١٧\٨\٢٠١٨
رەشیدە تڵێب و چەپ
و ھەڵای ئیسلامییەکان.

عەلی مەحمود محەمەد
حەلیمە یەعقوب موسڵمانی لەچک لەسەر بە ڕەچەڵەک ھیندی کە لە بەرواری
١٣-٩-٢٠١٧ کە بووە سەرۆک کۆماری سەنگافورە، یەکێک لە دەرئاساکانی
ئابووری جیھانی، زۆرینەی چینی، ورتەیان لێوە نەھات، چونکە خۆیان بە
حاکمیەتی ژنان و لە ناویشیدا ژنێکی غەیرە دین، سەرباری ئەوەی بێ
ھەڵبژاردن پۆستەکەی بەدەست ھێنا قایل نابن، کە قایلیش نەبن ئەوا وڵات
خەڵتانی خوێن دە کەن، خۆ کەمایەتی چینی و ھیندی ٣ بەرابەری رێژەی
موسڵمانانی سەنگافورەیە لە مالیزیا، وەلێ پیاوەکانیان نەخوازەلا
ژنەکانیان ناوێرن بە تەنیشت حوکمڕانیشدا بڕۆن، ھەرچەندە ھەموو
پێشکەوتنەکان ئەم وڵاتە بەرھەمی دەست رەنگینی چینیەکانە، بۆ
ئەندەنوسیاش لە بواری ئابووری و سیاسی ھەر راستەو ئەزموونەکە
تاقیکراوەتەوە.
لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سێشەمە ٧ ی ئاب، دیاردەیەکی دیکەی
ھاوچەشن رویدایەوە، کە نموونەیەکە لە ھەزاران تا ئێستا رویان داوە لە
ئەوروپاو ئەمەریکای لاتین و ...... لە ھەڵبژاردنی بەرایی بازنەی ١٣ ی
مشیگان لە ئەمەریکا، بۆ دیاریکردنی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ بازنەی
ھەڵبژاردن، کە شوێنی نفوزی ئەوانەو کۆمارییەکان ناتوانن تیایدا رکابەری
بکەن، بێ سندوقی دەنگدان ئاڵای سپییان بەرز کردۆتەوە، رەشیدە تڵێبی ٤٢
ساڵە لە دایک بووی شاری دیترۆیتی ئەمەریکی بە رەگەز فەڵەستینی، وەلێ
کاندیدی پارتی سۆسیالست دیموکراتی ئەمەریکی لەسەر ناوی پارتی دیموکرات
ئاراستەی پێشکەو تنخواز کە بیرنەر ساندەرزی بە رەگەز جو سەرکردایەتی
دەکات ھەڵبژێردرا، وەک کاندیدی بەرایی بۆ ھەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا
کە بڕیار وایە ٦ ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، لەو بازنەیە
کۆمارییەکان کاندیدیان نییە، بەمەش چوونی بۆ پەرلەمان مسۆگەرە، ئەوەی
شایانی ئاماژەیە لە ھەڵبژاردنی بەرایی ھەرێمەکەش بیرنەر ساندەرز بەسەر
ھیلاری کلنتۆندا سەرکەوت، وە تەنھا ٢٪ ی ھاووڵاتیانی ھەرێمەکە عەرەب
زمانن، واتا زەمینەی سەرکەوتنەکەی پێشتر بۆ خۆشکراوە، ئەوەی ئەوی
گەیاندۆتە ئەو پێگەیە بێ ھەڵبژاردن بچێتە کۆنگرێسەوە باڵی سۆسیالستی
دیموکراتەکانە، کە سۆسیالستخوازە جووەکە ساندەرز جەماوەریترین سیاسی
ئێستای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات، نەک عەرەب و
ئیسلام و فەڵەستینیەکان، ھەرچەندە رەشیدە نە یەکەم موسڵمانە و نە یەکەم
عەرەبیشە دەچێتە کۆنگرێسەوە پارساڵ ئیلھان عومەری سۆماڵی عەرەب و
موسڵمان نوێنەرایەتی بازنەی مینیسۆتای کرد و ئێستاش کیس ئەلیسۆن و
ئەندری کارسۆن ھەردوک موسڵمان ئەندامی کۆنگرێسن.
ئەو بازنەیەی ئێستا رەشیدە کاندیدێتی لە ساڵی ١٩٦٥ ەوە جۆن کۆنێرزی
دیمکراتی ھەڵبژاردووە بۆ کۆنگرێس, وەلێ بەھۆی تۆمەتی لاقەکردنی
ژنانەوە, بزووتنەوەی #MeToo ھەڵمەتیان دژی ئەنجامدا, بۆیە خۆی کاندید
نەکردەوە لەم خولەدا .
لە ھەڵبژاردنی سێشەمە ٧ی ئۆگستسدا رەشیدە کە ساندەرزو ئەسکەندەریە
کۆرتیز بانگەشەیان بۆی دەکرد و نوێنەرایەتی باڵی پێشکەوتنخوازەکانی
دەکرد لەناو دیموکراتەکان, توانی ٢٧٨٠٣ دەنگ لە کۆی ٨٩١٧٩ بەشداربووی
دیموکراتەکانی لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکە بەدەست ھێنا, کە دەیکردە
٣١,٢%ی کۆی دەنگەکان, لە بەرامبەردا بریندا جۆنیس سەرۆکی شارەوانی
دیترۆیت ٣٠,٢%ی دەنگەکان و و بیل وێڵد سەرۆکی شارەوانی وێستلاند ١٤,١%ی
دەنگەکانیان ھێنایەوە, لە پاڵ ٣ کاندیدی دیکە .
رەشیدە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی ھیچ پارەیەکی لە دیموکراتەکان و
کۆمپانیاکان وەرنەگرت و توانی ٨٩٣٠٣٠ دۆلار کۆمەک لە خەڵک کۆبکاتەوە .
بەمەش لە گەڵ ئەسکەندەریە ئۆکاسیۆ کۆرتیز وەک دوو سۆسیالست و لایەنگری
بیرنی ساندەر و ئەندامی پارتی سۆسیالست دیموکرات DSA لە خولی داھاتووی
پاش ٦ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ ,دەچنە کۆنگرێسی داھاتوەوە, بۆ داکۆکی لە
پڕۆژە سیاسیە مەزنەکەی بیرنی ساندەرزی ٧٧ ساڵانە, کە نەک تەنھا
ئەمەریکا چاوی لە ھەنگاوەکانیەتی بگرە پێشبینی گەورەتری لێدەکرێت,
ئەگەر تەمەن رێگای پێبدات .
دەرچوونی رەشیدە وەک ئاگر بەردان لە پەرێز بووە سەردێری ھەزاران ھەواڵ,
بەتایبەتی راگەیاندنی عەرەبی و ئیسلامی, چونکە راگەیاندنی بیانی
دەرچونی ئۆکاسیۆ کۆرتیزی ٢٨ ساڵانە زیاتر رایانی چەڵەکاند , رەشیدەی
چەپگەرا لە پڕ بووە یەکەم موسڵمان, یەکەم عەرەب , یەکەم فەڵەستینی کە
دەچێتە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە, وەلێ ئەوەی باسیان نەکرد, ئەو پارتەی ئەوی
کاندید کردووە کە پارتی سۆسیالست دیموکراتی چەپگەرایە, ئەوکەسایەتیە
سیاسییەی پشتیوانی سەرکەوتنەکەی بووە کە جووەو ناوی بێرنارد ساندەرزە,
تەنانەت لە ھەمووشی سەیرو سەمەرەتر ئەوە بوو رێکخراوی کیری سەر بە
ئیخوان موسلمین پیرۆزباییان لێکرد, لە کاتێکدا رەشیدە پشتیوانی دەکات
لە زەواجی ھاوڕەگەزەکان, کاتێکیش رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بە
دواداچونیان بۆ ئەکاونتەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد, ھیچ حەماس و
پشتیوانییەکان بۆی لە کێشەی فەڵەستین نەبینی, لە کاتێکدا پارتەکەی
لایەنگری سەرسەختی کێشەی فەڵەستینە, ئیتر ھەڵاکەیان نازانم بۆ چی بوو؟.
رەشیدە یەکێکە لەو ٥ ژنە بە رەچەڵەک موسلمانە و ١٨٥ ژنە ئەمەریکیەیە,
وەک پەرچە کردار لە ھەمبەر سیاسەتی دوژمنکارانەی ترەمپ لە ھەمبەر بە
ژنان خۆیان کاندید کردووە, دەیانەوێت بە چالاکی سیاسی بەرەو روی
ببنەوە, رەشیدە پێشتریش پەرلەمانتاری ھەرێمی مشیگان بوو لە نێوان
ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ دا, بەوە ناسراوە لە ھەرێمەکەی خۆی داکۆکی لە
ھەژاران کردووە, بەشداری لە داکۆکی لەو خاوەند ماڵانە کردووە کە توانای
دانی قستی مانگانەیان نەبووەو لە دەرکردن پاراستوونی, بەشداری کارای لە
ھەڵمەتی ١٥ دۆلار لانی کەمی کرێ بۆ کاژێرێک کاری کردووە.
رەشیدە وەک لە بەرنامەی سۆسیالستە دیموکراتەکان ھاتووە کار دەکات بۆ
بیمەی تەندروستی گشتی, خوێندنی زانکۆ بە خۆڕایی, قەدەغە کردی چەک, لانی
کەمی کرێ ١٥ دۆلار بۆ کاژێرێک کار , داکۆکی لە ژینگە , داکۆکی لە
ھاوڕەگەز بازەکان, مافی لەبار بردن بۆ ژنان, داکۆکی لە پەنابەران و
.... , ئیتر نازانم شەکراو خواردنەوەی ئیسلامییەکان بۆ کام لەم
کارانەیە.
دەرھێنەری ناسراوی چەپی جیھانی مایکل مۆر دوای دەرچوونی وەک
سۆسیالستێکی دیموکراتی پیرۆز بایی لێکرد.
رەشیدە یەکەم نەبوو.
بیرنارد ساندەرز لە دایک بووی ٨-٩-١٩٤١ برۆکلین لە نیویۆرک, بە ڕەچەڵەک
جو, لێ ئیماندار نییە,نوێنەری فێرمۆنتە لە ئەنجومەنی پیران و یەکەم
سۆسیالستخوازیشە لە ئەنجومەنەکە, رکابەری سەرەکی ھیلاری کلنتۆن بوو بۆ
ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و کاندید بوونی پارتی دیموکرات.
ناوبراو جگە لە رەشیدە ھاوکات پشتیوانی عەبدالڕەحمان سەیدی میسریشی کرد
بۆ نوینەرایەتی دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنی حاکمی ھەرێمی میتشگان, وەلێ
ناوبراو لە ھەڵبژاردنەکە دۆڕا" ٢٧% بە ٣٣%", بەھۆی پەیوەندی بە ئیخوان
و لایەنە ئیسلامیەکانەوە, واتا پەیوەندی بە لایەنە ئیسلامییەکانەوە
خاڵی لاوازە لە ھەڵبژاردنەکان, نەک ھێز بێت وەک ئیسلامییەکان ھەڵایان
ناوەتەوە.
ھەرچەندە سەید وەک ھاوڕێکانی لە نیویۆرک و فۆرمێنت سۆسیالستخواز نییە
وەلێ بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەی سۆسیالستێکی رادیکاڵە, باوەڕی بە بەخششی
کۆمپانیاکان نییە و پشتیوانی لە بیمەی تەندروستی بۆ ھەموان دەکات ....
.
پێشتریش شاریس دیفیدز بە رچەڵەک ھندی لە شاری کاسناسی پارێزگار دەرچوو,
ھەرچەندە ساندەرز و ئۆکاسیۆ کۆرتیز پشتیوانی جیمس تۆمبسۆن و راشدە
تلیبیان کرد لە میشیگان, وەلێ جیمس دەرنەچوو, لە بەرامبەر باڵەکانی
دیکەی ناو دیموکراتەکان, نەبووە کاندیدی باڵی پێشکەوتنخوازی
دیموکراتەکان بۆ ھەڵبژاردنی ٦ی نۆڤەمبەر.
ئۆکاسیۆ کۆرتیز موعجیزەکەیە.
ئەلەکسەندەریا ئۆکاسیۆ کۆرتیز لە دایک بووی ١٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٩,ئەندامی
پارتی سۆسیالست دیموکرات و کاندیدی براوەی تەوژمی پێشکەوتنخوازی
دیموکرات لە حوزەیران لە ولایەتی نیویۆرک.
ئۆکاسیۆ کۆرتیز لە ھەڵبژاردنی بەرایی دیموکراتەکانی نیوۆرک بە ھێنانی
٥٧,١٣% لە جو کراولی بردەوە , کە بۆ ١٠ خول پۆستەکەی بە دەستەوە بوو,
بەدوای ئەمە گۆڤاری تایم نوسی گەورەترین پشێوی لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ەدا,
نیۆرک تایمزیش نوسی دۆڕانی یەکەمی جەرگبڕە , گاردیانیش نووسی
گەورەرەترین موفاجەئەی مێژوی سیاسی نوێی ئەمەریکایە, دوای ئەو
بردنەوەیە گەڕان بە دوای وشەی سۆسیالیزم لە ئەمەریکا ١٥٠٠% چووە سەر,
ھەر ئەو رۆژە ١٠٠٠ گەنج داوای ئەندامەتیان لە پارتەکەی کرد , رۆژەکانی
دواتریش شەپۆڵی ئەندامگیری بەردەوام بوو, ساندەرز وتی : سەلماندمان
دەکرێت سیاسەتی پیشکەوتنخوازی پیادە بکرێت, چومسکیش وتی : روداوێکی
ئاوازەی گەورە بوو, ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە ٦ی نۆڤەمبەر ئەوا ئۆکاسیۆ
کۆرتیز دەبێتە بچوکترین ژنی پەرلەمانتار لە ئەمەریکا.
حیزبی DSA چی دەوێت و چی دەکات؟
حیزبێکی دژ بە سەرمایەداری ژینگە پارێزی سۆسیالستخوازی دژ بە
رەگەزپەرستی دژ بە ئیمپریالییە, لە ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوە , تا ساڵی ٢٠٠٢
تەنھا ٨٠٠٠ ئەندامی ھەبوو, ئێستا خاوەند ٤٨٠٠٠ ئەندامە,کە ترەمپ دەرچوو
لە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦ خاوەند ٣٠٠٠٠ ئەندام بوو, تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧
بووە خاوەند ٣٢٠٠٠ ئەندام, بە ھاتنی ترامپ گەنجان بە کۆمەڵ پەیوەست
بوون پێوەی , ناوەندی تەمەن تیایدا لە ئێستادا ٣٣ ساڵە , کە لە ساڵی
٢٠١٣ ەدا ٦٨ساڵ بوو, لە دوای دەرچوونی ئەلەکسەندراوە دەرگای بە ئەندام
بوون جەنجاڵ بوو, یەکێکە لە ٢٥ پارت و رێکخراوی ناسراوی چەپ لە
ئەمەریکا کار دەکات بۆ سۆسیالیزم , لە کاری پراتیکدا باوەڕی بەوەیە
پشتیوانی باڵی چەپ بکات لەناو پارتی دیموکرات, پشتیوانی ژنان و
کەمایەتییەکان و ھاووڵاتیانی رەسەن دەکەن بۆ ئەوەی ببنە کاندید لە ریزی
باڵی پێشکەوتنخوازی دیموکرات, ھەنگاوی یەکەمی کار ی دژ بە کۆمپانیاکان
بێت, لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو پشتیوانی ئال گۆرو ئۆباما و بیرنی
ساندەرزی کردووە .
ئەم پارتە کار دەکات بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنە جیا جیاکانی نۆڤەمبەری
ئەمساڵ , ١٠٠ پۆست بباتەوە, ھەرچەندە وەک سەرۆک وەزیرانی ٢ خولی پێشوی
بەریتانیا ھاروڵد ویلسون" ١٩١٦-١٩٩٥ " وتەنی ھەفتەیەک ماوەیەکی دوورە
بۆ ساسەت نەک ٣ مانگ, وەلێ مانگ سەر لە ئێوارەش دیاردەبێت شەو وەزعی
چۆنە بێت.
پارتی سۆسیالستی دیموکرات باوەڕی بە سەرکەوتنی سۆسیالیزم و کۆمپانیای
ھەرەوەزی کرێکاری و موڵکداری گشتی ھەیە, ھاوکات پەندو وانە لە لایەنی
باشە حوکمڕانی ئێستای جیھان وەردەگرێت وەک دەوڵەتی خۆشگوزەرانی سوئیدی,
بیمەی تەندروستی کەنەدی, سستەمی پەروەردە منداڵان لە فەرەنسا, بەرنامەی
نەھێشتنی نەخوێندەواری نیکاراگوا , تا رادەیەک یەکسانی ئابوری وڵاتانی
ئەسکەندەنافیا...
چەپ و کاندیدکردنی پەنابەران.
لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا, بەھۆی ھەڵوێستی عەدالەتخوازانەی پارتە
چەپەکان و پشتیوانیان لە پەنابەران و نەبوونی جیاکاری لە ریزەکانیان ,
خەڵکانێک لە ناوەڕۆکدا پارێزگار و ناسیۆنالست و کۆنە پارێز دزە دەکەنە
ریزەکیانیانەوە بۆ وەرگرتنی پۆست و دەرچوون لە ھەڵبژاردنەکان, کەسانێک
لە وڵاتەکان خۆیان دژ بە بەھا سۆسیالستییەکانن, وەلێ ھەلپەرستانە بۆ
وەرگرتنی پلەو پۆست دەچنە ریزی چەپەکانەوە, لەم نمونەیە سەدان کورد
ھەیە, کە زۆرینەیان لە رێگای پارتە چەپەکانەوە چونەتە پەرلەمانەکانەوە,
وەلێ لە سیاسەتی ناوخۆی کوردستاندا دژ بە بەھا چەپیەکانن,زۆرینەیان
کردارو رەفتاریان کۆنەپەرستانەو سەرمایەداریانەیە , بونەتە نەخۆشی
کوشندە بۆ بیری چەپ و ئامانجەکانی.
alimahmud2001@yahoo.com
|
       |