په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠٢٠

رێکەوتنی نێوان ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل

بزمارێکی تر لە تابوتەکەی (عروبە) دەدا!


عەبدوڵا ساڵح    


ئەم شەو ١١ / ٩ / ٢٠٢٠ ، ھاوکات لەگەڵ ساڵیادی پەلامارەکانی ١١/ سپتامبەر ، دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ڕێکەوتنی نێوان بەحرەین و ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەم ڕێکەوتنە وەک چوارەمین ڕێکەوتنی نێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسرائیلە دوای میسر وئوردون و ئیماراتیش لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا .

ئەم ڕێکەوتنانە،‌ ماوەیەک ژێر بەژێر بەردەوام بوون و ئێستا ئاشکرا کران. بەم شێوەیە بەحرەین دەبێتە دووەم ووڵاتی کەنداو کە ڕێکەوتن واژۆ دەکا لەگەڵ ئیسرائیل دوای میسر( ١٩٧٩ ) و ئوردون (١٩٩٤ ) . چاوەڕوانیش دەکرێ بەدوای بەحرەیندا و ئیمارتدا چەندین ووڵاتی (( عەرەبی )) ئەم ھەنگاوە بنێن ، لەوانە عومان ، ، سودان ، جیبۆتی وتەنانەت مەغربیش .

ئیمارات، بۆ واژۆ کردنی ئەم ڕێکەوتنە، بیانوی ئەوە دێنێتەوە گوایە ئیسرائیل لێرە بەدواوە پەل ناھاوێ بۆ دەست بەسەرداگرتنی ھیچ زەویەکی کەناری ڕۆژئاوا ( الچفە الغربیە )و ئەم پرۆسەیە دەوەستێنێ ، لەڕاستیدا ئەم بیانوە وەک ھیچ دەستکەوتێک ھەژمار ناکرێ و ئەوەمان بیر دەخاتەوە کاتی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ دا کە ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل ومیسر واژۆ کرا ، مەناحیم بێگن ی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئیسرائیل، بڕیاری دا بۆماوەی سێ مانگ چالاکی نیشتەجێکردن ( النشاگ الاستیگانی ) بوەستێنێ دواتر ڕوداوەکان پێچەوانەی ئەوەیان سەلماند.

ئەم ڕێککەوتنانە درێژەی پڕۆژەی ‌( ێفقە القرن ) ە کە ئەمریکا داڕێژەریەتی‌و ناوەرۆکەکەی بریتیە لە گونجاندنی ئیسرائیل لەگەڵ وولاتانی ناوچەکە ( تگبیع ) و کردنی‌بە شەریک لە ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیاەکاندا، مەبەستیش لە مەترسیەکان لە پلەی یەکەمدا ئێرانە، دواتریش بەیەکجاری پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکرێنەوە، ئەمەش پێش مەرجی ھەر پرۆسەیەکی ئاشتیە لە ناوچەکەدا. تێڕوانینی ئەمریکای ئەمڕۆ لەژێر سایەی دەسەڵاتداریەتی ترامپدا، بۆ ھەر مەسەلەیەکی جیھانی، بەر لەھەموو شتێک، لە گۆشەنیگای ئابوریەوە سەیر دەکرێ ، بەڵام لەپەیوەند بەم ڕێکەوتنانە، وەک یەک کۆگشتی ( پاکێجی ) لێکھەڵپێکراو لە ھەموو بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ئیستراتیجیەوە سەیر دەکرێ ، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکەوتنانە، بەتایبەتیش لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، دەچێتە خانەی بانگەشەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی ئەو ووڵاتە، ئەوەش ووڵاتانی کەنداو مەبەستیانە کە لەبەرامبەر ھەڕەشەکانی ئێراندا کەڵک لە سیاسەتەکانی ترامپ وەربگرن بەرامبەر ئێران .

کێشەی فەلەستین یەکێکە لە کێشە ھەرە ئاڵۆز و دژوارەکانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و جیھانیش بەگشتی. خەڵکی فەلەستین کە لە ساڵی ١٩٤٨ وە بەزۆر لە ووڵاتی خۆیان دەرکراون و نێردراون بۆ وولاتانی دەوروبەر و لە ئۆردوگاکاندا نیشتەجێ کراون، ڕووبەڕوی سەخترین بارودۆخی ژیان وگوزەران بونەتەوە، بێ ئەوەی ھیچ شوناسێکی (( نیشتمانیان )) ھەبێ و وەک ھاوڵاتی مامەڵە بکرێن، بۆھەرکوێ چوبن وەک پەناھیندە ھەژمار کراون ، مەگەر لە ھەندێ ووڵات کە مافی ھاوڵاتی بوونی پێبەخشیبن . ژیانیان لە ئۆردوگاکاندا، جگە لە نەھامەتی و دەست کورتی وھەژاری و نەخۆشی و چەندین دەرد وئازاری تر ، بەبەردەوامیش پەلامار دراون و پاکتاو قەڵاچۆ کراون، کوشتاری ئۆردوگای تەل زەعتەر ساڵی ( ١٩٧٦ ) لەلایەن میلیشیا مەسیحیەکانی لوبنان، کوشتاری ئۆردوگاکانی سەبرا وشاتیلا ساڵی ( ١٩٨٢ ) دووبارە لەلا‌یەن میلیشیا مەسیحیەکانی لوبنان، دواتر لەھەمان ئەو دوو ئۆردوگایە ساڵی ( ١٩٨٥ ) لەلایەن میلیشیا شیعەکانی بزوتنەوەی ئەمەل، ئەوە جگە لە دەستدرێژی وپەلاماری بەردەوامی دەوڵەتی ئیسرائیل. ئەو فەلەستینیانەش کە لە کەرتی غەزە و کەناری ڕۆژئاوا دەژین، بارو دۆخی ژیان و گوزەرانیان لەوانی تر باشتر نیە چ بەدەست پەلاماری دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسرائیلەوە و چ بەدەست سیاسەت وشەڕی نێوان باڵە سیاسیە جیاوازەکانی فەلەستینیەکان خۆیانەوە ، بزوتنەوەی حەماسی توندڕەوی ئیسلامی لە غەززە و ، بزوتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی لە کەناری ڕۆژئاوا .‌

کێشەی فەلەستین، ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانیەوە،‌ ناسیۆنالستە عەرەبەکان و دەوڵەتەکانیان سەرمایەگوزاریان لەسەر کردوە وبەکاریان ھێناوە بۆ جوڵاندنی ھەستی نەتەوایەتی و خۆڵ کردنە چاوی جەماوەری وڵاتەکانیان. بەرز کردنەوە و زەقکردنی دروشمی درۆینەی ( کێشەی فەلەستین کێشە سەرەکیەکەی عەرەبە، ئیسرائیل دەبێ فڕێبدرێتە دەریاوە ...‌ ) و چەندین دروشمی قەبەی تر، تەنیا بۆ پەردەپۆشی زوڵم وچەوسانەوە بوە لە سەر خەڵکی بەشمەینەتی ئەو ووڵاتانە و بردنە پێشی سیاسەتیەکانیان وھەرچی زیاتر پێشێل کردنی مافەکانیان و چەنگ قاییم کردنیان لە دەسەڵات و پەردەپۆشی کێشەی ئابوریەکانیان وشکاندنەوەی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو ووڵاتانەدا و پارێزگاری لە بەرژەوەندی سەرمایەداراندا. ئەمڕۆش، ئەم ڕیز بەستنو پەلە کردنەی وڵاتانی عەرەبی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئیسرائیل و‌دەستبردن بۆ سات و سەودا لەگەڵیدا و پەراوێز خستنی کێشەی فەلەستین، نیشانەیەکی ترە لەوەی کە بزوتنەوەی ناسیۆنالستی عەرەب و ماھیەتە چینایەتیە بۆرژوازیەکەی تا دێت بزماری پتەوتر دەدرێ لە تابوتەکەی، ھەروەک (( کوردایەتیەکەی )) لای خۆمان ، ئیتر تازەجەماوەری بەرینی کرێکار وزەحمەتکێش لەوە دەرچوە بەو تەپڵە سەما بکا و فریو بخوا.

لێرەدا نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە ھەڵوێستی فریوکارانەی ووڵاتانی ئێران و تورکیا و قەتەر کە گوایە دژی ڕێکەوتنەکەی بەحرەین و ئیماراتن لەگەڵ ئیسرائیل و بەرگری لە بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین دەکەن، جگە لەشانۆیەکی ساختەکاری شتێکی تر نیە، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاق، کاتێک دەرکەوت ئێران ژێر بەژێر لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتوە بۆ کڕینی چەک، ئەو سکانداڵەش ( فەزیحە ) لەژێر ناوی ( ئێران کۆنترا ) دەرکەوت ، ھەروەھا تورکیاش زۆر دەمێکە پەیوەندی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆی ھەیە لەگەڵ ئیسرائیل ھەردوو ووڵات سەفارەتیان لەوی تردا ھەیە تا ئەمڕۆش بەردەوامە! قەتەریش دەمێکە ئۆفیسی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل کردۆتەوە.


ھەموو ئەم سیاسەت و ڕێکەوتن وھەڵوێستانە، بە ئەرێن ونەرێنیەوە ، بەگوێرەی چەرخی بەرژەوەندی وولاتە ئیمپریالست و زلھێزەکانی جیھان و وولاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەو دەسوڕێ و بەئاشکرا نیشانمان دەدا کە لەم نێوەدا دوو بەرژەوەندی جیاواز بەزەق وئاشکرا خۆی دەردەخا ، بەرژەوەندی سەرمایەدارەکان لەڕێگای سیاسەتی دەوڵەتەکانیانەوە کە گشت سنورە نەتەوەیی و ئایینی وتایفیەکانیان بەزاندوە و کرۆکی چینایەتی خۆیان زۆر ئاشکرا نیشانداوە ، لەبەرامبەردا بەرەی جەماوەری کرێکار وزەحمەتکێش وئازادیخوازی ناوچەکە،‌ بەتایبەت لە فەلەستین و ئیسرائیل کە ھیچ جۆرە بەرژەوەندیەکیان لەم سات وسەودایە و شەڕو دوژمنایەتیە دینی و نەتەوەییە نیە وبگرە ئەوەی ئەنجامدەدرێ دروست دژ بە بەرژەوەندی ئەوانە و ھێرشە بۆ سەر ژیان وگوزەرانیان.

لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە خاوەنی سەرەکی ئەم مەسەلەیە جەماوەری کرێکاران وزەحمەتکێشان وئازادیخوازانی ھەردووک ووڵاتە، دەریش دەکەوێ کە کلیلی چارەسەری ئەو کێشە ئاڵۆزە ھەر بەدەست ئەوانە ‌، ئەوانن کە بەھیچ جۆرێک بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ ئەم سیاسەتانە نایەتەوە، ھەر بۆیە ئەمڕۆ یەکڕیزی خەباتی ئەوان زامنی پوچێڵکردنەوەی ئەم بەندو بەستو ساتو سەودایەیە کە لەسەر ژیان ومافی ئەوان دەکرێ، دەستبردن بۆ ئەم یەکڕیزیە چینایەتیە، زەمینە خۆشدەکا بۆ لەقکردنی ژێرپێی ئەم لایەنە کۆنەپەرستانە وپوچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانیان.


چارەسەری ئەم کێشەیە لە ئێستادا خۆی لە دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا دەبینێتەوە، یەکیان بۆ فەلەستین و ئەوی تریان بۆ ئیسرائیل دوور لە دوژمنکاری ، دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای دابینکردنی ئازادی ویەکسانی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکا‌نی لە ئێستاودا بۆ نەوەکانی داھاتوش دوور لە شەڕ و ئاژاوە و یەکتر کوشتن، دوور لە ھەر جۆرە مۆرکێکی ئایینی و نەتەوەیی.
 

 

١١\٩\٢٠٢٠

a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک