٩\٤\٢٠٢١
رێگا نادەین
کوڕانی مەلا عوزێر
سووکایەتی
بە قوربانیانی ئەنفال بکەن.
تاوانبارانی جینۆساید لەھەرکوێ بن دەبێ بگیرێن و ڕادەستی دادگا بکرێن
ئەگەر لەدژی خواستەکانی گەل پەنای تاوانباران درا، تکایە ڕێگەمەدەن
چیتر ھەستی کەسوکاری قوربانیان بریندار بکرێت.
بەڕێزان.
ھاوڵاتیانی ئازیز و خۆشەویست.
وەکو زۆرێکتان لەوە ئاگادارن لەسەرەتانی مانگی ٢ دا سەرۆکجاشی تاوانبار
عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر لەوڵاتی ھۆڵاند لەژێر
بارودۆخێکی نادیاردا مرد. ئەوە لەکاتێکدا کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری
ئەم وڵاتە بڕیاری دەستبەسەرکردنی درابوو و ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان
لێگیرابوو، چونکە بەڵگەکانی بەشداریی تاوانبار مەلا عوزێر لە تاوانی
ئەنفالدا و تاوانەکانی دیکەی دژ بە ئازادیخوازان و خەڵکی بێپشتووپەنا
لەزیادبووندابوون و دەسەڵاتی ھۆڵاندی چیتر نەیدەتوانی خەمساردانە لە
ئەگەری بەشداریی مەلا عوزێر لەتاوانەکاندا بڕوانێت.
سەرۆکجاشی تاوانبار مەلا عوزێر کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا سەرۆکی فەوجی
١٣٠ بوو، لەسەر بەشداریی ئەو لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا لەلایەن
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکرابوو و لەلیستی تاوانباراندا
ناوەی ئەو ژمارە ٢٢٩ بوو، وە داوای گرتنی لەلایەن دادگاوە بەتایبەت بۆ
دەرکرابوو. لەدادگای باڵای تاوانەکاندا ١٠ سکاڵای لەلایەن کەسوکاری
قوربانیانەوە لەسەر تۆمار کرابوو.
ئێمە لەکاتێکدا لەوەدەگەین کەوا خزموکەسی تاوانبار مافی خۆیانە تەرمی
مردوو وەرگرنەوە و پرسەی بۆ دابنێن، بەڵام پێمانوایە بەرزکردنەوەی
تاوانبار مەلا عوزێر وەکو شۆڕشگێڕ و قارەمان لەبەرچاوی کەسوکاری ئەو
قوربانیانەی کە راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ئەو لێیان بەرپرسیاربووە،
گوێپێنەدان بە کەسوکاری قوربانیان و راستەوخۆ بریندارکردنی ھەستی
ئەوانە.
جێگەی سەرنجدانە کە لەم ڕۆژانەدا لەکلیپێکی
ڤیدیۆدا یەکێک لە کورەکانی تاوانبار مەلا عوزێر ئەوەی بۆ ڕایگشتی
ڕاگەیاند کە ئەوان بەنیازن ساڵانە ڤێستیڤالی تایبەت بۆ باوکیان ساز
بکەن و ڕیکلام بۆ پاڵەوانیەتی ھەڵبەستراوی ئەو بکەن. ئێمە لەکاتێکدا
بەتووندی دژی ھەنگاوێکی لەمشێوەیە دەوەستینەوە، پێمانوایە ئەم
ڕاگەیاندنە دووبارە ژێرپێخستنی ھەست و مافی کەسوکاری قوربانیانە
بەوپەڕی لوتەبەرزیەوە. ئەوان لەکاتێکدا دەبوایە سوپاسگوزاری ئەو ڕاستیە
بن کە باوکیان ناڕەوا لەدادگا و دادوەری دەربازکرا، بەھیچ جۆرێک مافی
ئەوەیان نییە تاوانبارێکی وەکو مەلا عوزێر کەدەستی بە خوێنی دەیان
خەباتگێر و پێشمەرگە و قوربانیانی ئەنفال سوورە، وەکو قارەمان لە
ڤیستیڤاڵی ساڵانەدا یادی بکرێتەوە و چیرۆکێکی ساختە لەسەر ئەو
بنیاتبنێن و تۆماربکەن.
پێمانوایە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و ھەڵەبجە، بارزانیەکان و فەیلیەکان
ئەو تاوانانەن کە بەگەورەترین تاوان دادەندرێن و وە بەتاوانی
نێونەتەوەیی دەژمێردرێن، بۆیە گەلی کوردستان وەکو گەلێکی ستەمدیدە
قوربانیی گەورەترین تاوان بووە، بێگومان بەپێی پێوەرە نێونەتەوەییەکان
و کۆنڤەنسیۆنی ژنێڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان ھەروەھا ستاتوسی ڕۆم.
لەمڕوانگەیەوە و بەپێی یاسا و جاڕنامە نێونەتەوەییەکان ئەوانەی بەشداری
ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆیان لەتاوانەکەدا کردووە، دەبێ ڕادەستی دادگا
بکرێن و لەسەر وابەستەییان بەتاوانەکە یا بەشدرایان لەتاوانەکەدا
دادگاییبکرێن. بەپێی یاسا و پێوەرە جیھانیەکان ئەم ئاراستەیە
پەسندکراوترین ڕێگەچارەیە ھەر گەلێکی قوربانی بیگرێتەبەر. وەکو گەلی
قوربانیی جو کە زیاتر لە ٧٥ ساڵە بۆ یەک ساتیش لەم
پرۆسەیە سارد نەبوونەتەوە و ئێستاش پیادەی دەکەن.
ھاوڵاتیانی خۆشەویست، زۆرێکتان ئاگاداری ئەم ڕاستیەن کە لە عێراق و
باشوری کوردستاندا ئەم پرۆسە دادوەرانەیە پیادەنەکرا، بەتایبەتی
سەبارەت بە سەرۆکجاشەکان کە بەشداری ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆیان
لەتاوانەکاندا ھەبوو، وە پشکداریان لە پرۆسەی ئەنجامدانی لەناوبردنی
خەڵکی بێتاوانی کوردستان ھەبوو، ئەوانە کەسیان ڕادەستی دادگا نەکران.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سەرۆکجاشانە کە ژمارەیان ٢٥٦ سەرۆکجاش بوو لەلیستی
داواکراوانی دادگادا بوون و دەبوایە ڕادەستی داداگی باڵای تاوانەکانی
بەغدا بکرێن. بەمجۆرە پێشێلی مافی یاسایی کەسوکاری قوربانیان کرا.
جێگەی ئاماژەپێدانە کە کۆمەڵێک لەو سەرۆکجاشانە جگەلە بەشداری
ڕاستەوخۆیان لە تاوانی ئەنفالدا، دەستیان بەخوێنی کۆمەڵێکی زۆر لە
شۆڕشگێڕانی کوردستان سوورە، ئەوانە ڕاوی پیشمەرگەیان کردووە، ڕاوی
ئەندامانی سەربە ڕێکخستنە نھێنیەکانی حزبەکانیان کردووە، ڕاکردووی
سەربازییان گرتووە و گەلێکیان لەژێرناوی پێشمەرگە یا ڕێکخستنی نھێنیدا
ڕادەستی ڕژێمی بەعسیان کردووە. تاوانبار مەلا عوزێر یەکێک لەو
سەرۆکجاشانەیە کە مەرگی دەیان کەسی ئازادیخواز و پێشمەرگە و قوربانیانی
ئەنفالی بەبەڵگەوە دەخرێتەپاڵ.
ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کەسوکاری قوربانیان و مافەکانی مرۆڤ کەناوی
خۆمان لەم لیستەی خوارەوەدا نووسیووە، داوا لە لایەنە پەیوەستدارەکان
دەکەین، کە رێگە بە کارێکی لەم شێوەیە نەدەن و ئاگاداری کەسوکاری
تاوانبار بکەنەوە کە ئەوان مافی ئەوەیان نییە چیتر سووکایەتی بە
کەسوکاری قوربانیان بکەن.
سڵاو لەگیانی پاکی قوربانیانی بەرەی شۆڕشگێڕیی کوردستدان
سڵاو لەگیانی پاکی قوربانیانی جینۆساید
دادگایی بۆ تاوانبارانی دژ بەگەل و جینۆساید
لەگەڵ ڕیزماندا
ناوەکان:
١- بەشێک لە بنەماڵەی قوربانیانی دەستی مەلا عوزێر
٢- کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
٣- تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان بۆ دادگای تاوانی نێو
دەوڵەتی
٤- رێکخراوی چاودێری کوردۆساید- چاک کوردستان
٥- ھەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان
٦-عەلی بەندی نووسەرو لێکۆلەر لە بواری جینۆساید دھۆک
٧- ڕێکخراوی چیرۆکاکانی ئەنفال
٨- لەتیف فاتیح فەرج نووسەرو لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال
٩- دەرسیم پێشەوا نووسەرو لێکۆلەر لە بواری جینۆساید دانمارک
١٠- سەنتەری ئەنفال
١١- جێگر کاڕەش بنەماڵەی شەھید دیارو ھاوڕێکانی
١٢- عەبدوڵا کەریم نووسەر لە بواری ئەنفال سلێمانی
١٣- شاخەوان شۆڕش لێکۆلەر لە بواری جینۆساید دانمارک
١٤- رێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان
١٥- رێکخراوی پارێزەران بۆ راوێژی یاسایی و پرسی مافی مرۆڤ
١٦- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
١٧- ھەڵمەتی دادپەروەری
١٨- ھێمن خۆشناو بنەماڵەی قوربانیان و نوسەر
١٩- مەریوان عەبدالقادر چالاکوان و تاقانەی ئەنفال
٢٠- یوسف مەنتک ریکخستنی دێرین و نوسەرو رۆژنامەنووس ئەڵمانیا
٢١- رێکخراوی منداڵە ونبووەکان
٢٢- ھیوا محەمەد ئەمین چالاکوانی بواری ئەنفال
٢٣- رێکخراوی زیندانیانی ئەنفال
٢٤- رێکخراوی ژیانەوە بۆ پرسی ئەنفال
kwgenocide@gmail.com
|