په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٥

    رێگایێ پڕ لە گوتن.


کەریمۆک

لەوێوە دێم
لە سەربانى ئەم هەموو خەونەوە
لە لوتكەى ئەم هەموو ئازارەوە
لەو كێوى پڕ لە قەهر و توڕەيی و پەژارەوە
من…!
ئاە…… من
لەوێوە دێم و
وەك درەخت سەوزايم لەبەر دەڕوا و
وەك دەريا شەپوڵ لەڕۆحم دەخزێ و
وەك شەقام هەنگاو لەسەرم ون دەبێ
وەك عاشقيش ئەستێرە دەڕژێتە ناومەوە
دێم و…
وەك ئاو بەنێو لەپی ئەو بيابانەدا رۆدەچم
كە لەتێناندا خەندەی لە دەم تێزاوە
دێم و پەيامى ئاوم پێیە
بۆ ئەو چڵەنێرگزانەى
لە چاوەڕێی سەفەری شومی بەهاردا
پێلوی سیسیان وەنەوز دەدا
لەو سەرەوە دێم..
كالانى چاوەكانم
دەكەمە ليسى ئەو کۆترانەی
کەئایندە بەدەنوك دەگوازنەوە
کە درزی ئاسمان بە گمە
دەدروونەوە
ئەفسوس بەر لەهاتن
تورکەی دڵ پڕ لەبەرد
پڕ لە نەخشەی وێران و
لەهەواڵى درۆزنانەی پڕ لە دەرد
دێم و دەمەوێ لەوديو مەرزى حەزەکانەوە
پەيڤێ لەقوڵايى نا ئاگاییەوە
بە گوێى ئەو گەلايانە بچرپێنم
كەدرەختەكانيان لەڕەگەوە بێ ئومێد كرد
من دۆستی ئەو تروسكايانەم
بەكێوە بەرزەكانى خۆشبەختييەوە
جاڕى نا وشياری پڕ لە ئاوەزیان دەدا
لەوێوە دێم..
وەڵێ ئاگر و شەڕ
پەپوى نەهامەتى و نەيارى
هاتنە بن باڵەكانى فڕين و
مژدەی تەنگەبوونەوەی ئاسمان
شەقار شەقاری زەویان راگەیاندا
دێم.. دێم و دێم…
چۆڕێک ئاگر لە پەرێزى ئەم دڵە داگيرساوە
هەناسەيەكى دووكەڵاوى لەم سييە هەڵكراوە
بە كۆشێ خەم و ژانەوە دێم
بەسەر سەرى ئارامى ئەو ئاسمانەوە تێدەپەڕم و
گەرەكمە پەنچەرەيەك
لەڕووى سنوورنەناسەكان بكەمەوە
رۆشناييەك لەتاريكستانى بێ ئومێدیدا هەڵكەم
لە وێوە دێم و دڵ و گیرفانم خاڵین لە شوناس
کەچی نازانم ئەو هەموو ديوارانە
لەنێوان ژياندا چى دەكەن..؟
ديواری دووری و دابڕان..!
ناسنامەی ماڵ و نیشتمان..!
ئەو قومرییە
لەو سەری گۆرانییەوە
نەماڵی هەیە و نەشوناس و
نە نیشتمان و نە دیوار
ئەوەتە بە دەريا دەڵێت هاوڕێ:
تەڕيەتيت باش كە لەنێو
قوڵایی خۆتدا هەندێ جار رق دەچنی و
جاريش هەيە گەرووى شيعرێ تەڕ دەكەى
جارێ جۆگەلەى خوێنين دەنێرى و
جارێش لەبن لێوەكانتدا گوڵى ميهرەبانى دەڕوێ
لەوێوە دێم…
ئەى ئەو باغانەى تاهەنوكە وەرزى خەزان
بەلاتاندا رەت نەبووە
فرياى خۆ كەون
رۆژى رەشى بێ بڕوایی بەڕێوەيە
لەوێوە دێم ئارەزووى باوەشێك دەكەم لەگەڵا
لێو سەوزایی لێ بتكێ و
ماچ سێو بێ و
گۆرانيش هەتوانى هەميشەى ئازار
ماندوو ماندوو لەوێوە دێم
تاسەى سێبەرێكم بە هەتاوم ئاشنا بكا
سەوداى ئاوێكم لە ژێر ئەو چنارانەوە راگوزەرێ و
لەگەڵ خۆى راپێچمكا و بە هاوین بڵێ فێنک بەرەوە
ژیان مایەی ئەو هەموو هیلاکییە نییە..!
لەوێوە دێم و
گەر مانايەك هەبێت بۆ ژيان
باس لەو پاسەوانە پیرە دەكات
کە وەديار بێدەنگى خۆيەوە
وەديار سووتانى خۆيەوە، دەمێکە مردووە
دەمێکە رۆحی خۆی کردۆتە پەروانەی دەوری خەم
باس لەو چرايە دەكات كە لە تاريكيدا بۆخۆى دەگرێ و
هۆن هۆن فرمێسكى تەزيو دەرێژێ
لەوێوە دێم تا ئێستاش نەكەس دەمناسێ و
نە ئەدرەسم لە دەفتەرى يادەوەرى هيچ كەس هەيە
دێم و گەرەكمە بەو دنيايە ئاشنابم
كەجريوەى ئەستێرەكان لەتاريكى شەودا
مانيفێستى جوانی دەنووسنەوە
هەميشە هاتن لەوێوە
ئەوێى ئاسمانێك لەعاتيفەى كاڵ و
دەريايەك لەهێمنى شەپوڵ
بۆ ئێرە
ئێرەى كەكەس نابێت بۆ مردنى خۆى بگری و
نەفرەت لە ئێستا و باس لەجریوەی بەیانی بكات
لەوێوە دێم
كراسێك لە رۆشناييم لەبەر دايە و
لەپێچى پەنچەكانمەوە
جگەرەيەك حيكايەتى دووكەڵ دەنوسێتەوە
من بە خەياڵى ئەو دووكەڵە مەست دەبم
دێم…
گەرەكمە بەو پێدەشتە بگەم
کە ئازارى قریوەیە و
برينەكانى ئەوەندە بەسوێ نین
دێم و كەگەيشتمە جێ:
كراسەكەم و جگەرە و چاويلكەکەم
دواجاريش كەلاشوشەى چاوەكانم
سەرجەم شتەكانم..
دەبەخشمە ئێوە…

 

ماڵپه‌ڕی که‌ریمۆک

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک