په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٧\٢٠١٧

رەنگدان لە بێ‌ رەنگییدا.


ئەرسەلان مەحمود  


مانەوەی هەر میللەت و نەتەوەیەك بەژێر دەستەیی و لەبندەستەیی و بێدەسەڵاتیدا، پڕ جەمسەرو فرە ڕەهەندو هەمەلایەنە، هۆكارە هەرە سەرەكییەكەی، بەدبەختی و بێچارەیی نیە وەك ئەوەی ئیددیعا دەكرێت، بگرە بێ‌ مۆڕاڵییە لەبێ‌ ڕەنگیدایە، مۆڕاڵ بەمانا خۆرئاواییەكەی، ڕەنگدان بەمانا ڕۆشنگەری و پڕشنگدارییەكەی، نەخێر تەنها پەیوەندی بەنەبوونی ئەو ئامرازە ناسێنەرە ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانیانەوە هەیە، ئێستا لەچاوی دوێنێداو، ئایندە لەتێپەڕاندنی هێزو هزرو زیهنیەتی خێگەرایی و نەرێتپارێزی و حزبی ڕوتدا، دەبینن.

كورد وەك نەتەوە، وەك خاوەن خاك، وەك فەرهەنگدار، بەڵام لەغیابی ئەو ڕەنگدان و، پڕشنگدانە ڕۆشنگەرییەدا، وەك ئامادەیی لەبۆشایی بونیادنانی ئەو ئامرازە كاریگەرە عەقڵانیە ستراتیژییانەدا، سەدانساڵە تێدەكۆشێت، سەدانساڵە قوربانی دەدات، جینۆسایدو ئەنفال دەكرێت، شكست دەخواو هەڵدەستێتەوە بەڕوی شكستداو، بەر بەتیرۆرو شكست بەتیرۆرستان دەهێنێت، كەچی ناتوانێ‌ دەربازی سەر شاڕێی سەلامەتی و سەربەخۆیی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی بێت، سەدانساڵە لەبری ئەوەی بەش"یەكە"ی نەتەوەیی و نیشتمانی هەبێت لەخۆیدا، جگە لەخۆی دابەش دەبێت بەسەر هەموو ئەوانی تری غەیرە خۆی لەخۆیدا، ئەمە هەم وەك بوونیادە مرۆییەكەی و، هەم وەك فەزاو فزوڵیەتە ژینگەییە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەیشی هەر ڕاستە!

بەكوردی و كورتییەكەی، كورد لەبەر ئەم پەرت و پەرێشانییە ناوەكییەی خۆی، لەبەر ئەم بێنەو بەرە هەناوسزییەی خۆی، تا هەنوكەیش نەیتوانیووە هاوتای ئازایەتییەكەی لەمەیدانی جەنگدا، نەیتوانیووە هاوتای قوربانیدانەكەی خۆی لەبواری پێشمەرگایەتیدا، ڕون و ڕاشكاوانە، كوردو كوردایەتییانە، برەو بداتە لایەنە هۆشیاری و عەقڵمەندی و مۆڕاڵە هەمەكییەكەی خۆی و، هەبوونی خۆی لەمەیدانی واقیعدا جێگیر بكاو بسەلمێنێت، تەنانەت نەیتوانیووە وەك حزب و حزبییەكانی، بگاتە بونیادنانی یەكەیەكی هاوبەش و ڕێژەیی نیشتمانی لەسیاسەتكردن و موخاتەبەكردندا بەڕوی دەرەوەی خۆی و ناوخۆی خۆیشیدا.

لەبەر ئەوە، ئەمەی ئێستا گەنجانی كورد لەمیدیاو سۆشیال میدیادا، لەكۆڕو كۆبوونەوەو بەریەككەوتنە جیاوازەكاندا بەیەكتری دەكەن، باشتر وایە لەبری ئەم چەلەحانێ‌ و چەنەبازییە، چاكتر وایە لەبری ئەم تەڵە تەقاندن و دەمەتەقێییە تاقەت پڕوكێنە، ڕاستترە لەبری ڕەنجاندن و شكاندنی یەكتری، بكەونەوە خۆیان و وەك یەك تیم كارو چالاكی نواندنی گەنجانەی خۆیان لەفۆڕمێكدا جیاوازو سەرتاسەری، بێگومان بەئاڕاستەی بەهێزكردنی بوونیادە مەعریفی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لەكوردەواریدا، بنوێنن و بەڕێوەبەرن.

تا ئەمە، واتا تا ئەو مۆڕاڵە هاوبەشە لەناخی یەك بەیەكدا بەمانا نەبێت، كورد وەك میللەتێكی مەزڵوم، كورد وەك نەتەوەیەكی غەدر لێكراوو ژێر دەستە، ناتوانێ‌ و ناتوانێ‌ ببێتە خاوەنی ئەو ڕەنگدان و ئامرازە ناسێنەرو گوتارە كاریگەرو هاوبەشەی دەكارێ‌ دەربازی بندەستەیی و ژێر دەستەیی بكات.

ئەم بێباكگەرای و شڕم بڕمێنەی ئێستا گەنجانی كوردی بەخۆیەوە سەرگردان و خەریك كردوە، هەرچییەك بێت سەرەئەنجامەكەی بێ‌ ئامانە، ڕوونە، تەنانەت جگە لەدوبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەزمونە شكستخواردوەكانی ڕابردوو، هەروەها نانەوەی شەڕو ئاشوب، تروسكاییەكی تری تیادا بەدیناكرێت، شەڕی كورد یەك شەڕەو، حزبەكانی، حزبیەكانی هەزار شەڕ، بەرژەوەندی كورد یەك بەرژەوەندییە وەك نەتەوەو، نیشتمانەكەی، بەرژەوەندی سیاسیەكانی و سیاسەت لەناوچەكەدا، هەزار شت، ئەم پەرتبوونە هەنارییەی گەنجانی كورد، زۆر مەترسیدارە، تینوتاو بەفیڕۆدانە، نەخێر هەرزانفرۆشیە لەفۆڕم بەرگێكدا غەیرە كوردی، بەمەیش ئەگەر گەنجانی ئەم وڵاتە هەستیارو خاوەن پرسیارو لەسەر هەست نەبن، ئەگەری توانەوەی توانستەكانی خۆیان لەناو ئەم گوتارە پەرت و پەرێشانە حزبی و سیاسیە نا واقیعبینەدا مسۆگەر ترو دەستەمۆ تر دەكەن، تەنانەت زۆر بەئاسانی دورو نزیك، هیچ نەبێ‌ لەداهاتوودا ماهییەتی داخوازیەكانیان لەبگۆڕەوە دەگۆڕێت بەنەگۆڕ، ئەی ئەوەنیە هەر لەئێستاوە ئاستی داخوازیەكانی خەڵك، لەبەرزترین پلەو پایەو پێگەیەوە دابەزیووەتە نزمترین ئاست و، ویست، لەبری سەربەخۆیی داوای سەرەتایترین ماف و ئازادی و كارەباو ئەمنیەت و، ئاوەدانی و ئاو دەكات!!

حزب لەدنیادا، ئامارازی بەدیهێنەری خواست و، ویستەكانی خەڵكە، بەڵام حزبی كوردی لەكوردستاندا، لەبری ئەوەی ئامرازی بەدیهێنەری ویست و خواستەكانی خەڵك و میللەتەكەیان بن، خەڵك و میللەتەكەیان وەك ئامرازی دەستەبەركردنی بەرژەوەندییە حزبیەكانیان بەكار بردوەو، دەبینن، كەی دەبێ‌ گەنجانی كورد لەوە تێبگەن: ئەوەی ناوی فكرو ماریفەو ئایدیۆلۆژیاو مۆڕاڵە لەحزبی كوردییدا نەماوەو نیە، ئایدیۆلۆژیای ئەم حزب لەویتردایەو، ئەفكاری ئەم حزبەی تریش لەمەی تردایە، بەس دژو دوژمنایەتیكردنی یەكترییان لێبستێنیتەوە هات و هاوار بڕاو دەبن، هیچیان نامێنێت بۆ وتن، لەخۆیان و خەڵك و خودایش دەبنەوە، سەركردایەتی ئەم حزب ئەوەندە گەمژەو گوناحن، هێندەی خەریك بەڕازیكردنی جەماوەری ئەو حزبی بەرامبەرن بێگومان لەسەر كەوڵی حزبەكەی خۆیان، پۆینت و چارەگێك ئەوەندە خەیاڵ و ئەندێشەیان لای هەوادارو جەماوەرو ئەندام و كادری حزبەكەی خۆیان نییە، ئەوەندەی لەسەر میزاج و مەجازو پەیوەندییە شەخسی و ڕۆمانسییەكان كار دەكەن، نەك هەرگیز ئەوەندە گوێ‌ بەپرانسپ و دسپلینە حزبیەكانی خۆیان نادەن، ئەسڵەن بەهیچیشیان نازانن، هێشتایش خەڵك وەك سەرچاوەو خۆراكی ئەم كەر بازاڕییە دەبینن، هێشتایش پێیان وایە دەتوانن وەك هەمیشە تۆقێنەرو گەوزێنەرو گەوجێنەری یارو نەیارەكانیان بن.

زەمەن، سروشتێكی سەیری هەیە، وەك با لەڕۆیشتن ناكەوێ‌ و ئاوڕیش لەهیچ ناداتەوە، گەنجانی كورد نابێ‌ لەچاوەڕوانیدا وەك شوتییەك بەشەرت خۆیان بخۆنەوە، دەبێ‌ ئیتر زۆر هەستیارو هۆشیارو شوناسخوازو چاوكراوەتر بڕژێنە مەیدانی خەبات و تێكۆشانەوە، ئەگەر خۆر سەرچاوەی ڕۆناككردنەوەی گەردونی بێت، گەردون لەبەرامبەردا بێباكی نەنواندوەو، ڕەنگدانەوەی خۆی نواندووە، دەی ئەگەر گەنجانی ئەم وڵاتە سەرچاوەی وزەو هێزو نۆژەنكردنەوەی ئەم وڵاتەن، دەبێ‌ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆشناییەی خۆیانی نەبێ‌، تەمای زیاتری لەسەر هەڵنەچنن، گەنجانی كورد ئەگەر خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان نەبێت لەسەر ڕوداوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، ئەگەر وەك ئەوەی هەن بیر لەو هەبوونەی خۆیان نەكەنەوەو، خۆیان بەماناوە بەیاننەكەنەوە، ناتوانن‌ ببنە بەدیهێنەری ئەو ئامرازە ناسینەرو بكەرە كاریگەرەی دەتوانێ‌ ڕۆڵبگێڕێت لەگۆڕانكارییەكاندا، گەنجانی كورد لەبری ئەوەی بكەونە ژێر باری ئەو بانگەوازو تەبلیغاتە حزبییە گەوزێنەرو گەوجێنەرەی جگە لەخۆ بەرهەمهێنانەوە هیچ بەهاو ئامانج و ستراتیژێكی تری نیە، دەتوانن كاریگەری یەكلاكەرەوە لەسەر ئەداو گوتارو تەواوی پرۆسەكە دابنێن و خواست و داخوازیەكانی خۆیان بسەلمێنن و بسەپێنێت.

گەنجانی كورد، ئەگەر پێیانوایە كوردەواری خاوەنی فەرهەنگ و تۆرەی تایبەت بەخۆیەتی، ئەگەر خۆیان بەجێگرەوەی نەوەی دوێنێ‌ و نوێنەری ڕاستەقینەی بزافە مەدەنی و ڕۆشنبیری و زانستیەكەی ئەمڕۆی وڵاتەكەیان دەزانن، دەبێ‌ ئیتر لەهەوڵی ئەوە دابن خۆیان لەژێر ركێفی گوتارو ڕەفتارو ئەدای كۆمەڵگە جۆراو جۆرەكانی دی بهێننە دەرەوەو ناسنامەیەك تایبەت بەخۆیان چێبكەن و بەدەستبهێنن، نەك ئەو بێ‌ ڕەنگییە لەناو ئەم هەموو ڕەنگە بێ‌ ڕەنگانەدا، ڕەنگبكەنەوە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک