٢٥\٩\٢٠٢٠
راوێژکار
حکومەتەکەی مەسروری دەستەپاچە کردووە.

ئهحمهد رهجهب
دەیان ھەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا و ئامادەیی خاوەن بروانامەی
دکتۆرا و ماجیستێر و بکالۆریۆس و ئامادەیی لە ھەموو بوارەکاندا حکومەت
دەرگای دامەزراندنی بە رویاندا داخستوەو ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە
دەرگا واڵایە لە دامەزراندنی راوێژکاری بێ بروانامەو بێ ئەزمون و
نەخوێندەوار.
نە تەنھا سەرۆک ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان راوێژکار دائەمەزرێنن
بەڵکو حیزبەکانیش تووشی ئەو پەتایە بوون و، لەناو خۆیاندا کێبرکێ ئەکەن
بۆ ئەوەی بزانن کامیان راوێژکاری زیاتر دائەمەزرێنێت بەبێ گوێدان بە
تەمەن یان ئەزمونیان و، ھەموو ئەمانەش مووچەی قەبە لە سەر پارەی گشتی
وەرئەگرن.
لە زوربەی وڵاتانی جیھان تەمەنی خانەنشینی ٦٥ ساڵەو لە پاش ئەو تەمەنە
پێویستە خانەنشینکراو پشوو بدات و دوور بکەوێتەو لە ئیشکردن بەڵام لە
ھەمووی سەیرتر پەرلەمان کە حێی یاسادانانەو لەوێ خەڵک لە سەرووی ٨٠ ساڵ
بروانامەی ھەبێت یان نەبێت دائەمەزرێنێت و لە پاش چەند مانگێک یان
ساڵێک خانەنشین ئەکرێت.
لە کوردستان دامەزراندنی راوێژکار ئاسانە بۆ نموونە سەرۆکی ھەرێم یان
سەرۆکی حکومەت ئارەزوومەندانە راوێژکار دائەمەزرێنن چونکە تا ئێستا لە
ھەرێمی کوردستان دەستوور بوونی نییەو، ھەر بەو پێیەش ھەر ئەندامێک لە
حیزبێکی تر بازبدات و بچێتەدەرەوە ، واتە حیزبە کۆنەکەی جێبھێلێت
وبچێتە ناو حیزبێکی تر لە حیزبەکانی دەسەڵات بەبێ یەک و دوو ئەبێتە
راوێژکارو خاوەن موچەی بەرزو نووسینگەو ئۆتۆمبێل و خانوو کیڵگەی
پەلەوەر کۆمپانیاو لە ماوەیەکی کورتدا بە پارەیەکی قەبە خانەنشن ئەکرێت.
ھەموو حیزبێک بۆی ھەیە دەیان و سەدان و بگرە ھەزاران راوێژکار
ئەزمونیان ھەبێت یان نەبێت و تەمەنیان بچوک بێت یان گەورەو پەککەوتە
دامەزرێنێت بە مەرجێک موچەکەی لە سەر پارەو سامانی گشتی نەبێت و،
پیویستە حکومەت سنوورێک بۆ ئەو حیزب و جۆرە راوێژکارانە دابنێت
بەتایبەتی بە نیازە چاکسازی بکات.
ھەزاران راوێژکار ھەیە بەڵام بێسوودن و خەرێکی خۆ رێکخستن و خۆ
دەوڵەمەندکردنن و، ناتوانن چارەسەرییەک بۆ گیروگرفتەکانی ھەرێم لە گەڵ
حکومەتی عێراق بدۆزنەوەو، واز لە شاند ناردن بھێنن و، ئەوندە
شاندرەوانەی بەغدا کرا تا وایلێھات حکومەتی ناوەند زیاتر دەستدابگرێت و
داوای زیاتر بکات ، و، لە پێشدا تەنھا نەوت بوو لە ئێستادا دەروازە
سنوورییەکان و فرۆکەخانەکانی ھاتەسەرو، ئەگەر کار بەو شێوەیە بروات
ناوەند ھەموو شتێک لە ھەرێم ئەکێشێتەوەو قەوارەکەی لاواز ئەکات و، ئەو
کات ئەبێ بەرپرسانی ھەرێم دەستی خۆیان بگەزن و، ئەوەش خیانەتێکی
ئابرومەندانەیە بەرامبەر بە نەتەوەیەک ھەزاران شەھیدی لە پێناو ئازادی
و پاراستنی ئەو قەوارەیە داوە.
ھەموو ئەزانین حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی پێشوودا بە
تەواوەتی شکستیخواردو ھەرێمی کوردستانی دووچاری قەیرانێکی گەورە کرد لە
نەدانی موچەی فەرمانبەرو مامۆستایان و برسیکردنی خەڵکی ھەژاری بێ
دەرامەت و، لەو کاتەشەوە مەسرور بارزانی لە حکومەتی نوێ دەستبەکاربووە
قەیرانە کەڵەکەکراوەکان لە ھەڵکشانەو حکومەتەکەی پەککەوتە بووەو
پرۆژەکەی بەناوی چاکسازی دادی نادات و ناتوانێت موچە تەنانەت بە
داشکانی لە ــ ٢١% ــ یش دابین بکات.
بۆ قوتاربوون لە قەیرانەکانی حکومەت پێویستە:
ــ ھەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنامە پر شەرمەزارییەکەی بەرپرسانی ھەرێمی
کوردستان بە پێشکەشکردنی نەوتی گەلی کوردستان بە رژێمە شۆڤەنیستەکەی
تورکیاو رەحەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریست و، دادگایی کردنی ئەو کەسانە
ئەو رێکەوتنیان ئەنجامداوەو واژوویانکردووە.
ــ نەھێشتن و بنبرکردنی گەندەڵی و، وازھێنان لە دزی و فزی وقاچاغچێتی و
ھاوردنی کاڵاو شتومەک و پاشماوە ئێکسپایەرەکانی بازاری وڵاتانی تر.
ــ وازھێنان لە دزێنی نەوتی کوردستان ، ئەو نەوتەی کە بە بەرچاوی
خەڵکەوە بە فرکان فرکانی تانکەرە بارھەڵگەکان ئاودیوی بەندری ئێمام و
شوێنەکانی تری ئێران ئەکرێت و، بۆئاگاداری ئەو تانکەرانە لە کاتی
بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو قەدەغەکردنی ھاتووچۆ لە نێوان شارو شارۆچکەکانی
کوردستان کە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ بوو ھەر لە کاردابوون و نەوتیان
گواستووەتەوە.
ــ پیویستە راوێژکارەکانی پەرلەمان داوا بکەن پەرلەمان چاوێک بە
چاکسازییەکەی حکومەت بخشنێت و جارێکی تر پرۆژەی چاکسازییەکە بخاتەوە
بەر باس و گفتوگۆکردن و، پەرلەمانتاران وەک نوێنەری خەڵک رەفتار بکەن
نەوەک گیرفان پرکردن و بۆ چاکسازی لە خۆیانەوە دەست پێ بکەن و چیتر خۆڵ
نەکەنە چاوی خەڵک.
سەرەرای دروستکردنی قەیران و نەدانی موچەو برسیکردنی خەڵک ئەلێن
حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی ــ ٢٧ ــ ملیار دۆلار قەرزارە و، ئەمەش
پێویستی بە لێکۆڵینەوە ھەیەو ئەو برە پارەیە دووجار لە بودجەی ھەرێمی
کوردستان کە لە حکومەتی ناوەند وەریئگرێت زیاترە.
٢٣\٩\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|