په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٦

رۆژی جیهانیی پاڵپشتیکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە.

 


دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و عیراقدا، وەک ھەموو ڕێکخراوەکانی تری داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەو جیھاندا، یادی ڕۆژی جیھانیی پاڵپشتیکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە دەکاتەوە کە دەکەوێتە ٢٦ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکەوە. ئەم یادە لە کاتێکدا دێت کە تیایدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتیش ئەشکەنجە، باڵاترین مەترسی دژی تاک و گروپەکان بە ھۆی ڕای جیاواز و ئۆپۆزسیۆن بوون و جیاوازیی لە ئاین و بیروباوەڕدا دروست دەکات.

قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس لە عیراقدا نەک تەنھا نەبووە ھۆی کۆتایھێنان بە ئەشکەنجە کە بەعس بۆ پتەوکردنی سیستەمی سیاسی بەکار دەھێنا، بەڵکو بەشیوەیەکی بەربڵاوی، کە تەنانەت لەپاڵ گروپە تیرۆریستیەکاندا، سوپای ھاوپەیمانانیش پەنایان بۆ بردو ئەشکەنجەدانی زیندانیەکانی “ئەبوغرێب”یش ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن سەربازە ئەمریکیەکانەوە، نمونەی ئەو بەربڵاوییە بوو. دەرکەوتنی داعش-یش تاجی باڵاترین جۆری دڵڕەقی و ئەشکەنجە بوو کە تەنانەت سڵی لە ڕاگەیاندنی ژیاندنەوەی کۆیلایەتیش دژی ھاووڵاتیانی کوردی ئێزدی نەکردەوە.

بەپێی بڕیاری (٥٢/١٤٩)ی ڕۆژی ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی (٢٦)ی حوزەیرانی وەک ڕۆژێکی جیھانیی بۆ پاڵپشتیکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە لە هەموو دنیادا ناساند. لە پێناو بنبڕکردنی ئەشکەنجە و چالاککردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکان لەسەر ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، کە ڕۆژی ٢٦/حوزەیران/١٩٨٧ کەوتە جێبەجێکردنەوە. زۆربەی وڵاتانی دنیا یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە. ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان جگە لە ھاندانی هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەیوەستبوون بە ڕێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەو پاڵپشتیکردنی سندوقی کۆمەک بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە، بەم بۆنەیەوە لە نامەیەکدا دەڵێت : “ با هەمووان کار بۆ نەھێشتنی ئەشکەنجە لە هەموو جیھاندا بکەین”.

لەبەرئەوەی ئەشکەنجە ئامانجی تێکشکاندنی کەسایەتیی قوربانییە و ڕەتکردنەوەی کەرامەتی مرۆڤە، بەھیچ شێوەیەک و لە ژێڕ ھەر بارودۆخێکدا پاساوی بۆ ناھێنرێتەوە، یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەی دەکات و نەتەوە یەکگرتوەکان ھەر لەسەرەتاوە وەک قێزەوەنترین ڕەفتار ئیدانەی کردووە. ئەمەش بەشێکە لە یاسای عورفی نێودەوڵەتی کە پێویستە ھەر ئەندامێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەند بێت پێوەی، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێککەوتننامانەشی ئیمزا نەکردبێت.

لەم بۆنەیەدا، دەزگای ژیان داواکارە لە دەزگا مەدەنی و حکومیەکان لە کوردستان و عیراق کار بکەن بۆ گەڕانەوەی مافی قوربانیانی ئەشکەنجە، ئەوەش لە ڕێگەی هەموو ئەو پێوەرە یاسای و مۆرالیانەی کە ڕێککەونتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان دایانناوە. ھەروەھا کاری دڵسۆزانە لە پێناو لێپێچینەوە لە ڕێکخەران و ئەنجامدەرانی تاوانی ئەشکەنجە، ئەمە جگە لە بەکارھێنانی ھەموو ئەو مەرجە پزیشکی و دەرونیانەی کە ڕاستی و دروسی ڕودانی ئەشکەنجە دەردەخەن. لە ھەمان میانەدا دەزگای ژیان جەخت لەسەر گرنگی بڵاوکردنەوەی کولتوری یاسایی لەسەر ئەشکەنجەو گەڕاندنەوەی مافی قوربانیان و چارەسەری پزیشکی و دەرونی دەکاتەوە، کە پێویستە بۆ گەڕانەوەی ژیانی سروشتی و شادبوونەوە بە مافەکانیان و پاراستنی شکۆمەندییان.

 


دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ
٢٦\٦\٢٠١٦

press@jiyan-foundation.org

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک