په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٢\٢٠١٤

''رێگای راست'' رێگای سەکیولاریزم و حوکمی دیموکراتییە.


د. سالار باسیرە*  


لەم نووسینەدا بە ٣٠ خال ریزبەندی کۆمەلێک سەرنج و تێبینی و شیکاریم بە گشتی لەسەر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی لە کوردستانیشداو مەترسیەکانی خستۆتە ڕوو ، تێیدا ئاماژەم بە وتەو بۆچوونی مەلاو زانایانێکی ئاینی لە کوردستان ، و چەندین سورەتی قورئان داوە.. نووسینەکە دیدێکی ڕەخنەگرانەو شیکاریشەو چەندین پێشنیازو ئامۆژگاریشی لەخۆ گرتوەو بە ھیوای ھوشیار کردنەوەو ھەروەھا ببێتە بابەتی وتووێژو دایەلۆگێکی گشتی.. ناونیشانی بابەتەکەشم بەو شێوەیە داناوە چونکە تەواوی ئیسلامە سیاسیەکان ئەوەی وەک ئەوان بیرنەکەنەوە لای ئەوانە لە رێگای ڕاست و موستەقیم لایانداوە، کە بیرکردنەوەو تێڕوانینێکی تۆتالیتێرو دەمارگیرانەو سەلەفیانەیە. جگە لە تێگەیشتنێک بۆ بیری عەلمانیەت ، لە نووسینەکەدا داوا لە ئیسلامیەکان کراوە شۆڕشێکی فکری لە خۆیاندا بکەن و بێنە سەر رێگای ڕاست ، رێگای (سیڕاتی موستەقیم) و عەلمانیەت و پێشکەوتن و شارستانیەت و دیموکراسیەت و فکری کۆمەلگای مەدەنی و فرەیی و ئازادی تاک ... سوودیش لە یاسا نوێکەی کانتۆنی جەزیرەش وەربگرن بۆ یەکسانی.


١-
بوونە مرۆڤێک بە دیندار بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە پەروەردەی خێزان و وانەی ئاینی و بیئەی دەوروبەر ھەیەو دەکرێ لە تەمەنێکی مندالیەوە کاریگەریی خۆی دروست بکات و ببێتە فکر لە مێشک و دەروونی مرۆڤەکەدا کە درەنگانێک کاریگەریی خۆی دروستدەکات و ڕاستکردنەوەشی کارێکی ھەمیشە ئاسان نیە ، ھەروەھا پەیوەندی بە باری جوگرافیشەوە ھەیە. بۆنمونە کەسێک لە ولاتێکی مەسیحی ھاتبێتە دونیاوە ئەوا وەک مەسیحی تۆمار دەکرێت، لە خێزانێکی یەھود وەک یەھودی ، لە ولاتێکی ئیسلامی وەک موسولمان تۆمار دەکرێت .. تاد. گۆرینی فکر دواتر کەوتۆتە سەر ڕۆشنبیریی کەسەکە خۆی و ھوشیاری کۆمەڵگا بە گشتی.


٢- زۆرێک لە موسولمانان ھەن لە دونیادا بونەتە مەسیحی و پێچەوانەکەشی ھەیەو ئەوە دیاردەیەکی ئاساییە... ئەگەر ڕۆژئاواییەک بووە موسولمان ئەوە ناگەیەنێت ئەو کەسە لە ئاینەکە گەیشتبێت و ھەروەھا بە پێچەوانەشەوە ئەگەر لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت و بە قەناعەتیشەوە چوبێتە سەر ئەو ئاینەی تر .. زۆر جاریش باس لە ملیاردێک موسولمان دەکرێت لە جیھاندا بەلام ئەو ئامارە تەنیا لە ڕووی تیۆریەوە ڕاستە چونکە تاکەکان لە ناو کۆمەلگایەکی ئیسلامدا ڕاستەوخۆ بە موسولمان تۆمار دەکرێت لەسەر ناسنامە بەلام زۆرترین ژمارەی موسولمانان پابەند نین بە ئاینەکەیانەوە.


٣- ئیسلامیەکان ئاماژە بە چەندین کەسانی ناودار دەدەن کە باش لەسەر محەمەدو ئیسلام قسەیان کردوە ، لە لایەکەوە ئەو کەسە لەوانەیە ئەکادیمیست و زانایەک بێت بەلام مەرج نیە جیھانبینی ئەو کەسە ژیرانەو تەندروست بێت و تەنیا بۆچوونی کەسانێکەو ھیچیتر بەلام نمونەی پێچەوانەکەشی زۆرن.. دەشکرێ بۆنمونە ئاماژە بە زانای نۆبلی فیزیای بەریتانی بدەین Stephen Hawking ئەمڕۆکە وەک ئاینشتاینی سەردەم ناودەبرێ کە زانستانە بوونی خودایەک بە تێڕوانینی ئاین بە درۆ دەخاتەوە ، پشت بەستن بە زانست گرنگترە وەک بە ئەفسانەو وەھم و لێکدانەوەی نازانستیانە. کتێبە نوێکەشی تەرجەمەی زمانی کوردی کراوە بە ناوی "دیزاینی مەزن" ، بەلام بڕواناکەم ئیسلامە سیاسیەکان ئەم شتانە بخوێننەوە.


٤-
سەبارەت بە دەسەلاتی کوردی ، ئیسلامیەکان بەردەوام بەئاشکراو بە نھێنی لە ھێرشدان.. منیش سەرنجی زۆرم ھەیە لەسەر دەسەلاتی سیاسی لە ھەرێم و جێگای ڕەخنەمە بەلام ئیسلامی سیاسیش بەدیل نیەو بۆ ئەوەش وەلام ھەیە بۆچی؟ شەریعەکەی ئەوان لەگەل ژیان و ژیانی ھاوچەرخ و بەھا ئەخلاقی و ئازادیەکانی مرۆڤ و زانست و مافەکانی مرۆڤ ناکۆکە. فەسادی ئەخلاقی لە ناو کۆمەلگا ئیسلامیەکان لەوانەیە ھیچی کەمتر نەبێت وەک لەوەی ناو کۆمەلگا مەسیحیەکان ، تەنیا جیاوازی ئەوەیە لە ناو کۆمەلگا ئیسلامیەکان شاراوەو تابوە بەلام لە نێو کۆمەلگا مەسیحیەکاندا زۆرتر کراوەیە ھەرچەندە بە یاسا سنور بۆ دیاردە ئەخلاقیەکان دانراوە کە لە دەرەوەی نەریتی مرۆڤایەتی بن.


٥-
لەناو ھەناوی ئیسلامیزمدا بزوتنەوەیەکی جیھادیی تۆتالیتێر سەری ھەلداوە کە جێگای مەترسیە بۆ سەر ئاشتی کۆمەلگا ، کە دەیەوێت بە رێگای زەبروزەنگ و تیرۆرەوەو دژ بە دیموکراسیەت و عەلمانیەت خەلافەتێکی ئیسلامی و دەولەتی خودا دروست بکات. ئەو تۆتالیتاریزمە نوێیە ئیسلامیە جەنگێکی نوێی لەگەل خۆیدا ھێناوەتە کایەوەو پێداگریی لەسەر فەرمانڕەوایەتیەکی خودایی تۆتالیتێر دەکات. ھەر سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای ئاین و مەزھەب دروستبوبێت ھەرگیز نابێتە ئالتەرناتیڤ و مۆدێلێکی تەندروست و ئەقلانی بۆ کۆمەلگا. لایەنێک تەنھا کاتێک دەتوانێت تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی دەولەت بکات کە ببێتە دیکتاتۆرێکی موتلەق. بە ڕای من ئایندەی دەولەتی عێراقیش ئایندەی ناکۆکی و ململانێی توندی نێوان ھێزە دیموکرات و عەلمانیەکان و ئیسلامی سیاسیی دەبێت و دەبێتە بابەتی سیستەمی سیاسی عێراقی ئایندە. ئێمەی کوردیش بەدەر نین لێی. ئەوەی کۆمەلگا پێویستی پێیەتی سیستەم و دەستورێکی دیموکراسی تەندروست و ئەقلانیە ، کۆمەلگای مەدەنی و ئازادی تاکە کە تێیدا جێگای سەرجەم چین و توێژە کۆمەلایەتیەکان بە ئاین و کەلتور و ئەتنیکە جیاوازەکانەوە ببێتەوە.


٦-
ئەگەر ھەرێمی کوردستان بەنمونە بھێنمەوە کۆمەلگاکەمان بەلێ بە گشتی و زۆرینە موسولمانە بەلام لایەنە ئیسلامیەکان بەپێی ھەلبژاردنەکان تەنیا ١٩%ی دەنگەکانیان ھێناوە لە ھەرێم کەواتە تەنیا نوێنەرایەتی ئەو رێژە کەمە دەکەن ، ئەوە دەبەخشێت کە زۆرینەی خەلکیی لە ھەرێم ئیسلامیەکانی وەک دەسەلاتێکی سیاسی لاپەسەند نیە. ئیسلامی سیاسی لە کوردستان لە لایەکەوە بەرھەمی ھەندێ لە دەولەتە ئیسلامیەکانە بۆ دوژمنایەتی کردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی و رێگاگرتن لە دروستبوونی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان. ھەروەھا بەھۆی شەڕی ناوخۆی کوردستانەوە گەشەیان کردووەو بەھێزبوون. بۆ دژایەتی کردنی یەکتر یەکێتی و پارتی ھەریەکەو کۆمەکی ھەندێک لایەنی ئیسلامیی دەکردو ئیسلامیەکانیش ھەردولایان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکارھێنا. خالێکی تر بەھۆی ئەو پاشاگەردانیەی ناونراوە ئازادیی بیروڕا لە ھەرێم ، ئیسلامیەکان تێیدا گەشەیان کردوەو جەماوەرێکی بەرچاویان بۆ خۆیان دروستکردوە. قەناعەتم وایە گەر دەرفەتیان بۆ بێتە پیش خۆیان پڕچەکیش بکەن و دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ کوردستان و ھەمان ئەزمونەکانی ئێران و ئەفگانستانی سەردەمی پڕ لە کارەساتی تالیبان دوبارە بنەوەو تێکەڵی ژیانی تایبەتی تاکەکان و دامەزراوە کۆمەلایەتی و سیاسی و فەرھەنگەکانیش ... دەبن.

ئایا گوناھی ئەم مندالە چیە لەم تەمەنە ناکاملەوە توشی ئەم کارەساتە بکرێت؟


٧-
بەپێی ڕاستیە مێژوییەکان موحەمەد وەک کەسێکی بەدەوی ، نەخوێندەوار بووەو کەسانی تر سورەتەکانیان بۆ نوسیوەتەوەو دوای مردنی خۆی کۆکراوەتەوە لەوانەیە بە دەستکاریشەوە ... بۆ ئەوەش لێکۆلینەوە ھەیە بە بەلگەی مێژوییەوە بۆنمونە لە کتێبەکەی عەلی دەشتی و زۆرێکی کەش ، بەلام محەمەد بۆ ئەو قۆناغە مێژویی و کۆمەلایەتیە پیاوێکی تێگەیشتوو بووە. لە ھەمان کاتدا کە موحەمەد بە رێنوێنیە جوانەکانی ھەولدەدات میللەتەکەی رێنوێنی بکات و ھەموو جۆرە ڕۆحانیەتێکی لە زار دێتە دەر ، بەلام ناکرێت قورئان لە باری دەستورە ئەخلاقیەکانەوە بە موعجیزە دابنرێت. محەمەد گێڕەڕەوەی نەریتێکە کە مرۆڤایەتی پێش چەندین سەدە لە ھەموو جێگایەکدا گوتویەتی. بودا ، کۆنفۆشیۆس ، زەردەشت ، سۆقرات ، عیسی و موساو زۆر کەسانی تر لەم پرەنسیپانەیان گوتوە. کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنھا ھەر ئەو حوکم و یاسایانەیە کە شەریعەتی ئیسلام ھێناویەتی.


٨-
ھاتنە خوارەوەی قورئان بۆ محەمەدو بەو شێوە ریوایەی قورئان باسی دەکات دەبێت ئەفسانەو دروستکراوی محەمەد خۆی بێت چونکە شتێکە لەگەل زانست و ئەقل و مەنتقدا ناگونجێت. محەمەد بە پێی پێویست لە کاتی جەنگ و ئاشتی و مەسەلەی ژن و تاد. سورەتی داڕشتوەو کردویەتی بە ناوی خوداوە بۆ ئەوەی خەلکی جاھیلی ئەو زەمەنە بڕوای پێ بکەن چونکە محەمەد مرۆڤ بووە ، کەواتە فێل کردن و سیاسەت کردنی تێدا بووە ...


٩-
کۆچی محەمەد بۆ مەدینە دەسپێکی گۆڕانێکی گەورە بوو لە چارەنوسی نەتەوەی عەرەبدا ، بەلام ئەم گۆڕانە ئەنجامی گۆڕانکاریەکی سەیرو سەمەرەیە کە لە کەسایەتی محەمەددا دەرکەوتوەو شیاوی ئەوەیە بکەوێتە ژێر لێکۆلینەوەی دەرونناسان و زانایان و پشکێنەرانی نھێنیەکانی ڕۆحی مرۆڤ. محەمەد پیاوێکی لە خودا ترس و دوور لە خراپەکاری و زاھیدێکی سەردەمەکەی خۆی و میللەتەکەی بۆ پەرستنی خودا بانگھێشت دەکرد ، پیاوێکی ئاوا کە ڕەوشتی مەسیحی بە تەواوی لە خۆیدا بەرجەستە کردووە کەچی لەپڕو ناکاو دەبێتە شەڕخوازێکی سەرسەخت و بێ لێبوردن دەیەوێت ئاینی خۆی بە زۆرو زەبری شمشێر بسەپێنێت. بەم شێوەیە ئیسلام بەرەبەرە لە شێوەی بانگەوازێکی تەواو و ڕۆحانیەوە بوو بە دەزگایەکی شەڕانی و تۆلەئەستێن کە بە ھێرشی کتوپڕ بۆ بەدەستھێنانی دەستکەوت گەشەی کردو کاروبارە داراییەکەی لەسەر زەکات و باج و بارمتە ھەلدەسوڕا. چەند نمونەیەکی لەم جۆرە کە لە سورەتی (التوبە)دا ھەیە ئەوە دەگەیەنێت کە مەبەستی محەمەد پێکھاتنی دەولەتێکی یەکگرتوی عەرەبە لەژێر ناوی ئیسلامدا. گرتنەبەری رێوشوێنی سەخت و بەکارھێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگ بۆ دەستەمۆ کردنی ئەو خەلکانەیە کە ھەر لەم سورەتەدا ئاماژەیان پێکراوە.


ئەگەر کەسێک بیەوێت محەمەد لە بەرگی پێغەمبەریدا ببینێت ، بەناچاری دەبێت سورەتەکانی مەکیی و بە تایبەت سورەتەکانی وەک (موئمنین و نجم) بخوێنێتەوە ، کە ڕۆحیانەتی مەسیح بە شێوەیەکی زەق و ڕوون لە ئایەتەکاندا دەبینرێت. بەلام ئەگەر کەسێک بیەوێت محەمەد لەسەر کورسی دەسەلات و یاسادانان ببینێت ئەوا دەبێت پەنا بباتە بەر سورەتە مەدەنیەکانی وەک (بقرەو النساء) و بە تایبەت سورەتی (نور). سێ چوار سال پاش ھیجرەت و بە تایبەتی لە دوای پاککردنەوەی مەدینە لە یەھوود وسەرکوتکردنی (بنی مێگلق) شوێنەواری میرایەتی چ لە فەرمانەکان و چ لە ڕەفتاری خودی محەمەدیشدا خۆی دەنوێنێت.


١٠-
پێویستیەکانی سەردەم وا دەخوازن قورئان رێفۆرم بکرێت وەک ئینجیل لەگەل سەردەمدا بگونجێندرێت چونکە ھەموو ئەوانە مرۆڤ نوسیویانەو بۆ قۆناغێکی کۆنی مێژو، و کۆمەلایەتی بووە ، بەلام ڕۆژگارێک ئاڕاستەکانی ژیان و ھوشیاری مرۆڤەکان ئەگۆڕدرێن و ئاین پێگەی لاواز دەبێت وەک لە ڕۆژئاوا تێبینی دەکرێت. ئەگەر بریار لای من بێت ئەوا وانەی ئاین لە قوتابخانەکاندا نەخوێندرێت بەلکو تەنیا مێژووی ئاین بخوێندرێت ، بۆ ئاشنابوون بە ھی ئاینە جیاوازەکانیش ، لە بری ئەوە زۆرتر بایەخ بە وانەو بوارە زانستیەکان و مێژوی نەتەوەیی بدرێت ، ھەروەھا گۆرینی زاراوەی سەوابتی ئیسلام لە دەستوری ھەرێمداو سوودیش لە یاسا نوێکەی کانتۆنی جەزیرە وەربگیرێت سەبارەت بە یەکسانی.

١١-
بە چاو خشانێک بە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دەگاتە پۆلی دوازدەی ئامادەیی بە ڕوونی دەبینرێت چۆن ئیسلامی و سەلەفیەکان دەستیان خستۆتە نێو مینھاجی خوێندنی قوتابخانەکانی کوردستان و لەوێوە دەیانەوێت مندالانی کوردستان بکەن بە ئیسلامیی لە لایەک و کەسێکی ڕەھاگەراو قەبولنەکەر بۆ ئەوانی تر لە لایەکی دیکە. بەرپرسی یەکەم لە بە سیاسی کردن و بە ئیسلامی کردنی مندالان لە قوتابخانەکان ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان نین بەڵکو وەزارەتی پەروەردەو وەزیری پەروەردەو سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ھەرێمن کە بەرپرسیارێتی یەکەمیان لەم کارە قێزەون و کارەسات ئامێزە دەکەوێتە ئەستۆ. بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی ھەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتیەوە تا دوازدەی ئامادەیی تەرخانکراون بۆئەوەی وا نیشان بدرێت کە ئاینی ئیسلام ئاینێکی سیاسیە، واتە ئیسلام لە توێی کتێبەکانی قوتابخانە نەک وەک ئاین نیشاندراوە بەلکو وەک ئادیۆلۆژیایەکی سیاسی بە خوێندکاران ناسێنراوە... لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی لە ھەرێمی کوردستان پێغەمبەر کراوە بە سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی. ئەوەش دیسان ھەمان ئەو ئارگومێنتانەیە کە کەسانی وەک قەرەزاوی و ئیسلامیەکان بەکاریان دێنن بۆ ئەوەی سوبغەیەکی سیاسی بدرێت بە ئاینی ئیسلام. بە موسوڵمان کردنی خوێندکار واتە کردنی قوتابخانە بە مزگەوت. ئەوەی زۆر بە زەقی لە تەواوی کتێبەکان بەرچاو دەکەوێت ئەوەیە کە دەق و چیرۆکەکانی کتێبەکان بە مەبەستی ئاشنا کردنی خوێندکار بە ئاینی ئیسلام نەنوسراوە بەلکو بە مەبەستی بە موسوڵمان کردنی منداڵەکان نوسراون. لێرەدا لە وانەی پەروەردەی ئیسلامی خوێندکاران وەک کەسێک پەروەردە ناکرێت کە قەبولی ڕەخنە بکات چونکە ئەوانەی ڕەخنە دەگرن "نەیارن" نەک کەسانێک بن کە تێگەیشتنێکی دیکەیان بۆ ئیسلام یان ژیان ھەبێت. (بۆ خالی ١١ ، بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتارێکی د.شێرکۆ کرمانج ، ئاوێنە ، ١٠ی کانونی یەکەم).


١٢-
مێژووی ئیسلام مێژوی دەسەلات و سیاسەت بوەو ئاین بۆ سیاسەت بەکار ھێنراوە. ئەو ناکۆکی و ململانێ و شەرەی نێوان شیعەو سووننە لە ١٣٥٠ ساڵی رابردوودا ، لە بنەرەتداو لە سەرەتادا ناکۆکی ململانێ بووە لەسەر دەسەڵات ، لە کوشتنی خەلیفەی سێیەمەوە دەست پیدەکات و دواتر لە شەری جەمەل لە بەسرەو لەشەری ێفین کە لە ھەدووکیاندا عەلی کوری ئەبی تاڵیب لایەنێکی سەرەکی شەرەکە بوو ، ناکۆکیەکە بەتەواویی تەقیەوەو بووە ھۆی سێپارچە بووونی موسوڵمانان ؛ یەکەم سوونەکان بە سەرکردایەتی معاویەی کوری ئەبوسفیان ، دووەم شیعە بەسەرکردایەتی حسێنی کوری عەلی ، سێیەم بریتین لە خەواریجەکان کە لە لەشکرەکەی عەلی جیابوونەوەو عەلیشیان لە کوفە کوشت. ئەو شەرو ناکۆکیانە بۆ ھێنانەدی ئامانجی سیاسی بووە ؛ ئەویش گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن و دەسەڵات و رابەرایەتی ئایینی ئیسلام. کەواتە ئیسلام حیزبایەتی و سیاسەتی کردوەو لە خەمی دەسەلاتدا بووە ، ئیسلامە سیاسیەکان کە کار لەسەر بە ئیسلامی کردنی کۆمەلگا دەکەن تەنیا بۆ ئەم مەبەستەیە گەرنا چ پێویستیەکیان بە دروستکردنی حیزبی سیاسی ھەیە؟ ئەوانەشی بە خۆیان دەلێن ئیسلامی میانڕەو بەلام ئەو کاتەی بڕوایان بە شەریعەو کردنی بە دەستور ھەبێت لە دەولەتەدا جیتر تراژیدیاکە لێرەشەوە دەست پێدەکات ...


١٣-
مۆدێلی ئیسلامی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە مێژووی خۆیدا سەرکەوتو نەبوەو لە ھەر شوێنێک ئەم ئاینە دەسەلات و دەولەت بوبێت پێشیل کردنی مافەکانی مرۆڤ تێیدا ھەبووەو نادادپەروەرانە مامەلەی ڕەگەزی مێینەشی کردوە ، ھەروەھا دەسەلات مەرکەزی بووە ، مەرکەزیەتیش لەگەل دیموکراسیەتدا نەگونجاوە ، ئیسلام لەو ١٤٠٠ سالەدا ئەمڕۆشی لەسەر بێت نەیتوانیوە شتێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بھێنێت. ئێستە لەگەل سەردەمی تەکنەلۆژیاو پێشکەوتن و جیھانگیری و مەعریفەو داھێنان و زانست و پێشکەوتنی بواری ئابوری و کۆمەلایەتی و شارستانیەت ھوشیاری کۆمەلایەتیش گەشەی کردوەو ئاین لەگەل خۆیدا ڕادەمالێت بەتاییبەت کە ئاین بە ئیسلامیشەوە ناتوانێت ببێتە سیستەمێکی ئابوری و کۆمەلایەتی سەردەم. پێش دە سال ئەوروپیەکان مەرکەبێکی بچکۆلەی پشکنینیان بۆ نیازکێک ناردوە کە ٦.٤ ملیۆن کم دوورە لە زەویەوەو لەسەر ئەو نیازکە بچووکە نیشتەوە کە ڕوبەرەکەی تەنھا چوار کم دوجایە بۆ لێکۆلینەوە لە کەون و زەوی ...تاد. ئەوەیە پێشکەوتن کەچی تازە بە تازە مەلاکان و بەناو زانا ئاینیەکانی لای ئێمە کە زانست لە ھەگبەکەیاندا نیە سەرقالی بە گەوج کردنی گەنجەکانمانن بە ناوی ئاینەوەو لە خەمی دروسستکردنی دەولەت و خەلافەتی ئیسلامین... ئەوە چ کارەساتێکە؟ ڕۆژئاواو ھاوشێوەکانی بە تەکنەلۆژیاو زانست و مەعریفە دونیایان داگیر کردوەو یەکێتیەکیان دروستکردوە کەچی بەو ھەموو دەولەتە ئیسلامیانەوە نەک ھەر یەکێتیەکی ئابوری و ئەمنییان نیە بەلکو لەسەر دەسەلات و چاوچنۆکی وەک گورگ کەوتونەتە گیانی یەکترو گەلەکانیشیان دوچاری کوێرەوەری و میحنەت کردوە. ئەو چەکانەش کە یەکتری پێدەکوژن لە دەولەتە مەسیحیەکانی دەکڕن کە ئیسلامیەکان بە دارالکفر و کۆمەلگاکانی بەربەرەلا نێویان دەبەن.


١٤-
خۆ ئەگەر ھەندێک لە ئاینەکانی تر توانیبێتیان رێپیشاندەرێکی باش بووبن بۆ کۆمەلگاو نوێگەرییان کردبێت بەلام ئیسلام ئەوەشی نەتوانیوە بکات و رێنسانسێکیش لە نێو ئیسلامدا ڕووی نەداوە وەک ئەوەی لە نێو ئاینی مەسیحیدا ڕوویداوە. ئەگەر بگەرێینەوە بۆ میژووی رابوردوی ئەوروپا دەبینین بە ناوی خواو پەیامی مەسیحییەوە داگیرکردن و جەنگ و توندوتیژی گەیەنراوەتە ئەمریکای لاتین و ئەفەریقاش و ئاین و زمانی ڕەچەلەکی خۆیان لێ زەوت کردن و ئاینی مەسیحییان بەزۆر بەسەردا سەپاندن. ئەوە ھەرچەندە پەیامی مەسیح بریتی بووە لە چاکسازی. مەسیحیەکان لەو سەردەمەدا کۆمەلکوژی و قەتل و عامی کردوەو جەنگی مەزھەبیشیان لە دژی یەکتر ئەنجامداوە ، باجیان سەندوەو سوپای چەکداریان ھەبووەو کەنیسە دەسەلات بووە بۆ خۆی. بەلام زانایەکی ئاینیی ئەلمانی بە ناوی مارتین لۆتەر پەیدا بوو کە بە چاوی ڕەخنەوە لە ئینجیل و تێزەکانی دەیڕوانی و دواتر ڕۆلێکی گرنگی بینی لە بە ریفۆرم کردنی ئینجیل و ئاینەکەو ٩٥ تێزی چاکسازی بلاو دەکاتەوەو لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا دژی پاپاکانی ڕۆم ھەلوێست دەردەبرێت. ئەمڕۆکە ئەم ئاینە ئاڕاستەیەکی تری ئیجابی بە خۆیەوە گرتوەو بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەلایەتی و عەلمانی تر ھاتنە گۆڕێ و سنوری بۆ دەسەلاتی کەنیسە داناو دین و دەولەت لە یەکتر جودا کرانەوەو مۆدێرنتر بووەو لانیکەم لە تەواوی ڕۆژئاوا جەنگ و توندوتیژی نێوان مەزھەبەکان ڕابوردووە. بەلام رێنسانسێک و مارتین لۆتەرێک لەنێو ئیسلامدا دروست نەبووەو ھێشتا بە فکرو ڕەفتار ھەر لە سەدەکانی ڕابوردا گوزەر دەکات. ئاینی بودا کە ئاینێکی ئاسمانیی نیەو ھەلگری تەنیا فەلسەفەی ئاشتیە، خاوەن زاناو کەسایەتیەکی نێودەولەتی وەک دەلەیلامایە ، کەسایەتیەکی لەم جۆرەش لە نێو ئیسلامدا نیە.


١٥-
ئەو ولاتەی ئێمەش وەک زۆرێکی تر بە حوکمی فتوحاتەکانی عەرەبی ئیسلامی و بە حوکمی شمشێر داگیر کراوەو بە زۆر کراوەتە ئیسلام. فتوحاتی ئیسلامی واتە داگیرکاری و تالانچێتی ولات و سامانی گەلانی دیکە بە ناوی خوداو ئیسلامی عەرەبیەوە. بەلام ئەوە ھیچ پەیوەندیەکی بە خودا پەرستیەوە نەبووە. ڕاستیە مێژوییەکان نیشانیانداوە بۆ عروبەچێتی و داگیرکاری بووە بە ناوی ئاینەوە ئیتر ئێمەی کورد چ پەیوەندیەکمان بەو ئاینەوە ھەیە. لە ڕاستیدا عەرەب جگە لە داگیرکردن و تالانکردنمان چیتر ھیچ شتێکی نوێیان بۆ ئێمە پێنەبووە. قورئان لە سەردەمی عوسماندا کۆکراوەتەوە بەلام فتوحاتی ئیسلامی و لەشکری عەرەب بەناوی ئیسلامەوە لەسەردەمی عومەردا بووە ، بەواتا ئەو لەشکرە عەرەبە داگیرکەرەی کە گوایە ھاتوون کوردستان ڕزگار بکەن و گوایە کورد بکەن بە موسولمان ئەوە لە کاتێکدا ئەو لەشکرە خۆیان بۆ ئەو قۆناغە مێژوییە ھیچیان قورئانیان نەبینیوەو ھەر نەشیانزانیوە قورئان و ئیسلام چیە. تەنھا بۆ داگیرکردن و دزی و تالانچێتی ھاتوون. ئەو دیاردە مێژوییە ڕاستی کەلتوری توندوتیژی و کەلتوری تالانچێتی عەرەبمان نیشان ئەدات لە مێژوی خۆیدا. کۆمەلکوژیەکانی ئەنفال نمونەیەکی بەرچاوە. دیارە رژێمی بەعس گەلەکەی خۆی باش ناسیوە بەو واتایەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا بوترێ سەریان بۆ ئێمەو مال و سامانیان بۆ ئێوە ، بە کۆیلە کردن و فرۆشتنی ژمارەیەک لە مندالانی ئەنفال بە دەرەوەش وەک دەستکەوتی جەنگ بینراوە. کەواتە عەرەب ئەگەر عێراقیش بەنمونە بھێنینەوە ھەر ھێشتا دیوێکی بەدەویەو کەلتوری بەدەویش ڕوونە چۆنە. لێرەدا پێویستە کورد لە مێژووی خۆی و لە مێژووی عەرەب و ئیسلامیش تێبگات و لە نوێوە پێداچونەوەو نووسینەوەی بۆ بکات.


١٦-
مەلا فاتیح شارستانی ئەو مەلایەی ، مەلا کامەران ع. خوارەحم لە نامەیەکیدا بۆ من ستایشی دەکات لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەیوت "ئینسان کە لە خوا غافل بوو لە دڕندەو ئاژەل کەمترە" یان ئەوەیە ئیسلامیەکان بەو ھەلوێست وەرنەگرتنەیان لێی ڕەزامەندن بەو سوکایەتی پێکردنە بە کۆمەلگاو بەوانەش کە مەلا کامەران لە لاپەڕەی فەیس بووکیداو لە نامەکەیدا بۆ من بە عەلمانی داعش نێوی بردوون. لە گرتە ڤیدیۆیەکی تردا مەلا فاتیح دەلێت " ژنان دەبێت ببنە کۆیلەی پیاوەکانیان بۆئەوەی لای پیاوەکانیان رێزیان لێبگیرێت ...تاد.". ئەم قسانە لە ولاتێکی پێشکەوتووی ھوشیاردا لە زاری قەشەیەکەوە بکرێت نەک ھەر لەلایەن ژنانیشەوە ریسوا دەکرێت بەلکو خۆی لەنێو قەفەسی دادگادا دەبینێتەوە. سەرجەم مەلاکان و "زانا ئاینیەکان" بە کوردو ناکوردەوە بەم ئەقلیەتە دەدوێن و بیردەکەنەوە. ئەوە چ سوکایەتیەکە ئەوانە بە ئافرەتان و مرۆڤەکانی دەکەن؟ ئایا بەم ئەقلیەتە دەیانەوێ ببنە بەدیل بۆ دەسەلات؟


ھەروەھا ئەمیری کۆمەلی ئیسلامی لە کەنالی (ئێن ئار تی) یەوە دەیوت تەنیا ئەوانە شەھیدن کە لە پێناوی خودا دەکوژرێن ، ئەوە چ سوکایەتیەکە بە شەھیدەکانمان دەکرێت کە لە پێناوی گەل و نیشتیماندا گیانی خۆیان بەخت کردوە دژی چەتەکانی داعشیش کە ئیسلامیەکان لە زاریانەوە نابیسترێت وەک تیرۆریست نێویان بەرن و بە ھەزارانیان بڕۆنە سەر شەقامەکان لە دژی داعش خۆپیشاندان بکەن. بەلێ داعش قوتابخانەیەکی بەھێزی ناو ئیسلامی سیاسیە. لێرەدا کە ئاماژەم بە داعش داوە ھاوشێوەی داعش لە سەردەمی سەحابەوە ھەتا ئەمڕۆکە ھەبوەو نکۆلی کردن لێی نایسرێتەوە. لێرەدا داعش لەناو ئیسلامدایەو خوێندنەوەیەکی تایبەتە بۆ ئیسلام و لە پەنای ئایەت و حەدیس و وتەکانی زانایانی ئایندا شەرعیەت وەردەگرێت و گەشەی کردوەو درێژە بە بوونی خۆی ئەدات.

لە نێوان ھەر چەند دێر قسەیەکدا ئەوانە ئایەتێکی قورئان و حەدیس دەھێننەوە ، ئایا ناکرێت خۆشیان خاوەنی لێکدانەوەو فکرو وتەی خۆیان بن و بەرامبەر بە زۆرێک لە ئایەتە ناتەندروستەکانی قورئان ڕەخنە گرانە بوەستنەوە؟ بەھۆی ئاینی ئیسلامەوە داب و نەریت و کەلتوری عەرەب زۆرێک لە داب و نەریت و بەھاو کەلتوری کوردەواری لاواز کردوە. لە قوتابخانەیەکی چۆمان لە پۆلێکدا لە ٣٨ خوێندکار ٣٧ی محەمەدی ناوە. دەولەتانێکی ئیسلامی ھەن کە بۆ بەرژەوەندی سیاسی نوخبەیەک مەبەستیانە کۆمەلگاکەی ئێمەش بکەنە ئیسلامی عەرەبی و حیزبە سیاسیە ئیسلامیە کوردیەکانیش بوونەتە ئامراز بۆ ئەم ئامانجە. یەکێک لە کێشەکان بۆ دروستبوونی دیاردەکە لاوازی لایەنە دیموکرات و عەلمانی و ڕۆشنبیرەکانە نەک ھەر لە کوردستاندا بەلکو لە تەواوی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت. لێرەدا پێویست بوون بە بناغەیەکی فکریی ھەیە کە لە ئەقلانیەتەوە سەرچاوەی گرتبێت و پشت بە عەلمانیەت ببەستێت بەلام تائێستە ئەم بناغە فکریە ئەقلانیە وەک پێویست بەردەست نیە.

١٧-
لە ڕۆژئاواش ئاین ھەیە بەلام بە تەقدیس نەکراوە وەک ئیسلام لای خۆمان. لە ڕۆژئاوا ئەحزابی ئاینییش ھەیە بەلام کۆمەلگاکە فرەیی و پلورالیستیەو دین و دەولەت لە یەکتر جودا کراوەتەوەو دەستوری تەندروست ھەیە کە جێگای ھەموانی تێدا بێتەوە ، نەک وەک ئیسلامیەکان کە دەیانەوێ تەنیا شەرع بکەنە دەستور بۆ کۆمەلگا کە دونیایەک ناعەدالەتی تێدایە، ئەو کاتە مافی ھەموو ئەوانەشی تێدا دەخورێت کە وەک ئەوانە بیرناکەنەوە. ئیسلامیەکان نابێت دونیا لەگەل ئاینەکەیاندا بگونجێنن بەلکو دەبێت خۆیان لەگەل دونیادا بگونجێنن گەرنا چارەنووسین وەک ئەوەی داعشی لێبەسەر دێت.. ئەوەندەی ئیسلامیەکان لە دەسەلاتدا نین باس لە دیموکراسیەت دەکەن ، ڕۆژگارێک بگەنە دەسەلات دلنیام دەبنە دیکتاتۆرێکی موتلەق چونکە سروشتی ئیسلامی سیاسی بەو جۆرەیە. ئەوان دەیانەوێ ئەو کەشوھەوا تاڕادەیەک دیموکراسیەی ولاتەکەمان لە ھەرێمی کوردستان بەکار بھێنن بۆ خۆ دروستکردن و گەیشتن بە دەسەلات بەلام ئەو کاتە دلنیام دیموکراسیەت لەناو دەبەن و دیکتاتۆریەت و دەسەلاتێکی ئاینی تۆتالیتێر لە جێگاکەی دروستدەکەن و دەماگێرنەوە بۆ تاریکاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و پێشتریش ، ڕەفتارەکانی تالیبان و القاعیدەو داعش و جبھە النێرەو ...تاد. تەنیا چەند نمونەیەکی کەمن بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونە.


١٨-
ھەندێک لە لێکۆلەرانی ئەندێشەمەندی عەرەب ، ئیسلام بە ڕوداوێکی ناوچەیی دەزانن و زۆربەی حوکم و بریاڕەکانیان داوەتە بەر ڕەخنەو پێیان وایە کە لەگەل کۆمەلگە پێشکەوتوەکاندا ناسازو نەگونجاوە. بۆنمونە دەلێن: لە شەوو ڕۆژێکدا پێنج جار دەستنوێژگرتن و ھەلسان بۆ نوێژو بۆ ھەر نوێژێکیش ڕوو کردنە مزگەوتێک ، یان دانانی مانگە قەمەریەکان بە پێوەری سال و مانگێکی بە ڕۆژو بوون ، واتە: لە بەیانیەوە ھەتا ئێوارەو دورکەوتنەوە لە ھەر جۆرە ھەلسوکەوتێکی تری ژیان. ئەویش بە پانی و فراوانی جوگرافیای زەوی لە ڕۆژەکان لە ھەندێک ولاتدا دەگەنە بیست سەعات و لە ھەندێکی تردا چوار سەعاتەو لە زۆر شوێن ھەرگیز ڕۆژئاوا نابێت ، نیشانی ئەدات کە دانەری "ڕۆژو" تەنھا ژینگەی حیجاز ، ئەویش حیجازی سەدەی حەوتەمی زاینیی کردۆتە پێوەرو ئاگای لە شوێنەکانی تری دنیا نەبووە.


١٩-
ھەموو ئەو مەعریفەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتوانەی ولاتە ئیسلامیەکان بەکاری دەھێنن بە پلەی یەکەم بەرھەمی ڕۆژئاوان بەواتا ھی مەسیحیەکانە ، لە کاتێکدا ئەوانە سەرقالی پێشکەوتن و داھێنانن بەلام ئیسلامیەکان تەنیا سەرقالی بە ئیسلام کردنی کۆمەلگاو پڕکردنی مزگەوتەکانن لە نوێژکەر. ئەوان دەیانەوێ سوودمەند بن لە تەکنەلۆژیاکانیان بەلام خۆیان بە دوور گرتوە لە زانستەکانیان وەک بواری فیزیاو بایۆلۆژیاو زۆری کەش و ھۆکارەکەشی روونە بۆچی.


٢٠-
لە ھەرێمی کوردستان ٥٢٠٠ مزگەوت ، ٢٧٠٠ تەکیەو حوجرەو فەقێخانەو خوێندنگەی ئیسلامی تێدایە. چەندین باندو گروپی ئیسلامی سیاسی بیروباوەڕ داعشزمی تێدایەو خاوەنی ھەزاران ئەندام و لایەنگرو دۆستن. بە ھەزاران مەلاو بانگخوازو مامۆستای ئاینی و مجێورو قورئانخوێن و فەقێ و خوێندکاری ئاینیی تێدایە. ئەمە ھەمووی بە پلەی یەکەم لە ماوەی ٢٣ سال دەسەلاتدارێتی پارتی و یەکێتیدا پەیدا بوون. ئەمە جگە لە سەدان بارەگای حیزبەکانیشیان کە ھەمویان لەسەر بودجەی گەل و پارووی ھەژاری خەلکیی دروستکراوون و بەرێوە دەچن.


ئیسلامچێتی بووە بە کەرەسەو سەرچاوەی ژیان و پارەو بزنس و تەمەلیی و کار نەکردن. بۆتە رێزو بالادەستی ژمارەیەکی زۆر لە مەلاو مامۆستای ئاینی و بانگخوازو مجێورو فەقێ و کارمەندانی وەزارەتی ئەوقاف و زۆرێکی تری ئیسلامی سیاسی لەنێو کۆمەلگای ئێمەشداو بەم رێگایەوە خۆشگوزەران دەژین. لە ھەموو شوێنێکیش خەلکانێکی نەزان و تێنەگەیشتو ، و نەخوێندەوار ، یان کەسانی بەرژەوەند پەرست رێزیان لێدەگرن و گوێڕایەلییان دەکەن ، بێوگومان بۆ ئەوانەی ئیسلام سەرچاوەی ژیان و دەسکەوتیانە بەئاسانی دەست بەرداری نابن. مزگەوتەکانیش بە ناوی نوێژو خوداپەرستی و ئیسلامەتیەوە کراونەتە شوێنی سیاسەت کردن و بە گەوج کردنی گەنجەکانمان. خۆ لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان باسی زانست و پێشکەوتنی زانست و گەردونناسی و زانستە کۆمەلایەتیەکان و فیزیاو کیمیاو شۆڕشەکانی کوردو کوردایەتی بۆ مندالان و لاوانی کوردستان ناکرێت. ئەوانە دژی ھەوو شتێکی ڕەسەنی کوردەوارین ، دژی جل و بەرگی جوانی ئافرەتانی کوردن ، دژی سروودی نیشتیمانی و ئالای کوردستانن و پێیان وایە ئالای کوردستان کفری تێدایەو پێشنیازی گەوجانە دەکەن اللە اکبری عەرەبی لە شوێنی ئەو ڕۆژە بنوسرێت. لەکوێ شتی وا ھەیە ھەول بدرێت ئالای نەتەوەیەک بە زمان و بە پیتی نەتەوەیەکی دیکە لەسەری بنوسرێت. ھەموو ئەوانە بێرێزی و سوکایەتی کردنە بە پیرۆزیەکان و ھێمای نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد. ئیسلام ھەر بە تەنیا ئاین نیە بەلکو فەرھەنگی عەرەبە. ئەگەر پێغەمبەری موسولمانان ، محەمەدی عەرەب ، عەرەب نەبوایەو کورد بوایە ، قورئانیش بە عەرەبی نەبوایەو بە زمانی کوردی بوایە ، ئایا ھیچ عەرەب و تورک و فارسێک ئەو کاتە محەمەدی کوردی و ئیسلامیان بە ئاینی خۆیان پەسەند دەکرد و دەبوون بە موسولمان؟ کورد دەبێت پێش ئەوەی موسولمان بێت کورد بێت و ناسنامەی نەتەوەیی ئەولەویەتی ھەیە.

٢١-
ئەگەر ئیسلامیەکان لای خۆشمان دەیانەوێ لەم ولاتەدا خزمەتێک بکەن ئەم خالانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن وەک کەمترین شت بۆ ئەم کاتە: دوور بکەونەوە لەوەی بەتایبەت *ڕۆژانی ھەینی بە موکەبەرە وتاری مزگەوتەکان بەو دەنگە بەرزە بۆ دەرەوە بگوازرێنەوە چونکە لەلایەک کەسانێک ھەن کە ئارەزویان لێی نیەو نەیانەوێ گوێی لێبگرن لە لایەکی ترەوە بێزار کردنی خەلکیی و کەسانی نەخۆش و مندال و پیریشە، ئەوە جگە لەوەی ھەینی ڕۆژی پشووە. موکەبەرەکان تەنیا بۆ ناوخۆی ھۆلەکان بن بۆ ئەو ئیماندارانەی کە باوەڕیان پێی ھەیەو گوێگرتنی تەنیا بۆ ئەوانە بێت بە داخراوی ، ھەروەھا بەیانیان زوو خەلک بێزار کردن بە بانگ لە دەیان موکەبەرەی مزگەوتەکانەوە بێئەوەی ڕەچاوی ئارامی و خەوی تەندروستی بەیانیان و بیڕورای جیاواز بکرێت ، ھەموو ئەوانە ھیچیتر نین لە دیکتاتۆریەت و سەپاندنی بەزۆری ئاین بەسەر خەلکیدا. بەو جۆرە خەلکی بێزار دەبێت لێیان.

لە بری مێشک شوشتنەوەیان تەنیا بە یەک ئایدۆلۆجی تەسک فێری بیری نەتەوەیی و زانست و شارستانیەتیان بکەن ھەر ئەمانەن لەسایەی ئیسلامە سیاسیەکانەوە دواتر خۆیان لە نێو داعشداو ھاوشێوەکانی دەبیننەوە.

لە ھەموو گەڕەکێک مزگەوتێک یان دووان ھەن بەلام لە ھیچ گەڕەکێک کتێبخانەیەک و شوێنێکی کەلتوری و ڕۆشنبیریی تێدا نیە بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەکە ، ھەروەھا سەنتەری مردوو شتن بە شێوازێکی شارستانیانە دروست بکرێت و دواتر بە ئوتومبێلی گونجاو بە رێزەوە بگوازرێنەوە بۆ ئەو گۆڕستانە بەداخەوە ھەڕەمەکی و ناشارستانیانەی لای خۆمان ھەن و ھەروەھا لەو مزگەوتە ناشیرینانە ئەشۆردرێن و زۆرجار دارەمەیتەکان لەسەر دیواری ئاودەستەکان دادەنرێن کە بێرێزیە بە کەسی موسلمان و مرۆڤەکان بە گشتی. لەو ھەموو پارەو بودجەو زەکات و پارانەی ولاتە ھاوبیرەکانیان وەری دەگرن شوێن بکەنەوە لانی کەم نیوەڕوان نانێکی گەرم بدرێت بە ھەژاران و پەککەوتەکانی سەر شەقامەکان. ھەموو ئەوانە لە ڕۆژئاوا کەنیسەکان دەیکەن کە موسولمانیش نین.


٢٢-
لە یەکێک لە سەرنجەکانی مەلا کامەران خوارەحم لە لاپەرەی فەیس بووکیدا سەبارەت بە فرە ژنی ئاماژەی بە عێراق و سوریا داوە وەک نمونە کە ژمارەی ئافرتان و قەیرە کج زۆرترەو کێشەکە بەوە چارەسەر دەکات کە پیاوێک ببێتە خاوەنی چەندین ژن لەبری ئەوەی ببنە لەش فرۆش. لە زۆربەی ولاتە ئیسلامیەکان رێژەی ئافرەت بەرامبەر بە پیاو زۆر جیاواز نیەو کەچی شەرع فرە ژنی داناوە بۆ پیاو ، ئەوەش بۆ ئەو پیاوانەیە کە خاوەن پارەو سامانن بەلام ھەژارەکان زۆربەی جار توانای خواستنی تەنیا یەک ژنیشیان نیەو دەبێت ژیانیان لە چاوەڕوانیدا بەسەر بەرن ، بۆ ئەوە دەلێن چی؟ بۆ بەرگری کردن لە فرە ژنی وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی ژن ناوبراو ئاماژەی بە رێژەی پیاوان و ژنان داوە بێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەو ئامارێکی دروست ، بۆنمونە نوسیویەتی لە ئەلمانیا ٥ ملیۆن ئافرەت زۆرترە وەک لە پیاو ئەوە ھەرچەندە رێژەی ژن و پیاو لە ھەر جێگایەک بێت خۆ نەنوسراوە دەبێت بۆ ئەبەدو ڕاوەستاو بێت. ئەو ژمارەیەی مامۆستای ناوبراو زۆر ھەلەیە ، ڕاستیەکە ئەوەیە بۆنمونە لە ئەلمانیا لە سالی ١٩٩١ بۆ ١٠٦٧ ژن ١٠٠٠ پیاو ھەبوە ، بۆ سالی ٢٠٠٩ بۆ ١٠٤٠ ژن ١٠٠٠ پیاو ھەبوەو رێژەکە ھەر نەگۆڕاوە. (بروانە ئینتەرنێت: www.rp-online.de/panorama/deutschland/in-deutschland-leben-mehr).
 
ئەی بۆ ئەو کۆمەلگایانە چی دەلێن ئەگەر رێژەی پیاو تێیاندا زۆرتر بێت لە ئافرەت.


٢٣-
دوبارە سەبارەت بە پێگەی ژن لە ئیسلام و لە قورئاندا: ( باری کەسێتی و مافەکانی ژنان لە شەریعەو قورئاندا ) لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە باری کەسێتی و "مافەکانی" ژن بدەم لە شەریعەو قورئاندا کە ئیسلامیەکان شانازی بە پراکتیزە کردنیەوە دەکەن: لە سورەتی النساء ٣٤ ھاتوە: ... "پیاوان سەرپەرشتیارن بەسەر ھاوسەرەکانیانەوە ، ئافرەتانی ژیرو دیندارو گونجاو ھەمیشە گوێڕایەلی مێردەکانیان دەبن ... ئەو ئافرەتانەش سەرکەشی و سەرپێچی بکەن ... لە ناو جێگادا پشتیان تێبکەن ئەگەر سوودی نەبوو (لێیان بدەن) ... تاد." بەلێ پێغەمبەری موسولمانان بەم یاساو شەریعەتە موسولمانانی فێری لێدانی ژن کرد.


سورەی النساء ١٥: ئەو ئافرەتانەی کە زینا دەکەن ئەوە چوار شایەتیان لە خۆتان لەسەر بگرن جا ئەگەر شایەتییاندا ، ئێوە لە مال بەندیان بکەن تا مردن یەخەیان پێدەگرێت ..." بەلام بۆ پیاو باسی بەندکردن و زیندانیی تێدا نیە ئەگەر ھەر خیانەتێکی ھاوسەرگیریی بکات.


ئایا ڕاستگۆیی و بێلایەنی ئەو شاھێدانە دەبێت لە کوێدا بێت؟ چارەسەری ئەم دیاردانە پێویستیی بە یاسای مەدەنی و شارستانی و لێکۆلینەوەی یاسایی ھەیە (یاسای تەندروست) نەک بەو شێوە ھەڕەمەکیەی لەو سورەتانەی قورئاندا ھاتوون. تەنانەت ژن بە نیوەی پیاو حیساب دەکرێت لە ئیسلامدا بۆ گەواھی و شایەتیدانیش. ئەوە چ سوکایەتی و ناھەقیەکە بە ژن کراوە لەم ئاینەدا.


لە سورەتێکی تری النساء ٢٤ ھاتوە: "پیاوان بەھۆی مال و داراییانەوە بۆیان ھەیە ھەتا چوار ژن بھێنن و گوناھیش نیە لە کەمکردنەوەی ئەو مارەییەی لەسەری رێکەوتبوون ...". لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە پیاوان بە حوکمی پارە دەتوانن بە ناوی شەرع و ئاینی ئیسلامەوە لەگەل چوار ئافرەتدا کاری سێکسی بکەن و بە ئارەزوی خۆیان بەسەریانەوە بنیشنەوە ، کەچی لە سورەتی النساء ٤٠ نوسراوە "بەڕاستی خوا بەقەدەر تۆزقالێک ستەم لە ئادەمیزاد ناکات". لێرەدا عەدالەتیی خودا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ٧٢ حۆریەکەی ئەو دونیاش ھەر بۆ پیاوەو گوایە ژنانی خاوێنیشیان ئەدەنێ و لەوێش ھەر پیاو دەمڕاستی ئافرەت دەبێت... لێرەدا ماف تەنھا بۆ پیاوەو وەک دەبینین سەرجەم پێغەمبەرانیش ھەر پیاو بوون. زۆرێک لە ئافرەتان بەھۆی خراپی باری داراییانەوەو بۆ بژێوی ژیانیان یان خۆیان و مندالەکانیان و باری چەوتی کۆمەلایەتییان بەناچاری خۆیان دەدەنە دەست ئەو جۆرە پیاوانە کە ببنە ژنی دوەم یان سێیەم و چوارەم ...


ئەم دیاردە قێزەونەی لە شەریعەی ئیسلامدا ھەیە لە ولاتە دیموکرات و پێشکەوتوەکان بە ھۆی دەولەتی سۆشیەل چارەسەر کراوە سیستەمی سۆشیەل و زەمانی کۆمەلایەتی ھەیە بۆ دایکان و بۆ بێکاران بە گشتی بە ئافرەتانیشەوە بۆ ئەوەی ھیچ مرۆڤێک ، ھیچ ئافرەتێک ناچاری برسیەتی و لەش فرۆشی نەبێت ، دیاردەی دەولەتی سۆشیەل کە لە دەولەتە ئیسلامیەکاندا نیە. چ ئافرەتێک بەختەوەرە بەوەی دوچاری ئەو جۆرە چارەنوسە بێتەوەو بە ئارەزووی خۆی ڕەزامەند بێت ببێتە ژنی دوەم ، یان سێیەم ، یان چوارەمی پیاوێک ئەگەر لە ئەنجامی ناعەدالەتی کۆمەلایەتیەوە نەبوبێت. ئایا بۆچوونی پیاوان چۆن دەبێت ئەگەر ئافرەتێک ھاوسەرگیری لەگەل چەند پیاوێکدا بکات؟ فرە ژنی لە پایەو کەسایەتی ئەو ئافرەتانەش دێنێتە خوارێ. لە ئایەتی ٥١ ی سورەتی ئەحزاب ھاتوە "... پێویست ناکات بۆ چوونە لای ژنەکانت نۆبە بگریت. ھەر کامیانت ویست بچۆ لای و ھەر کامیانت نەویست گوێی مەدەرێ. ڕەخنەت لەسەر نیەو ئازادیت و دەسەلاتی تەواوت ھەیە لە جێھێشتنیانداو بۆ ئەوانیش ھەر بەم شێوەیە باشە. خودا ئاگای لە ئارەزوە ڕەواو ڕاستەقینەکانت ھەیە". ئایا خوێندنەوەی ئێوەی ئیسلامی چیە بۆ ئەوە؟


ھەروەھا لە سورەتی النساء ١١ لە میراتدا بەشی نێرینەکان ئەندازەی بەشی دوو مێینەیە. لە دابەش کردنەکانی تری میراتیی ناو ئەندامانی خێزان و خزماندا ھەر ئافرەت زەرەرەو مەندە ، تەنانەت مافی کابانی مالیش بە ھەند وەرنەگیراوە. ھەر ئەوەش لە یەکێک لە سورەتەکانی شەریعە ھاتوە "ئەگەر پیاوێک حەز بەوە بکات لەگەل ژنەکەی بچێتە جێگاوەو ئەگەر ژنەکە ڕەتی بکاتەوە ئەوا فریشتەکان لەعنەتی دەکەن ...". ئەوەی کاتی خۆی ئەو سورەتانەی نوسیوە دیارە لە بەرژەوەندی پیاو نوسویەتی. ئافرەت لەم یاسا ئیسلامیەدا نەک تەنیا مرۆڤی پلە سێشە ، ھیچی تریش نیە جگە لە ئۆبجەکتێک بە تایبەت بۆ پیاو. ھەموو ئەمانە جگە لە بێرێزی و سوکایەتی بە ژن لە ئیسلامداو شکاندنی کەرامەت و باری کەسێتییان ھیچیتر نیە. ئەگەر ھەموو ئەوانە ئەو "مافانەیە" ئیسلام بۆ کۆمەلگا داوای دەکات ھەرگیز ناکرێ مەمنونی ئیسلام بین. لە مەزھەبی شێعەدا وەک مەزھەبێکی سەرەکی نێو ئیسلام سیغە کردن ھەیە کە ھیچیتر نیە جگە لە شوێنی لەشفرۆشیەکی کراوە.


ئەوە ڕاستە ژن لە ناوچەی دورگەی عەربی بە چاوێکی سووک دەبینراو زیندە بەچال کردنی کچۆلە ببوە ڕەفتارێکی بەربلاو ، ئیسلام توانی ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەک سنوردار بکات ، بەلام ئەوەش ڕاستیەکە کە ژن لای ئیسلام بەسەر چەند ئاڕاستەیەکدا دابەش دەکرا. ژنە کەنیزەکەکان نرخی مرۆڤیان بۆ دانەنرابوو. ژنە بڕوادارەکان بە نیو پیاو دادەنرا ، بەواتا یەک پیاو بەرامبەر دوو ژن کە ئێستەش لە زۆربەی بوارەکاندا لەنێو ئاینی ئیسلامدا پەیڕەو دەکرێت بۆنمونە لە شایەتیدان و میراتدا. ژن لە سعودیە تەنانەت بۆی نیە شۆفێری بکات ، و نەبوونی مافی ھەلبژاردن لەوێ و لە چەندین دەولەتی تری ئیسلامیدا یان مافی ھەلبژاردن لە کەمێکیاندا بۆ ژنان تەنیا لۆکالیین ، سعودیە ئەو دەولەتەی کە مەرکەزی ئیسلامیەتەو گۆڕی پێغەمبەری موسولمانانی لێیەو سالانە ملیۆنان حەجاجی بۆ دەچێت بۆتە ھۆی دەولەمەند بوونی بنەمالە فەرمانڕەواکان و یارمەتیدەری تیرۆر.


٢٤-
لە ئیسلامدا سنور بۆ دەولەمەند بوون دانەنراوە ، چینی ھەژارو دەولەمەندی تێدا دروستبوە کەچی پێیان دەلێن مرۆڤە ھەژارەکە دەبێت ڕازی بێت بەو بەشەی خودا پێیداوە. دەولەمەندە ئیسلامیەکان (ناکرێت ببیتە دەولەمەندێکی گەورە ئەگەر لەسەر حیسابی ئەندامانی ئەو کۆمەلگایە نەبێت) دەیانەوێ لەم دنیاش بیخۆن و بۆ مسۆگەر کردنی ئەو دونیاش دەیانەوێ بەدوو نوێژو ڕۆژو و کەمێک زەکات خۆیان پاک بکەنەوەو ناخی خۆیان پشوو پێبدەن و خوداش لە خۆیان ڕازی بکەن.


٢٥- سەبارەت بە عەلمانیەت بەردەوام لەم زاراوەیەدا ئیسلامیە سیاسیەکان ئاماژە بە زاراوەی عەلمانی توندڕەو ئەدەن و دەیخەنە ناو خانەی کۆمۆنیزم و ستالینیزمەوە ، من دەکرێ کۆمۆنیست و ستالینییش نەبم ، کەسێکی دیمکراتخواز بم ، لیبەرال بم ، چەپ بم بەلام عەلمانیش بم ، کێشەکەی ئەوانە لەم شوێنەدا ئەوەیە چونکە عەلمانیەکان داوای جیاکردنەوەی دین ئەکەن لەدەولەت بەلام عەلمانیەت بێ دیموکراسیەتیش لای من نەگونجاوە بەواتا نەمانی دیکتاتۆریەتی حیزب پێویستە بۆ تەواوکردنی عەلمانیەتێکی تەندروست گەرنا جیاوازی نابێت لەگەل توندڕەوی ئیسلامدا چونکە ئەو کاتە ھەردوو دەبنە رێگر لەبەردەم دیموکراسیەتدا. بیرکردنەوەی ئاینخوازێکی ڕادیکال ، ئیسلامێکی توندڕەوی تۆتالیتێرو دەمارگیر کە وەک فیل تەنیا بە یەک ئاڕاستە سەیر دەکات و لەوە زیاتر ھیچیتر نابینێت بۆ من ھیچ جیاوازیەکی نیە لەگەل ستالینیەک و تۆتالیتاریزمێکی ناسیۆنالیستی وەک نازی و بەعس.


٢٦- ئاینی ئیسلام ھەمووی بریتیە لە ترس و تۆقاندن و سوتاندن بە ئاگری جەھەنەم و شێوەکانی تری ترسی دەرونیی. لەم ولاتانەی ئێمەدا ھەموو شتێک ترسە ، ترس لە ھەژاری و نەبوونی ، ترس لە نەخۆشی و خراپی سیستەمی تەندروستی ، ترس لە گەندەلکاران ، ترس لە نەبوونی زەمانی کۆمەلایەتی ، ترس لە جەنگ ، ترس ، ترس... ئاینی ئیسلامیش بەردەوام تووشی ترسی کردوین بە ئەشکەنجەو سوتاندنمان لەو دونیا ھەروەک ئەوەی لە ژیانی ئەم دونیاماندا زۆر بەختەوەر بین. خەلکانێک لەبەر بێھیوایی و ناتەبابوونی و نابەختەوەری لە ژیانی ئەم دونیایداو بەھۆی چەندین ھۆکارەوە ، ھیوایەک ئەدات بەخۆی دل بە ژیانی بەھەشتێک و ئەو دونیا خۆش بکات ، شتێک کە بەقەناعەتی من بوونی ھەرگیز نیەو مرۆڤ بۆخۆی کردۆتە ئەفسانەیەکی باوەرپێکراو ، بەھەشت و جەھەنەم ھەر ئەوەیە کە لەسەر ئەم زەویە ھەیەو ھیچیتر. ژیان بۆ ملیاردەھا مرۆڤی ئەم سەر زەمینە بۆتە جەھەنەم. ئاین ھەندێکجار دەبێتە جۆریک لە ئیدمان بوون. ھەربۆیە ئەوانەی کە توانای تێگەیشتنێکی زانستانەو لۆجیکانەیان نیە بۆ دیاردەکە زۆرترین نوێژو عیبادەت دەکەن ، زۆرترین ڕۆژو دەگرن تەنیا بۆئەوەی خودا لە خۆیان ڕازی بکەن و لانی کەم لەو دونیا بحەسێنەوەو خۆیان داوەتە دەست وەھم و ئەفسانە. ئەوە تراژیدیە. کەواتە دیاردەکە لێرەدا دەرونی و قەیرانی رۆحیی و کێشە کۆمەلایەتیەکانی مرۆڤەکانە ، ئەو کاتەش کە کێشە ڕۆحیەکانی لە نێو ئەو کۆمەلگایەدا چارەسەر نابن زۆرانێک پەنا دەبەنە بەر خالقێک و لە ناخی خۆیاندا لەگەلی ئەدوێن و لێی دەپارێنەوەو خۆیان دەکەنە کۆیلەی ئەو ، بەم شێوەیە ئارامیەکی دەرونی ئەدەن بەخۆیان ، ھەربۆیە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی لەسەر شێوەی خۆی خوادیەکی بۆخۆی دروستکردوە نەک بە پێچەوانەوە. ئەم دیاردەیە لە ڕاستیداو لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە ئاینەوە نیە بەلکو زۆرتر بە قەیرانە دەرونی و کۆمەلایەتی و ڕۆحیەکانەوە ھەیەو زۆرجاریش ئاین دەبێتە جۆرێک لە ئایدیۆلۆژیا لە مێشکی مرۆڤەکاندا. بۆ لێنەسەندنەوەی ئەو ئارامیە رۆحی و دەرونیە ئەوانە چاو، و گوێی خۆیان لەبەردەم شیکردنەوەی ڕاستیەکان دادەخەن و پێی دەژین بەلام دەرئەنجامەکانیشی سەلبیە.

بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردانە لێرەدا دەبێت دەولەت شوێنی چارەسەرە دەرونی و رۆحیەکان پێکبھێنێت ، ھەروەھا بەرنامەی ئابوری عادیلانەی ھەبێت و کار لەسەر کەمکردنەوەی ھەژاری بکات ، سیستەمی کۆمەلایەتی تەندروستی ھەبێت و گەلەگەی تەندروست پەروەردە بکات و ...تاد. بەشێکی گەورەی موسولمانان عەرەبی نەزانن یان نەخوێندەوارن و لە ناوەڕۆکی ئەو زمانە قورسەی قورئان تێناگەن کەچی دەشبێت بەو زمانە نوێژ بکەن و گوێ لە قورئان بگرن. ئیسلامیە سیاسیەکان سوودیان لە ھەموو ئەم قەیران و تراژیدیا مرۆڤیانە وەرگرتوە بۆ ڕاکێشانیان بەلای ئایندا ، سودیان لە نەخوێندەواری و دواکەوتویی و ساویلکەیی مرۆڤەکان وەرگرتوە بۆ ئامانجێکی سیاسی و تەسک.


٢٧- کۆیلە بوون بۆ خودایەک کە مرۆڤەکانی خۆی بەو دڕندەییە دروستکردوەو ئەو ھەموو غەدرە بەبەرچاوی ئەوەوە دەکرێت و بێدەنگیشە لێی. ھەتا ئێستە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنیا زولموزۆر سەرکەوتو بووە. بۆچی خودا مرۆڤەکانی بە باشی دروست نەکرد؟ بۆچی شەڕو خراپەی نایە دل و دەروونی خەلک؟ بۆچی رێگایدا کورد ئەنفال بکرێت لەگەل ئەوەشدا کورد موسلمانە ئیتر چ پێویستیەکی بە ناردنی پێغەمبەر بووە؟ خۆ ئەگەر ھەموو شتێک وەک ئاین ئاماژەی پێئەدات لە چارەنووسی مرۆڤەکان نوسرابێت کەواتە بۆچی مرۆڤەکان کە لە شەقامێکدا دەپەڕنەوە دەڕواننە ڕاست و چەپی خۆیان نەوەک ئوتومۆبیلێک بیکات بە ژێرەوە. ئەگەر خودا مرۆڤ و ژیانی تەنیا لەسەر زەوی دروستکردبێت چیتر چ پێویستیەک بە دروستکردنی بلیۆن ئەستێرەی تر دەکات؟ ھەتا ئێستە ھیچ بەلگەیەکی زانستی نیە بۆ بوونی خوادیەک ، بەلکو ئەوە یاساکانی فیزیایە وەلامی دروستبوونی کەون ئەداتەوە ، ئەوە زانستی بایۆلۆژیایە وەلامی دروستبوونی زیندەوەر ئەداتەوە لەسەر زەوی ، تیۆریە زانستیەکان بەردەوام سەرقالی لێکۆلینەوەن تێیدا بەلام دوور لە وەھمی ئاین، بەلام ئاین توانای ململانێی ئەم زانستانەی نیەو ناشیەوێ خۆی لە قەرەشی بدات.


٢٨- لەو گەشتانەی خۆمدا کە بۆ ولاتانێکی زۆری ئەمریکای لاتین و ئاسیاو ڕۆژھەلاتی ناوەڕاستم کردوە تیبَینی ئەوەم کردوە ئاین بە پلەی یەکەم لە ولات و کۆمەلگا ھەژارو دواکەوتوەکان و کشتوکالیەکاندا زۆرترەو بە تینترە کە ڕۆشنبیری و ھوشیاری کۆمەلایەتی تێیاندا کزولاوازە.


٢٩- من ھاورێیەتیم لەگەل ھیچ ئاینێکدا نیەو پێویستیشم پێی نیە ، ئەوەش لە تێڕوانینێکی فەلسەفی و زانستی و مەنتقەوە سەرچاوەی گرتوە. من دەکرێ ئایندارو موسولمان نەبم و پێڕەوی پرەنسیپە ئەخلاقیەکانی ژیانیش بکەم باشتر لە دیندارێک. تێڕوانینە فەلسەفیەکان بۆ ئەخلاق وەک یەک نیە. من ئەم ئازادیە ئەدەم بەخۆم و ئەوەش ئەدەم بە کەسانی تر ئازادانە پیادەی ئاینەکەی خۆیان بکەن بەلام دژ بە ھەموو توندوتیژی و ڕەفتارو فکرێکی تۆتالیتاریم ئیتر چەپ بێت ، یان ڕاست ، یان ئاینی بێت. قەناعەتیشم وایە مرۆڤایەتی بە ئەزمونەکانی خۆیدا دەڕوات تا دەگاتە ئەو باوەڕەی کام لە سیستەمە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان باشترین و گونجاوترینە بۆی.


٣٠- لە کۆتایدا دەمەوێ بە ئیسلامە سیاسیەکان بلێم ھەول بدەن شۆڕشێکی فکری لە خۆتاندا بکەن و وەرنە سەر رێگای ڕاست ، رێگای سیڕاتی موستەقیم و عەلمانیەت و پێشکەوتن و شارستانیەت و دیموکراسیەت و فکری کۆمەلگای مەدەنی و فرەیی و ئازادی تاک ... سوودیش لە یاسا نوێکەی کانتۆنی جەزیرەش وەربگرن بۆ یەکسانی.
____________________________
سەرنج: بۆ ئەم نووسینە سوودم لە کتێبەکەی عەلی دەشتی بینیوە ، ٢٣ سال پێغەمبەریی ، وەرگێڕانی، ئاکۆ مەحمود. ھەروەھا بۆ سورەتەکانی النساء بڕوانە تەفسیری ئاسان بۆ تێگەیشتنی قورئان.

____________________________

* پ. ی. د. سالار باسیرە: پسپۆر لە بواری زانستە سیاسیەکاندا.

 


dr.salarbasira@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک