوە بۆ پاکستان ، فرۆکەکەی لە فرۆکەخانەی دوبەی بەمەستی بەدەستھێنانی سوتەمەنی دەنیشێتەوە و بە ئاسانی دەتوانرا دەزگیر بکرێت ، بەلام ئەمریکیەکان چاوپۆشیان لێکرد!


چەند مانگ پێش رووداوە ترۆریستیەکانی ١١.٩ دەزگا ھەوالگریەکانی ھەریەکە لە مسر، سعودیە، مالیزیا، تورکیا، پاکستان، ئەلمانیا وفەرەنسا (سی. ئای . ئەی) یان لە ئەگەری پەلاماری ترۆرستی لە نێوخۆیی ئەمەریکادا لە لایەن تاقمە ترۆریستیە ئیسلامیەکانەوە و بەدیاری کراوی لەلایەن قاعدەوە ئاگادار کردوەتەوە.


گومانی تێدا نییە رووداوە ترۆریستیەکانی ١١.٩ ئیسلامیەکان ئەنجامیان دا ، ئەوشێوازی خۆکوشتنە بەمەبەستی زیانگەیاندن بە دوژمنەکەت نەریت و شێوازو داھێنانی ئەوانە . بەلام ئایا ئەوان خۆیان تەنیا بیریانکردەوە و نەخشەیان دارشت و جێبەجێیان کرد ؟! ھیچ کەس و لایەنک درگاکانی بۆ نەخستنە سەرگازەرەی پشت؟ ھیچکەس و لایەنێک کۆمەک و ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ نەکردن؟ ھەموو ئەو فاکتانەی لەسەرەوە باسمان کرد ئەو راستیەمان بۆ دەردەخەن کە ئەگەر پیلانی کردەوە ترۆریستیەکانی ١١.٩ راستەوخۆ خودی دەزگا ھەوالگریەکان ، یان بەشێکیان دایان نە رشتبێت ئەوا، لانی کەم زنیاریەکی زۆریان لەبەردەسدا بووە و بەدەستی ئەنقەست چاوپۆشیان لێکردن تا تاوانەکە بخولقێنن.


سەرەنجام دوای ئەو ھەموو زانیاریە وردە ترۆریستان توانیان بە بەرچاوی دنیاوە، بەشێوەی درامایەکی دلتەزێن تاوانەکەی خۆیان نمایش بکەن . دونیای دوای ١١.٩ دونیای ریزبەستنێکی نوێ بوو ، کە تێدا دەسەلاتدارانی ئەمەریکا لە زاری جۆج بۆشی بچوکەوە رایان گەیاند کە لەم جەنگەدا ئەوەی لەگەل ئێمە نەبێت وەک دوژمن ھەلسوکەوتی لەگەل دەکەن. لەورۆژەوە جەنگی دژی ترۆر راگەیەنراو ئەمەریکا توانی بەرەیەکی فراون لەژێر بالی خۆیدا کۆکاتەوە و جیھان بە بەرینایی خۆیی بویە مەیدانی ئەو جەنگە. جگە لە وێرانکردن و داگیرکردنی عێراق و ئەفگانستان کە تەنیا لە عێراقدا زیاتر لە ملیۆنێک ھاولاتی سیڤل بونە قوربانی ،لە دەیان جێگەی وەک یەمەن و پاکستان و سۆمال ... رۆژانە فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان تاوانی جۆراوجۆر دەخولقێنن. لە کۆمەلگا خۆر ئاوایەکاندا راسیسزم و دژە موسولمان و بێگانەکان گەشتە ترۆپی خۆیی ، بە بەرینایی جیھان ملیۆنەھا مرۆڤ بێ ئەوەیدەستیان لەم تاوانەدا ھەبوبێت بونە سوتەمەنی جەنگی ترۆریستەکان لە ھەردو بەرەکەی جەنگدا.

_________________________________________________
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە.

http://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%A3%D8%AD%D8%AF%D8%A7%D8%AB_11_%D8%B3%D8%A8%D8%AA%D9%85%D8%A8%D8%B1_2001
http://www.youtube.com/watch?v=cw3sJ7wwOKg
http://thetruthnews.info/pentagon_mystery.html
http://video.google.com/videoplay?docid=7866929448192753501

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک