|
٢٥\٨\٢٠٢٦
ڕەهەندە زانستیی،
دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانی
دیاردەی خۆکوشتن و
ڕێکارەکانی خۆپاراستن.

کارزان عەزیز
١. پێشەکی و لێکەوتە گشتییەکانی ڕووداوەکە.
لە ڕوانگەی زانستی و پزیشکییەکانەوە، پەرەپێدانی ڕێکارەکانی خۆپاراستن
هەمیشە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی و کاراتر لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن سەیر
دەکرێت. کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی دۆخێکی توند دەبێتەوە و هەوڵی
کۆتاییهێنانی بە ژیانی خۆی دەدات، بارودۆخەکە بەرەو دوو دەرئەنجامی
یەکجاری و ترسناک دەچێت؛ یان پڕۆسەکە دەبێتە مردنی تەواو کە هیچ جۆرە
گەڕانەوە یان چارەسەرێکی بۆ نییە، یان ئەوەتا کەسەکە بە سەختی بریندار
دەبێت و تووشی چەندین لێکەوتەی قورسی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی
دەبێت. ئەم لێکەوتانە بۆ ماوەیەکی درێژ یان بە درێژایی تەمەن لەسەر
جەستە و ڕۆحی قوربانییەکە دەمێننەوە و وەک مۆرێکی هەمیشەیی وایە کە
بەردەوام ڕووداوەکە لە بیری خۆی و کۆمەڵگەکەیدا دەژەنێتەوە.
٢. ناسینەوەی پێشوەختەی نیشانەکان و ئاماژە نادیدەگرنراوەکان.
دەکرێت لە ڕێگەی چاودێریکردنی وردی ڕەفتار، دەربڕین، و گۆڕانکارییە
سەیر و سەرنجڕاکێشەکانەوە، بوونی بیرۆکە و نیەتی خۆکوشتن لەلای هەر
کەسێکدا دەستنیشان بکرێت. زۆر جار ئەم نیشانانە وەک هاوار و هانایەکی
بێدەنگ وایە بۆ داواکردنی فریاکەوتن، کەچی دەوروبەر گوێی پێنادەن و
گرنگیی پێ نادەن. تەنانەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە ژینگەیەکی ڕەق، زبر و
نەخوێندەواریان هەیە، دەوروبەر گاڵتە، تیز و تەوس بەو کەسە دەکەن و بە
درۆزنی ناودەبەن. لە دیارترین ئەو نیشانە سەرەتاییانە بریتیین لە:
دەربڕینی زارەکیی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ: کەسەکە بەردەوام باسی مردن،
نەمان و خۆکوشتنی خۆی دەکات.
هەستی بارگرانی: دروستبوونی هەستێکی قورسی لەسەر شان کە گوایە ئەو
بارێکی قورسە بەسەر خێزانەکەیەوە و بە مردنی ئەو، خێزانەکەی لەو بارە
قورسە ڕزگاریان دەبێت.
ڕەشبینی و نائومێدیی قوڵ: نائومێدییەک کە خۆی، خەڵک و جیهان
داگیردەکات، لەگەڵ باوەڕبوون بەوەی نە خۆی و نە کەسانی دۆست و دڵسۆزیشی
ناتوانن کێشە و ناڕەحەتییەکانی بۆ چارەسەر بکەن.
لەدەستدانی بەها و متمانە بەخۆبوون: تێکشکانی بەهای کەسی، تووشبوون بە
ڕاڕایی، و لەدەستدانی توانای بڕیاردانی ڕاست.
پەککەوتنی ئەرکە ڕۆژانەکان: نەمانی توانای بەجێگەیاندنی ئەرکەکان،
لەدەستدانی حەز و چالاکییە چێژبەخشەکان، و دابڕان لە کۆمەڵگە و تەنانەت
لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆیشی.
٣. قۆناغەکانی گۆڕانی ڕەفتار لە کاتی پشتگوێخستندا.
ئەگەر لە سەرەتادا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر هەڵنەگیرێت، ڕەفتارەکانی
کەسەکە وردە وردە بەرەو ئاراستەیەکی زۆر مەترسیدارتر دەگۆڕێن. بۆ
نموونە:
کەسەکە دەست دەکات بە بڕیاردانی هەڵە، زیانبەخش و سەیر.
ئۆتۆمبیل بە خێراییەکی زۆر و بە شێوازێکی مەترسیدار دەئاژوێ.
پەنا بۆ خواردنەوەی مەی یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەبات.
خۆی بریندار دەکات و لە مۆبایلەکەیدا دەکەوێتە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی
خۆکوشتندا.
چەند ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە، گۆڕانی لەپڕ لە هەست و سۆزیدا ڕوودەدات؛ بۆ
نموونە لە نائارامی و بێئۆقرەیییەوە دەگۆڕێت بۆ ئارامییەکی ماتی و
بێدەنگ، یان بەپێچەوانەکەی لە بێدەنگییەوە دەچێتە دۆخێکی توندی ترسی
زۆر و بێئۆقرەییەوە.
٤. زەنگە مەترسیدارەکانی نزیکبوونەوە لە خاڵی کۆتایی.
ئەو نیشانە ترسناکانەی کە نیشاندەری مەترسییەکی زۆر نزیک و خێران
ئەمانەن:
کەسەکە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەموو قەرزەکانی دەداتەوە.
پێداویستی و شتومەکە شەخسییەکانی ژیانی ڕۆژانەی بەسەر خەڵکدا دەبەخشێت.
ئاشت دەبێتەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی پێشتر کێشە و ڕکابەریی لەگەڵیان
هەبووە.
بە جۆرێک خواحافیزی لە هاوڕێ، خزم و کەسانی نزیکی دەکات کە وەک دیداری
کۆتایی لەگەڵیان دەردەکەوێت.
ڕاسپاردەی دوای مردن (وەسیەت) بۆ خێزانەکەی دەکات، نامەی دوا ماڵاوایی
دەنووسێت، یان بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ و فەلسەفی دەربڕینی بۆ ئەوە
دەبێت کە بەرەو مردن دەڕوات (وەک دەربڕینی ئەوەی کە ژیان بێهودەیە، یان
هیچ کێشەیەک لە دوا خۆی بۆ کەس جێناهێڵێت).
لە دۆخێکی وەکو ئەمەدا، ئەگەر دەوروبەر کەرەستە گومانلێکراوەکان لە
نزیک کەسەکە بدۆزنەوە، پێویستە دەستبەجێ و ڕەپ و ڕەوان دەربارەی نیازی
خۆکوشتن لەگەڵی بدوێن، بیخەنە ژێر چاودێریی بەردەوامەوە، و بە زووترین
کات بیانگەیەننە لای پزیشکی دەروونی یان بە فریاکەوتن بینێرنە
نەخۆشخانە.
٥. هۆکارەکان و تێڕوانینە هەڵەکانی کۆمەڵگە.
هەر ڕووداو یان کێشەیەکی قورسی کۆمەڵایەتی، ئابووری، دەروونی یان
تەندروستی دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری خۆکوشتن، واتە هیچ مەرج
نییە کەسەکە پێشتر نەخۆشییەکی دەروونیی دیاریکراوی هەبووبێت. لە لایەکی
ترەوە، زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەگەر پشتگوێ بخرێن و لای پزیشکی
پسپۆڕ چارەسەر نەکرێن، دەبنە هۆی خۆکوژی، بگرە لە هەندێک کەسدا یەکەم
دەرکەوتنی نەخۆشییە دەروونییەکە ڕاستەوخۆ بە خۆکوشتن دەست پێدەکات.
يەکێک لە هەڵە باوەکان ئەوەیە کە هەندێک کەس دەترسن یان خۆیان کەڕدەکەن
لە کێشەکە، چونکە پێیانوایە پرسیارکردن لە کەسەکە لەبارەی نیەتی
خۆکوشتنەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو نیازە لە مێشکیدا. ئەم ترسە هیچ
بنەمایەکی زانستی نییە؛ بە پێچەوانەوە، ئەگەر پرسیارەکە بە شێوازێکی
جوان، ئارام، هاوسۆزانە و پڕ لە پەرۆشی و دڵسۆزییەوە لەگەڵ کەسەکە
باسبکرێت، کەسەکە زۆر خۆشحاڵ و سوپاسگوزار دەبێت و هەست دەکات بارێکی
زۆر قورس لە مێشکی لابراوە.
٦. ئاڵۆزیی دەروونیی مرۆڤ (گەردوونی بچووک).
لە ڕوانگەی زانستییەوە، مرۆڤ وەک «گەردوونی بچووک» پێناسە دەکرێت،
چونکە قەبارەی ئاڵۆزیی دەروونیی مرۆڤ هێندە گەورەیە کە ناتوانرێت بە
تەواوی لێی تێبگەیت و پێشبینیی هەموو کردارەکانی بکەیت. هەر بۆیە
بەداخەوە هەندێک خۆکوژی هەن کە تەواو چاوەڕواننەکراون و دەوروبەر هیچ
نیشانەیەکیان تێیدا نەبینیوە. تەنانەت ئەم جۆرە ڕووداوە ئەگەری هەیە
لەناو نەخۆشخانە ئاساییەکان و ناوەندە دەروونییەکانیشدا ڕوودات،
سەرەڕای ئەوەی کە نەخۆشەکە لە ژێر چارەسەر و چاودێریی ورد و پیشەییی
پزیشکانی پسپۆڕدابووە.
ماڵپەڕی کارزان عەزیز
|