١٣\١٠\٢٠١٨
رێنمایی بۆ ژنان!
سهبارهت به
چۆنیهتی خۆپاراستن له مهترسییهکانی جیابوونهوه له هاوسهریی.
چەند
ڕێنماییەکی گرنگ لە ڕیکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە
بەریتانیا بۆ ژنانی کورد لە بەریتانیا و ووڵاتانی ئەوروپا - بە تایبەت
ئەو ژنانەی کە لە هاوسەریان جیابوونەتەوە یان لە ژێر مەترسی توندتیژی
خێزانیدا ژیان بەسەر دەبەن:
دوا بە دوای هەواڵی تاوانی کوشتنی ئاڤان نەجمەدیین لە بەریتانیا لە
مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، وە بە پێی ئەو بەدواداچونانەی کە تیمی ڕێکخراو
کردویەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشینە و بار و دۆخی ژیانی قوربانی بە
ماوەیەک بەر لە کوشتنی ، ڕێکخراو بە پێویستی دەزانێت کە چەند
ڕێنوێنیەکی زۆر گرنگ بڵاو کاتەوە بۆ هاریکاری ئەو ژنانەی کە مەترسی یان
لەسەرە تا بۆ خۆپاراستنی خۆیان و منداڵیان لە پێناو کەم کردنەوە
کاریگەری توند و تیژی و ئەگەری کوشتن لەسەریان بیگرنە بەر.
ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی ئەزموونی ٢٠ ساڵ
کارکردنی لە هاریکاری ژنان لە ژێر هەڕەشە ی توند تیژی و کوشتندا بە
پێویستی دەزانێت ئەو ژنانەنەی کە جیابوونەوتەوە و ترسی تۆڵە سەندنەوە
یان هەیە لە لایەن هاوسەری پێشوو ، یان ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە د ەژین
وترسی توند تیژی و کوشتنیان لەسەرە ، تکایە ئەم ڕێنوێنی یانە بە هەند
وەرگرن:
لە ساتی ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی:
لە کاتی مەترسی خێرا ، لە بەریتانیا تەلەفۆن بکە بۆ ٩٩٩ و داوای
یارمەتی بە پەلە بکە، لەوانەیە فرسەتی ئەمە زۆر کەم بێت ، بۆیە ئەگەر
فریا کەوتیت ، هەوڵ بدە بە زووترین کات ئەدرەسی ئەو جێگەیە بدەیت کە
لێێت . لە هەموو وولاتێکی ئەروپادا ئەم ژمارەی هێڵی فریاکەوتنە هەیە و
تکایە لەهەر ووڵاتێکیت ئەم ژمارەیە بزانە.
ژمارەی هێڵی یارمەتی توند تیژی خێزانی لە بەریتانیا کە بە بەردەوامی
هەفتەی ٧ رۆژ و لە ڕۆژێکدا ٢٤ کاتژمێر هەیە : ٠٨٠٨٢٠٠٠٢٤٧ ( ئەم هێڵە
لە لایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا وەڵام دەدرێتەوە و نهێنیەکانت دەپارێزن
). هەروەها هێڵی وەرگێران بۆ زمانەکانی تر هەیە و خەمت نەبێت ئەگەر
ئینگلیزی نەزانیت ، دەتوانی داوای وەرگێڕ بکەیت.
پاراستنی خۆت لە دوای جیابونەوە:
١- تەلەفۆن بۆ ژمارەکانی ڕێکخراوی ژنانی کورد وخۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بکە بۆ وەرگرتنی ڕێنوێنی لەسەر چۆنێتی پاراستنی خۆت و هەنگاوەکانی
داهاتوو، ڕۆژانە لە نێوان کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی بۆ ٥ ی ئێوارە بۆ
ژمارەی : ٠٢٠٧٢٦٣١٠٢٧ ؛ لە دەرەوەی ئەو کاتانە دەتوانی پەیوەندی بکەی
بە ژمارەی مۆبایلی: ٠٧٧٤٨٨٥١١٢٥
رێکخراوی تری ژنانی کورد هەیە لە ووڵاتانی ئەوروپا تکایە هەوڵ بدە
بیاندۆزیتەوە.
٢- لە کاتێکدا کە هیچ کەس پێێ خۆش نیە باسی کێشە خێزانی و تایبەتیەکانی
خۆی بکات ، بەڵام ئەگەر لە دەست توند و تیژی ڕاتکردوە و ترست هەیە ،
باشترە هاوڕێیەکت یان چەند هاوڕێیەکت کە متمانەت پێیان هەیە ئاگادار
کەیتەوە ، کەس و کارت ئاگادار کەیتەوە ، هەروەها شوێنی کارەکەت ،
دکتۆری خێزان و قوتابخانەی منداڵەکانت . ئەم هەنگاوانە گرنگن نەکا لە
بێ ئاگایی خۆیان ، بە بێ مەبەست، زانیاری لەسەر تۆ بدەنە کەسی توند
وتیژ. ( ئەمە بە تایبەت زۆر گرنگە لە گەڵ قوتابخانەی منداڵەکەت باسی
کەیت ).
٣- زۆر خۆت دابڕاو و تەنها و بێ کەس مەکە ، بە تایبەت ئەگەر لە هەمان
شار دەژیت کە کەسی توند و تیژی لێیە.
٤- هەوڵ بدە بۆ هەمان ئە جێگایانە نەچیت کە پێشتر پێکەوە چوون ، وەک
هەمان بازاڕ ، هەمان بانق ، هەمان چێشتخانە.
٥- ڕێگەکان و شیوازەکانی ژیانت کە پێشتر پێێ راهاتوویت بگۆڕە و ڕێگاو
شیوازی تازە بدۆزەرەوە.
٦- ئەگەر هەندێک مەوعیدی بەردەوامت هەبووە پێشتر کە هاوسەرت ئاگادار
بووە ، شوێن و کاتیان بگۆڕە.
٧- ئەو ڕێگایانەی کە پێشتر بەردەوام پێیاندا هاتوچۆت کردوە بگۆڕە ، بۆ
هەندێک جێگا کە هەر ناچاریت بڕۆیت ، وەک شوێنی کارەکەت یان قوتابخانەی
منداڵان، ڕێگەی سەلامەت هەڵبژێرە.
٨- کاتی سەفەر و هات وچۆ ، بەشی (لۆکەیشن) لە مۆبایلەکەت بکوژێنەوە.
٩- دۆکیومێنتە گرنگەکانی وەک پاسپۆرتی خۆت و منداڵانت با لای خۆت بن ،
ئەگەر دەتوانی کۆپی یان لێ بگرە و لای کەسێک یان ڕێکخراوێکی جێگا
متمانەت دایاننێ.
١٠- ژمارە تەلەفۆنی ئەوکەسانەی کە متمانەت پێیان هەیە کە کاتی پێویست
دەتوانن بە هاناتەوە بێن، یان ژمارەی ئیمێرجنسی و فریا کەوتن بکە بەشی
( favourites) لە مۆبایلەکەت با ئامادە بەدەست بن بۆ کاتی پێویست،
ئەگەر لەگەڵ کەسی توندوتیژ دەژێێت و دەتەوێت بەمە نەزانیت ئەوا بە ناوی
خوازراو دایاننێ.
١١- متمانە زیاتر بە خۆت و هەستەکانت بکە بەرامبەر بە کەسی توند و تیژ
، چونکە تەنها تۆ لەگەڵی ژیاویت و دەزانیت چی کردوە و چی پێ دەکرێت .
تکایە مەکەوە ژێر کاریگەری هیچ کەسێک لە کەس و کاری خۆت یان کەس و کاری
کەسی توند وتیژ یان ئەو هاوڕێیانەتان کە لەگەڵ هەرووکتان پەیوەندی یان
هەبووە . زۆربەی کات ئەو کەسانەی نێوانی دەکەن ، هەرچەند مەبەستێکی
باشیان هەیە ، بەڵام ئەو کارەیان بە زیانی تۆ وەک قوربانی توند و تیژی
دەکەوێتەوە و ژیانی تۆ دەخەنە ژێر مەترسی زیاترەوە.
١٢- ئەگەر ویستت نێوانی بکرێت لە نێوانتاندا ، تکایە لە پێشدا ڕێنوێنی
وەرگرە کە چۆن بە شێوەیەکی سەلامەت و پارێزراو ئەو کارە بکەیت باشە .
بە تایبەت لەسەر مەسەلەی منداڵ ، ئەوە بە ئاگاداری و سەرپەرشتی سۆشیال
سێرڤس بیکە و بە پشتیوانی ڕێکخراوێکی ژنان ( وەک KMEWO).
١٣- تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک و ئینستگرام و تویتەر بە ووریای
یە وە بەکار بێنە ، بۆ نمونە کاتێک لە جێگەیەکی لە هەمان شوێنەوە لایڤ
مەکە ، ئەگەر هەر ویستت ، ئەوا دەتوانی ڤدیۆ بگریت و کە شوێنەکەت
جێهێشت ئینجا بڵاوی کەیتەوە.
١٤- لە ژێر فشاری سۆزداری بۆ منداڵەکان و پێویستیان بە باوکیان ،
پەیوەندی دروست مەکەوە لەگەڵ کەسی توند و تیژدا . دەتوانی لە ڕێگەی
سۆشیال سێرڤس بینینی مندالەکان ڕێک بخەیت بە بێ ئەوەی پێویست بکات
پەیوەندی دروست کەیتەوە. ئەوە بزانە کە کاتێك سۆشیال سێرڤس ڕێگە نادات
منداڵەکان ببینێت ، هۆکاری ئەوەیە کە توند تیژی کردوە و زیانی زیاترە
وەک لە سوودی بۆ مدناڵەکان.
١٥- متمانەت هەبێت بە یارمەتی و کۆمەکی دەزگا سەربەخۆ و فەرمیەکان ،
چونکە ئەوان بە یاسا ئەرکیانە کە یارمەتیت بدەن ودوایی لە کارەکانیان
بەرپرسن ، بۆیە سەلامەتی خۆت و منداڵان لە لایان یەکەمە . بەڵام
یارمەتی کەس وکار و هاوڕێ یان ، هەرچەند مەبەستیشیان چاکە بێت ، هێچ
بەرپرسیارێتیەکی تێدا نیە و پابەندی هێج یاسایەک نیین ، هەروەها لە
زۆربەی حاڵەتەکاندا بێ لایەن نیین.
١٦- وا باشترە بە تەواوی قوتابخانەی منداڵەکەت یان دایەنگا ئاگادار
بکەیتەوە ، پێیان بڵێیت کە منداڵ نەدەنە دەست هیچ کەسێک کە خۆت ڕێگات
نەدابێتن ، وە ناونیشانت نەدەنە هیچ کەسێک لە خۆیانەوە . دەتوانی
پاسوۆردێک دانێێ لایان ، ئەگەر لە کاتی پێویست کەسێکی تر منداڵەکانتی
وەرگرتەوە دەبێت ئەو پاسۆردەیان پێ بێت.
١٧- ئەگەر لە جێگایەک کار دەکەیت، شوێنی کارەکەت ئاگادار کەرەوە نەکا
کەسی توند تیژ هەوڵبدات لەڕێگەی ئەوانەوە پەیوەندیت پێوە بکات.
١٨- ئەگەر ماڵت گواستۆتە بۆ شوێنێکی دوور لە کەسی توند تیژ ، وە
ناتەوێت جێگات پێ بزانێت ، ئەوە پێویست دەکات کە زۆر ئاگادار بیت و بە
ووریایی وە هەندێ کار بکەیت کە لەوانەیە بەهۆیەوە جێگەی تازەت ئاشکرا
بێت ، بۆ نمونە:
لەوانەیە مۆبایلەکەت تراکی لەسەر بێت ، زۆربەی کات ئەم تراکە کاتێک
ئاکتیڤ کراوە کە خۆت ڕێگەت پێداوە ، بەڵام هەرکات هاوسەرەکەت دەستی
گەشتبێت بە مۆبایلەکەت لە ڕابردوودا، ئەگەری ئەوەی هەیە کە بێ ئەوەی تۆ
ئاگادار بیت ، بە ناوی تۆوە ڕێگەی بە خۆی دابێت کە لە مۆبایلی خۆیەوە
بتوانێت تراکی مۆبایلەکەت بکات . بۆیە کاتێک جیا دەبیتەوە تکایە
پەیوەندی بە کۆمپانیای مۆبایلەکەت بکە و ئەو ڕێگە پی دانە هەڵوەشێنەوە
، ئەگەر هەر دڵنیا نیت ، تکایە مۆبایلەکەت بگۆڕە.
هەوڵ بدە بە هیچ جۆرێک کارتی بانکی هاوبەش یان حسابی بانکی هاوبەش کە
پێشتر هەتببوە بەکار نەهێنێت ، چونکە ئەگەر ستەیتمێنتی بانکی بنێرن بۆ
هاوسەری پێشووت ، ئەوا دەبینێت لە کوێوە کارتەکەت بەکار هێناوە.
ئەگەر لە پرۆسەی دادگادا بیت ، داوایان لی
بکە کە بە هیچ جۆرێک ناونیشانت دانەنێن لەسەر ئەو نامانەی کە دەینێرن
بۆ هەردوولا.
ئەگەر پێویستت بەوە هەبوو کە تەلەفۆن بکەی
بۆ کەسی توند و تیژ ، یان بۆ کەسێک کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەیە ، تکایە
لە پێش ژمارەکی ئەو ژمارە ١٤١ لێدە تا ژمارەکەت نهێنی بێت . (
ئەوانەی کە لە ووڵاتانی تری ئەوروپا دەژین ، تکایە ئەم ژمارەیە بدۆزەوە
لە سیستەمی ئەو وولاتەدا).
قسە لەگەڵ منداڵەکانت بکە ، ئاگاداریان کەوە کە ناونیشان و جێگای خۆتان
بە کەس نەڵێن.
ئەگەر خۆت ناونووس کرد بۆ دەنگدان لە هەر ووڵاتێک هەیت ، مافی ئەوەت
هەیە کە داوا بکەیت کە ناونیشانت نهێنی بێت.
١٩- ئەگەر لە هەمان ماڵی خۆت دەژیت ، وە کەسی توند تیژ چۆتە دەرەوە ،
زۆربەی کات بڕیارێکی دادگات دەبێت کە ئەو نەتوانێت بێتە نزیکی ماڵەکەت
. تکایە نوسخەیەکی ئەو بڕیارە بدە بە دەزگای پۆلیسی ناوچەکەی خۆت تا
ئاگادار بن و لە کاتی ئیمێرجنسی زوو بگەنە لات. ئەگەر هەر کاتێک هەستت
بە مەترسی کرد ، پیویستە لەوماڵە نەمێنیت.
٢٠- هەروەها دەتوانێت ئەم هانگاوانە بگریتە
بەر، بەشێکی زۆر لەمانە لە لایەن بەلەدیەی گەڕەکەکەت دابین دەکرێت:
گۆڕینی قفڵ و کلیلی دەرگاکانی ماڵەکەت.
دانانی قوفڵ بۆ پەنجەرەکانت.
دانانی جیهازی هەستیاری دووکەڵ.
دانانی گڵۆپی هەستیار لە پێش و پاشی ماڵەکەت کە بە هاتنی هەر کەسێک
دادەگرسێت.
ئاگادار کردنەوە درواسێکانت کە هاوسەری پێشووت چیتر لێرە ناژێت ،
داوایان لێ بکە کە تۆ یان پۆلیس ئاگادار کەنەوە ئەگەر بینیان.
ژمارە تەلەفۆنەکانت بگۆڕە.
دانانی جیهازی بینین بۆ دەرگا کردنەوە ، تا ئەوکەسانە ببینیت کە لە
دەرگا دەدەن.
کۆپی هەموو بڕیارەکانی دادگا هەڵگرە . هەموو ڕووداوەکان بنوسە ، ئەگەر
بۆ هەر ڕووداوێک تەلەفۆنت بۆ پۆلیس کرد ، داوای ڕفرەنسیان لی بکە.
ئەگەر هاوسەری پێشووت بەردەوام دوات دەکەوێت ، تەلەفۆن دەکات یان
دەتترسێنێت ، لای خۆت هەموو کاتەکان و ئەو کارانەی دەیکات بنوسە ،
ئەگەر ئازاری دایت ، یان شتی شکان ، وێنەیان بگرە و لای خۆت هەڵیان گرە.
ئەگەر کەسی توند تیژ ئازاری دایت ، بچۆ بۆ دکتۆر و داوایان لی بکە کە
لای خۆیان ئەو سەردانەت بنوسن و دۆکیۆمێنتی کەن.
لە کۆتاییدا ، هەرچەندە کە تەجروبەی
هەرکەسێک تاکە و تەنها هی ئەو کەسە خۆیەتی ، بەڵام هەمیشە ئەوەت لە بیر
بێت کە تۆ تەنها نییت و ژنانێکی زۆر لە هەمان بارو دۆخدا دەژین . بگەڕێ
و کراوە بە لەوەی کە داوای یارمەتی بکەیت ، کە قسەی دڵی خۆت بکەیت و
ئەو ڕێکخرا و و گروپانە بدۆزیتەوە کە یارمەتیت دەدەن و هاوکاریت دەکەن.
هەست کردنی خۆت بە ترس بە هەند وەربگرە ، چونکە ترس ووریات دەکاتەوە بۆ
مەترسی و یارمەتیت دەدات بۆ خۆپاراستن.
_______________________________________________
سەرچاوەکان:
١- Womens Aid 2008 , The Survivors Handbook ,
(funded by The Body Shop):
www.womensaid.org.uk)
٢-
www.kmewo.com
رێکخراوی ژنانی کورد و
رۆژههڵات
info@kmewo.org
|