٥\٨\٢٠٢٣
رەفتاری خراپی
منداڵ لە پۆلدا.

محەمەد بەرزی
یەکێک لە کێشە گەورەکانی ناو پۆلی خوێندن ، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ
هەڵسوکەوتی خراپی منداڵی بزێو و لاساردا . منداڵەکە نەک تەنها
کاریگەریی لەسەر مامۆستا و ئارامی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەڵکو ڕاستەوخۆش
کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ هەموو خوێندکارەکانی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەهۆی
بە فیڕۆدانی کات ، یان تێنەگەیشتنییان لە وانەکان. بێگومان ئەو
منداڵانەی ئەو جۆرە رەفتارانە دەکەن ، هەر لە خۆیانەوە ئەو کارانە
ناکەن ، بەڵکو بە گشتی هۆکارێک بزوێنەری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەیە. یان
لەوانەیە تاکە ڕێگا بێ ، بە مامۆستاکەی بڵێ : ( شتێک لە مندا هەڵەیە) .
هەربۆیە نابێ بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرکۆنەوە وەڵامی بدرێتەوە و
ڕووشکێن بکرێ ، بەڵکو پێویستە مامۆستاکەی بە وردی لە هۆکارەکانی
بکۆڵێتەوە ، تا ڕێگایەکی لەبار و گونجاو بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی
بدۆزێتەوە . بەگشتیش هەندێک لـە هۆکارەکانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە
بریتیین لــە:
١- باری تەندروستی: ئەگەر منداڵێک کێشەی تەندروستی هەبێ ، یان ئەگەر
تووشی ئازارێک بووبێ ، یان شتێک دڵتەنگی کردبێ ، لەوانەیە بێزار بووبێ
و بیەوێ بەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی هەست و ئازارەکانی خۆی دەرببڕێ . هەر
بۆیە ناکرێ ئەمجۆرە منداڵانە پشتگویێ بخرێن . پێویستە بە زوویی
چارەسەریان بۆ بکرێت ، تا کێشە و هـەڵسوکـەوتیان خـراپتر نەبێ.
٢- گۆڕانکاریی: دەبێ بیربکەینەوە و بە دواداچوونیان بۆ بکەین ، تا
بزانیین منداڵەکە لە ماوەی پێشوودا هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی بەسەردا
هاتووە ، تا هۆکاری ئەو هەڵسوکەوتە نائاساییانە بێ . بۆ نموونە
خوێندنگاکەی گۆڕابێ ، ئافەرۆز کرابێ ، دایک و باوکیان جێابووبنەوە ،
یان کەسێکی نزیکی کۆچی دوایی کردبێ و.. هتد.
٣- چاولێکەری: ڕەنگە منداڵەکە فێری چاولێکەری بوو بێت، وابزانێ بە
نواندن دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت . یان لە ناو خێزانێکدا
ژیابێت هەموویان بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت بکەن . یان لە ناو
خێزانەکەیدا کێشەی تەندروستی و دەروونی و توندوتیژی و هاوار هـاوار و
ئـاژاوە و دەمەقاڵێ هەبێ ، یـان ماددەی هۆشبەری تێدا بـەکاربێ . دیارە
ئەو کێشانە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە پەروردەکردن و هەڵسوکەوتی
منداڵەکەدا ڕەنگدەداتەوە.
٤- بێزاری: زۆرجار هەڵسوکەوتی نامۆ و خراپی ناو پۆل ، منداڵەکە
بێزاردەکات . پاشان پشتگویێ خستنی بەهرە و توانا و زیرەکی و بیرتیژی
منداڵی بەهرەمەند ، وا لەو منداڵانە دەکات پەرچەکردار و رەفتاری نامۆ و
خراپیان هەبێ.
٥- کرداری نادورست: کرداری نامۆ و نادروست لە ژینگەی ناو ماڵدا ،
کاردانەوی زۆر خراپ لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵ بەجێدەهێڵن ، بۆ نموونە :
دواکەوتنی کاتی خەوتن ، یان نەخەوتنی پێویست . ئاژاوە و هات و هاوار و
هەلوەسە ، نەبوونی یارمەتی و پشتگیری پێویست ، پاشان نەبوونی سنورێک بۆ
ڕێگرتن لە رەفتار و هەڵسوکەوتی خراپ و نەشیاو.
هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە.
لە ناو پۆلدا چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی نالەباری ئەمجۆرە منداڵانەدا
دەکەی . جا لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە نەتوانرێت بە تەواوی بەسەر
کێشەکانیاندا سەرکەوتوو بی ، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە
یارمەتیدەرە بۆ هەوڵی چاسەرکردنیان.
١- گۆڕینی نەرێنی بۆ ئەرێنێ: بە وریاییەوە دەستەواژەیان بۆ بەکاربهێنە
. بۆ نموونە کاتێک منداڵێکی وەک ئالان ، لە ناو پۆلدا هاوار هاوار و
قیژە قیژ دەکات . وا چاکە بڵێی : تکایە ئالان تۆزێک بە نەرمی و لەسەرخۆ
قسە بکە ، نەک : واز لە قیژە قیژ و هاوار هاوار بێنە . لێرەدا
وەڵامەکەت بە شێوەیەکی ئەرێنیی ، کاردانەوەی زۆر باشی لەسەر ئالان
دەبێت.
سەرباری ئەوەی ئەگەر منداڵێک بە شێوەیەکی نەرێنی هەڵسوکەوتی کرد ، لە
جیاتی ئەوەی سزای بدەیت ، هەوڵبدە هۆکارەکانی دەستنیشان بکەیت . پاشان
باشترین ڕێگا بدۆزەرەوە بۆ چارەسەرکردنی. بۆ نموونە:
ئەگەر منداڵێک هەڵسوکەوتێکی خراپی کرد ، چونکە گرنگی پێ نەدراوە ، وا
چاکە دەرفەتی زۆری بۆ بڕەخسێنرێت ، تا زیاتر قسەبکات . بەمەش منداڵ بە
زوویی فێری هەڵسوکەوتی نوێ دەبێت و یارمەتی دەدات ، کە دەتوانێ ئەوەی
دەیەوێت بێ کێشە و سزا بەدەستی بهێنێت و ئارامی بدات بە دەروونی.
٢- فێری شێوازی ئەرێنی بکە.
لە جیاتی نەهێشتنی هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکان ، وا باشترە سەرنجت لەسەر
ئەو رەفتارە باشانە بێت ، کە دەتەوێت لە ناو پۆلەکەدا ڕەنگبداتەوە .
لەناو پۆلدا گفتوگۆ لەسەر هەڵسوکەوتی باشی ئەرێنی بکە . هەستە بە
دروستکردن و هەڵواسینی پۆستەری ئامۆژگاری و بیرخستنەوە بۆ پۆلەکە .
بەمەش وا لە خوێندکارەکان دەکەیت ، کە خۆیان بەشداری لە چالاکییەکاندا
بکەن ، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێیان بووترێت ئەو چالاکییانە بکەن . کە
دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و کاردانەوە و ئەنجامێکی زۆر باش و
بەنرخی دەبێت.
٣- نموونەی ئەو رەفتارانە بە ، کە چاوەڕێی دەکەیت.
نموونەیەکی ناوازەی ئەو رەفتارانە بە ، کە بۆ خوێندکـارەکـانی دەخوازی
. کاتێ داوا لە خوێندکارەکان دەکەیت لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن ،
پێویستە بە هەمان شێوە خۆشت ڕێز لە کات بگریت . یان کاتێک داویان
لێدەکەیت ڕێک و پێک و خاوێن بن ، ئەوا پێویستە خۆت و پۆل و خوێندنگاکەش
بە هەمان شێوەبن.
٤- دانانی بنەماکانی هەڵسوکەوتی بە کۆمەڵ.
لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا ، پێویستە خۆت و خوێندکارەکان پێکەوە
کار بکەن ، بۆ دیاریکردنی هەڵسوکەوتەکانی ناو پۆل . باسی ئەو رەفتارانە
بکە ، کە باشن و ئەوانەی خراپن . پاشان ئەو هەڵسوکەوتانەی حەزدەکەیت
خوێندکارەکان بەرامبەر یەکتری بیکەن . وەک ئاکاری چاک و ڕێز لە یەکتری
گرتن ، ئەمەش بنووسە و لەناو پۆلدا بە جوانی هەڵیواسە . تا بەردەوام
لەبەرچاوی خوێندکارەکان بێ . بەشداریکردنی خوێندکارەکان لەو جۆرە
چالاکییانەدا گرنگ و پێویستن . چونکە هەست بەوە دەکەن خۆیان ڕاستەوخۆ
هاوبەشبوون لەو چالاکییەدا و زیاتر پەیڕەوی بنەماکانی دەکەن و پێوەی
پابەند دەبن.
٥- پەیوەندی باش.
هەمیشە هەوڵبدە بە بەردەوامی پەیوەندی باشت هەبێ . قسە و
داواکارییەکانت دەتوانێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵان هەبێت . بۆ
نموونە کاتێک کارێکی باش دەکەن سوپاس و ستایشییان بکە ، وەک : سوپاس بۆ
تۆ ، کە پاکەتە خاڵییەکەی نوقوڵەکەت خستە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە . یان (
تکایە لە سەرەتای وانەکانی ڕۆژی دووشەمەدا ، ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن
) گونجاو و باشتر و تایبەتترە لەوەی بڵێی : ( تکایە ڕۆژی دووشەممە
ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) . چونکە لە یەکەمیاندا بە تەواوی کاتی
وەرگرتنی ئەرکەکانت بۆ خوێندکارەکە دیاریکردووە ، کە سەرەتای
دەستپێکردنی وانەکانە.
٦- پێزانینی رەفتار و هەڵسوکەوتی باش.
ئاشکرایە جار بە جارێک منداڵان هەڵسوکەوتی خراپ دەکەن ، کە ئەمەش
ڕاستییەکی سەردەمی منداڵییە . بەڵام لە هەمان کاتدا فێری شتی تازەش
دەبن . ڕۆژانەش بە باشی پەرەی پێدەدەن ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا
سەرکەوتن و دەستکەوتە . کاتێک منداڵێک کارێکی باش دەکات ، واچاکە
ئاشکرای بکەیت . پێی بڵێ بە ڕاستی کارێکی باشت کردووە . شانازی پێوە
بکە و نیشانی هاوپۆلەکانی بدە . ئەمەش هاندەرێکە ، تا هاوپۆلەکانی چاوی
لێ بکەن و هەمان ستایش و کاردانەوە بیانگرێتەوە.
٧- پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار.
کاتی تەواو بۆ ناسینی خوێندکارەکان تەرخان بکە . پەیوەندییان لەگەڵدا
دروست بکە . باسی حەزە هاوبەشەکانی نێوانتان بکە . گفتوگۆیان لە گەڵدا
بکە . لە هەواڵیان بپرسە ، چونکە هەرچی لە دەمی تۆ دەرچێ بە دڵیانەوە
دەنووسێ و ئارامی دەدا بە دەروونیان . پاشان جار بە جارێک داوای
ئامۆژگارییان لێبکە و ڕایان دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو وەربگرە . بۆ
نموونە بڵێ : دەمەوێت کتێبێکی نوێ بخوێنمەوە ، ئایا لەم ڕۆژانەدا چ
کەسێکتان کتێبێکی باشی خوێندۆتەوە؟
٨- گۆشەیەکی هێمن.
شوێنێک ، یان گۆشەیەک لە ناو پۆلدا دیاری بکە ، تا منداڵ لە کاتی
رەفتاری خراپدا بۆی بچێ . نابێ ئەو شوێنە وەک شوێنی سزا تەماشای بکرێت
. بەڵکو پێویستە شوێنی ئیسراحەت و هێوربوونەوە و بە خۆداچوونەوە بێ .
دەکرێت بە منداڵەکە بوترێت یارییەک ، یان وێنەی ئاژەڵێکی ماڵیی خۆی ،
بۆ خۆشی لەگەڵ خۆیدا بەرێت ، تا بە هێمنی و لەسەرخۆ بە رەفتارەکانیدا
بچێتەوە و دڵ و دەروونی داسەکنێ.
٩- پارێزگاری لە ئارامی ناو پۆل.
کاتێک داوای خوێندکارێک دەکەیت بۆ لێپرسینەوە لە رەفتارەکانی ، بە
شێوەیەکی وا داوای بکە ، ئاژاوە لە پۆلەکەدا دروست نەبێت . لەوانەیە
قسەی ڕەق و زەق و هات و هاوار بەسەر خوێندکاردا بە هۆی رەفتارە
خراپەکانییەوە ، تەریقی بکاتەوە و هەست بە شەرمەزاری و نائارامی و دڵە
ڕاوکێ بکات . دوورنییە لەو کاتەدا لێت بێزاربێ و نەیەوێ گوێ لە قسەکانت
بگرێ . هەر بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەی ، بە
شێوەیەک بزانێ ئاگاداری هەموو هەڵسوکەوت و رەفتارە نەخوازراوەکانی ، خۆ
ئەگەر هەر وا بەردەوام بێ ، ئەنجامی خراپ و لێکەوتەی زیاتری دەبێ .
١٠- پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک.
پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایکان و باوکانی منداڵان بە بەردەوامی ،
کارێکی زۆر گرنگ و سودبەخشە . بە تایبەتی بۆ چارەسەکردنی کێشەی گەورە و
رەفتاری نامۆ و نەخوازراوی منداڵەکانییان . پێویستە پەیوەندییان
لەگەڵدا بکرێت ، تا لەو کردەوانە ئاگاداربن و یارمەتی دەربن بۆ
چارەسەرکردنیان . پاشان لەوەش دڵنیابن ، کە لە ماڵەکانیانیشدا هەمان
یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە هەیە و بە چاکی جێبەجێ دەکرێن.
mkbarzy@hotmail.com
|