په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٩

راستکردنەوەی مێژووێکی ناتەواو.

- سەرنجێک لە بارەی پەرتووکی رواندز مێژوو وبیرەوەریی -


سەدیق سەعید     


یەکێک لەوبوارەگرنگانەی پێویستی بەقوڵبوونەوە و وردەکاری و ساغکردنەوەھەیە، بواری مێژووە. نووسین و توێژینەوەلەبواری مێژوودا، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکی ئاکاری و کۆمەڵایەتی گەورەیە. چونکە لەڕێگەی مێژوو، ئێمەئاشنای ڕابردوو، ڕووداوو دیاردەکانی ژیانی پێشوترمان دەبین. لەمێژوودا، گرنگترین بنەما کەپێویستە ڕەچاوبکرێت، بێلایەنی و سەربەخۆبوونە. واتەنووسینەوەی ئەوەی ھەیە وەک خۆی نەک ئەوەی نووسەری مێژوودەیەوێت. لە بنەڕەتیشدا، نابێ ئەوەمان لەبیربچێت کەمێژوو ئەوەیەکەڕوویداوە، نەک ئەوەی کەدەگێردرێتەوە. ئەگەرمێژوو، نووسین وگێڕانەوە بێت، ئەوا ھەموومان دەبینە مێژووناس. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوەی ڕوویداوە ئەوەمێژووە، کەدەبێ تەنھا لەدیدگایەکی مێژوویی، بەدەر بەلەبەرچاوگرتنی ھەرتایبتمەندییەکی کەسی،یاخود کۆمەڵایەتی، یاخود سیاسی و ئایدۆلۆژی بیبینین. بۆیەشە دەبینین زۆرجار لەمیانەی خوێنەوەی مێژووی ڕووداوێک ئێمە جۆرێک لەگومانمان بۆ دروست دەبێت. چونکە ھەرمێژووە دەتوانێت ڕاستییەکان وەک خۆی بنووسێتەوە، یاخودچیڕۆکێک لەچەواشەکاری دروست بکات. لەلایەکی دیکەوە، مێژوو وەک ناونیشان ھەرتەنھا بوارێکی دیاریکراوناگرێتەوە، بەڵکوچەندان لایەنی دیکەی وەک سیاسی وجوگرافی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی لەخۆدەگرێت. بۆیەگرنگە ئەوانەی مەبەستیانە لەبواری مێژوودا کارێک بکەن، سەرەتا میتۆدوچوارچێوەی ئەوکارکردنەیان دیاربکەن.چونکە زۆئەستەمە بەتەنھا لەدووتوێی ڵاپەڕەکانی پەرتووکێکدا،بتوانرێت ھەموولایە نەشاراوەکانی مێژووی شارێک یاخود کەسایەتییەک بخرێنەڕوو. بەپێچەوانەوە کارێکی لەوشێوەیە، دەبێتە مێژووێکی نیوەچل و ناتەواو. لەوڕوانگەیەوە پەرتووکی (رواندز مێژوو بیرەوەرییەکان) یەکێکە لەوپەرتووکانەی کەلەڕووی ناونیشانەوە، ناونیشانێکی فراوان و ھەمەلایەنەی ھەیە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە چەندین کەموکورتی و ناتەواوی ھەیە. ئەگەرنووسەری پەرتووکەکە، تەنھا لایەنێکی فەرھەنگی، یاخود سیاسی، یاخود کۆمەڵایەتی یان ھەرلایەنێکی دیکەی وەرگرتبا، بەبڕوای من نەئەکەوتە ئەو ھەڵانەوە.وەلێ چونکە ھەوڵیداوە زۆرترلەبوارێکی مێژووی وەربگرێت، ئیدی سەرەنجام مێژووێکی ناتەواوی بۆنووسیونەتەوە.

 

لەڕاستیدا، مێژوو زانینە، ھوشیاریەکی قووڵی دەوێت. دەبێ ئەوەی کاری تێدا دەکات بەبیرتیژی وھەستیارییەوە توێژینەوە بکات. بۆئەوەی سەرەنجام مافی ھیچ لایەکییان پشتگوێ نەخات. لەمێژوودا بێلایەنی گرنگە.نابێ ئەوەی مێژوو دەگێڕێتەوە، لەژێرکاریگەریەتی ھیچ دیدگایەک حوکم بەسەرشتێک دابدات. ئەم پەرتووکە لەچەندین لایەنەوە پێویستی بەڕاستکردنەوەیە. پێشترییش چەندنووسەرێکی دیکە لەبارەی لایەنێکی دیاریکراوی شاری رواندز پەرتووکیان نووسیوە، وەک لایەنی جوگرافی و سرووشت و بەربوومە کشتوکاڵی و ناوی کارێز و دیاردە سرووشتییەکان و چەند لایەنێکی دیکە(وەک نووسینەکانی مامۆستا ئومێد شێرکۆ کە جێگەی پێزانینن). بۆیە سەرلەنوێ باسکردنەوەیان لەو پەرتووکەدا، ھیچ خستنە سەرێک بۆخوێنەران زیادناکات.دەبوو ئامادەکاری پەرتووکەکە، لەمێژووی ئەولایەنانەی کۆڵیباوە کەتاکوئێستا بەرباس نەدراون. ئەم پەرتووکە لەدووبەشی سەرەکی کەچەندین بابەتی دیکەیان لێدەبێتەوە، پێکھاتووە.لەبەشی یەکەمدا بەگشتی مێژووی رواندزومیرانی سۆران بەرباس دراون.ھەرچی بەشی دووەمی پەرتووکەکەیە کەئەویان زۆرترجێی سەرنجی ئێمەیە، باسی سنووری جوگرافی و کارگێڕی شار، باسی کەسایەتییەکان، پیشەوەرەکان، خوێندن، ھونەرو شاعیرەکان دەکات.ئامادەکاری پەرتووکەکە، چۆنی مەبەست بووبێت بەوشێوەیە لەباسەکان دواوە. بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ھیچ بنەمایەکی لۆژیکی و زانستی بکات. بۆنموونە: دەکرێ بپرسین ئامادەکاری پەرتووکەکە، لەسەرچ بنەمایەک کەسایەتییەکانی شاری دیاریکردووە؟ کامانەن تایبتمەندییەکان؟ ئایاکەسێک کوتاڵ فرۆش بێت بەسەبۆئەوەی ناوی بچێتە ڕێزی کەسایەتییەکانەوە؟دەبوو نووسەری پەرتووکەکە ئاگایی ئەوەی ھەبووایە کەکەسایەتی ئەومرۆڤانەن کەڕۆڵێکی داھێنەرانەیان لەمێژوودا گێڕاوەوخزمەتیان بەشارەکەکردووە.دواتر ڕەنگە ئەوانە بەلای نووسەری پەرتووکەکە کەسایەتی بن، بەڵام ئایا لای ھەمووان وایە؟ بێگومان نەخێر.لەو ڕوانگەیەوە ئێمە لەم وتارەدا بەکورتی و پوختی بەشێک لە کێماسییەکانی ئەو پەرتووکە دەخەینە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش، تەنھا لەسەربەشی دووەمی پەرتووکەکە دەوەستین و بەشی یەکەمی بۆ کەسانی پسپۆر لەوبوارە جێدێڵین. لێرەوەش برگەبەبرگەی بابەتەکانی پەرتووکەکە دەخەینە ڕوو، دواتریش ئەوھەڵانە ڕاست دەکەینەوە کە نووسەری پەرتووکەکە تێی کەوتووە بەھۆی ئەوەی پرس و ڕاوێژی بەکەس نەکردووە، کەبەداخەوە پەتایەکی گەورەی زۆربەی نووسەرانی ئێمەیە کەشەرم لەپشتەوەیتی. بەومانایەی چۆن دەبێت کەسێک لەوشارەزاتربێت و ئەوخۆی ھەمووشتێک دەزانێت. لەبەشی دووەمی پەرتووکەکەیدا، نووسەر ئاماژەی بەچەندلایەنێک کردووە، کەلەخوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین:


یەکەم: سنووری جوگرافی و کارگێڕی رواندز.


نازانم نووسەر لەدیاریکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕی شاری رواندز، پشتی بەچ نەخشەو ئامارێک بەستووە.ئایا لەیەکەی کارگێڕی شار، یاخود بەشی ئامارو بەدواداچوون پرسیویەتی چ شوێنێک سنووری رواندزە؟ بۆنموونە: لەڵاپەڕە(٢٢٦)دا نووسیویەتی(دۆڵی ئاڵانەو دۆڵی بێخال). سەرەتا دەبوونووسەرئەوە بزانێت گوندەکانی دۆڵی ئاڵانە نەلەڕووی کارگێڕی، نەلەڕووی جوگرافییەوە ھیچ پەیوەندییەکیان بەقەزای رواندزەوەنییە.بەڵکوئەمانە سەربەناحیەی خەلیفان وقەزای سۆرانن. ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە زۆرم پێ سەیرە کەسێک لەرواندز ژیاو گەورە بێت ولەبواری مێژووی شاریشدا پەرتووک بنووسێت، بەڵام نەزانێت شتێک نییە بەناوی(دۆڵی بێخاڵ). بەڵََکوتەنھا گوندێک ھەیەبەناوی بێخاڵ. نووسەرھەرلەوبەشەدا، ناوی چەندگوندێکی نووسیوە کەدەکەونە سنووری قەزای رواندز. بەڵام سەیرلەوەدایە، قەڵەمبازی کردووە. بۆ نموونە:باسی کەڵێتەو وەرتێ دەکات،بەڵام پیروسوان و بەرسیرینی بازداوە، کەنیوئەوەندەی وەرتێ لە رواندزدوورنینە. ھەمیشەش وەرتێ و دۆڵی خانەقا، لەباڵەکایەتی نزیکە وەک لەدەوروبەری رواندز.ھاوکات ناوی ئەوگوندانەشی بیر چووەکەھەموویان سەربەرواندزن. ئەوانیش:-( پیروسوان-بەرسیرین- زەرو- جنێراوە- چنێران. زارگەڵی- بۆکریسکان-پردەشاڵ-بێلینگر-بەرسول -چۆمەرخین-بانەسارد).ڕەنگە ھی تریش ھەبن، وەلێ ئێمە بەخەیاڵمان دانەیەت. ھەرلەو بابەتەدا، نووسەر بەئارەزووی خۆی سنووری دۆڵ و شاخ و گردی دیاریکردووە. نووسیویەتی:-( دۆڵی خاڵە ڕەش لەخەلان بیاوکۆتایی دێت). لەکاتێکدا ھەموومان دەزانین دواسنوورو خاڵی گەلی خاڵە ڕەش، سەرچاوەی ئاوی بێخاڵە لەو شوێنگەی تێکەڵ بەئاوی ڕووباری کاولۆکان دەبێت.بەھەمان شێوە نووسەرلەناساندنی ناوی کانیاو ئەشکەوتەکاندا، دەیان کارێزی بەناوبانگ و ئەشکەوتی بیرچووە کەزۆرلەوانە ناسراوترن کەلە پەرتووکەکەیدا باسی کردوون.


دووەم: کەسایەتییەکان.


پڕکەموکورترین بەشی ئەوپەرتووکە، کەسایەتییەکانە. نازانم کەسایەتی لەڕوانگەی نووسەری پەرتووکەکەوەچ شوناسێک دەگرێتەوە. کێ کەسایەتییە؟ بۆکەسایەتییە؟ چۆن بۆتەکەسایەتی؟ ناکرێت لەناساندنی کەسایەتییەکانی شاردا، ڕەچاوی ھیچ شوناسێک بکرێت و بکرێتەپێوەر. وەک خزمایەتی و برادەرایەتی ودەوڵەمەندی وکوێخایەتی و زۆرشتی دیکەش. نووسەری پەرتووکەکە، ھەرکێی ئارەزوو کردبێت، وەک کەسایەتی بەناوبانگی شاربەخوێنەرانی دەناسێنێت. بۆمن وەک خوێنەرێک و ھاووڵاتییەکی شاریش،ئاسایە ئەوانە ھەلاوێرد بکەم. بەڵام بۆخوێنەرێکی دیکەی نرواندزی، ڕەنگە وابزانێت ئەمانە ھەموویان داھێنەروبلیمەت وخزمەتکاری رواندزبوونە.بێگومان ئەمەم بەلاوەئاساییە، وەلێ ئەوەی جێگەی ڕەخنەوڕەتکردنەوەیەئەوەیەکە تۆ بێی خۆت لەکەسانێک ببوێری کەشاری رواندزبەمێژوو قەرزاریانە.کە ڕۆڵێکییان ھەبووە لەبەرزکردنەوەو نەخشاندنی مێژووی رواندزلە دووتوێی ڵاپەڕەکانی مێژوودا.نووسەرلەپەرتووکەکەیدا،ئەگەرچی لەپەراوێزی بابەتێکەوە ئاماژەی بەناوی(مامۆستاوھونەرمەندی پێشەنگ زرارمحمد) داوە، وەلێ بەبڕوای من دەبوو لەبابەتێکی درێژو لە پاژێکی سەربەخۆدا، دەیان ڵاپەڕەی لەسەرژیان و داھێنانەکانی ئەو مامۆستایە بنووسیبا. نازانم ئەگەرناوبراو لەڕێزی کەسایەتییەکانی شارنەبێت کێی ترکەسایەتییە؟ ئەوھونەرمەندە ڕۆڵێکی ھەرەگرنگ و بناغەدانەری بینیوە لەدەسپێکی ھونەرلەشاری رواندزبەھەموولقە جیاوازییەکانییەوە. مامۆستا زرارچەندین نەوەی لەبواری ھونەرییەوە پێگەیاندووە کەئێستا کەسانی داھێنەرن لەسەرئاستی کوردستان. ھەرکەسێک باسی رواندزو ھونەربکات، باسی مێژووی شاربکات، وەلێ مێژووی ئەوھونەرمەندە نەبینیت، بەبڕوای من ھەوڵێکی بێھودەی داوە. مێژووی ھونەرلەرواندزبەستراوە بەناوی ئەوھونەرمەندەوە، ئیدی چۆن دەبێت بەیەک دوو دێڕولەپەراوێزدا ناوی بھێنین؟من دەزانم و ئاگادارم لەئاستی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کۆمەلاِیەتیدا، زۆربەی ئەوانەی مامۆستا زرار پێی گەیاندن، چ کەسانێکی بێ وەفاو ھەڵپەرست وخۆپەرست بەرامبەربەودەرچوون، بەڵام نابێ ئێمە لەنووسینەوەی مێژوودا ھەمان ڕێگەی ئەوان بگرین و ستەمی لێبکەین.مامۆستا زرارشایستەی ئەوەیە چەندین پەرتووکی لەبارەوە بنووسرێت، نەک تەنھا لەپەراوێزی بابەتێکدا ناوی بھێنین. دیسانەوە نووسەرناوی کەسایەتییەکی دیکەی وەک خوالێخۆشبوو( عەلی مەکتەبە)ی بیرچووە، ھەرچەندە بەکورتی ئاماژەی بەویش کردووە. بەڵام من دەپرسم کەسێک لەساڵی ١٩٤٣دا، پەرتووکخانە بکاتەوەھەوڵی خوێندن وبەکلتووریکردنی خوێندنەوە بدات، لەکاتێکدا ئەوسەردەمە سەردەمی دەرەبەگایەتی و ئایینگەرایی و دواکەوتوویی بووە،ئاخۆ ڕۆڵ لەوەنیشتمانی ترومێژووییتردەبێت؟ نازانم نووسەری پەرتووکەکە، چۆن بوێری ئەوەی ھەبووە بەکورتی و ڕاگوزەرلەبارەی ئەو کەسایەتییانەوە بدوێت لەکاتێکدا چەندین ڵاپەڕەی بۆکەسانێک تەرخانکردووە کەنیوئەوەندەی ئەوانە ناوبانگییان لەشاردا نییەو سەرقاڵی ژیانی زەنگینی وتایبەتی خۆیان وکۆکردنەوەی پارەبوونە. لەڕاستیدا لەبارەی کەسایەتییەکانەوە سەرنجی زۆرم ماون، وەلێ مشتێک نموونەی خەروارێکە.


سێیەم: کوردایەتی و خەبات لەرواندز.


بێگومان وەک حوێنەرێک و ھاووڵاتییەکی شاریش،تووشی شۆک بووم کاتێ بینیم نووسەری پەرتووکەکە، تەنھا بەدووڵاپەڕی ئەی فۆڕباسی کوردایەتی وپێشمەرگەی کردووە. نووسەربیری چووە باسی شارێک دەکات کەمەڵبەندی کوردایەتی و خەبات و قوربانیدانە.بێ ئاگابووە لەوەی باسی شوێنێک دەکات ھەرگیز پۆڵووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی تێدا نەبۆتە سووتو، بەڵکو بەشنەبایەک گەشاوەتەوە. شاری رواندز لە مێژووی شۆڕشەکانی کورددا، یەکێکە لەشارە ھەرەدیارەکان. چ لە شۆڕشی ئەیلول،چ لەشۆڕشی دوای نسکۆش سەدان ڕۆڵەی تێکۆشەری پێشکەش بەنیشتمان کردووە. کوردایەتی لەرواندز، ئەنسکلۆپیدیاو فەرھەنگە، نەک تەنھا بەدووسێ ڵاپەڕەیەک باس ناکرێت، بەڵکوتەنھا قۆناغێکی شۆڕش چەندبەرگی پەرتووکێکی دەوێت. ھەربۆنموونە:تەنھا شەھیدانی سەنگەری یەکێتی سەدان شەھیدە، ئەمە وێرای شەھیدە تێکۆشەرەکانی ھاوڕێیانی شیوعی وپارتی و سۆسیالست و ھێزەکانی دیکە.کەچی نووسەری پەرتووکەکە بەتەنھاناوی چەندشەھیدێکی نووسیوە. لەئەنفالەکاندا، پێشمەرگەکانی دۆڵی ئاکۆیان بۆماوەی سێ مانگ شەڕی دەستەویەخەیان کردوو کێل کێل و جوانەگایان جێ نەھێشت. تاکودوایین ھێزلەئەنفالدا پاشەکشەیان کرد.کوردایەتی لەرواندزئەوەنییەکەنووسەری پەرتووکەکە تێی گەیشتووەو بەرباسی داوە. رواندزوخەبات، رواندزوکوردایەتی و پێشمەرگە،دووانەیەکن ھەرگیزلەیەکتری جیاناکرێنەوە. ناکرێت باسی بابەتێکی قووڵ ومێژوویی لەوشێوەیەبکەین بەڵام مافی خۆی نەدەینێ. چۆن دەبێت باسی کوردایەتی بەدووسێ ڵاپەڕەبکەین وناویشی بنێین مێژوو.ڕەنگە بەکورتی مافی بابەتێکی لەوشێوەیە نەدەین. بۆیەباشتربوونووسەری پەرتووکەکە، مەسەلەی کوردایەتی و تێکۆشانی خەڵکی رواندزبۆکەسانێک جێبێڵێت کەزانیاریی ومێژووی زیاتریان لایەلەم ڕووەوە.نەدەبوو نووسەرناوی چەندشەھیدێکی تێکۆشەربنووسێت، بەڵام سەدانی تر نەنووسێت.


چوارەم: شاعیرەبەناوبانگەکانی رواندز.


لەوباسەیدا، نووسەری پەرتووکەکە ناوی چەند بەڕێزێکی نووسیوە، وەک شاعیرانی ھەڵکەوتوو بەناوبانگی رواندزدەیانناسێنێ.ڕێزم بۆئەوبەڕێزانەوبەرھەمەکانیان ھەیەولەوەدا ھیچ کۆمێنتێکم نییە. تەنھا دەمەوێ لەسەرئەوە بووەستم کەشاعیری بەناوبانگ یانی چی؟ ئایابەناوبانگ بوون بەشیعرەیابەناو؟ نووسەری پەرتووکەکە بەپێی کام توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەدەبی لەشیعری ئەوشاعیرانەداگەشتۆتە ئەودەرەنجامەی ئەوشاعیرانە بەناوبانگ نیشانبدات،بەڵام دەیان شاعیری جواننووسی دیکەی شارەکەمان پشت گوێ بخات.ئێمەمانان کەساڵانێکە لەنێوکایەی شیعروخوێندنەوەی شیعرداین، تاکوئێستا ئەومافەمان بەخۆمان نەداوە بەھیچ کام لەوشاعیرانە بڵێین بەناوبانگ.بێگومان نەک لەبەرئەوەی بەتواناودەقی جوانیان نییە، بەپێچەوانەوە لەسۆنگەی ئەوەی شوناسێکی لەوشێوەیە بەرپرسیاریەتییەکی ئەدەبی ومێژوویی گەورەیە. کەچی نووسەری پەرتووکەکە ھاتووەناوی چەند بەڕێزێکی نووسیوەو بەشاعیری بەناوبانگ دەیانناسێنێت کەھەندێکییان تاکو ئێستا تەنھا لەفەیسبووک شیعردەنووسن و تاکەیەک کۆمەڵە شیعری بڵاوکراوەشیان نییەو بگرە شیعرەکانیشیان لەئاستی ناوەڕۆکدا شیعری یەکجار لاوازوناھونەرین. وێرای ھەموو ئەمانەش، نووسەری پەرتووکەکەلەکاتێکدا باسی ئەوکەسانە دەکات، بەڵام چاوی لەئاست چەندین شاعیری دیکەی شاری رواندز نووقاندووە. لەرواندزچەندین شاعیری دیکە ھەن.وەک:-(ئاکۆ ئاکۆیی- ئازاد جوندیانی- تالب سەرانەیی- مستەفای سۆفی عەلی- -یاسین برایم کەزۆرتر شیعربۆ مناڵان دەنووسێت -)و چەندانی تریش. ھەرلەبابەتی شاعیرانی بەناوبانگی رواندز، ئامادەکاری پەرتووکەکە ھەڵەی سەیری وایکردووە، جێگەی شۆخین. بۆنموونە: پارچە شیعرێکی (خەیام)ی شاعیری کردووە بەھی (نەزھەت)ی شاعیر. یاخودپێرستی ناوی شیعرەکانی کۆمەڵە شیعرێکی (ئیسماعیل کوردە)ی کردووە بەھۆنراوەو ناوی ناوە ھۆنراوەی یەکەم. نووسەر لەوەدوورتریش دەڕوات ودەنووسێت شیعرەکانی ھەندێکییان قوڕسن وھەندێکیشیان قسەوباسی ئاسایین. وەک خوێنەرێکی بەردەوامی شیعر،دەمەوێ لەنووسەری پەرتووکەکە بپرسم قسەوباسی ئاسایی شیعرە؟.شایەنی ئاماژەکردنەکاک سالح خۆشی خستۆتەڕێزی ناوی ئەوبیست شاعیرەھەڵکەوتووەوبەناوبانگەی شاری رواندز!!.گەرچی داوای لێیبووردنیش لەوانی تردەکات کەناویانی نەنووسیوە،بەڵام دەکرێ کەسێک مێژووبنووسێتەوە، بەڵام بەنیوەناچڵی و ناتەواوی؟یان چ لایەنێکی مەبەست بووئەوەبنووسێت، ئەوانی تریش فەرامۆش بکات؟


پێنجەم: قوتابخانەکانی رواندز.


نووسەرلەپەرتووکەکەیدا، چەندڵاپەڕەیەکی بۆناوی قوتابخانەکان و پەروەردەوفێرکردن، تەرخانکردووە. تیایدالەئامارێکدا ناوی چەند قوتابخانەیەکی نووسیوە. وەلێ چونکە ھیچ شارەزایەکی لەناوی قوتابخانەکان نەبووەوڕاوێژیشی بەکەس نەکردووە ئیدی کەوتۆتە ھەڵەی سەیرەوە.کەلێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین:
١- نووسیویەتی: ( قوتابخانەی دڵدار). ئێستا ھیچ قوتابخانەیەک لەسنووری پەروەردەی رواندز نییە ناوی قوتابخانەی دڵداربێت. گریمان ئەگەرنووسەرپاساوی ئەوە بێت کەئەو، ئەو زانیاریانەی لە کاتێکدا تۆمارکردووە کەقوتابخانەکەھەبووە، ئەواپاساوێکی لاوازە. چونکە ئەوباسی قوتابخانەی دیکەدەکات، کەدووساڵە لەسنووری پەروەردە ی رواندزکراونەتەوە.
٢- دووجارناوی قوتابخانەی گەردەگەردی نووسیوە.
٣- نووسیویەتی: (قوتابخانەی پێنووس بۆکوڕان وکچانە). بێگومان ئەمەھەڵەیە. چونکەئەوقوتابخانەیە تەنھا ڕەگەزی کوڕلەخۆدەگرێت و پۆلەکانی ھەفت و ھەشت و نۆی بنەڕەتی دەگرێتەوە.
٤- نووسیویەتی: (قوتابخانەی کاولۆکان) ھەڵبەتە کاولۆکان نییەو ئێستابۆتەقوتابخانەی تاتانی بنەڕەتی.
٥- لەگوندی بێخال، تەنھا قوتابخانەی بێخاڵ نییە وەک ئەوەی نووسیویەتی، بەڵکوقوتابخانەیەکی دیکەش ھەیەبەناوی ئاریا.
٦- نووسەرقوتابخانەی سیستەمی خێرای بە(نەھێشتنی نەخوێندەواری نووسیوە). لەکاتێکدائەمەسیستەمێکی تایبەتەونەھێشتنی نەخوێندەواری نییە وەک ئەوەی نووسەرتێی گەیشتووە.
٧- نووسیویەتی: (سێ قوتابخانەی دواناوەندی لەسەنتەری شارھەن). بێگومان ھەفت قوتابخانەن نەک سێ.
٨- نووسەرشوناسی سەرەتایی لەجیاتی بنەڕەتی بۆقوتابخانەکان نووسیوە، لەکاتێکدا یانزەساڵە قوتابخانەکان بوونەتە بنەڕەتی و بەناوی سەرەتایی نەماوە.
شەشەم:- ھونەرو ھونەرمەندان:


لە پەرتووکەکەیدا، نووسەر بابەتێکی بەناوی ھونەرو ھونەرمەندانی رواندز نووسیوە. بەڵام تەنھا باسی مۆزیک وشانۆ دەکات. باسی شێوەکاری و وێنە کێشان وھونەرەکانی دیکە ناکات.وەک ئەوەی ئەوانە ناچنەخانەی ھونەرەوە. وێرای ئەمانەش، لەوبابەتەیەدا کاک سالح چەندھەڵەیەکی کردووە، کە ئاماژەیان پێ دەدەین:


١- نووسیویەتی: (تیپی پاشای گەورە لەساڵی ١٩٧٩) بووە ناسراوترین تیپ. لەکاتێکدا ئەم تیپە یەکەم بەرھەمی لەساڵی ١٩٨٣ تۆمارکردووە، ئیدی نازانم چۆن لەو ساڵەدا بۆتە ناسراوترین تیپ؟.
٢- نووسیویەتی: (تیپی پاشای گەورە بووەھۆی دامەزراندنی کۆمەڵەی ھونەرو وێژەی کوردی). نازانم کەسێک لەبواری مێژوودا پەرتووکی قەبەبنووسێت، چۆن ئاگاداری وردەکارییەکان نییە. کۆمەڵەی ھونەرو وێژەی کوردی لە ٢٠-٨-١٩٧٨ دامەزراوەو ھیچ پەیوەندی بەتیپی مۆزیکی پاشای گەورە نەبووە. بەڵکو ڕێکخراوێکی ھونەری سەربەخۆبوو، کەمەڵبەندی گشتی لەھەولێربووە.
٣- نووسیویەتی: (پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی رواندز بەشی شانۆو وێنەو مۆزیک لەخۆدەگرێت). بەڵام بۆ زانیاریی نووسەری پەرتووکەکەو ڕاستکردنەوە بۆخوێنەرانیش، بەشی شانۆ لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکانی رواندز نییە.


شەشەم: ھەڵەی دیکە.


لەڕاستیدا، پەرتووکەکەی کاک ساڵح لەزۆرڕووەوە پێویستی بە ڕاستکردنەوەو بژارکردن ھەیە. چ لەڕووی زمان وداڕشتن وڕێنووس ڕێساکانی نووسینەوە، کەلەوبارەیەوەھیچ شتێک ناڵێین چونکە دەزانین ئەزموونی نووسینی نییە. بەڵام دەیان ھەڵەی دیکەی مێژووی ڕووداوەکان و بەروارەکانی کردووە.ناوی چەندان پیشەوەروئەوانەی لەبوارەجیاوازەکانی دیکەبەسەریکردوونەتەوە، بیرچووە. کەھەندێکییان لەکاروپیشەکەیان ناسراویشن.کە نامەوێ ئاماژە یان پێ بدەم چونکە کاتی دەوێ و ئەمەش بۆئێمەدەبێتە دابڕان لەخوێنەوەی بەرھەمی دیکە. ناکرێ مێژوو بەنیوە ناچڵی بنووسرێتەوە.دەبوونووسەری پەرتووکەکە، بوارێکی دیاریبکردایە کەلەگەڵ توانستی ڕۆشنبیری و بواری کارکردنی ئەویەکبگرێتەوە. نەک چەندان لایەنی جیاواز و مێژوو، ڕووداوی ھەمەجۆربئاخنێتە پەرتووکەکەی.زۆرزەحمەتە تەنھا لەبوارێکدا، ھەموولایەنەمێژووییەکانی کەسانێک و شارێک بەسەربکەینەوەو مافی تەواوی خۆشی بدەینێ. بەڵام پێدەچێ نووسەری پەرتووکەکە، ئەو ھەوڵەی دابێت و بەداخەوە تیاشیداسەرکەوتوونەبووە. ئاخرکوردەواری وتەنی (پێنچ کاڵەک بەدەستێک ھەڵناگیرێن).
------------------------------------------------------------------------------------------

سەرچاوە: (رواندز مێژوو بیرەوەرییەکان)، نووسینی (سالح محەمەد سالح) بڵاوکراوەی پەرتووکخانەی ئەحمەدی خانێ، سۆران ٢٠١٨.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک