|
١٥\١٢\٢٠٢٥
ڕێگەکان دەڕواننە کوێ.

ئەرسەلان مەحمود
چۆلەکەیەکی قەرەجی،
جریوەی یادەوەرییە شیرینەکانی دەفرۆشێت!
هەورە ژنێک لە جامی ڕابتۆرێکەوە،
نمنم بەسەر شۆستەکاندا دەبارێت!
منداڵێک جێگۆڕکێیەتی لەگەڵ مانگدا،
یەک یەک ئێوارە غەمگینەکانی لە دڵدا دەسڕێتەوە و
تەڕ و توشی ڕێگەوبانەکانی نائومێدی
تەی دەکات...
لە کێڵگە خەماوییەکانی شەودا دەخەوێت!
ئەوەی زۆرتر هەنگاو دەنێت، کەمتر دڵنیایە.
ئەوەی هیچ ناجوڵێت، دەسرۆکەدار و چۆپی
کێشە...
کەڵەکێوییەکانی شاخ بە تاسەی نیشتمانەوە
سەر دادەنەوێنن و لە خەیاڵی خۆدا
وندەبن!
دەرگەی ماڵەکان زوو دامەخەن،
شەهیدەکان مودەتێکە هەموو شەوێک دەگەڕێنەوە...
شۆڕشێک دەبینم لە تاریکیدا گەشە دەکات.
نازانم شۆڕشە یان سێبەری شۆڕشەکان،
کوێرێک لە کوێرێکی دیکەی پرسی: ڕەنگی
تاریکی چییە؟
وتی: وەک دەنگی بێدەنگییە - کەمێک قووڵتر...
نامەیەک بۆ کەسێک دەنووسم، نایناسم.
هەموو ئەو شتانەی تێدا دەنووسم هەرگیز نەمتوانیوە
بیانڵێم!
دەیسووتێنم، خۆڵەمێشەکە بەرەو سەر سەیرم دەکات...
تێدەگەم تەنها بەم شێوەیە دەیتوانی
بگات!
لە پەنجەرەکەوە سەیری باران دەکەم.
ساڵانێکە چاوەڕێی ڕۆژێکم هیچ چاوەڕێی نەکەم.
ڕێگەکان دەڕواننە کوێ؟ پرسیارێکی قووڵە!
بارانەکە بەردەوامە. من هێشتا لێرەم.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|