٢١\٩\٢٠١٠
رەش.

کـاردۆ
ئەو
دەمەى مرۆڤ لە بینین و بیستن و ئاخاوتن بێبەش دەبێت ، تاریکى ژیانى
داگیر دەکات و گۆشەگیریى دەکاتە نزیکترین هاوڕێى خۆى ،مەگەر تەنها
رووناکییە ئەزەلییەکەى فریاى بکەوێت ، ئەو رووناکییەى کە خوداوەند بە
ناوى رۆحەوە بە مرۆڤەکانى بەخشیوەو هەرگیز لەناو ناچێت ، بەڵام ئاخۆ
مرۆڤەکان رووناکیەکانى خۆیان دۆزیونەتەوە و گەیشتوون بە نهێنییەکانى
وزەى ئەفسووناوى رۆح بۆ رووناککردنەوەى رێگاکان ،ئەگەر وایە ئەى ئەم
هەموو تاریکییە بۆ نابڕێتەوە کە ناخى زۆربەمانى تەنیوە ؟
فیلمى black یاخود رەش ، گەشتێکى دەرهێنەرە و لەگەڵ خۆیدا دەمانباتە
ناخى کەسێکى کەم ئەمەندامەوە،هەر بیرکردنەوە و تێڕوانینێکى دەکاتە
وێستگەیەک بۆ ئەوەى بە تێڕامانەوە هەڵوەستەیان لەسەر بکەین.
میشێل مەکنللى ئەو کچە منداڵەیە کە لە هێکڕا تووشى تایەکى بەرز دەبێت ،
پاش ئەوەى پزیشک پشکنینى بۆ دەکات ،دەرئەکەوێت بەهۆى ( تا) کەوە هەستى
بینین و بیستنى لە دەستداوە، تەنانەت تواناى گۆکردنیشى نەماوە و لاڵ
بووە ، ئەگەرچى دایکى بەم رووداوە چاوەڕواننەکراوە تووشى شۆک ئەبێ و
ئازارێکى زۆر ئەچێژێ چوونکە منداڵى یەکەمیانە ، بەڵام باوکى وەک پێویست
هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکات هەندێجار وەک ئاژەڵ مامەڵەى لەتەکدا ئەکات ،بۆ
نموونە زەنگۆڵەیەکى بەقدەوە هەڵدەواسێ بۆ ئەوەى لەهەر کوێیەکى
ماڵەکەدابێت دەنگى ببیسترێ،رۆژ بە رۆژ خێزانەکەى میشێل هەست بە
بارگرانى ئەکەن و پەروەردەکردنى کچەکەیان بەلاوە دژوار ئەبێ،بۆیە
دایکەکە بەدواى مامۆستایەکدا ئەگەڕێت کە چاودێریى میشێل بکات ، بەڵام
ئەوەى کەدەبێتە مامۆستاو فێرکەرکەرى کچەکەیان (دبراجی)یە ،پیاوێکى لە
رادەبەدەر سەیرە ، وێڕاى ئەوەى هەندێجار لە ئەنجامى هەوڵەکانى بە
گومانە بەڵام لە کارکردندا متمانەیەکى زۆرى بەخۆى هەیە.
دبراجى لە فێرکردنى میشێل-دا شێوزازى توند بە کاردەهێنێت و دەبێتەهۆى
نانەوەى پشێوییەکى زۆر لە ماڵەکەدا و بێزارکردنى میشێل وهەڵاتنى لەدەست
مامۆستاکەى ، دەرئەنجام دبراجى لە لایەن باوکى میشێلەوە لەماڵکە
دەرئەکرێت،لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەر سوورە لە سەر فێرکردنى کچەکە ،بۆیە
ئەو کاتانەى کە باوکى لە دەرەوەیە ، لەگەڵ میشێلدا بەردەوام دەبێت، تا
رۆژێک دواى بێهیوایى و دەهرى بوونێکى زۆر بە دواى خۆیدا پەلکێشى دەکات
و ئەیخاتە ئاوى نێو حەوزى هەسارى ماڵەکەوە ، لەوێدا میشێل ترسێکى زۆر
دایدەگرێت و بەبینیى دایکى یەکەم وشەئەدرکێنێ "دایکە...." ئەلێرەوە
ئیدى مامۆستاکە بڕیار ئەدات بە هیچ جۆرێک دەستى لێهەڵنەگرێت.
دبراجى لەگەڵ میشێلدا هەموو ململانێکانى کەسێکى کەم ئەندام لەگەڵ
کۆمەڵگەیەکى کاڵفمدا دەژێت ،کــۆمەڵگەیەک کە هەمیشە لە تەقەلادایە بۆ
بەرتەسکردنەوەى کەمترین دەرفەتى ژیان لە بەردەم کەسانى خاوەن پێداویستى
تایبەت ، میشێل بە هەوڵ و کۆششەکانى خۆى و سووربوونى مامۆستاکەى لەسەر
گۆڕینى ئاراستە تاریکەکان و گرتنەبەرى رێگاى ئومێد و ژیانێکى نوێ،
گەیشتە زانکۆ ،بەڵام وەرگیرانى لە زانکۆ هەر وا بە سانایى نەبوو،بەشێک
لەو پرسارانەى کە لە لایەن لیژنەى وەرگرتنى قوتابیانەوە ئاراستەى میشێل
دەکران لە سەرووى ئاستى تێگەیشتن و زانیارییەکانى قوتابییەکى
تەندرووستەوە بوون چ جاى کەسێکى نابینا و کەڕ ولاڵ ،لەگەڵ ئەوەشدا زۆر
بە بوێرى و بڕوابەخۆبوونەوە وەڵامى دانەوە، مامۆستاکەى بەڵینى
لێوەردەگرێت یەکەم کەسبێت بە جلوبەرگى دەرچوونەوە بیبینێت و بەو
پۆشاکەوە بەر لە تیچەر (مامۆستا) خۆى پیشانى کەسى تر نەدات ، بەڵام لە
رۆژى دەرچوونیدا و لە کاتى سوپاسکردنى خانەوادەکەى لە بەردەم مامۆستا و
خوێندکارانى زانکۆ ، بەجل و بەرگێکى ئاساییەوە دەبینرێت ،چونکە پێشتر
نەیتوانیوە جلەکەى لەبەربکات و خۆى پیشانى مامۆستاکەى بدات ،مامۆستا
دبراجى لێرە نییە ساڵانێکە ونبووە ، بە هۆى نەخۆشى زهایمەرەوە لە
ئێوارەیەکدا خۆى لێ ونبوو ،هەمووشتێکى بیرچووەوە نوقمى گۆشە تاریکەکانى
ژیان بوو،وەک ئەوەى هەرچى وزە و رووناکى رۆحى خۆى هەیە بە قوتابییەکەى
بەخشیبێتى ،میشێل بڕیار ئەدات مامۆستاکەى بدۆزێتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ
ژیان،دەرئەنجام لە رۆژێکى باراناوییدا و لە نەخۆشخانەیەکى دەروونیدا
ئەیدۆزێتەوە ،بە جل و بەرگى دەرچوونەوە خۆى پیشان ئەدات ،دەستى ئەگرێت
و هێدى هێدى ئەیباتە بەردەم پەنجەرەى ژوورەکە و بە ئاماژەى پەنجەکانى
پێى ئەڵێت"باران..ئاو" وەک ئاماژەیەک بۆ ژیانەوە هەروەها ئەیەوێت ئەو
ساتانەى بیربهێنێتەوە کە بە منداڵى لە نێو حەوزەکەدا تەڕیکردوەو و
یەکەمین وشەى پێ درکاندووە، لێرەوە ئیدى کچەکە رۆڵى مامۆستاکەى دەبینێت
و کار دەکات بۆ رزگارکردنى مرۆڤێک لە دەردى بیرۆچوونەوە و گومڕابوون.
لە کۆتاییدا فیلمەکە پێمان دەڵێت ، ئێمەى مرۆڤ کەسمان خاوەنى جوانییە
رووکەشییەکانى خۆمان نین ،رەنگە شاجوانێک بین بەڵام ئێمە خاوەنەکەى نین
و ئەشێ لە هەر ساتێکدابێت لە رووداوێکى چاوەڕواننەکراودا لە دەستى
بدەین ، ئەوەى لە ناو ناچێت ئەو رووناکییەیە کە لە ناخەوە دائەگیرسێ ،
بەمەرجێ بتوانین بەرگرى لێ بکەین و نەیەڵین خامۆش بێت .
_______________________________
* نووسین و دەرهێنانى: سانجاى لییلا بهانسالى
* نواندنى: ئەمیتاب باچچان، رانى مومهێرجى،شێرناز پاتێل،ئایشا کاپوور.
* ماوەى فیلم: 122دەقیقە.
* بەرهەمى هیندستان - 2005.
ماڵپهڕی کاردۆ
|