١٥\٨\٢٠٢٤
رەگەزپەرستیی دیاردەیەکی شەمئاوەر و نامۆیە بە
جیهانی هاوچەرخ و کۆمەڵی بەریتانیا!
- پەیامێك لە دەشتی جەمالەوە بۆ پەنابەران و ئازادیخوازان -
لە ئاکامی ئەو هێرش و شەقاوەچێتیەی گروپە ڕاستڕەوەکانی بەریتانیا، ماوەی
زیاتر لە هەفتەیەکە لە ژمارەیەك لە شارەکانی باکوری بەریتانیا و
بیلفاست دژ بە خەڵکی بیانی و پەنابەران دەستیان بۆ بردوە، چەندین
رووداوی ترسناكی وەکو سوتاندنی دوکان و مزگەوت پەلامار بۆ سەر
هۆتیلەکان و هۆستیلەکان و شۆینی داڵدەدانی پەنابەران و شکاندنی
پەنجەرەی ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە کە خەڵکێك تەنها لەبەرئەوەی
رەنگیان جیاوازو لەم وڵاتەدا چاویان هەڵهێناوە، دەستی پێکردوەو شۆێنێکی
ئارامیان بۆ نەماوەتەوە.
ئەم توندوتیژیی و کردەوە
رەگەزپەرستییە دژی خەڵکی نا ئینگلیز و پەنابەران
ئاکامی ڕاستەوخۆی پڕوپاگەندەی گروپ و دەستە ڕاستڕەوەکانە کە ئامانجیان
پەلاماردانی هەموو دەستکەوتەکانی چینی کرێکارو خەڵکی شارستانیی
بەریتانیایە و پاشەکشەپێکردنیەتی. تۆوی تەفرەقە و دوژمنایەتی لەناو
مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا دەچێنن و لەسەر بنەمای نەتەوەچێتی و ڕەنگی
پێست و باکگراوندی جوگرافیان دابەشیان بکات و بیانکاتەوە بە گژی
یەکتردا. نابێت ڕێگە بدەین کۆمەڵگای لێبووردە و شارستانیی بەریتانیا
بەرەو دەمارگیری و جیاکاری ببرێت کە گۆشەیەکی سەرەکی بەرنامەی ئەم
ڕاسیزمەیە.
ئەم شڵەژان و ئاژاوانە بەدوای هێرشی هەرزەکارێکدا هات کە لەیەکێك لە
فێرگەکانی سەماکردنی منداڵان چەند مناڵێکی کوشت و بریندارکرد لەشاری
ساوسپۆرت. ئەم تاوانە دژی مرۆڤایەتیە جێگەی سەرزەنشتە و ویژدانی
هەموانی ڕاچڵەکاند. ئێمە لە قوڵایی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆ
کەسوکاری ئەو منداڵانە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان
دەخوازین. دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان لەم کارەساتە دڵتەزینەدا. بەڵام
بەداخەوە حیزبە راسترەوەکان و ئەم
رەگەزپەرستییە کوێرە ئەم ڕووداوەیان
بەدەستەوە گرتووە و بانگەشەی قین و رق و دوژمنی کهلتوری جیاوازو دژایهتی
بێگانە دەکەن تا پەنابەرانی پێبکەنە سەرچاوەی تاوان و قەیران و
تەنگانەی سیاسی و بێکاری و گرانییەك کە بەرۆکی بە کۆمەڵگای گرتوە و
ئاکامی دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانە.
لەکاتێکدا پەنابەران هەڵهاتووی ناچاری و ئاوارەی دۆخێکن کە باج لە
ململانێی نێوان بلۆکە ئیمپریالستیەکان بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکانی
پێگەی دەسەڵات و بازاڕی کاڵاو سەرمایە وەردەگرێت. پەنابەران قوربانی و
ماندوی ئەو ئامانج وستراتیجە جیهانییەن کە دەوڵەتە زلهیزەکانی دنیا
جارێکی تر بۆ ئارایشدانەوەی جیهان و رۆڵی ڕابەری و سازدانەوەی فۆرمە
ئابوری و سیاسیەکانی جیهانی سەرمایەداری، جەنگ و دەربەدەری ئاوارەییان
کردۆتە بەشی کۆمەڵگاکانی ئەو پەنابەرانە کە هەڵبژاردنی ژیانێکی ئارام و
سەلامەتیان لێسەندراوەتەوە..
ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بانگەوازی پەنابەران و
ئازادیخوازان و رێکخراوەکانی دژی
رەگەزپەرستیی و فاشیزم ومرۆڤدۆستەکان دەکەین
کە پێکەوە ریزەکانمان یەکبخەین دەنگمان بکەینە یەك دژی
رەگەزپەرستیی و
جیاکاری کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگای شارستانی ئەم سەردەمەدا
نایەتەوە.
توندتیژیی بە توندوتیژیی وەڵام نەدەینەوەو لەپاڵ بەرەی مرۆڤدۆستی و دژی
رەگەزپەرستیی و فاشیزمدا ڕابوەستین. پۆلیس و دەزگایەکانی ئاسایش
بەرپرسیاریەتیان هەیە لە پاراستنی ئاسایش و ژیانمان بەرامبەر هەر
دەستدرێژیەك بۆ سەر ژیانمان، هەموان پێویستە لەبەرامبەر یاسادا یەکسان
بین. با بە یەکگرتوانە ریزی برایەتی و مرۆڤایەتی، لێبووردەیی و پێکەوە
ژیانی مرۆییمان بەدەر لەجیاوازی جوگرافی، ڕەگەزی و ئاینی، نەتەوە.. کە
پێویستی مرۆییمانە، داهاتوویەکی دور لەتوندوتیژیی و دادپەروەریی و
یەکسانیی و ئازاد و ژیانێکی ئارام و پارێزراو بۆ خەڵکی بەریتانیا
مسۆگەر بکەین.
فیدراسییۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی
|