په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠٢٥

رێچکە و شێوازی گەیاندنی ئازادیی.

رۆشن بەلقیس        

     

ئازادیی واژەیەکی کورتە و چەمکێکی پوختی هەیە، بە واتای نەبوونی هیچ کۆتوبەندێک دێ لەسەر کردەوە و گوفتار و رەفتاری مرۆڤ بە جۆرێک کە پڕاوپڕ گوزارشت لە خود و سروشتی خۆی بکا.. ئازادیی بە چەندین قۆناغ و سەردەمی جیاواز تێپەڕیوە و گۆڕانی بەسەردا هاتوە، هەر لە سەردەمی کۆیلایەتییەوە تا ئێستا لە گۆڕاندا بووە.. لە سەردەمی کۆیلایەتی مرۆڤ ئازادیی لە نەکڕین و نەفرۆشتنی کورت کردبۆوە.. لە سەردەمی دەرەبەگایەتیش مرۆڤ ئازادیی تەنیا لەوە دەدیتەوە کە لە هەر شوێنێک بیەوێ بژی و کۆچ بکا و کارێک هەبی بیکا.

لە سەردەمی سەرمایەداریی هەرچەندە بە گوێرەی سیستەمەکەی گوایە مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی ژیان ئازادکراوە بەڵام لە راستییدا هیچ سیستەمێک ناتوانی ئازادیی پڕاوپڕ بەرجەستە بکا.. بە تایبەتییش ئەو ئازادییانەی کە پەردە لەسەر گەندەڵیی و نایەکسانیی و ستەم و خراپییەکانی سیستەمەکە هەڵدەماڵێ و بە تاکەکانی ئاشنادەکا. دەتواندرێ لە سەرتاسەری جیهان تا رادەیەک لە رووی کردەییەوە هەست بە ئازادیی بکرێ، بەڵام لە کۆمەڵە تازە پێگەیشتووەکان بە تایبەتییش لە کوردستان بە هۆی سیستەمی دواکەوتوویی و خراپیی یاسایەکان و پیرۆزییەکانی دین و فەرهەنگی نەریتە داڕزیوەکان کە رێگری سەرەکیین.. دەرفەتی جێبەجێکردنی چەمک و نەخشەی ئازادیی لە هەردوو رووی چەندایەتی و چۆنایەتی فرە بەرتەسکە بە تایبەتییش ژنان و نەژنونەمێران و هاوڕەگەزخوازان بە هیچ جۆر و شێوەیەک ناتوانن بەو مافانەیان بگەن کە بە شێوەی راگەیندراو بە ناوی مافەکانی مرۆڤ پێیاندراون.. واتە بەهرەمەند بن لە بەکارهێنانیان لە هەموو رووەکانی ژیان وەک؛ خۆدەربڕینی ئازادانە.. کارکردن و هەڵسوکەوتی رۆژانە.. گەشت و گەڕان.. خواردن و خواردنەوە و پۆشاک و گەیشتن بە هەموو ئاسوودەییە جەستەیی و دەروونییەکان.. بە کورتییەکەی ئازاد بن لە هەڵبژاردنی ئەو رێچکە و رێبازانەی ژیان و گوزەران کە خۆیان خوازیاریانن.

لێرەدا گرنگە لەو شێواز و رێچکانە بدوێین کە مرۆڤ بە گشتیی و ژنان بە تایبەتیی بە ماف و ئازادییەکانیان ئاشنا بکرێن، جا ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکی بیروڕا ئازاد و یەکسانییخوازە کۆشش بکا بە هەر شێوەیەک هەیە سەرجەم ژنان و پیاوانی نائاگا کە سیستەکە پەراوێزی خستوون لە رێی راگەیاندن و چاپ و لێدوان و رۆژنامە یان کۆڕ و گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی رۆژانە هۆشیاربکرێنەوە و بە ئاراستەی وەدستهێنانی مافەکانیان هانبدرێن.. جا ئەوەش ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی زۆرە لە لایەن دین و دابونەریت و رەگەزسالاریی و فەرهەنگی باوی نێو کۆمەڵ و زۆر جاریش هەمان تاکەکانی نێو خێزان ''دایک و باب و خوشک و برا و هاوسەر'' تەنانەت کەسانی بنەماڵە و خزم ناسیاران و لە سەرەوەی هەمووانیش دەسەڵاتە خۆسەپێنەر و چەوسێنەرکە.. هەموویان بە هەماهەنگیی پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەکەن و هێندەی بۆیان بکرێ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کەسایەتییەکەی دەشێوێن تەنانەت لە هەندێک بار لە سەرجەم لایەنەکانی ژیان کارکەناری دەکەن یان دەست بۆ لەنێوبردنی دەبەن، لەبەرهەندێ پێویستە نەخشە و پلانی تۆکمە بکێشرێ و بە شێوەی رێکخراوی بەکۆمەڵ کاربکرێ بۆ بەرپەرچدانەوەیان.

هەڵبەتە کەسی ئازادییخواز نابێ ئەو تەگەرە و رێگرییانە بە هەند وەربگرێ بەڵکە پێویستە درێژە بە کۆششەکانی خۆی بدا و لەسەر ئاستی گشتییش سوود لەو یاسا ماف و ئازادییانە وەربگرێ کە وەدەستهاتوون.. واتە روونتر و بەرجەستەتریان بکاتەوە و تا ئاستی سزادانی سەرپێچیکەران بیانخاتە واری جێبەجێکردنەوە.. هاوکاتیش بە بەرنامەی داڕێژراو لەسەر ئاستی پەروەردەی گشتیی بە جۆرێک گرنگییان پێبدا کە هیچ پیرۆزییەک پیرۆزتر نەبێ لە ئازادییەکان، بێگومان بە هەبوونی بەرنامەیەکی ئەوها نەک هەر تەنیا تاک بەڵکە کۆمەڵ و وڵاتیش بەرەو پێشەوە دەچن و ئازاد دەبن.. ئیدی سەرەنجام لە ئەگەری ئازادیی وڵات و چەسپاندنی یاسا و رێسای مرۆڤپەروەرانەش هەر جۆرە رێگرییەک لە ئازادییەکانی تاک خۆبەخۆ بەرەو پووچبوونەوە و نەمان دەچێ.

 

ماڵپه‌ڕی رۆشن بەلقیس

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک