په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

رەنگە بتوانن داشەکان بگۆڕن، لێ ئاغاکان ناگۆڕێن!

 
ستار محەمەد قادر


یەکێک ئەگەر شارەزایی تەواوی لە یاری دامە هەبێت، بەباشی لەوە دەگات کە بە بێ بوونی ئاغا بردنەوەی گەمەکە کارێکی مەحاڵ دەبێت. بۆیە هەر لە بەرایی یارییەکەوە، گەمەکەر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە بە شێوەیەکی تاکتیتکی هێندێک داش بکات بە قووربانی لە پێناو درووستکردنی ئاغایەکدا، ئاغایەک کە بە بێ بوونی ئاغای بەرانبەر دەبێت بە دەسەڵاتێکی فیرعەونی و لە بارتەقایدا دەبێت بە ئارەزووی خۆی لە سەر رووبەری تەختەی یارییەکە ئەمسەرو ئەوسەر بکات. ئەم گەمەیە وەکو هەموو گەمەکانی دی بە پێی لێزانی و زیرەکی گەمەکەری بەرانبەر هاوکێشەکە دەگۆڕێت. زۆر جار ئاغا لە لایەن بەرانبەرەوە چاڵی بۆ هەڵدەکەنرێ و کۆدەتای سپی لە رێی شەکراوەوە دەدرێت بە دەرخواردی و لە مەنفاوە ئاغایەک بۆی دەبێت بە مڵۆزم و تەخت و بەختی تێکدەداو بە شێوەیەکی ئەفسووناوی لە گەمەکە دەیکاتە دەرەوە، جاری واش هەیە لە بەرایی یارییەکەوە ئاغایەک بە هۆی کارامەیی گەمەکەرەکە گۆڕەپانی یارییەکە بۆ خۆی قۆرخ دەکات تا کۆتایی بە گەمەکە دەهێنێت بەرگری لە خۆی و داشەکانی دەکات!


ئەم گەمەیە بە پێی ئاستی لێزانی گەمەکەر، لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە هاوکێشەکەی دەگۆڕێت، هێندێک گەمەکەر هەن لە تووانایاندایە تەحەکوم بە گەمەکە بکەن و بۆ هەر ختوەیەک ئەلتەرناتیڤیان هەبێت، گەمەکەری واش هەن، کە رۆژانە کاتێکی چاکی خۆیان بەو گەمەیەوە بە هەدەر دەدەن و ناتوانن ببن بە خاوەنی ئەزموون و لە دۆڕان قەڵس نابن!


یاریزانی واش هەن کە هەمیشە براوەن و نەفرەتیان لە دۆڕان کردووە! کەواتە ئەم گەمەیە لە بنەڕەتەوە پەیوەندی بە ئاستی هۆشیاریی خودی گەمەکەرەوە هەیە، نەک گەمەکردنی بەردەوام!


ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، ئەم هەڵبژاردنەی 25ی جوڵای کوردستانە، کە پێویستی بە گەمەکەری وریاو چالاک و هۆشیار هەیە، گەمەکەرێک لە رووی تاکتیکی گەمەکەوە خاوەنی بەرنامەو پلانی گونجاو بێت. هێندەی مەبەستی لە بەشداربوونی لەو گەمەیە بردنەوە بێت، بیر لە دۆڕان نەکاتەوە. هێندەی لە هەوڵی دانانی بەرنامەی تازەدا بێت، بیر لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆ کۆنەکان نەکاتەوە.


رەنگە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی کوردی بەردی بناغەی گەمەیەکی نوێ بێت، لێ رەنگیشە لە بارتەقایدا بێت داشەکان بگۆڕێت، لێ تا ئێستا ئەوە بەدی ناکرێت کە ئاستی هۆشیاری گەمە چێکان تخووبی گۆڕینی ئاغاکان کەوتبێت! چونکە تا ئێستا گرەو و مەرجی سەرەکی گەمەچێکان لە گۆڕینی داشەکاندا خۆی وێنا دەکات.


لە بەر ئەوەی هەر هەموو ئاغاکان یەک بەرنامەیان هەیەو بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر بمانەوێت لێیان وردبینەوە، زۆر لە یەک دەچن! وەکو ئەوەی هیچیان لە مەنفای تەختەی گەمەکەوە نەبووبێتن بە ئاغاو هەر لە بەراییەوە بە ئاغایەتییەوە بەشداری گەمەکە بووبێتن. بۆیە تا ئاستی گەمە چییەکان بەرز نەبێتەوە بۆ ئەو ئەندازەیەی کە بە باشی ئەو راستییە بزانن کە لە سیستمی ئەم گەمەیەدا بردنەوەو دۆڕان هەیەو کاریگەری راستەو خۆشی دەبێت لە سەر ژیانی ئەوان و چوار چێوەیەکی ماتماتیکییانەی بۆ نەکێشن، رەنگبێت بەو ئاست نزمییەی ئێستا بتوانن هێندێک داش یگۆڕن، بەڵام گۆڕینی ئاغاکان دەبێت هەڵگرن بۆ ئەو کاتەی کە بردنەوە دەبێت بە ئەندێشەیان، نەک تەنها بە پرۆسەی بەشداریکردن لە گەمەکە کۆتایی بەو پرۆسەیە بهێنن!

 

 

star_qadr@yahoo.com