١٧\١٢\٢٠١٨
رەھەندەکانی مردن.

سمکۆ محەمەد
- بەشی یەکەم -
بوون و مردن
دوو چەمکی دژ لە نێوان فەلسەفەی ئیدیالیزم و ماتریالیزمدا.
باسکردن
لەبوون کە باسێکی قورسە و پەیوەندی بە مێژووی راستەقینە و دۆزراوەی
بەشەریەت و گیانلەبەرەکانەوە ھەیە، ھەروەھا باسکردنە لەشێوەی ھاتنی
ئینسان بۆ سەر زەوی یان سەرھەڵدانی فەلسەفەی ژیان، چونکە بەبێ قسەکردن
لەسەر خودی ئینسان کە عاقڵترین بونەوەری سەر زەمینە و بە ھۆی لۆژیک و
ئاخاوتنەوە، جیاوازە لەبوونەوەرەکانی دیکە و بەمەش خۆی خستۆتە دەرەوەی
سرووشت، ھەروەھا باسکردنە لە ناکۆکیەکان کە دوالیزم و ئەو نھێنیانەی
بوون تەواودەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە باسکردنە لە چاخە کۆنەکان و
میسۆلۆژیا و چارەنووسی ئینسان بەپێی تێگەیشتنە جیاوازەکان، ھەر بۆیە
جھان ھەموو شتەکانی پێکەوە بەستووە و بوون کۆتایی نایات، "سارتەر لە
باسی پەیوەندییە مرۆییەکان لەکتێبی بوون و نەبوون دا، لەوباوەڕەدا بوو
کە ئەویتر سنوورێکە لەبەردەم ئازادی تاکەکەس و پەیوەندی نێوان تاکە
ھۆشیارەکان، لەشوێنێکی دیکەشدا دەڵێ ( تاک کاتێک دەتوانێ بەئازادی خۆی
بگات کە بەو رادەیەش ئازادی خەڵکانی تر لەبەرچاو بگرێ، چونکە ئازادی
بوون بەستراوە بە بە ئازادی ئەویی ترەوە" (١) لێرە بابەتەکە لەسەر بوون،
پەیوەندی بە دژەکانەوە ھەیە، ئەو دژانەی کە لە بازنەی ھۆشیاریدا سنوور
بۆ ئازادی دادەنێ، بۆیە ئەمە وەک شێوەیەکی دیکەی بوون ھەژمار کراوە.
کەوابوو بوون لەوێوە دەستپێدەکات کە جەوھەری شتەکان و دیاردەکان ئاشکرا
بکات، "ئەبیقۆرس باوەڕی وایە سرووشتی ژیان لە گۆڕاندایە و لەگۆڕان
لەگەڵ دژەکان، ژیان گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ مردندا دەکات و بە مردنیش ژیان
درووست دەبێت، بەمجۆرە ژیان و مردن گەڕانەوەیەکی بێ کۆتاییە بۆ سەرەتا،
ئەمەش بۆ پێکەوە بەستراوی جھان دەگەڕێتەوە، دواتر پارمەندیس نکۆڵی
لەتیاچوونی یەکجارەکی ئینسان بە مەرگ دەکات، چونکە بنەمای جێگری (پابت)
بنەمای سەرەکیە لە بوونداو گۆڕاوی شتێکی تێپەڕو وەھمیە" (٢) کەچی
ھایدگەر جیاواز لە فەلسەفەی بوونگەرایی سارتەر، وەکو بیرمەندێکی
بوونگەرای ئایدیالیستی بوونی بەخودەوە بەستۆتەوە و لەدوو ئاکامدا کۆی
کردۆتەوە" ئێمە ئەم جۆرە ھەبووەین کە دەمانەوەی بوونی شیبکەینەوە،
بوونی ھەر یەکێک لەو ھەبووە لە ھەموو حاڵەتێکدا خودی منە، ئەم ھەبووانە
لە بونیاندا روو لەبوونی خۆیان دەکەن، ئەم جۆرە ھەبووانە بەم بوونەوە
بە بوونی خۆیان دەگەن، بوون بۆ ھەر یەکێک لەئەوان دەبێت بە کێشە و
دیاریکردنی خەسڵەتی دازاینیش بەمشێوەیە دوو ئاکامی لەدواوەیە، ئاکامی
یەکەم جەوھەری ئەم ھەبووە لە بونیدایە، وەکو چییەتی ھەیە. (essentia)
بەو شێوەیەی بتوانین باسیبکەین، لەبونیدا، (essentia) پەیدا بکرێت،
بەڵام لێرەدا ئەرکە ئەنتۆلۆژیەکەمان دەرخستنی ئەو خاڵەیە، کاتێک بوونی
ئەو ھەبووە، وەکو ھەبووێک دیاریدەکەین دەبێت بزانین واتای
ئەنتۆلۆلۆژیانەی چەمکە نەریتیەکەی نابەخشێت، ئەنتۆلۆژیانە بۆ بابەتێکی
دەرەکی دادەنرێت کە ھەبوونی خەسڵەتی دازاین وەردەگرێت، بۆ دوورخستنەوەی
سەرلێشێواندنی وشەی (essentia) بۆ بابەتی دەرەکی دادەنێین، ھەروەھا
وشەی (exisetnecne) کە ئاماژە بۆ بوون دەکات تەنیا دازاین بەکاردەھێنین،
دووەم ئەو بوونەی بۆ دازاین دەبێت بە کێشە لە ھەموو حاڵەتێکدا بوونی
منە، کەوابوو نابێ دازاین بە حاڵەت و بوونی جۆرێکی گەورەی ھەمووەکان
وەکو بابەتێکی دەرەکی ئامادەبوو دابنرێت" (٣) لێرەدا ھایدگەر قوڵتر
لەبوون تێڕادەمێنێت و لەخودی بووندا بەدوای بونێکی قوڵتر لەبوونی
ئینساندا دەگەڕێت، چونکە ئەو ئەگەرەکانی بوون بۆ خاوەندارێتی و
رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی دەگەڕێنێتەوە کە لە خەسڵەتی بوونی ئینساندا ھەیە.
ھەڵبەت ھایدگەر دواتر کێشە و جیاوازی نێوان رەسەنایەتی و ناڕەسانایەتی
بوون موناقەشە دەکات و زیاتر روونی دەکاتەوە و دایدەبڕێنێت لە و
دەیگەڕێنێتەوە بۆ بیرکردنەوە لە جھان، واتە گشتگیرتر لەو بوونەی کە
تەنھا ئینسانی تێدا ببینین و سرووشت پشتگوێ بخەین کە بەر لەبوونی
ئینسانە، ئەو جھانەی کە زیاتر لە مانایەکی ھەیە بۆ بوون، بەمەش ئەوەمان
پێدەڵێ کە تێگەیشتن لەجھان، تێگەیشتنە لەبوون و ھەموو ھەبووەکانی دیکە
لەگەڵ شتەکان و دەوروبەر لەگەڵ کەسانی دیکە ئاشکرا دەبن، ئەلێرەوە
ھەموو خودناسێک پرسیار لە بوونی خۆی دەکات و پرسیارەکەش
ئەپستمۆلۆژیانەیە و ئەو گومانە دەخاتە نێوان ئیدیالیزم و ریالیزم،
بەمانایەکی دیکە مردن خود بەرەو رەسەنایەتی دەبات.
ھایدگەر لێرەدا زیاتر جیاوازی بیرکردنەوەی خۆی لە کێشەی بووندا
دەردەخات، وەختێک باسی ئەزمونی رۆژانە بۆ ویژدان و ئاوڕدانەوە لە ژیانی
رابردوو، مەبەست لە رابردوو ئەوەیە کە ئینسان چۆن بتوانێ راڤەی
ئەنتۆلۆژی خۆی بکات لەکاتێکدا خاوەنی بوون خودی کێشە ئەزەلیەکەی
ئینسانە، ھایدگەر بڕوای وایە کە مردن تاکە پڕۆژەیەکە کە ھیچ کەس
ناتوانێ لەبری کەسێکی دیکە بەئەنجامی بگەێنێت، بەڵکو مردن تاکە
پڕۆژەیەکە بایەخی بۆ بوون ھێشتبێتەوە.
ھایدگەر لەکتێبی (بوون و کات) دا، باس لە خەسڵەتێکی ئەنتۆلۆژی مەرگ
دەکات کە (پەیوەندی و نادەستبەرداری) دەکات، بەمانایەکی دیکە ئەو
مەرگەی کە کۆتاییەکی ھەیە بۆ بوون، لەوێدا بوونی دازاین کۆتایی پێدێت،
ھەڵبەت کۆتاییش لەژیان واتە مەرگ بەنیسبەت ئینسانەوە، بوونی
رەسەنایەتیش واتە بوونی ئەو دیاردانەی ژیانە کە جگە لەمەرگ
ناڕەسەنایەتی دەسەلمێنێ، ئەوەی کە سیناریۆکانی ژیانی رۆژانەدا دەیبینین،
ئەوەیە کە مردن نکوڵی لە ژیان ناکات و رەتیشی ناکاتەوە، روودانی ھەر
ئەگەرێک و مەترسییە پێشبینیکراوەکان، ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندیەیە کە
ئەگەرێکی حەتمی ھەیە ئەویش مردنە، ھایدگەر گەرەکیەتی ئەو نیگەرانیەی بۆ
مەرگ ھەیە کە لەدەستدانی جەستەیەکە لە روحێک کە بەرھەمھاتووی دازاینە،
بەو مانایەی کە مردن جێگەی کەسێکی تر ناکاتەوە بۆ ژیان، واتە کەسێک
نییە جێگەی کەسێکی تر بگرێتەوە، مەگەر لەچەشنی سیمبول یان ئەو
پەیوەندییەی کە لە شێوەی خۆ بەخاوەنکردنی روحێکدا خۆی بەرھەمدێنێتەوە.
وەکو گوتمان سارتەر بونگەرایەکی ماتریالیە و بەجیاواز لەو بوونگەراییەی
ھایدگەر تەماشای بوونی کردووە کە دژە ئیدیالیستیە و باس لە بوونێک
دەکات لەدەرەوەی خودی بوون ئەو دەڵێ "رێگەیەکی دیکە ھەیە بۆ تێگەیشتن
لە پەیوەندی نێوان بوون و نەبوون، ئێمە دەتوانین ھەردوکیان یەکسانی بە
پێکھاتە پێویستیەکانی جھانیان دابنێین، بەبێ ئەوەی ھیگڵ ئاسایی بڵێین،
بوون دەچێتە نێو نەبوونەوە، یان بەبێ ئەوەی سووربون لەسەر پێشخسنی بوون
جەخت لەسەر ھاو تەرازوبوونی ئەم دوولایەنە دەکەین، ھەر ئەم بۆچوونەشە
ھایدگەر روونیکردۆتەوە" لەشوێنێکی تردا تایبەت بە مەسەلەی بوون، بڕوای
بەو تێزەیە کە" (بوون ئەو شتەیە و لەدەرەوەی ئەودا ھیچ نییە) کەوابوو
نەبوون وەکو پێکھاتەیەکی نوێی راستەقینە بۆ ئێمە سەریھەڵداوە، لێرەدا
گرفتەکەمان ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە بە تەنیا لەسەر پەیوەندی نێوالن مرۆڤ
و بوون لەنێو خۆی ناکۆڵێتەوە، پێویستە باسی پەیوەندی نێوان بوون و
نەبوون، نەبوونی مرۆڤ و بوونی بەرزیش بکەین". (٤) بەشێک لەوەی کە
فەیلەسوفەکان لەبارەی بوونەوە پرسیاری ئەزەلییان ھەیە و وەڵامی
کۆنکرێتی دەوێ و قورستری کردووە، ئەوەیە کە ئینسان بەھۆی ئەوەی لە
ویژدان دادەبڕێت، ئیدی ناتوانێ ئەو بوونە بسەلمێنێ کە نەبوون وەکو دوا
مەنزڵگە دیاری دەکات، بۆیە مەسەلەکە لێرەدا ئەو دژانەیە کە یەکتر تەواو
دەکەن. لێرەوە تێدەگەین کە یاسای دژەکان کە لەسرووشتدا ھەیە، لە
مەسەلەی مان و نەمان و ژیان و مەرگ کە پەیوەستە بەھەموو سروشتەوە
وەرگیراوە، چونکە دژەکان تەنھا لە نھێنیەکانی دونیا و ئەو شتانە نیە کە
ئینسان قسەیان لەبارەوە دەکات و خۆی جیاکردۆتەوە لە سرووشت و خۆی
کردووە بە سەنتەری دەسەڵاتێک لەسەرووی ھەموو ھێزەکانی سرووشتەوە کە
دواجار ھێند دوور کەوتۆتەوە خۆی دابڕاندووە لە سروشت، ئەمەش وایکردووە
کە دژەکان سەرەتاکەی لە بوونی ئەو پارادۆکسەی ژیان و مردنەوە سەرچاوە
دەگرێت کە ھەم مانایەک دەدات بە دوو چەمکەکە و ھەم ژیان بێمانا دەکات و
ھەم مردن.
رەتکردنەوەی جۆرێک لە بایەخ بە بوون، رەتکردنەوەی تێگەیشتنی
میتافیزیکییە بۆ ژیانێکی تر کە نەبوونی لە پشتەوەیە و جۆرێکە لە
یاخیبوون لەو ئەگەرە چاوەڕوان نەکراوانەی بۆ ئینسان دێتە پێشێ، " چونکە
لە سەردەمی قابیل ەوە یەکەمین یاخیبوون لەگەڵ یەکەمین تاوانی کوشتندا
بەیەک دەگەن، بەڵام مێژووی یاخیبوون، بەوشێوەیەی کە ئێستا تیایدا دەژین،
مێژووی کوڕەکانی قابیلە زیاتر لەوەی مێژووی قوتابیەکانی پرۆمیسۆس بێت،
بەمپێیەش بەتایبەتی ئەوە خواوەندی پەیمانی کۆنە کە ھێزی یاخیبوون
دەخاتەگەر بەڵام بەپێچەوانەوە، کاتێک لەگەڵ باسکاڵ دا رۆژگاری
یاخیبوونی ئەقلانی تێدەپەڕێنین، دەبێ مل بۆ خوداکانی ئیبراھیم و ئیسحاق
و یەعقوب کەچ بکەین". (٥)
بوون بەبێ مەرگ چێژێکی نامێنێ، ھەر ئەمەشە کە فەلسەفەی ئایدیالیستی
زاڵکردووە لەعەقلیەتی کۆمەڵایەتیدا کە رێکخستنێکی خودایانەی سەروو
عەقڵیەت و تێگەیشتنی ئینسانە، سوکرات لەمبارەیەوە باوەڕی بە نەمری روح
ھەیە و بۆ سەلماندنی نەمریش حەوت بەڵگەی بنەڕەتی دەخاتە روو،
گرینگرتینیان ئەوەیە شت دژەکەی قەبوڵ ناکات، واتە ھەر شتێک تایبەتمەندی
ژیانی تێدابێت، نابێت تایبەتمەندی مردنیشی تێدابێت، ناکرێ بەفر لەخۆیدا
بگەڕێتەوە بۆ گەرمی کە دژەکەیەتی، واتە یاسای دژەکان لەلای سوکرات
ھێشتا سەلماندنی ئەو بوونە نییە کە دوای خۆی موناقەشەی دروستکردووە،
بەھەرحاڵ ئێمە دەبینین کە ئەفڵاتۆن دەڵێت دەروون، روح بریتیە
لەسەرچاوەی ژیان، چونکە ژیان بەسەرجەم ئەم جەستانەدا پەخش دەکات و
دەچێتە ناوی، واتە روح بەشدارە لەوێنەی ژیاندا کەواتە ئەوەی دژی ژیان
بێت دەروون قەبوڵی ناکات، کەواتە دەروون ئەزەلی ھەمیشەییە". (٦) لەم
موناقەشەیەوە تێدەگەین کە مەسەلەی بوون لەنێو فەلسەفەشدا چارەسەر
نەکراوە، بەو مانایەی کە ئینسان وەکو مەتریالێک لەگەڵ ئەو روحەی
بابەتێکی دیکەی بوونە، ململانێکە لە نێوان جەستە و روحدا نەتوانراوە بە
شتە فیزیکیەکان بسەلمێنرێ وەکو بەفر و ئاگر کە دوو ماتریالی جیاواز و
دژن، وەکو ھەر دژێکی دیکەی بەکارھێنراو لەسروشتدا، ئەو سرووشتەی کە
ئینسان وەکو بونەوەرێکی زیندووی عەقڵمەند خاوەنی تەواوی ئەزمونەکانە،
جگە لەو ئەزموونەی کە سرووشت خۆی سەلماندوویەتی بەبێ ئەوەی ئینسان خۆی
تێدا تاقیبکاتەوە.
مردن لە فەلسەفەدا.
مردن ھەر مردنە کە کۆتایی ھاتنە بە جەستە، بەڵام فەلسەفە مانایەکی
جیاوازی پێبەخشییوە، (تاناتۆس) ئەو چەمکەیە کە بەواتای غەریزەی مردن و
حەزکردن بۆ مردن دێت، پێچەوانەکەشی (ئیرۆس) ە کە لە ئەفسانەی گریکیدا
خودای حەزکردنە لە خۆشەویستی و سێکس، دواتر ئەم خودایە دەبێتە جێگەی
پەرستن، ھەروەھا لەلایەکی دیکەوە رەخنەیە لە غەریزەی مردن، لەلای
ئەفڵاتونیش ھێزێکی گەورەیە نفس دەجوڵێنێ بەرەو چاکەکاری لەنێوان و جەھل
و مەعریفەت، ئەو ئینسانەش کە ناقسە و حەز بە حیکمەت واتە فەلسەفە ناکات،
گریکەکان ناویان لێنابوو سافولوسە. واتە خوای سێکس و خۆشەویستی، ھەڵبەت
لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا کە سایکۆلۆژیە، ململانێیەکی قورس ھەیە، ھەروەک
ئەوەی لە ئەفسانەی یۆنان ھەیە، ئەمە لە بەوپێیەی کە فەلسەفە بەشێوەیەکی
قوڵتر لە تێگەیشتنی ئاسایی کۆمەڵایەتی تەماشای نەمانی جەستە و مانەوەی
رۆح دەکات، تێگەیشتنی جیاوازی ھەیە بۆ تێڕوانین و نەمانی ئینسان لە
حاڵەتێکی سیحراویدا یان ئەو حاڵەتەی کە پێی دەڵێن گواستنەوەی رۆح، واتە
ئاگاھی و نائاگاھی بۆ مان و مردن " بەتێگەیشتنی فەلسەفەی کۆنی یۆنانی
بێت، مەرگ وەکو (Subjective) بابەتێک بەسەر دوو ئاراستەی گشتیدا دابەش
دەکرێت، ئاراستەی یەکەم دەتوانرێ بە ئاراستەی (ئاگا بە مەرگ) ناوبنرێ و
دووەم بە (نیگەرانی بە مەرگ) ناوبنێین، بەو مانایەی ئینسان لانیکەم
بەیەکێک لەو سێ ئاراستەیە لە ئاگاییدا ھەبێت، ئەوا بەئاگا لەمەرگ
ناودەبرێ، بەڵام ئەگەر ھەر تاکێک لە ئینسان لانیکەم لەبەرامبەر یەکێک
لەو سێ ئاراستەیەی پێشوو، دڵەڕاوکێ و ترسی ھەبوو، ئەوا دڵەڕاوکێ بە
مەرگ ناو دەبرێت، لەنێوان ئەو دوانەشدا جیاوازیەکی گرینگ ھەیە رەنگە
کەسێک ئاگایی بە مەرگ ھەبێت، بەڵام نیگەرانی و ترسی لێنەبێت، بەو
بنەمامەیە بێت ئاگایی مەرجی پێویستی ھەر نیگەرانی و ترسێکە، بەڵام بەو
جۆرەش نییە کە ھەر ئینسانێکی بە ئاگا دڵەواڕکێ و ترسی ھەبێت".(٧)
لەڕاستیدا مردن کە بوو بەنەریتێکی کۆمەڵایەتی و رێوڕەسمی کۆمەڵایەتی بۆ
سازدراو بوو بە یادەوەری بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ئیدی پەیوەندی بە
زیندووەکانەوە نامێنێت، وەکو فەیلەسوفی یۆنانی کۆن ئەبیقۆرس شیکاری بۆ
کردووە کە گوایە پەیوەندی بە خودی ئینسانەوە تاکو عەقڵ مامەڵەی لەتەکدا
بکات و دەڵێ" مردن ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، دەبێ بەشێوەیەکی
عەقلانی مامەڵەی لەتەکدا بکەین و رووبەڕووی ببینەوە، کەچی دیموقریتیس
پێیوایە مردن چارەسەرێکی نەخوشیە سایکۆلۆژییەکانە، ئەگەر مردن نەبوایە
ھەمیشە لەترس و دڵەڕاوکێدا دەبووین، ئەوانەی کە لەنێو فەلسەفەدا ئەو
ترسەیان بۆ حاڵەتی مردن خوڵقاندووە، پەرچەکرداری ئاینە میللییەکانە
بەشێوەیەکی تەسک بینانە، ھەر لەوێشەوە ئەبیقۆرس پێیوایە کە مردن ھات
نەفس واتە (روح) نامێنێ". (٨)
لەو تێگەیشتنەی ئەبیقۆرسەوە تێدەگەین کە چەمکی مردن بەھەموو مانا و
رەھەندە فەلسەفی و روحی و ئەدەبی و بایۆلۆژیە جیاوازەکانیەوە، وەکو
چەمکەکانی دیکە ناکرێ لەفرە مانایی دووری بخەینەوە، ھەروەک ئەوەی
ناشکرێ زۆرترین مانای پێببەخشین لەرووی بایۆلۆژییەوە، چونکە لێرەدا
مردن لەدەرەوەی فەلسەفە، تەنھا لەناوچوونی جەستەیەکی ماتریالی بەولاوە
ھیچی تر نییە کە دواتر دەبێتەوە بە ماتریال بەڵام بەشێوەیەکی دیکە،
مەبەست لەو دیالیکتیکەیە کە ئینسان بەشێکە لە ئاڵوگۆِڕی خاک و خۆی و
سرووشت، ئەگەر رەھەندی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، بەو پێیەی کە مردن حەتمی
و سەیرورەیە و حاڵەتێکی تایبەت نییە، ھەرئەوەی کە مردن روداوێکی
سەرسوڕھێنترە لەدایک بوون، لەکاتێکدا ھەموو ئینسان دەزانن چۆن لەدایک
بوون وەکو سەروەت ھەیە، ئاوھاش مردن وەکو مانایەکی دیکە، کۆتایی ژیانی
تاک ھەیە بەمەرجێک مردنەکە ئاسایی بێت یان بەکۆمەڵ نەبێت. بەڵام تاکە
جیاوازی نێوان مردن و لەدایک بوون، ئەوەیە کە ئینسان نازانێ کەی دەمرێت،
بەڵام دایک و باوک لەرێگەی سرووشتی دایکایەتیەوە و ھەروەھا لەرێگەی
پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای تەندروستیەوە دەزانن کۆرپەکە کەی لەدایک دەبێت و
نێرە یاخود مێ .
"حاڵەتێک ھەیە لەنێوان مەرگی رەھا و ژیانی رەھا، کە لێکۆڵینەوەی
فەلسەفی دەیھەوێ لێی بکۆڵێتەوە، یەکێک لە روانینە ھەرە نوێیەکانی
فەلسەفە بڕوای وایە نە ژیان و نە مەرگ ھیچیان رەھا نین، بەڵکو روانینی
مرۆڤ ئەو رەھاییە دروست دەکات، ھەروەھا یەکێک گەر بیھەوێ زیاتر لەم
مەودایە بکۆڵێتەوە بێ سێ و دوو، ئەبێت ھەنگاوی ئەوە ھەڵبھێنێ و لەوە
تێبگات کە ژیان جۆرێکە لە ململانێ لەگەڵ ئەو رەوتەی تری ژیان کە
پێیدەگوترێت مەرگ، بۆیە لە ململانێی مەرگ و ژیاندا ھەمیشە شتێک ھەیە
پێدەگوترێت نێوەند، واتە نێوەندێ کە بەشدارە لە دووبارە نووسینەوەی ئەو
حاڵەتەی کە بەشدارن لە پێکھێنانی ئەم دوو دیاردەیە کە فەلسەفەی ژیانە،
واتە دیاردەی ژیان و مەرگ، ئەم نێوەندەش لە ئەنجامی ئەو ھۆکارە
ھاتووەتە کایەوە کە خۆر ھەڵدێ ئەبێت چاوەڕوانی ئاوابوون بکرێت و بەبێ
ئاوابوون شتێک نامێنێ پێیبگوترێت رۆژ". (٩)
"ئەوەی کە بەناخی ئێمەدا شاردراوەتەوە مردنە، ئەوەش کە بیرمان دەچێت
ھەر مردنە، ئەوەش کە سێرەمان لێدەگرێت نەمرییە، بۆیە بەردەوام لەگەڵ
ژیاندا لەململانێداین دژی مردن، نە لەدژی پێچەوانەکەی، بۆیە ئێمە
لەسەرمانە دژی کوشتن خۆمان بەرەو مردن بگوازینەوە، ئەمە بۆ ھەموو
گیانلەبەرەکانیش ھەروایە کە ململانێ ھەیە لەبەرامبەر مردن، ھەروەھا
لەپێناو دابەشکردنی رەگەزە ئاڵوگۆڕپێکراوەکانیش کە ناھێڵێت دابەشبن و
لەنوێوە بەراورد دەکرێن لەگەڵ خودی خۆیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا نەمر دەبن"
(١٠) بۆدریار باس لەوە دەکات دوای شۆڕشێکی گەورە کە سێکس و مردنی بە
نمونە وەرگرتووە، ئێستا مردن بەشێوەیەکی دیکە ھاتۆتە سەر رێگەمان،
ئەویش کۆپی کردنی خودە لەرێگەی تەکنۆلۆژیاوە، واتە جگە لەھەنگاوە
سەرەتاییەکان و سێکسی حەرام، ھەندێک ھەنگاوی زانستی تریش لەخوددا
دەردەکەوێت، ئەمە وادەکات کە مردن پشتگوێ بخەین لەپێناو زۆربوونی
رەگەزی مرۆیی، ئەمە فاکتێکە کە ئەگەرێکی لەپشتەوەیە، لێرەدا سێکسی
حەرام مەبەست لەو دەربڕینە ئارەزوومەندانەیە نییە کە لەرۆژئاوا ئازادی
لەدەستووردا وەرگرتووە، بەڵکو ئەو لەدایک بوونەی مندال ە بێ
باوکانەوەیە کە لەرێگەی ئازادییە وە دێنەبوون، یان ئەو ژیانە بێ
ناسنامەیەی کە حەزو ئارەزوویەکی بێ رەحمانە بۆ ژیان مانای مەرگێکی بێ
رەحمانەی بەرھەمھێناوە، ئەویش بەشێکی لەجەنگەکاندا و بەشەکەی دیکەی لەو
تێگەیشتنەی کە لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا بەھای نەماوە.
تێڕوانینی ئەنتۆلۆژیایانە بەرامبەر بەمەرگ، تێڕوانینێکە نەک ھەر
پەیوەندی بەمانەوەی خودە بەرامبەر مەرگ، بگرە شێوازێکی دیکەی گۆشەگیری
و تەنھاییشە بۆ ژیان، بەو مانایەی کە ئەگەر تاک خۆی دابڕێنێت لە
کۆمەڵگە و دیاردە باوە کولتوورییەکانی، ھەروەک ئەوەی زۆربەی فەیلەسوف و
بیرمەندەکان بەناچار خۆیان لەخەڵک و ژیانی ئاسایی دابڕاندووە، لەوانەش
سوکرات و دیکارت و نیچە و ھایدگەر و ھتد، وەڵامی ئەو پرسیارەی کە
ئینسان ھەیەتی لە کێشەی بوون و گرێدانی بە بوونی کۆمەڵایەتی و باوەوە،
واتە ئەو بوونەی کە لەنێو فەزای کۆمەڵایەتی نەبێت، شێوەیەکە لە مەرگ،
پرسیارێکە وەڵامەکەی لە وەڵامی نھێنیەکانی کەون قورسترە، چونکە
تێگەیشتن لە ژیان و ئەو نێوەندیەی کە بیرمەند و فەیلەسوف وەکو
ئەنتۆلۆژیا تەماشای ژیانیان کردووە و مەرگیان وەکو حاڵەتی دوورخستنەوەی
روح لەجەستە بینیوە، رێک ئەو تێگەیشتنەیە کە لەبارەی تێکستەوە دەکرێت و
دانەرەکەی ئایا دوای ناسینی دەمێنێ، یان لەگەڵ لەدایک بوونی تێکستدا
دەمرێت؟. ئایا دەبێتە خاوەن تێکست یان کۆمەڵگە داگیری دەکات؟. پێشتر
فەلسەفە و فەیلەسوفەکانیش ترسیان لەمردن زۆربوو، تاکو بەتەواوەتی قسە
لەسەر جیاوازی نێوان ئاژەڵ و ئینسان کرا، چونکە ژیان تقدیری مردن کرا،
(مونتانی) فەیلەسوفێکە پێشتر زۆر لەمردن ترساوە، چونکە ھەموو چرکەساتێک
ھەڕەشەی نەمان دەکات، بەڵام دواتر بۆ رواقیەکان دووبارەی دەکاتەوە
لەوێوە بۆی دەردەکەوێ ترسی ناوێ بۆ مردن و دەڵێ " ھەموو ئەو بیانووانە
دواکەوتوون کە مردنمان بۆ روون دەکەنەوە، بۆیە ئەم مەسەلەیە ترسی ناوێ،
چونکە چرکەساتێکیش دواناکەوێ و کارێکی سروشتییە، بەوپێیەی مردنی تۆ
بەشێک لە سیستمی کەون، ھەروەھا مەرجی لەدایک بوونتە، بۆیە مردن ئامانجی
بوونتە". (١١) ئەم ھاوکێشەیە ئەنجامی نابێت، تاکو ئینسان بەگشتی لەو
تێڕوانینەوە تەماشای بوون نەکەن وەکو بیرمەندەکان لێی دەڕوانن کە
ناسراوە بە ئەنتۆلۆژیا، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی بۆ ژیان،
کۆمەڵگەی نوستوو ئەو کۆمەڵگە مردووەیە کە تێکڕا بوونیان نییە وەکو ئەو
بوونەی کە کۆمەڵگەی زیندوو بۆ ژیاندۆستی ھەیەتی، ئەمە ئەوکاتە ھەستی
پێدەکرێ یان دانیپێدادەنرێت کە تاکی کۆمەڵگەی داخراو دەچێتە نێو
کۆمەڵگەی کراوە و تاکە زیندوو و ئازاد و کراوەکان دەبینێ، نمونەش تاکی
رۆژھەڵاتییە کە دەچێتە رۆژئاوا و ئەو فەزا خەیاڵیە دەبنیێ و وەکو خەون
وایە، وەختێک دەبینێ کە جگە لە مردنی خۆی وەکو روحێک لە جەستەیەکی
جوڵاودا، ژیانیش مانایەکی دیکەی ھەیە و نێوەندێکیش ھەیە لەنێوان ئەو
مان و مەرگە و مەرگیش بۆ خۆی ئەو یادەوەرییە فانتازییە نییە کە
گرێدراوی تێگەیشتنی ئایینە بۆ ژیان و مەرگ، بەڵکو ژیانێکی دیکەی
دۆزراوە ھەیە کەپێویستە، ھەڵبەت ئەم جۆرە مان و مردنە پەیوەندی بە
ستایلی ژیانەوە ھەیە نەک شێوە ماتریالیەکەی کە دەرەنجامەکەی دیارە.
"لەنێوان نە مەرگ و نە ژیان، پەیوەندییەکی دژکاری ھەیە کە ھەردوکیان کۆ
دەکاتەوە، کە ئەمە پەیوەندییەکی ھیچە کە ھەردوکیان لەشوێنێکدا
کۆدەبنەوە، بەڵام پێدەچێ یەکێک لەوانە کە لەنێوان مردن و ژیانە و لە
نمونەی ئەو دایکە دەچێت لەتێکستی خوێندنەوەدایە کە دایک نە دەمرێت و نە
دەژی. ھەروەک ئەوەی دەریا نە پڕە و نە بەتاڵە، ھەروەھا لەنێوان مەرگی
نا مەرگ و ژیانی نا ژیان، پەیوەندییەکی گریمانکراو ھەیە، ئەمە پێی
دەگوترێت پۆزەتیڤیزمی زمانی نێگەتیڤ، بە سڕینەوەی ھەر یەکێکیان ئەویتر
جێگیر دەبێت" (١٢) گاندی یەکێک لەو پیاوە روحانیەیە کە مەرگی وەکو
حاڵەتێکی ناتوندوتیژی دژ بە سروشت تەماشا کردووە، ئەو باسی خۆزاڵ کردن
دەکات بەسەر خوددا تاکو بەسەر ئەویتردا زاڵ بێت، " بۆ ھێنانە ئاراوەی
فەزایەکی زەینی ناتوندوتیژی پێویستە مرۆڤ دیسپلینێک بەسەر خۆیدا
بسەپێنێت، سەرەتا دەبێ بەسەر ئەو ترسەدا زاڵ بێت کە لەناخی خۆیدا
بەرامبەر بە مردن ھەیەتی، چونکە مرۆڤ بۆیە کەسێک دەکوژێت، تاکو خۆی
نەمرێت، بەڵام مرۆڤ بە رزگاربونی لە کۆتی مەرگ، لە کۆتی توندوتیژیش
رزگاری دەبێت، ئەو دەنووسێت کەسێک لەمردن بترسێت و توانای بەرگری نەبێت،
ناتوانێ فێری ناتوندوتیژی بکەین، ئەو مشکەی کە بەرگری لە خۆی ناکات،
ئەو مارەی کە بەرگری لە عەشقە کوژراوەکەی ناکات، ناتوانین بڵێین خاڵییە
لەتوندوتیژی، لەبەر ئەوەی رێگەدەدات پشیلە بیخوات، لەم روانگەیەوە بە
بڕوای گاندی ئامانجی بەرگریکردن خاڵییە لە توندوتیژی، ناچارکردنی
بەرامبەر نییە بەڵکو قەناعەت پێکردنێتی". (١٣)
ئەو ترسانەی کە وادەکات مردن بەرھەمی بھێنێت، بریتین لە ترس لە
زیندووبوونەوەی ئینسان لە دونیایەکی دیکە یان فەزایەکی دیکە بە ھەر
مانایەکەوە بێت، ئەمە بەشێکی باوەڕی ئاینییە و بەشێکی ترسەکەش لە سزا
خراپەکارییەکانی بێت کە لەسەر زەوی و بەجەستەیەکی بەھێزەوە کردوویەتی،
ھەروەھا ترس لە ئازاری مردن کە مرۆڤ بڕوایەکی بۆ دروست بووە کە مادام
دەخرێتەوە گۆڕەوە، کەواتە بەتەنھا دەمێنێت و ئەو تەنھاییەش ئازاری ھەیە
و ترسێکی دیکەی دابڕانە لەوانی تری پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی کە
ئەزموونێکی وەھای نییە و نەیتوانیوە بەئیرادەی خۆی بیکات، ئێستا لەو
تەنھاھییە جەبرییە دەترسێت چونکە ئەزموونی لەو چەشنەی نییە، ھەروەھا
ترس لە چارەنووسێکی نادیار، بەوپێیەی کە مرۆڤ ھێشتا بەو ھەموو شیکارییە
جیاوازانەی بۆ پاش مەرگ دەکرێت، دڵنیانییە کە چی بەسەر دێت و چۆن
زیندوو دەبێتەوە و زیندووبونەکەی چ سوودێکی ھەیەو چ زیانێک، ھەموو
ئەمانە بەشێکن لەمانای ترسی بەر لەمردن کە بۆ تاک و تەنانەت بۆ ئەوانەی
کێشەی تەندروستیان ھەیە، یان ئەوانەی بەردەوام لەنێو جەنگدان یان کاری
مەترسیدار دەکەن، ھەمیشە بیر لەو مەتنرسییانە دەکەنەوە کە وەڵامیان
پێنیە و بەو ترسەوە دەمرن.
بەھەرحاڵ مردن ئەگەر لەدەرەوەی تێکستیش بێت، مەبەستم ئەو شیکردنەوە
ئاینییانەی بۆ مردن کراوە، ھەر حاڵەتێکی گوماناوییە بۆ زیندوو بوونەوە
کە جیاوازە لە زیندووبوونی سیمبولی کە ھەندێکجار سیمبول موڵکی گروپێکە،
ھەندێکجاریش موڵکی گشت، بەڵام لەبارەکانی دیکەدا مردن وەکو مانەوەی ناو
یان سیمبولێک بۆ نەتەوە، یان مامەڵەکردنی چەمکەکە وەکو کایەیەکی جیاواز
کە لەئەدەبیاتدا ھاتووە نوسەر لەدەرەوەی دەقدا دەمرێ، یان مردنی
کولتوور کە لەنێو کولتوورە زاڵەکانی دیکە دەتوێتەوە، مانایەکی تایبەتی
ھەیە، بۆیە مردن بەبارتەقای ئەوەی وەھمی بونێکی ئەبەدییە یان
میتافیزیکیە، بەقەد ئەوە مردنێکی یەکجارەکی نییە و دۆنای دۆنیش یەکێکە
لەو وڵامانەی کە بەفەلسەفەی مردن دەدرێتەوە کەدواتر بە درێژی باسی
لێوەدەکەین. "مردن حاڵەتێکە بۆ ھەموو بەشەرییەت یەکسانە و لەدەستدانی
جەستەیە، بەڵام لەنێو ئەفسانە و بیروباوەڕی ئاینی روح لەجەستە جودا
دەبێتەوە و دەمێنێت، ئەم دۆنای دۆنە لەزۆر ئەفسانە و بیروباوەڕی ئاینی
ھەیە، بەڵام لەلای ئێزدیاتی بە تێکست سەلمێنراوە بۆ باوەڕدارەکانیان و
گوایە کەسێک کە دەمرێت ئیدی گیانی دەچێتە نێو لەشی کەسێکی چاک و نەمر
دەمێنێتەوە و تێکستەکەش بەم شێوەیەیە ( روحا رەحمانێ، نابت فانی، ھەرا
لبەر دەستی یەزدانێ) ئەمە بەو مانایە دێت کە روحی رەحمان بێناونیشان
نامێنێتەوە و وەکو ھەر جەستەیەکی دیکە نەمێنێ، بەڵکو دەچێتە جەستەیەکی
دیکەی سوود بەخشەوە و دوای مردنی دەبێتە پیاوچاکێک، بەڵام مرۆڤی
خراپەکار کە دەمرێت روحەکەی دەچێتە گیانی دڕندەیەکی وەکو گورگ و سەگ و
گیانداڕی شەڕانگێز، ھەروەھا بیروڕاکە وایە کە ئەو روحە ھەمیشە ئازار
دەکێشێ بەو شێوەیە دەمێنێتەوە تاکو خودا لێی خۆش دەبێت و جارێکی تر
دەگەڕێتەوە ژیان بەئاوایەکی دیکە". (١٤) مەسەلەی خۆ کوشتنیش بەھەموو
ماناکانیەوە کە نەخوشیەکی سایکۆلۆژییە و تۆڵە سەندنەوەیە و سیاسەتە و
بەشێکی تری پەیوەندی بە باری کۆمەڵایەتیەوە ھەیە بەتایبەتی لە
رۆژھەڵایەتی ناوەڕاست و بەشێکی دیکەی ئابورییە.
یۆنانی کۆن سەرەتا و دەستپێکردن و دایکی فەلسەفەیە بۆ ھەموو چەمکەکان و
تێگەیشتنەکان، ئەفڵاتون لەبارەی زۆر لەچەمکەکان قسەی کردووە و
جیھانبینی تایبەتی خۆی ھەیە، لەبارەی مەرگ و ژیان مانایەکی بەخشیوە کە
لەماناکانی تر ناچن و بوونە بەبنەمای فەلسەفە، ئەو باوەڕی بەنەمری رۆح
ھەبووە بۆ سەلماندنی نەمریش حەوت بەڵگەی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو
کەگرنگترینیان ئەوەیە شت دژەکەی قەبوڵ ناکات، واتە ھیچ شتێک
تایبەتمەندی ژیانی تێدابێت، نابێت تایبەتمەندی مردنیشی تێدانەبێت،
ناکرێ بەفر لەخۆیدا بۆ گەرمی (دژەکەی) ئێمە دیبینین، ئەفڵاتۆن دەڵێ کە
دەروون رۆح بریتییە لەسەرچاوەی ژیان، چونکە ژیان بە سەرجەم ئەو
جەستانەدا پەخش دەکات کە دەچێتە ناوی، واتە ئەو دەروون بەدشارە لەوێنەی
ژیاندا، کەواتە ئەوەی دژی ژیان بێت دەروون قەبوڵ ناکات، کەواتە دەروون
ئەزەلی و ھەمیشەییە". (١٥) ھەرچەند کۆمەڵگەی بەشەری لەوەتەی ھەیە و
لەدوای نیارندرتال کە گوایە سەرەتای گەشەی بەشەری بووە و نەریت و
مەراسیمی ناشتنی تایبەتیان ھەبووە بۆ مردن، بەڵام ھەمیشە سەرقاڵی ئەو
نھێنیە بوو کە بۆچی کۆتایی ژیانی تاک دەبێت حەتمی بێت و مەرگ بێت و
بەتایبەتیش مەرگی نائاسایی کەھیچ رێگە چارەیەک نییە تەنانەت بە
پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی تەندروستیش، بەڵام میشیل فۆکۆ لە کتێبی مێژووی
شێتی لەپەیوەست بە مەسەلەی شێتی یەوە، پێیوایە مردن لە ھیچ زەینێکدا
نییە ئەگەر لەگەڵ حاڵەتی شێتیدا تێکەڵ نەبێت. بەو مانایەی حەکیمەکان و
شاعیرەکان شەپۆلی توڕەیی وا دەیانگرێتەوە کە دواجار لەسنووری خۆیان
دەردەچن، چونکە داھێنان ساتێکی زۆر سەختە ئەگەر لەنێو عەقڵدا
بمێنێتەوە، بۆیە فەیلەسوف و داھێنەر ھەمیشە بەدوای نەمرییەوەن،
بەرھەحاڵ ئەم باسە لەشوێنێکی تردا موناقەشەی دەکەین، بەڵام لەبارەی
ئەوەی کە ئینسان ھەمیشە سەرقاڵی ئەوەیە بۆچی دەمرێت و پرسیاری ھەیە و
دەشزانێ کە مردن حەتمیەتی ژیانە. بۆئەمە میشێل فۆکۆ وەڵامی تایبەتی خۆی
ھەیە، بەڵام کلاسیکیی نییە و بەگرینگی نازانێ کە ئینسان سەرقاڵ بێت بەو
پرسەوە، چونکە حەتمیەتە و دەڵێ " لەنێوبردنی یەکجارەکی مەرگ شتێکی
گرینگ نییە، ھەرچەند جاران مەرگ سەرچاوەی ھەموو شتێک بووە، چونکە ژیان
خۆی ھەر پوچگۆیی و گەڕەلاوژە و قسەی قۆڕ و سوڵجانی شێتەکان بووە، سەری
مرۆڤ بەتاڵە و دواجار ھەر دەبێتە کەللەسەر، شێوەیەک خۆی لەھەموو ئەو
ئاماژانە وەلاناوە کە ئاماژەبوون بە ئامادەگی بەتینی ئەو، ھەروەھا
ئاماژەبوون بەبێ ھێزی نێچیرەکەی ئەوەی مەرگ ئاشکرای دەکات، جگە لە ماسک
ھیچ شتێکی تر نییە" (١٦)
ئەم قسەیەی فۆکۆ ئەو ئاماژە فەلسەفیەی ھەیە کە خۆ نمایشکردنی پەیکەری
جەستە تەنھا ئەوکاتەیە کە بوون ھەیە، ئەگەرنا شێتیە کە ئینسان خۆی بە
شتێکەوە سەرقاڵ بکات کە حەتمیە و مەرگە و بیھەوێ بەری پێبگرێت، بۆیە
ئەو ماسکەی ئینسان بەکاریدەھێنێ بۆ رزگاربوون لە مەرگی ئاشکرا، جۆرێکە
لەشێتی، چونکە شێتی لەچەرخەکانی کلاسیک و پێشووشدا جۆرێک لە کوشتن بوو
کە ئینسان لەبری ئەوەی وەکو ئینسان تەماشا بکرێت و رێز لە حاڵەتە
سروشتیەکەی بگیرێ، وەکو ھەر تاوانبار یان کەسێکی ناجۆر لەنەریتی
کۆمەڵگە دوور دەخرایەوە، یان ناشیرین تەماشا دەکرا و بۆ سزایەک دەرکرا
کەئەمە جۆرێک بوو لەمردن، بەڵام ئەمە بەو ماسکەوە بوو کە خۆیان
بەسزادانی ئەو حاڵەتەی ئینسان توشی بووە و بەویستی خۆی نییە، یان ئەو
حاڵەتەی کە بەرئەنجامی ھەڵسوکەوتی نەگونجاوی خەڵک بووە کەلادان بووە لە
سرووشت یان یاخی بوون، بۆیە لەشێوەی مردن تەماشا کراوە، فۆکۆ لێرەدا
ماسکە تەقلیدییەکەی خەڵک ئاشکرا دەکات کە بەتێکڕا گرێبەستێکیان کردووە
پێکەوە رازیبن بەو حاڵەتەی ھەموویان لەنەریتی گشتی لانەدەن، بۆیە شێت و
ئەوانی تر دەمرێنن، لێرەوە ماسکەکە ھەڵدەدرێتەوە، ھەڵبەت (جان پۆڵ
سارتەر) یش وەکو فەیلەسوفێکی بونگەرایی لەو لایەنە دەکۆڵێتەوە و
پێیوایە کە خۆ نواندن جۆرێکە لەخۆ گێلکردن لە ئاست مەرگداو ھەڵوێستیش
لەبەرامبەر ئەو چەمکەدا لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە نەرێنیی بووە، نەک
تەبایی و دیسان دەڵێ " بیرۆکە و روانگەی باو لەمێژووی فەلسەفەدا
سەبارەت بە مەرگ لە یۆنانی کۆنەوە تاکو ھایدگەر، بەگشتی بیرۆکەیەکی
دڵبزوێن و جوان نەبووە، بەڵکو لایەنە ناشیرین و نەرێنیەکەی زاڵ بووە
بەسەر لایەنە جوان و ئەرێنی یەکەی، ھەر بۆیە مەرگ وەک دەرکەوتەیەکی دژ
بەخۆی نواندووە، نەک وەک دیاردەیەکی تەواو بوون و ژیان، ھەر بەو پێیەش
ھەڵوێستی مرۆڤەکان لە ئاست مەرگدا ھەڵوێستێکی بەرھەڵستکارانە بووە نەک
ھەڵوێستێکی تەبا و کۆک لەگەڵ ئەو چەمکەدا، جا بۆیە زۆر بەدەگمەن
فەیلەسوفێک پەیدا دەبن کە مەرگیان لە لایەنێکی جیاوازەوە چارەسەر
کردبێت" (١٧) (مۆریس بلانشۆ) بەھەمان شێوەی ھاوبیرەکانی، ئەویش وەکو
فەیلەسەفێکی بونگەرا و ئیستاتیکی بەنەرێنی تەماشای مەرگ و حاڵەتە
جیاوازەکانی دەکات، ئەو پێیوایە مەرگ رەھەندێکی داگیرکردووە بەردەوام
لەزۆربەی نوسراوەکانی دەگەڕێتەوە سەری، ئەو یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە
بۆچوون و ھەڵوێستی جیاوازی سەبارەت بەمەرگ ھەیە، بەڵام ھەڵوێستێکی
نەرَینیە و مێژوویەکەی لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئەندێشەوە بەردەوام
لەھەمان کاتدا ھەڵوێستی ئەویش بێبەری نیە لەو روانگەیەوە ( نە زانام و
نە نەزان) ھەندێک خۆشیم ھەبوون، ئەمە شتێکی ئەوتۆ نییە، دەژیم و ئەم
ژیانە زۆرترین چێژم پێ دەبەخشێت، ئەی مەرگ؟، کاتێک بمرم رەنگە ھەر ئەم
چرکەیە چێژێکی لەرادەبەدەری ھەبێت وەریبگرم، لەتامی سەرەتایی مەرگ ھیچ
نادوێم، کەبێ تامە و زۆر کات ناخۆش ئازار چێشتن گەوجی دەنوێنێ، بەڵام
ھەقیقەتێکی گرینگ کە لێی دڵنیام ئەمەیە لەژیان کردن چێژێکی لە
رادەبەردەر ھەیە و لەمردن رەزامەندیەکی بێ سنوور" (١٨)
دووبارە سارتەر بەوپێەی کە قوتابی مۆریس بلانشۆ بووە کاریگەری فکر و
بیرکردنەوەی ئەوی بەسەرەوە بووە، بەھەمان شێوە تەماشای مەرگی کردووە،
چونکە بوون لەلای ئەوان ماھیەتێکی دیکەی ھەیە بەدەستی دەسەڵات و گۆڕانی
سرووشتی ژیان، ئەو مانایەی نەماوە، بۆیە لە رۆمانی (ھێڵنج) دا وەختێک
پاڵەوانەکە مێشوولە کە دەکوژێت و دەڵێ (فەرموو لە کێشەی بوون رزگارم
کردی). سارتەر لێرەدا تەنھا بۆ ھونەری رۆماننوسین ئەو دیمەنە خەیاڵیەی
دروست نەکردووە و بۆ ئەوەش نەینووسیوە کە بکوژ بکات بە پاڵەوانێکی جوان
یان تێکدانی سرووشت یان مایە پوچکردنی ژیان بەگشتی، بەڵکو ئەو مانای
ژیان و بوونی وەکو خۆی پێشکەش بە خوێنەر کردووە، چونکە مانا دروستکردن
لە ئەدەبدا، ھۆشیاری دەوێ کە ئینسان و خودی گیانەوەرەکانیش ھەمیشە
لەخەمی پاراستنیدان، ئەو بوونە راستەقینەیەی کە لە بایەخ بەژیان و
دووبارەبونەوەی خود بەھا پەیدا دەکات.
ئەگەر بچینە دەرەوەی مردنی جەستە، رەنگە مردنی تێکستێک یان مێژوویەک
یان مردنێکی مەجازی بۆ نوسەرێک یان ھونەرمەندێک یان ھەر کارێکتەرێکی
چالاک و ھتد، واتایەکی دیکەی مردن بێت، بەڵام مانای مردن لە تێڕوانینە
گشتییە واقیعیەکە و لەچاوی ئینسانەوە بۆ مانی خۆی، یان ھەر شتێکی تر کە
قابیل بە نەمانە، تەنھا دیالیکتیکە و لەجەستەیەکی زیندوو و چالاکەوە بۆ
ماتریالێکی بێ وزەو توانایە، بۆیە ماناکە بۆ ھەرکەسێکە لەژیانی واقیعی
وەکو پێشووتر باسمان کرد، (پێچەوانەکەی یان دژەکەشی ژیانە و
بەپێچەوانەشەوە ژیان دژی مردنە).
ئەو دوالیزمەش کە ئایا ژیان موستەھەقی مردنە، یان مردن موستەحەقە بۆ
ژیان کە دواجار بۆئەوانی ترە، موناقەشەیەکە کۆتایی پێنایات، فەلسەفە
لێرەدا ھەر وەڵامێک بداتەوە ھەقی خۆیەتی، لێرە قسە لەوەیە کە ئینسان
موستەھەقی چ جۆرە ژیانێکە تاکو موستەھەقی چ جۆرە مردنێک بێت،
مەسەلەیەکە پەیوەندی بە ستایلی ژیانەوە ھەیە، ئێمە لەکوێین و لەبارەی چ
شێوازێکی ژیان قسە دەکەین تاکو نەخوازین بمرین، لەحاڵێکدا ژیان ھەیە
خوازیاری مردنی دەوێ.
ململانێ لەبووندا شتێکی ئەبەدییە و ھەر جۆرە بیانوویەک دەچێتە خانەی
ئەنتۆلۆژیاوە کە ھەرکەس و ھەر خاوەن بۆچونێکی فکری بەیەکێک لەو
پاساوانە لاگیری خۆیان لەو لۆژیکە دەکەن کەمردن تەنھا لە بەینچوونی
جەستە نییە بەتەنھا. بەڵکو نھێنی مردن کە ئینسانی ترساندووە و ھەڕەشەیە
لەژیان و وەڵامی نییە لەباری فەلسەفەوە خوێندنەوەی زۆری بۆ کراوە،
"وەکو (میلانی کلاین) پێیوایە کە ترس لە مردن لەبنەچەدا ئەو راڕاییەیە
کە رونی ژیان نیشاندەدات، ھەروەھا بنەمای ھەموو بیرکردنەوەیەکە لەو
رەفتارە دوژمنکارانەی کە ئینسانی شەڕانگێز دەیکات، بەم مانایەش بێت
شتیگڵ ھەموو ئەو شتەی دەمانترسێت لەدەرەنجامدا ھەر حاڵەتی مردنە، بەڵام
فەیلەسوفێکی دیکەی ئاینی مەسیحی ھەیە بەناوی (پۆل چیلیس) دەڵێ (ئینسان
خۆی کائینێکە لە نادیاردایە ھەستکردنیش بە نەبوونی ئەو ھیوایەی کە
دیاربێت بۆ دواڕۆژ خۆی لەخۆیدا مردنە، تایشیریش دەڵێ شێتی جەنگ،
تەعبیرە لە توندڕەوی لەترس بەرامبەر مردن)." (١٩).
(ئەلبێر کامۆ) گەورە رۆماننوسی بەرەگەز فەرانسی لەباسی ئازادیدا
سەبارەت بە قبوڵکردنی مەرگ لە کتێبی مرۆڤی یاخی دەڵێ " مرۆڤی سەرکێش
ئامادەیە وەکو دوا دەرەتان مەرگ قەبوڵ بکات، بەڵام ھەرگیز ئامادە نییە
لەئازادی بێبەش بێت"، لەکتێبی ئەفسانەی سیزیفدا باس لەو سەرسەختییە
دەکات کە گالیلۆ کردی بەرامبەر بەمانای تێگەیشتن لەژیان، ئەویش مەسەلەی
سوڕانەوەی زەویە بەدەوری زەویدا و ئەو دەڵێ" ئەگەر بەڕاستی سەیری ئەو
کردەوەیە بکەین، ئەوا بەڕاستی دەزانین، لەبەرئەوەی ئەو راستییە ئەوەی
نەدەھێنا ژیانی خۆی بکاتە قوربانی، ئەوەی کە زەوی بەدەوری خۆردا
دەسوڕێتەوە، مەسەلەیەکە بایەخێکی قوڵی نییە و گوتنی راستی لەمڕووەوە
مەسەلەیەکی بێھودەیە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە دەبینین مردن ھەڵدەبژێرین،
لەبەر ئەوەی بڕیاری ئەوە دەدەین کە ژیان شایانی بەسەر بردن نییە،
خەڵکانێکی تریش دەبینین لەڕێی ئەو بیروباوەڕە و وەھمانەدا دەکوژرێن کە
بەھانەیەکیان دەداتێ تا لەپێناویدا بژین، وا لەخەڵکی دەکات لەپێناویدا
بمرن، بۆیە من گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەی کەمانای ژیان گرنگترین
مەسەلەیە بەڵام چۆن؟، واتە ئەو کێشانەی دەبنە ھۆی مردنیان دەبنە ھۆی
زیادکردنی خۆشەویستی بۆژیان. لێرەدا دوو میتۆدمان لەبەردەستدایە،
میتۆدی لاپالیس و میتۆدی دۆنکیشۆتی، ئەمە تەنھا ھاوسەنگی نێوان
بەڵگەداری و لیریکیزمە رێگەمان پێدەدات لەیەک کاتدا سۆز و روونی
بەدیبھێنین، لێرەدا پێویستمان بەدیالیکتیکی کلاسیک و دەوڵەمەند
بەمەعریفە ھەیە لەئاستیدا". (٢٠) ئەوە مەعلومە بۆ ھەموو کەسێک بە عاقڵ
و ژیر و تەنانەت ئەوانەش کە کەم عەقڵن مەرگ ھەڕەشەیەکی ئەزەلییە بۆ
ژیان، بایەخدان بەم بابەتە تەنھا لەنێو کرداردا جێگەی دەبێتەوە، ئەگەر
نا مەرگ حاڵەتێکی حەتمی یە بۆ وەڵامدانەوەی ژیان، کەوابوو باشترین
وەڵام بۆ مەرگ بایەخپێنەدانێتی، " مادامەکی مەرگ ھەر ھەڕەشەمان
لێدەکات، پێویستە بیسەلمێنین کە بایەخی پێ نادەین، ئەپیکۆریش وەکو
ئەپیکتۆتۆس، مەرگ لە بوونەوەر دادەبڕێت، مەرگ بەلای ئێمەوە ھیچ نییە،
چونکە ئەوەی دەفەوتێت توانای ھەستکردنی نییە، ئەوەی ھەستیش نەکات بۆ
ئێمە ھیچ بایەخێکی نییە". (٢١)
ئەلێرەدا مردن ھەستکردنە، مەبەست لەھەستکرد ئەوەیە کە ئینسان ھەمیشە
ھەشت بەو لەحزەیە بکات کەمردن دێت، ئەم تێگەیشتنە مانای ترس نییە لە
مردن، بەقەد ئەوەی کە ترسە ئەو لەحزانەی ئینسان تا لە ژیان ماوە
لەدەستی نەیات چاکە بکات، ئەمە ئەو بێبایەخییە یە کە بۆ مردنێک کە
ئینسانگەلێک ھەن بایەخ بە بوون نادەن، بۆیە ھەستکردن بە بەو لەحزەیەی
کە کاتەکەی دیارنییە، ھەستنەکردنە بە ھەموو تواناکانی دیکەی ئینسان لە
بوندا.
_______________________________________________________
سەرچاوە:
١: د. حوسێن بەشیرییە. مێژووی بیری سیاسی سەدەی بیستەم. بەرگی یەکەم.
وەرگێڕانی بۆ کوردی. ناسر ئیبراھیم زادە. بڵاوکراوەکانی خانەی مەکریان
بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠٠٩ ل٢٨٨.
٢: د. سەبور عەبدولکەریم. (شکار). چەمکی ژیان و مردن لە شیعری مەولەوی
و مەولانای رۆمی دا. زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس. ساڵی
٢٠١٤. ل٧٣.
٣: مارتن ھایدگەر. بوون و کات. وەرگێڕانی بۆ کوردی. د. محەمەد کەمال.
بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی ٢٠١٣. ل٩٣ ل٩٤
٤: ژان پۆڵ سارتەر. بوون و نەبوون. وەرگێڕانی بۆ کوردی. د. محەمەد
کەمال. بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی ٢٠١١. ل٥٠.
٥: ئەلبێر کامۆ. مرۆڤی یاخی. وەڕگێڕانی بۆ کوردی. ئازاد بەرزنجی.
بڵاوکراوەکانی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠١٢. ل٦٤.
پەراوێز. لێرەدا خوداکانی ئیبراھیم. مەبەست لە خوداوەندی ئاینە
ئاسمانییەکانە. کە ھەموو ئاین و باوەڕدارەکان بڕوایان پێیەتی و ئەو
پێغەمبەرانەش خاوەنی مێژوو و چیرۆکی تایبەتن لە کتێبە ئاسمانیەکاندا.
٦: د. سەبور عەبدولکەریم (شکار) چەمکی ژیان و مردن لە شیعرەکانی
مەولەوی و مەولانای رۆمی دا. زنجیرە بڵاوکراوەکانی دەزگای غەزەلنووس.
ساڵی ٢٠١٤. ل٧٦.
٧: د. ابراھیم رجب عبدللە . الموت و الخوف عند الفلاسفە الیونان و
الاسلام.. مجلە جامعە الانبار مجلد (٤) ل ٥٢٤.
٨: جاک شورون . الموت فی الفکر الغربی.. ترجمە کامل یوسف حسین. ترجمە و
تقدیم. امام عبدالفتاح امام. دار النشر. عالم المعرفە. سنە ١٩٨٤. ل٦٤.
٩: داھێنان و مەرگ. سەڵاح حەسەن پاڵەوان. بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و
پەخشی سەردەم سلێمانی ٢٠٠٣. ل٢١ ....
١٠: جان بودریار. الحل النھائی او انتقام الخالدین.. ترجمە. د. جلال
البدرە. دار النشر بیروت. سنە ١٩٩٨. ل٥٦.
١١: جاک شورون .الموت فی الفکر الغربی.. ترجمە. کامل یوسف حسین. مراجعە
و تقدیم. امام عبدلفتاح امام. دار النشر عالم المعرفە. سنە ١٩٨٤. ل١٠٧.
١٢: عێام واێل. فی تحلیل الخگاب الشعری. دراسە سیمیائیە. دار التنویر
الجزائر.سنە ٢٠١٣ ل٥٧.
١٣: مۆدێرنەکان. کۆمەڵێک وتار. رامین جەھان بەگلو. وەڕگێڕانی بۆ کوردی.
ئازاد بەرزنجی. بڵاوکراوەی نما. ل١٧٧.
١٤: ئاین و کەمینەکان لەکوردستان. سمکۆ محەمەد. ساڵی ٢٠١٠ . چاپخانەی
ھێڤی.
١٥: د. عبدالرحمن البدوی. موسوعە الفلسفیە. جزء الاول. سنە ١٩٨٣. ێ
١٧٦.
١٦: میشێل فۆکۆ. مێژووی شێتی لەچەرخی کلاسیکدا. لەبڵاوکراوەکانی خانەی
ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە. ساڵی ٢٠٠١٤ . ل٢٩.
١٧: سەعید سڵێمانی. لێکۆڵینەوە دەرکەوتەی دڵخوازی مەرگ. بەڕێوەبەرایەتی
دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی رۆژنامەوانی. سلێمانی ٢٠١١. ل٤٧.
١٨: سەعید سلێمانی .دەرکەوتەی دڵخوازی مەرگ. لێکۆڵنەوە. بەڕێوەبەرایەتی
گشتی رۆژنامەنووسی و چاپ و بڵاوکراوە. ساڵی ٢٠١١. ل٥٩.
١٩: الدکتور فخری الدباغ . الموت اختیارا. دراسە نفسیە اجتماعیە موسوعە
لڤاھرە قتل النفس. دار الگلیعە. بیروت. ل١١.
٢٠: ئەلبێر کامۆ. ئەفسانەی سیزیف.. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئازاد بەرزنجی.
چاپکراوەکانی دەزگای غەزەلنوس. ل٢٤ و ل٢٥.
٢١: ئەلبێر کامۆ. مرۆڤی یاخی. وەرگێڕانی بۆ کوردی. ئازاد بەرزنجی.
ئەندێشە بۆ چاپ و بلاوکردنەوە. چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٢. ل٦٠.
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|