په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٩\٢٠١٦

    رەنگەکانی نیشتیمان.


شوان عوسمان

لە ناو رەنگەکانەوە هاتووم،
رەنگەکانم تێر بوون و
ئێستا کاڵ دەبنەوە...
من کاتێک دوور ئەکەومەوە چەند کاڵ ئەبمەوە،
ئەگەر بە رەنگی نیشتیمان نەبێ،
لە رەنگ تێر نابم..
تا لە رەنگی ئەو پڕ ببم، پڕتر دەبێ رەنگە کاڵ و تێرەکانم...
برسیترم دەکات گەڕانەوە،
بۆ باوەشی...
بێرەنگم دەکات دووریی،
لە دووریی ئەودا...
من تەنانەت کە سەفەرم کرد هەموو رەنگەکانی نیشتیمانم لە جانتایەک نا،
لە خۆم لوولدان وەکو جلەکانم....
تا لە رەنگی ئەوانەوە نەبم...
لە غوربەتیشدا هەر بەو رەنگانەوە ئەژیم،
رەنگێک ئەبەم و رەنگێک دێنم...
تا رەنگێکم هەبێت،
ئەو دێتە دەنگ هەموو رەنگەکان دەبنە من و
دەنگی نیشتیمان...
هەر رەنگێکیش بەردەم،
دەنگێکی نیشتیمانم لێ بەرئەبێتەوە...
خۆم ئەوەرم،
خۆریشم ئاوا دەبێ،
لە بەرەبەیاندا...
ئێستا لە دووریی ئەگەر لە رەنگیش بم،
نە رەنگم تێر دەبێ،
نە دەنگم دەتوانێت نێتە دەنگ...
هەر هەموویان کاڵ دەبنەوە کاتێک خەزانێک پەلکەزێڕینەکان کاڵ دەکاتەوە...
پاییزێک دێ،
بەرلەوەی کاڵ ببینەوە ئەو کاڵمان دەکاتەوە...
تەمەن دێ لە رەنگمان دەکات،
من بێرەنگ ئەبم،
رەنگم کاڵ دەبێتەوە...
بەڵام هەرگیز دەنگم کاڵ نابێتەوە..
پاییز ناتوانێت بێدەنگم بکات، کاتێک رەنگم زەرد دەبێ..
بە تەمەن و
بە غوربەتێکی زۆر زۆر درەنگ...
من بە رەنگەوە دەنگ وەرئەگرم،
بە دەنگیش رەنگم تێر دەبێتەوە سەرلەنوێ...
تەنیا نیشتیمانە ناهێڵێت من لە رەنگ و دەنگی خۆم ببم،
ئەگەر لە دووریش بم،
نزیک ئەبمەوە،
هەرچەند دوور بم...
 

٧\٩\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک