٢٥\١٠\٢٠١٠
رایه‌کیتر
له ته‌ک راکه‌ی (تاهیر ساڵح شه‌ریف) دا.
زاهیر باهیر
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش (تاهیر ساڵح شه‌ریف)، له کو‌رته نووسینێکیدا له
ژێر سه‌ردێڕی"کۆمۆنیسته‌کانی دوو سه‌ده له قوربانییه‌وه بۆ جه‌لاد"
بابه‌تێکی بڵاوکرده‌وه. له‌و بابه‌ته‌دا په‌نجه‌ی بۆ پرسێکی گه‌لێک
گرنگ و گه‌وره ڕاکێشاوە، که زۆربه‌ی زۆری ڕێکخراوه و پارته
مارکسیسته‌کان و " کۆمونیسته‌کان"ی سه‌رده‌م خۆیانی لێده‌پارێزن. ئه‌و
له‌و کو‌رته نووسینه‌یدا ڕاستگۆیانه ئه‌وه‌ی وتووه؛ پرسێک، که ئه‌و
له‌سه‌ری دواوه، نه له بابه‌تێکی ئاوادا و نه به‌ته‌نها له توانای
ئه‌ودا هه‌یه، که یه‌کاڵای بکاته‌وه. ئه‌وه پرسیارێکی زۆر جددیه
و وه‌ڵامه‌که‌شی وائاسان و ئاسایی نییه، که به یه‌کێک و دووان و ده،
وه‌ڵام بدرێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌و کاره پێویستی به ده‌زگه‌یه‌کی توێژه‌ره‌وه
و لێکۆڵه‌ره‌وه هه‌یه، که ئه‌مه‌ش پێویستی به پاره و که‌سانێکی
شاره‌زای مێشککراوه‌ی زۆر هه‌یه، که شته مێژوویه‌کان و دۆکۆمێنته‌کان
له‌سه‌ر باری ئابووری و ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا
کۆبکه‌نه‌وه و به وردی لێیانبکۆڵنه‌وه و دواتر هه‌مووی به‌یه‌که‌وه
به تیئۆری به‌ناو شۆڕشگێڕانه و تاکتیک و ئامانجی پارته مارکسیست-
کۆمونیسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، گرێبده‌نه‌وه، ئا له‌وێوه ڕه‌نگه
بتوانن په‌ی به وه‌ڵامی ئه‌و پرسه به‌رن.
به‌ڵام ئه‌مه‌ش، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که تا ئه‌و ده‌زگه‌یه دروست ده‌بێت
و ده‌که‌وێته کردنی ئیشێکی جیددی ئاوا، که‌سی تر نابێت ورته‌ی لێوه
بێت. بۆیه ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو سوشیالیستێکه له‌و باره‌وه
بنووسێت و وتووێژی له‌سه‌ر بکات. هه‌ر به‌و شێوه‌یه منیش له‌م کورته‌نووسینه‌دا
له پاڵ ئه‌وه‌ی (تاهیر ساڵح شه‌ریف)دا سه‌رنجی خۆم ئه‌ده‌م و به‌هیوام
که‌سانی تریش بۆیان بلوێت، که درێژه به‌و پرسە بده‌ن یا هیچ نه‌بێت
مشتومڕێک له نێوانماندا دروست بکات. له هه‌مان کاتیش‌دا داوا له
خوێنه‌رانی هێژا ده‌که‌م، گه‌ر هه‌ستیان به‌ڕایه‌کی جیاواز له‌وه‌ی
تاهیر ساڵح شه‌ریف کرد، به هیوام وا لێیتێنه‌گه‌ن، که ڕایه‌که‌ی من،
بۆ وه‌ڵامی نووسینه‌که‌ی ئه‌و و له ڕه‌دی ئه‌ودایه، به‌ڵکو بۆ ده‌ربڕینی
ڕای خۆمه و هیچی تر.
به‌ڕای من دوو پرسی گرنگ لێره‌دا هه‌ن؛ هه‌ر کات ئێمه بمانه‌وێت
پرسیاری ئه‌وه بکه‌ین، که بۆ سه‌رئه‌نجامی بزووتنه‌وه شۆڕشگێڕه‌کانی
سه‌ده‌ی پێشووی کرێکاران و کۆمونیسته‌کان به‌وه گه‌یشتن، که له بری
بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سوشیالیستی یا کۆمونیستی دروست بکه‌ن، نه‌ک
هه‌ر ئه‌وه نه‌کرا، بگره ناو و ناوبانگی سوشیالیزم و کۆمونیزمیشیان
وا له‌به‌رچاوی خه‌ڵک خست، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که حه‌وت په‌ڵه‌یان به‌پشتی
دوژمنه‌کانیشیان دا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که خه‌باتکردن بۆ به‌دیهێنانی
ئه‌و ئامانجه‌ش له ئه‌مڕۆدا زۆر گرانتر له‌سه‌ر کرێکاران و خه‌ڵکانی
سۆشیالیست که‌وتۆته‌وه.
ئه‌و دوو پرسەش، یه‌که‌میان پرسی پارته، پارتی ده‌سته‌بژێر (نخبه) و
شۆڕشگێر و چه‌کدار به تیئۆری شۆڕشگێڕانه‌ی مارکس و لینین. دووهه‌میان
پرسی قۆناغی تێپه‌ڕبوونی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆشیالیستی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی
کۆمونیستی له سایه و ڕابه‌رایه‌تی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریادا.
پارت و پارتی شۆڕشگێڕ: پێکهاته‌یه‌کی قوچکه‌یی (هه‌ره‌می)یه که له
خوێنده‌واران و ده‌سته‌بژێران پێکهاتوه و پێکدێت، که گوایه ئه‌وانه
زیاتر و زووتر هه‌ست به بیروباوه‌ڕی کۆمونیستی و سۆشیالیستی ده‌که‌ن و
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌وانن، که ئه‌و هۆشمه‌ندییه ده‌گوێزنه‌وه
بۆ ناو خودی پڕۆلیتایا و باقی خه‌ڵکانی زه‌حمه‌تکێش و ڕه‌نجده‌ر و پارت
ئه‌و تاکتیک و پرده‌یه، که تاکه‌کانی نێوه‌ندی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان
له بێهۆشی و نووستووییه‌وه به‌ره‌و تاکێکی هۆشمه‌ند ده‌بات و به به‌رژه‌وه‌ندییه
چینایه‌تیه‌که‌ی ئاشنای ده‌کات، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش سه‌ره‌نجام کۆمه‌ڵگه
له سۆشیالیسیزمه‌وه به‌ره‌و کۆمونیزم ده‌گوێزێته‌وه. ئه‌و ده‌سته‌بژێره
له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕامیارییه‌کی یه‌کگرتوو و ئایدیۆلۆژیا، هه‌بوونی یه‌ک
پڕۆگرام و یه‌ک ستراتیجی، به‌ندکردن و داگیرکردنی سه‌ربه‌ستی خودی تاکه‌کان
و ئه‌ندامه‌کان، گوێنه‌دان پێیان و کارکردن له‌سه‌ر له‌باربردنی
داهێنان و شاره‌زایی و لێهاتوویی ئه‌ندام و تاکه‌کانی و به‌ستنه‌وه‌یان
به دیسپلینێکی توند و یه‌کانگیر و گرێدانه‌وه‌ی شانه‌کانی خواره‌وه‌ی
پارت به سه‌ره‌وه و ملکه‌چی و سه‌رنه‌ویکردنی هه‌مووان بۆ کۆمیته‌ی
ناوه‌ندی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیش بۆ سکرتێر و سکرتێریش بۆ سه‌رۆکی پارت.
سه‌پاندنی یه‌ک زمان و یه‌ک قسه‌وباس به‌سه‌ر دۆست و ئه‌ندامانی پارتدا
و په‌روه‌رده‌کردنیان به‌گیانی سیکتاریستی و له قاڵبدانی ئاوه‌ز و هۆش
و مێشکیان و یه‌خسیرکردنیان، نه‌کا له ئایدیا و چوارچێوه‌ی پارت ده‌ربچن،
به‌کورتییه‌که‌ی وه‌کو منداڵانی چکۆله‌ی ناوخێزان مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا
ده‌کرێت و به په‌روه‌رده‌کردنیان و گوێڕایه‌ڵکردنیان و ده‌سته‌مۆکردنیان
تاوه‌کو بیر له هه‌لی به‌زاندنی سنووری خێزانه‌که‌ی پارت نه‌که‌نه‌وه.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه خۆ به‌ڕاست زانین و توندڕه‌وی و نکۆڵیکردن،
پێداگرتن له موشتومڕ و لێدواندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ڕاستی و ڕاستییه‌کان
هه‌میشه و بێچه‌ندوچوون له‌لای ئه‌وانن، هه‌موو ئه‌مانه تایبه‌تمه‌ندی
تاکه‌کان و ئه‌ندامه‌کانی پارتن.
ئه‌وه‌ی که له لای پارت و ئه‌ندامه‌کانی فه‌رامۆش ده‌کرێت و له
لایان پێشنیار نییه، داخوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک و
پێداویستییه‌کانی ژیانیانن. ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان گرنگه، یه‌کگرتنه له‌سه‌ر
بناخه‌ی ئایدیۆلۆژیا، تیئۆری شۆڕشگێڕانه، دروستکردنی ده‌وڵه‌تی
کرێکاری، کۆمونیستی ، سۆشیالیستی ، پڕۆلیتاری و دیمۆکراسی ..... له‌م
چه‌شنه. پارتییه‌کان (حزبییه‌کان) به‌رنامه‌ی ڕامیارییان هه‌یه ،
ئه‌ویش به‌دیهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه له بیناکردنی ده‌وڵه‌تێکدا،
له‌و چه‌شنه‌ی که ناوم هێنا، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه ڕامیارییه‌کانیان
و ستراتێجییان. پارتییه‌کان یا ڕامیاران کار له‌سه‌ر گۆڕانی کۆمه‌ڵگه
ناکه‌ن، بگره زۆرجار ده‌یانه‌وێت گۆڕان ڕاگرن، خۆ ئه‌گه‌ر گۆڕانێکی
بچوکیش بێت، ئه‌وه ده‌بێت به‌پێی به‌رنامه‌ی داڕێژراوی ئه‌وان بێت ،
ئه‌وان گۆڕان له سیسته‌می ڕامیاریی یا ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا ده‌که‌ن، نه‌ک
له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و ژیان و ژیاری خه‌ڵکیدا.
جا ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندی و پێکهاته و تاکتیک و ئامانجی پارت ئه‌مانه
بێت، واته گۆڕانکاری له‌لای ئه‌و له چڵه‌پۆپه‌وه بێت، له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی
ده‌وڵه‌تدا بێت، ئیدی چۆن که‌لێنی نێوان پارت، سه‌رکرده‌کانی پارت، که
له هه‌مان کاتدا سه‌رکرده و جڵه‌وگری ده‌وڵه‌تن له‌ته‌ک باقییه‌که‌ی
تری کۆمه‌ڵگه له فراوان بووندا نابێت؟ ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که
ئه‌وان له ئاوازێک ده‌خوێنن و ئێمه‌ش له ئاوازێکی تر، ئه‌وان سه‌رنج
له پێویستی بازاڕ و په‌رتووکه زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی
تایبه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن و له‌وه‌وه به‌رنامه بۆ ئێمه‌ی “مێگه‌ل” داده‌نێن.
هه‌رچی ئێمه‌شه سه‌رنج له پێداویستییه‌کانی ژیانمان ده‌دین، که
چیمان بۆ خۆمان و مندلانمان پێویسته؛ فێرگه و دایه‌نگه و زانکۆ و خه‌سته‌خانه‌ی
خۆڕایی و به‌کارهێنانی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌کانی تر به‌بێ مه‌رجی
هه‌بوونی بڕه‌پاره‌یه‌ک، هاوڕای هه‌بوونی سه‌رپه‌نا و کارێکی گونجا و
ئاره‌زوومه‌ندانه، هه‌بوونی هه‌لی ئاوه‌ڵا له‌به‌رده‌مماندا بۆ گه‌یشتن
به ئامانج و داهاتوومان، بۆ ڕێز لێگرتن و ڕێزداریمان، بۆ سه‌ربه‌ستی و
ئازادیمان.
ئه‌وان سنووری وڵات و پیرۆزی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و یاسا شه‌کاوه‌یی
ئاڵاکه‌ی [پیرۆزی سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه و ئاڵای سه‌روه‌ری
سه‌رمایه له‌ژێر ئه‌و ناوانه‌دا] لایان گرنگه، ئێمه‌ش پێداویستییه‌کانی
ژیانمان. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بڕیاره چاره‌نووسسازه‌کان له بری ئێمه
بده‌ن و له سه‌رووی ئێمه‌وه به‌بێ پرسپێکردنمان و به‌بێ ڕاوه‌رگرتنمان،
گوایه ئه‌وان ده‌زانن، که ئێمه چیمان پێویسته و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی
کۆمونیستی یا پڕۆلیتاری و کرێکاریش چی پێویسته، تاکو ئه‌م ده‌وڵه‌ته
له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت و بتوانێت له به‌رامبه‌ر دوژمنه‌کانیدا خۆی
ڕابگرێت، بۆیه لای ئه‌وان زۆر گرنگه، که کۆنترۆڵی ئێمه بکه‌ن و
بۆ ئامانجی خۆیان به‌کارمان بهێنن.
هه‌ر به‌و پێیه‌ش شورا کرێکارییه‌کان له کارگه‌کاندا، له
کۆمپانیاکاندا، له کێڵگه کشتوکاڵیه‌کاندا له سه‌رجه‌می شوینه پیشه‌سازییه‌کاندا،
له ژێر ڕکێف و چه‌پۆکی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری و کۆمونیستی و
سۆشیالیستیدا، کاریگه‌ریان نییه و نامێنێت. چونکه شوراکان له به‌رهه‌مهێنان
و شێوازی به‌رهه‌مهێنان و ماوه‌ی کارکردن و هه‌لومه‌رجی کارکردن و
پلانی شوێنی کارکردن‌دا خاوه‌نی بڕیار نین و ئه‌وان کۆنترۆڵی به‌هه‌مهێنان
ناکه‌ن. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ڕۆڵێک له دابه‌شکردنی به‌رهه‌مدا نابینن.
ئه‌وان وه‌کو کۆیله‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی "سڤیلی" نه‌ک کۆیله‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی
کۆیلایه‌تی کارده‌که‌ن، ئه‌وان بۆ زیاده به‌رهه‌مێنان و بۆ به‌رهه‌مهێنانی
جۆری کاڵایه‌کی باش به‌کارده‌هێنرێن و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، نه‌ک بۆ
پێویستی خۆیان و سه‌رجه‌می کۆمه‌ڵگه، به‌ڵکو بۆ بازاڕ و کێبڕکێی ناو
بازاڕ، بۆ سود و قازانج.
سه‌رجه‌می ڕێکخراوه پیشه‌یی و جه‌ماوه‌رییه‌کانی تریش، له‌وانه سه‌ندیکاکان،
یه‌کێتییه‌کانی ئافره‌تان و قوتابیان و بێکاران و که‌مئه‌ندامان،
لیژانه‌کانی وه‌کو هه‌ره‌وه‌زی و باوکان و دایکان سه‌رپه‌رشتیاران، ئه‌نجومه‌ن
و کۆمیته‌کانی ناو گوند و گه‌ڕه‌ک و شار و شارۆچکه و..تد گه‌لێکی تر
له‌م به‌زم و ڕه‌زم و گاڵته‌جارییانه‌ی که پێمان ده‌که‌ن، هه‌ر هه‌موی
ده‌بێت له‌ته‌ک ده‌نگ و ئاوازی پارت و ده‌وڵه‌تدا بڕوات، به‌موزیک و
گۆرانی ئه‌وان سه‌ما بکات، ده‌بێت ببێته پاشکۆی ئه‌وان و پراکتیزه‌گه‌ری
ڕامیاری نه‌گریسی ئه‌وان بێت. ئه‌مه‌ی که من په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشا، ده‌توانرێت
به ده‌یان په‌رتووکی له‌سه‌ر بنوسرێت و هێشتا هه‌ر ته‌واویش نه‌بێت.
من له‌و بڕوایه‌دام که گیروگرفته‌که لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات، بناخه‌ی
بیناکردنی سه‌رمایه‌داری وه‌کو سیسته‌مێکی پته‌و و یه‌کگرتووی ئاماده
له شۆرینه‌وه‌ی مێشک و هۆشی خه‌ڵکدا و به‌هێزکردنی و ڕێگه‌خۆشکردن بۆ
زیاتر قوڵبوونه‌وه‌ی کێشه چینایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات،
هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌نجامه‌که‌شی خێر نابێت.
گه‌ر بگه‌ینه ئه‌م سه‌رئه‌نجامه، ئه‌وا ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌که‌ممان
خۆپاراستن و دژایه‌تیکردنی پارت و پارتییه‌کان و ڕامکاره‌کان بێت،
ئایدیایان پوچ بکه‌ینه‌وه، ڕێڕه‌و و پلانیان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه، ئه‌وه
ڕوونبکه‌ینه‌وه، که ئه‌وه‌ی ئه‌وان خه‌ریکن ده‌یکه‌ن، ته‌نها بۆ به‌رژه‌وندی
تایبه‌تی خۆیان و زیاتر جێگیرکردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه.
ئه‌ی که‌واته پێویسته چی بکه‌ین؟ بیگومان پێویستمان به پێکهاته‌یه‌ک،
چوارچێوه‌یه‌ک هه‌یه که خۆمانی تێدا کۆبکه‌ینه‌وه و له نێویدا
تێکۆشان و خه‌باتمان ئاراسته بکه‌ین، له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه گه‌ره‌نتی
ئه‌وه‌مان بداتێ، که ئه‌م پێکهاته‌یه ته‌شه‌نه نه‌کات و نه‌بێت به
ڕێکخراوێک یا پارتێکی ڕامیاریی، که ته‌نیا ئامانجی جێگۆڕکێ و ده‌ستگۆڕکێ
بێت ده‌سه‌ڵاتدا.
من وه‌کو پێشتریش له چه‌ند نووسینێکی ترمدا، باسم له کرۆکی ئه‌مه
کردووه و باوه‌ڕی ته‌واو پته‌ویشم پێی هه‌یه، که ته‌نها ڕێگه‌یه‌ک
بۆ ڕزگارکردنی ئێمه له کۆتی سه‌رمایه‌داری و گه‌یاندمان به کۆمه‌ڵگه‌ی
سوشیالیستی (ئه‌نارکیستی)، هه‌ره‌وه‌زییانه کارکردنمانه، یه‌کگرتن و
یه‌کبوونمانه له‌سه‌ر پێداویسته‌کانی ژیانمان، له‌سه‌ر ڕزگارکردنی
مرۆڤ و سه‌رفرازی یه‌کجاره‌کی، نه‌ک له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ. ئه‌مانه‌ش به‌دروستکردنی
لیژنه و کۆمیته و ڕێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری جیاجیا له‌سه‌ر ئاستی شوێنه‌کانی
کار و ژیان [ ئیدی کارگه و کۆمپانیا بێت یا کێڵگه‌ی کشتوکاڵی بێت، له‌سه‌ر
ئاستی قوتابخانه‌کان و زانکۆکان و خه‌سته‌خانه‌کان شوێنه‌کانی تری خزمه‌تگوزاری
وه‌کو شاره‌وانی و سه‌رجه‌می فه‌رمانگه و شوێنی کاروباره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان]
بۆ خۆشکردنی گوزه‌رانمان، بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌کانمان له بچوکترین
پێداویستی ژیانمانه‌وه بگره تا ده‌گاته پاراستنی ژینگه و ئاژه‌ڵ و
سه‌رچاوه‌کانی ژیان. له‌هه‌مان کاتدا ده‌توانین بۆ به‌ره‌نگاری ئه‌و
کێشانه‌ی که ڕوبه‌ڕومان ده‌بنه‌وه، به هه‌زاره‌ها لیژنه و کۆمیته
دروست بکه‌ین، به‌بێ ئه‌وه‌ی که که‌سێک سه‌رۆک و که‌سێکیش له خواره‌وه
بێت. چونکه ئه‌م کۆمیتانه له‌سه‌ر بناخه‌ی بیروباوه‌ڕ و به‌رژه‌وندی
که‌سیی تاکه‌کان دروست نابن و له کایه‌کانی ڕامیاری و ڕامکاریکردنه‌وه
دوورن، هه‌موو که‌س سه‌ره‌ڕای ده‌نگ و ڕه‌نگ و ته‌مه‌نی جیاجیا و
بیروباوه‌ڕی جیا و ئاینی جیا و نه‌ژادی جیا، نه‌ته‌وه‌ی جیا، ده‌توانێت
له کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌کاندا به‌شدار بێت و کار بکات و به‌ته‌واوی به
ڕا و بۆچون و ده‌نگی خۆیه‌وه چالاکی بکات. هیچ جۆره گوشارێک له‌سه‌ر
که‌سه‌کانی ناو کۆمیتیه‌کان نابێت و نییه، بۆیه هه‌رکه‌س به‌پێی
خواست و توانای خۆی یارمه‌تی دارایی و مه‌عنه‌وی کۆمێتیه‌که ده‌دات،
هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌شداری چالاکییه‌کان ده‌کات. هه‌موو تاکێکیش له هه‌ر
کۆمیتیه‌کدا ده‌توانێت به‌بێ هیچ مه‌رجێک له چه‌ندین کۆمیته‌ی تردا
کار بکات و چالاکی خۆی بنوێنێت. له هه‌موو کۆبونه‌وه‌یه‌کی کۆمێته‌کانیشدا،
کارگێڕی کۆمێتیه‌که که سه‌رپه‌رشتی ته‌نها ئه‌و دانیشتنه ده‌کات و
هیچی تر، ده‌گۆڕێت و هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌و ڕۆڵه له ئه‌ستۆ
بگرێت و بگێڕێت.
دواتر هه‌موو کۆمێته‌کانی ناو گوند و گه‌ڕه‌که‌کانی شار، هه‌موویان به‌یه‌که‌وه
گرێده‌درێنه‌وه و له لێژنه‌یه‌کی گه‌وره‌تردا، که به خولی کۆبوونه‌وه
ده‌که‌ن و نوێنه‌ری هه‌موو لیژنه خۆجێیه‌کانی تیایاندا به‌شدار ده‌بن
و قسه‌باسی خۆیان ده‌که‌ن، نوێنه‌ره‌کانیش هه‌روه‌ک سه‌رپه‌شتیگه‌رانی
کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام له گۆڕاندا ده‌بن.
ئه‌مه‌ی که‌من ده‌یڵێم، له‌توانادا هه‌یه و کارێکی کرده‌ییشه : بۆ
نمونه گه‌ر ئێمه له گونداندا، له گه‌ڕه‌که‌کاندا ڕووبه‌ڕووی کێشیه‌ک
بووینه‌وه، ئیدی ئه‌و کێشه‌یه هه‌رچییه‌ک بێت، ده‌توانین هه‌مووان به‌یه‌که‌وه
کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشە بکه‌ین. چونکه ئه‌وه گرنگ نییه،
که به‌رامبه‌ره‌که‌مان چییه و چۆن بیرده‌کاته‌وه و ته‌مه‌نی چه‌نده
و ئایینی چییه و بیروباوه‌ڕی چییه و له کوێوه هاتوه و چ کاره‌یه،
ئه‌وه‌ی که گرنگه، کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌که بکات، هه‌روا
گرنگیش نییه تا چه‌ند دێته پێشه‌وه یا ڕۆڵی کاریگه‌ر ده‌بینێت یا نه.
گرنگ نییه ئه‌م کۆمیتانه چ ناوێکیان لێده‌نرێت. به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان
گروپێکی گوشاری ده‌بن و گوشار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه داده‌نێن، که
جه‌مسه‌ره‌که‌ی تری کێشه‌که یا دروستگه‌ری کێشه‌که‌ن. له قۆناخی یه‌که‌مدا
ئه‌م کۆمیتیانه به‌و ئامانجه کارده‌که‌ن، که بڕیاره‌کان سه‌باره‌ت
به کاروباری کۆمیونێتیه‌که، گونده‌که، گه‌ڕه‌که‌که شاره‌که له هه‌موو
بواره‌کانی ژیانیاندا له‌لایه‌ن خودی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیه‌وه بدرێن، واته
سه‌ندنه‌وه‌ی بڕیاره‌کان له ده‌ست ڕامیارییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌رانی
شوێنه‌کان و سه‌رۆکه‌کان.
ئه‌مه هه‌نگاوی یه‌که‌م و بناخه‌ی کارکردنمان ده‌بێت، هه‌نگاوه گرنگه‌کانی
دواتر له‌وێوه ده‌ست پێده‌که‌ن و کاره‌کان به‌و شێوه‌یه ده‌ڕۆنه
پێشه‌وه، پرنسپڵیشمان ئه‌مه‌یه: جیهانی (گڵۆباڵی) بیربکه‌ره‌وه و
خۆجێیی (لۆکه‌ڵی) چالاک به.
دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا و ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری: کێشه‌ی دووهه‌م، که بووه‌ته
هۆی شکست و نوچدانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی و کۆمونیستی باوه‌ڕبوون به
ده‌وڵه‌ت و کردنییه‌تی به پردی په‌ڕینه‌وه له قۆناخی سه‌رمایه‌دارییه‌وه
به‌ره‌و سوشیالیزم و دواتریش به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمونیستی.
ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له (کارل مارکس)ه‌وه وه‌رگیراوه، که له به‌رنامه‌ی
(گۆتا) دا باسی لێوه کردووه و گوازراوه‌ته‌وه ناو خه‌باتی تیئۆری و
کردەیی سه‌رجه‌می پارته سۆشیالدێمۆکراته‌کان*
و دواتر کۆمونیسته‌کانی کۆن و نوێ ، که له‌سه‌ر ده‌ستی لێنین و
ستالین و پاشڕه‌وانی دواتریشدا، ئه‌مه باشتر لێکدرایه‌وه و چه‌ندین
وتار و په‌رتووکی له‌سه‌ر نوسراوه و دواتریش به کردەوه له ڕوسیا و
له وڵاتانی تردا، که پارته بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیان
به‌ده‌سته‌وه بوو، سه‌پینرا. ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ی که بۆ قۆناخه‌کانی
کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی کرا، گوایه به قۆناخی کۆمۆنه‌یی سه‌ره‌تایی و
کۆیلایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فیووداڵی) و سه‌رمایه‌داری و
سوشیالیستی و پاش ئه‌وانه، ئینجا کۆمونیزم دروست ده‌بێت. لێره‌دا ئه‌وه‌ا
به‌سه‌ر خه‌ڵکید سه‌پێنرا، که سوشیالیزم ته‌نها له‌سه‌ر ده‌ستی
کرێکاران دروست ده‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت کۆمه‌ڵگه به‌و قۆناخانه‌دا
تێپه‌ڕێت و کرێکاران وه‌کو چینێک ته‌به‌لور بکه‌ن و سه‌نگ و ده‌نگی
خۆیان هه‌بێت و کێشه‌که‌ش له‌نێوان ئه‌وان و سه‌رمایه‌داراندا توند‌وتیژ
بێته‌وه، ئیتر کاتی شۆڕش دێت و کرێکاران ڕاده‌پڕن و ده‌وڵه‌ت ده‌گرنه‌ده‌ست
و چینی سه‌رمایه‌دار له‌ناو ده‌به‌ن و ورده ورده به سۆشیالیزم ده‌مانگه‌یه‌نن،
دواتریش به کۆمونیزم، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م گشته تڕکه‌ڵه‌که، که به‌نێوی
کرێکارانه‌وه هه‌ڵده‌چنرێت، پێویستی به پێشره‌وی پارتێک هه‌یه، که
خۆی به نوێنه‌ری کرێکاران داده‌نێت و خودی کرێکاران له‌وه که‌متر ده‌بینێت،
که به‌خۆیان بتوانن ڕزگارگه‌ری خۆیان بن؛ ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ مسۆگه‌رکردنی
ده‌سه‌ڵات و ده‌وله‌ت و دیکتاتۆری پارتیی ده‌سته‌بژێری ڕامیار و
ڕۆشنبیری بۆلشه‌ڤیست و (ئیست)ه‌کانی دواتری!
لێره‌وه ده‌بینین ئه‌و تیئۆرییه چه‌نده زیانی له سه‌رجه‌می خه‌باتی
خه‌ڵکانی چه‌وسا‌وه و بزوتنه‌وه‌که‌یان داوه و به‌وه چه‌واشه‌ی
کردوون که:
یه‌که‌م، کێشه‌که‌یان ته‌نها ته‌سک کردووه‌ته‌وه بۆ که‌مایتیه‌کی که‌می
کۆمه‌ڵگه‌که، که کرێکارانن، له کێشه‌ی سیسته‌مه‌که له‌ته‌ک سه‌رجه‌می
چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه چه‌وساوه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه، که هه‌ر
یه‌که‌یان سه‌نگ و کاریگه‌ری سیسته‌مه‌که‌ی له‌سه‌ره، که‌چی هه‌موو ئه‌م
گروپانه فه‌رامۆشکراون. به‌کورتی کێشه‌که له کێشه‌ی خه‌ڵکی و سیسته‌مه‌که‌وه،
کراوه به کێشه‌ی ته‌نها کرێکاران و سیسته‌مه‌که.
دووهه‌م: کرێکاران که خۆیان چینێکی پیشه‌یی نا ڕامیارین و داخوازییه‌کانیان
ته‌نها ده‌بێت له بواری کرێ و به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردن و هه‌لومه‌رجی
سه‌رکار و ئه‌و کێشانه‌ی تر، که خۆیان یا خێزانیان به‌ره‌وڕوویان ده‌بنه‌وه،
پارتییه‌کان و ڕامیاره‌کان ئه‌وانیان کرده‌وه به ڕامیاریی و
کردوونیان به مه‌قاشی ده‌ستیان و ده‌وڵه‌ت به‌ناوی ئه‌وانه‌وه
دروست ده‌که‌ن و گوایه بۆ ئه‌وانیشه، که‌چی هه‌ر کاتێکیش که ناڕه‌زاییه‌ک
ده‌رده‌بڕن، سه‌رکوتی خودی ئه‌وان و باقی توێژاڵه‌کانی تری کۆمه‌ڵگه‌ی
پێده‌که‌ن.
سێهه‌م: هه‌ر له‌ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری و به‌رژه‌وندی
پڕۆلیتاریدا ده‌بێت هه‌ر هه‌موو سه‌ندیکاکان، یه‌کێتییه‌کان ، لیژنه‌کان
و کۆمیته‌کان ببنه کلکی ده‌وڵه‌تی کرێکاری و ببنه خێڵی ئه‌شه‌وبیلا.
چوارهه‌م: کێشه‌کان له کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، له کێشه‌ی بژێوی
ژیانی خه‌ڵکه‌وه، که زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی گرتووه‌ته‌وه، به کێشه‌ی
ژینگه‌شه‌وه، کراونه‌ته کێشه‌ی ڕامیاری، پێمان ده‌ڵێن که ئه‌مانه
له ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی ڕامیارییه‌وه لابه‌لا ده‌کرێته‌وه،
ئه‌مه له کاتێکدا ئێمه ده‌زانین، که ده‌وڵه‌ت له پێناوی گه‌شه‌دان
به سه‌رمایه و بازرگانی چۆن دژایه‌تی ژینگه و کۆمۆنێتیه‌کان ده‌کات.
کاری ده‌وڵه‌ت بره‌وپێدان و پارێزگاریکردنه له به‌رهه‌مهێنان (چ سه‌ر
به‌که‌رتی ده‌وڵه‌تی بێت یا تایبه‌تی) و مانه‌وه و پارێزگاریکردنیشه
له په‌یوه‌ندی و هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مهێنانی تایبه‌تی.
که‌واته ده‌وڵه‌ت هه‌میشه به هێڵێکی ته‌ریبی و دژ به کۆمۆنێتییه‌که
و ژینگه ده‌ڕوات و ناتوانێت هه‌نگاوێکی بنه‌ڕه‌تی له بنه‌بڕکردنی
گیروگرفت و کێشه‌کاندا بنێت.
پێنجه‌م: دروستکردنی توێژاڵێکی بیرۆکرات، ته‌کنۆکرات و ئۆرۆستوکراتی
کرێکارانه و کردنێتی به که‌ڵه‌گا به‌سه‌ر باقییه‌که‌ی تری کۆمه‌ڵگه‌وه.
شه‌شه‌م: ئه‌و جیاوازیانه‌ی که توێژاڵه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ڕووی
بوونه‌ته‌وه و ده‌بنه‌وه، ئه‌و نایه‌کسانییه‌ی که له نێوانیاندا هه‌یه،
بێبه‌شبوونیان له‌و هه‌لانه‌ی که پێویسته له‌به‌رده‌میاندا بڕه‌خسێن،
که ئه‌مه‌ش به ئاشکرا له جیاوازی ته‌مه‌نیان، توانای جه‌سته‌یی و که‌مئه‌ندامییان
و جێنده‌ریاندا ده‌بینرێت، بۆ ئه‌مانه هه‌موویان چاره‌سه‌ری پارت و
ڕامیاره‌کانی نێو پارت، به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م کێشانه‌یه به گرتنه‌ده‌ستی
ده‌سه‌ڵات و بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی کرێکاریی و سوشیالیستییه‌وه، به‌رلێگرتنه‌وه‌یانه
له دروستکردنی گروپ و کۆمیته‌ی بچووک و گه‌وره بۆ باشترکردنی
کاروباریان و لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کانیان و خستنه‌ڕووی ئه‌ڵته‌رناتیڤی
شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان.
پارت ئه‌و کێشانه به چه‌ند دێڕێک ده‌بڕێته‌وه، دڵنه‌واییان ده‌کات و
ئه‌وه‌شیان دابینده‌کات، که "هه‌موو ئه‌مانه ده‌ردراوی کۆمه‌ڵگه‌ی
بورجوازی و سیسته‌می سه‌رمایه‌دارین، که جڵه‌وی ده‌وڵه‌ت گیرایه ده‌ست،
هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بۆیه ئێوه پێویسته گرفت و کێشه‌کانتان به
تاکتیک و ئامانجی پارته‌وه گرێبده‌نه‌وه، خه‌باتی ئێوه له ده‌ره‌وه‌ی
پارتدا ناتانگه‌یه‌نێته هیچ و بزووتنه‌وه‌که‌ش لاواز ده‌کات، ئێوه ده‌بێت
ببنه به‌شێک له پارت و له ناویدا خه‌باتی سه‌رومڕ بکه‌ن"، ئه‌مه
ئامۆژگاری پارت و ڕامیارییه‌کانێتی و ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌که‌یانه.
بۆ له‌ناوچوونی چینه‌کان و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناچینایه‌تی، که
له سایه‌ییدا نه سنوور و نه پاره و نه جۆره‌کانی جیاوازی و نه
زوڵموزۆر و نه چه‌وساندنه‌وه نه‌مێنێت. گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت ئه‌مه
بکه‌ین، چۆن ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕا و بۆچوونه‌ی که ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه
پێویسته، ئیدی گرنگ نییه ئه‌و ده‌وڵه‌ته ناوی چییه و کێ به‌ڕێوه‌ی
ده‌یبات.
دوای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تی پڕۆلیاتاریا بێت و کۆمه‌ڵگه
کۆمه‌ڵگه‌ی سوشیالیستی بێت، ئیدی دیکتاتۆری بۆ کێ و به‌سه‌ر کێدا؟
گریمان ڕامیار و پارتییه‌کان پێمان ده‌ڵین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که
بورجوازی هێشتا وه‌کو چین و هێزه‌که‌ی هه‌ر ماوه و له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا
پێگه‌ی خۆی هه‌ر ماوه و هه‌یه‌تی، بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان ده‌وڵه‌ت
هه‌ر پێویسته. که‌واته ئه‌و کاته بیانووی هه‌بوونی ده‌سگه‌ی سیخوڕی
و پۆلیس و سه‌ربازی له پاڵ به‌نه‌دیخانه و داموده‌سگه‌ی داد و دادگه‌ری....هتد
، هه‌یه، سه‌رئه‌نجام کۆتاییه‌که‌ی به‌وه دێت، که توێژاڵێکی مشه‌خۆری
باشیش دروستده‌بێت، که هه‌موو به‌رته‌رییه‌کیان له‌ته‌ک سه‌رکرده و
به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که که‌لێنی
نێوان پیاوه مشه‌خۆره‌کانی ده‌وڵه‌ت و باقی خه‌ڵکه‌که‌ی تر زیاتر و
فراوانتر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش هانی خه‌ڵکی ده‌دات، که ببنه ئۆپۆزیسیۆنی
ده‌وڵه‌ته‌که‌ی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا تا ده‌گاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که
ئه‌مجاره‌ش ده‌بێت، بۆ کۆتایی به سته‌می ده‌وڵه‌تی تازه دروستبوو له
نووکه‌وه ده‌ستپێبکه‌ینه‌وه.
با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، ورده ورده میکانیکی هه‌ڵسوڕاندنی پارت
و کرۆکی پرنسپڵه‌که‌ی که ملکه‌چبوونی که‌مایه‌تییه بۆ زۆرایه‌تی، له
ناو دیکتاتۆری پڕۆلیتاریای جڵه‌وگری ده‌وڵه‌تدا ده‌گۆڕیت به‌ملکه‌چکردنی
زۆرایه‌تی له ئاستی ده‌سه‌لاتی که‌مایه‌تیدا. چونکه گومان له‌وه‌دا
نییه که جڵه‌وگرانی ده‌سه‌ڵات و مشه‌خۆره‌کانی نه‌ک هه‌ر که‌مایه‌تین،
به‌ڵکو که‌مایه‌تییه‌کی زۆر زۆر که‌میشن.
به‌م جۆره گه‌ر به‌وردی بیر له میکانیزمی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتاری بکه‌ینه‌وه
له‌ته‌ک هه‌بوونی ئه‌و هه‌موو داموده‌زگە بیرۆکراتییه‌ی که بۆ به‌ڕێوه‌بردن
و پاراستنی ده‌وڵه‌ته‌که درروست بوون و ده‌بن، زۆر به ئاسانی ده‌گه‌یته
ئه‌و بڕوایه، که ئه‌و بارودۆخه له بری نه‌هێشتنی کێشه و گیروگرفته‌کانی
خه‌ڵکی سته‌مدیده و به‌شخوراو، قوڕه‌که خه‌ستر ده‌کاته‌وه.
ئه‌مه‌ی که من ده‌یڵیم، لۆجیکه و ئه‌زموونه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردووش
سه‌لماندویه‌تی، که پێداویستبوونی ده‌وڵه‌ت هیچ به‌ڵگه و پاڵپشتێکی
ئاوه‌زگیری نییه و هیچ جۆره لۆجیکێکیش په‌سه‌ندی ئه‌وه ناکات و
ئاشکراشه که هه‌بوونی یا دروستکردنی ده‌وڵه‌ت جا له ژێر هه‌ر
ناوێک‌دا بێت، به‌ربه‌ست و به‌رهه‌ڵسته له به‌رده‌م ئامانجی
کۆتاییماندا، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵدان و کارکردنمان نه‌ک هه‌ر بۆ
دروستکردنی ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، به‌ڵکو بۆ سڕینەوەی ئه‌و ده‌وڵه‌تانەش بێت،
که هەنووکە لە ئارادان.
______________________________________________
*
مه‌به‌ست له‌و پارته سۆشیالدێمۆکراتانه‌یه [باڵی
چه‌پی سۆشیالدێمۆکراسییه، که له‌سه‌ر هێڵی بۆڵشه‌ڤیکی خۆیان له باڵی
ڕاستی له ئه‌وروپا، که خوازیاری به‌شداری پارله‌مانی و به‌ره‌به‌ره‌گۆرینی
سه‌رمایه‌داری به‌ره‌و سۆشیالیزم بوو، جیاکرده‌وه و ئاراسته‌ی
تالپارتی و دیکتاتۆری پارتی پێشڕه‌ویان له‌ژێر نێوی پڕۆلیتاریا به په‌یڕه‌وی
له بۆچوونه‌کانی لێنین بۆ سۆشیالیزم، گرته‌به‌ر]، که دواتر بۆ
خۆجیاکردنه‌وه‌یان له باڵی راستی سۆشیالدێمۆکراسی، پاشگری «کۆمونیست»یان
بۆخۆیان زیادکرد.
30\8\2010
- له‌نده‌ن
ماڵپه‌ڕی
زاهیر باهیر
|