٤\٧\٢٠١١
رێککەوتننامەکەى
پارتى و یەکێتى لە نێوان مانەوە و هەڵوەشانەوەدا.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
ململانێى حیزبە کوردییەکان لەقۆناغە جیاوازەکاندا زیانى گەورەى
بەبزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستاندا گەیاندوەو ململانێکانیشیان
فاکتەرێک بووە لەوەى یەکڕیزى تاکى کوردستان دووچارى پەرتەوازەیی بۆیەوە،
ئەمەش کاریگەرى خراپى بۆسەر بزووتنەوەکە هەبووەو بەعس سوودى لەم
ململانێیانە وەرگرت بۆ کپکردنى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان، دەکرا
ئەو ململانێ سیاسییانە تا ئەو کاتەى کوردستان دەگەیشتە کەنارى
ئازادییەوە نەکرابوونایەو دواتر لەچوارچێوەى بنەماکانى دیموکراسى و
فیکرى مەدەنییانە کارەکتەرە سیاسییەکانى کوردستان حیزب و رێکخراوى
سیاسى لەسەر بنەماى بیروڕاى جیاواز دابمەزرێنن.
لە ململانێوە بۆ شەڕى ناوخۆیی.
لەگەڵ زیادبوونى ململانێ و شەڕى ساردى نێوان کارەکتەرە سیاسییەکانى
ئەوکاتەى شاخ ڕیزەکانى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستان دووچارى شەڕى
نەگریسى ناوخۆیی بۆیەوەو دوای ڕاپەڕینیش شەڕ درێژەى کێشاو قەیرانى
سیاسى و ئابوورى و پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتى و رۆحى لەگەڵ خۆیدا هێنا،
ئەمەش لەکاتێکدابوو کۆمەڵگەى کوردستانى لەدواى راپەڕینەوە لەهەمووکات
زیاتر پێویستى بەبوژانەوەى کایەکانى نێو کۆمەڵگە هەبوو تا لەناوچەکەدا
ببێتە نموونەیەکى بەرچاو لەبەرێوەبردنى هەرێمە دانپێیانەنراوەکەدا،
بەڵام شەڕى ناوخۆی پارتى و یەکێتى ئاڵۆزییەکانى چووە نێو تەواوى
ماڵەکانەوەو لەهەموو رووێکەوە کاریگەرى خراپى بەسەر سایکۆلۆژییەتى تاکى
کوردەوە جێهێشت، ئەمە جگە لەوەش لەرووى سیاسى و خزمەتگوزارى و
نێودەوڵەتیشەوە زیانى گەورەى بەکوردستان گەیاند.
شەڕى ناوخۆ بەرهەمهێنەرى کۆمەڵێک ئیپمراتۆر و سیاسى فاشیل.
دەکرێت شەڕى ناوخۆ وەک قەیرانێکى گەورەى کوردستانى سەیر بکەین کە رەگى
قەیرانەکان چۆتە قوڵایی کۆى کایە جیاوازەکانى کۆمەڵگەوە، ئەگەر شەڕى
ناوخۆ هۆکارێک بووبێت لەبەکوشتدان و برسی کردن و چەکدارکردنى کۆمەڵگەدا،
بەدیوەکەى تریشەوە، دەیان سەرکردەى سەربازى گەورەى بۆ کورد بەرهەمهێناو
لەماوەى شەڕى ناوخۆشدا زیانیان بۆ سەر دیموکراسى و پێشکەوتنى هەرێمەکە
هەبووەو دواتریش لەلایەن حیزبەکانەوە پلەى سیاسی گەورەیان پێ بەخشراو
ئێستاکەش پرۆسەى سیاسى هەرێم دەجولێنن، ئەم دیاردەیە تەنیا پارتى و
یەکێتى ناگرێتەوە، کۆى حیزبەکانى دیکەش بەهۆى شەڕى ناوخۆوە بەجۆرێک
لەجۆرەکانەوە یان زیانمەندبوون یان سوودمەندبوون، حیزب هەبووە بەهۆى
بۆشایی سیاسى ئەوکاتەوە دروستبووەو لەئێستاکەشدا وەک مەترسییەک بۆ سەر
ئاییندەى دیموکراسى و مەدەنییەتى کوردستان هەژمار دەکرێت، ئەوە پیاوە
سەربازەکانى دوێنێن بوونەتە فاکتەرێک بۆ دروستکردنى قەیرانەکان،
ئێستاکەش لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکانیاندا بۆنى شەڕێکى دیکەى ناوخۆیی
دەکرێت و پێویستە بەجیدى ئیش بۆ بێدەنگکردنى ئەو دەنگە مەترسیدارانە
بکرێت لەچوارچێوەى یاساوە، چونکە بەرژەوەندى کوردستان لەئارامیدا گەشە
دەکات، بەپێچەوانەوە هەر بارگرژییەک وەک ئەمەى سلێمانى زیانى بۆسەر
میسداقیەتى هەرێم هەیە لەرووى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی و تەنانەت
عێراقیشەوە.
ڕێککەوتننامەى ستراتیژییى پارتى و یەکێتى .
لەو کاتەوە کوردستان دەبوژێتەوە کە شەڕى نەگریسى ناوخۆیی نێوان پارتى و
یەکێتى کوتایی دێت و ڕێککەوتننامەى ستراتیژى مۆردەکەن، هەرچەندە
ئێستاکەش کاریگەرییە خراپەکانى شەڕى ناوخۆیی نێوان ئەو دوو حیزبەو
حیزبە کوردییەکانى دیکەش بەسەر تاکەکانى کۆمەڵگەوە دەبینرێت، لەشەڕى
نێوان پارتى و یەکێتییدا کەس سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکو هەموو تاکێکى
کوردستانى پروشکى ئەم شەڕەى بەرکەوتووە، ئەمەش قسەى زۆرێک لەسەرکردە
سیاسییەکانى کوردستانیشەو ئەم شەڕە ناوخۆییەش بەهەڵەیەکى ستراتیژى هێزە
سیاسییەکانى کوردستان وەسف دەکەن، کەواتە ڕێککەوتننامەى ستراتیژى
بایەخى سیاسییانەى خۆى هەیەو دەکرێت تاماوەیەکى دیکەش چاوەڕێى
دەرئەنجامەکانى بکەین بۆ بەرژەوەندى گشتى، چونکە لەئێستاکەدا
هاوپەیمانێتى لەم جۆرە کاریگەرى باشى هەیەو دەرئەنجامى باشى بەدواى
خۆیدا هێناوە لەرووى ئارامى و پێشکەوتنى سیاسى و ئابوورى و
حوکمڕانییەوە.
ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەى پارتى و یەکێتى لەنێوان مانەوەو
هەڵوەشانەوەدا.
ئەگەرچى لەهەندێ رووەوە ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەى پارتى و یەکێتى
خاڵى نەرێنى هەیەو بەجۆرێک لەجۆرەکانیش زیانى بۆ سەر دیموکراسى و
پرۆسەى سیاسى هەرێم هەیە، بەپێى ئەم ڕێککەوتننامەیە زۆرترین پۆست و
ڕێککەوتننامە سیاسییەکان لەنێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەدا بڕیارى لەسەر
دەدرێت و تارادەیەک وەک خنکێنەرى دیموکراسى هەژمار دەکرێت، بەڵام
بەدیوەکەى تریشەوە دەیان خاڵى ئەرێنى هەیەو لەئێستاکەدا فاکتەرێکیشە بۆ
بوژانەوەى کۆمەڵگەو پێشکەوتنى پرۆسەى سیاسى و ئابوورى هەرێم، هەر کاتێک
بارگرژییەکى بچووک بکەوێتە نێوانى ئەو دوو هێزەوە، ئیدى بارگرژییەکە
راستەوخۆ دەچێتە ناواخنى کۆمەڵگەوەو پەلوپۆ دەهاوێژێت، ئەمەش بەم هۆیەى
ئەندامان و لایەنگرانى دوو حیزبە شەڕکەرەکەى دوێنێ و هاوپەیمانەکەى
ئێستاکە، زۆرترین ڕێژەى تاکى کوردستانى پێکدەهێنن، بۆیەش هەر ساردییەکى
بچووک، گەرمییەکى گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەگەرى شەڕێکى دیکەى
لێدەکرێت، چونکە ئەم دوو حیزبە هێشتاکە خاوەنى زۆرترین هێزى پێشمەرگەى
کوردستانن کە لەشاخەوە لەگەڵ حیزبەکانەوە هاتوونەتەوەو ئێستاکەش حیزب
وەک وەفایەک هێشتوونەتیەوە، ئەگەرچى دەبووایە تاوەکو ئێستاکە ئەم
هێزانە لەچوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە رێکبخرابوونایە، بەڵام کە
رێکنەخراوە، ئەمە مەسەلەیەکى دیکەیەو قسەى زۆر لەبارەوە کراوە.
بۆچى داواى هەڵوەشانەوەى ڕێککەوتننامەکە دەکرێت.
ڕێککەوتننامەى ستراتیژى پارتى و یەکێتى، ڕێکەوتننامەیەک نییە تەواوى
کادیران و ئەندامانى دوو حیزبەکە رەزامەندیان لەسەرى دابێت، بەڵکو ئەم
ڕێککەوتننامەیە زیاتر لەنێوان سەرکردایەتى هەردوو حیزبەکەدا کراوە،
واتە ڕێککەوتننامەکە زیاتر پەیوەندى بەسەرکرایەتى دوو حیزبەکەوە هەیەو
لەبەرانبەریشدا دەیان کادیرو ئەندامى پارتى و یەکێتى و رۆشنبیران و
رۆژنامەنووسان هەن داواى هەڵوەشانەوەى دەکەن، ئەمە جگە لەوەى دواى
دروستبوونى گۆڕان ئیدى هەڵمەتێکى میدیایی دژى ڕێککەوتننامەکە
بەرپاکراوە بۆ قسەکردن لەسەرى و داواى هەڵوەشانەوەى دەکەن، ئەمەش بە
پلە یەک لەبەرژەوەندى سیاسەتى گۆڕاندایەو دەیەوێت بەهۆى بوونى بارگرژى
نێوان پارتى و یەکێتى پێگەى حیزبى خۆی زیاد بکات، چونکە وەک ئاماژەى
پێدرا هەر ناکۆکییەکى نێوان پارتى و یەکێتى ئیدى پەرتەوازەیی
کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى بەدواوەیەو ئەمەش بۆشایەک بۆ گۆڕان
دروستدەکات بۆ ئەوەى گەشە بەئاستى جەماوەرى حیزبییان بدەن، بەڵام دواتر
بەرژەوەندى گشتى لەئێستاکەدا پێویستە لەسەرووى هەموو شتێکەوە بێت،
راستە ڕێککەوتننامەکە لەهەندێ رووەوە زیانى هەیە بۆسەر دیموکراسى و
ئازادى قسەکردن و سستکردنى پرۆسەى سیاسى و زۆر شتى دیکەش، بەڵام
ئاشکرایە هێشتاکە کاریگەرییە خراپەکانى شەڕى ناوخۆ بەسەر سایکۆلۆژییەتى
کۆمەڵگەوە ماوە، چونکە نەوەى شەڕى ناوخۆ ئامادەگی هەیەو خەڵکێکى زۆریش
قوربانى ئەم شەڕەبووەو هەستى تۆڵەکردنەوەى کۆمەڵایەتى لەئارادایە، بۆیە
ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکە بۆ ئەم قۆناغە، دەکرێت وەک زامنى پاراستنى
دەسکەوت و بەرژەوەندییەکانى تاکى کورد تەماشا بکرێت و هەوڵى مانەوەى
بدرێت لە قۆناغێکى وا هەستیاردا وەک لە هەڵوەشانەوەى، چونکە دواى
هەڵوەشانەوەى گرەنتى ئەوە لەئارادانییە کە دیسانەوە دوو هێزە گەورەکەى
کوردستان، بەگژ یەکدانەچنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەگژیەکداچوونەوەیان
لەجارەکانى دیکە مەترسیدارترە.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|