٦\١\٢٠١٢
رەتکردنەوەی
کۆبوونەوە.. ترس یاخود لهخۆباییبوونی سیاسی.
شاخەوان برایم عەبدوڵا
لە کاتێکدا هەرێم بەقۆناغێکی هەستیاردا
تێپەڕدەبێت و ئاریشەکانیشی لەگەڵ بەغدا روو لەزیادبووندایەو ئەو
بەڵێنانەی لەماوەی رابردووشدا بەکورد دراون هیچیان نەهاتوونەتەدی و
ڕەوشی ناوخۆی هەرێمیش لەگەڵ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشەکانی ئەم
دواییەی وڵاتانی عەرەبی بەئاراستەیەکی دیکەدا رۆیشتووەو ئەوەندی هەست
بەمەترسییەکانی دەکرێت هێندە هەست بەگەشبینی ناکرێت.
پشێویەکان بادینان بۆ روویاندا.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستاکە هۆی سەرەکی رووداوەکانی بادینان بەروونی
دەرنەکەوتووە کە کێ لەپشت ئەم کارەوەیە، بەڵام هەر زوو میدیای پارتی و
یەکگرتوو کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتری بەوەی یەکگرتوو لەپشتی هاندانی
جەماوەرەوە بووە بۆ ئەوەی شوێنەکانی گەشتیاری و دووکانی مەیفرۆشی و
سەنتەرەکانی مەساجکردن بکەونە بەر پەلاماردانی خەڵکییەوەو هەروەها
میدیای یەکگرتووش لەکاتژمێری یەکەمەوە پارتییان بەوە تۆمەتبارکرد کە
کادیرانی پارتی دەستیان هەبووە لەسوتاندنی بارەگەکانی یەکگرتووداو دوای
چەند رۆژێکیش لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە لیژنەیەک بۆ دیراسەتکردنی
رووداوەکە پێکهێنراو ئەوەبوو لیژنەکە لەراپۆرتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی
بەهاندانی خەڵکی تۆمەتبارکردو پارتیش بەوە ناوبرد کە کەمتەرخەم بووە
لەبەرانبەر لایەنگرانی خۆی بۆ ئەوەی پشێویەکی لەم جۆرە دروست نەبێت.
دوابەدوای راگەیانراوەکەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەرووداوەکانی بادینان،
ئیدی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو دەرئەنجامی ئەنجامەکانی لیژنەکەی
رەتکردەوەو لەراگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن کە لیژنەکەش هەمان قسەی
بەرپرسانی پارتی دووبارە دەکەنەوە. رەتکردنەوەی دەرئەنجامی راپۆرتی
لیژنەکەی سەرۆکی هەرێم لەلایەن یەکگرتووەوە هێندەی تر پشێویە سیاسیەکان
قوڵتر دەکاتەوەو خودی یەکگرتووش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی
گەورەترەوە کە رەنگە بەهۆیەوە ئاڵۆزییەکان بەئاقارێکی مەترسیداردا بڕۆن.
رەتکردنەوەی کۆبوونەوە... ترس یاخود غروری سیاسی.
چەند رۆژێک دوای پشێویەکانی بادینان بەهۆی دەستپێشخەریەکەی عەلی باپیری
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، بڕیاردرا هەردوو لایەنی پارتی و یەکگرتوو
لەبارەگە تایبەتییەکەی و بەئامادەبوونی ئەمیری کۆمەڵ بۆ تاوتوێکردنی
رەوشەکە کۆببنەوە، کەچی چەند کاتژمێرێک بەر لەوادەی دیاریکراوی
کۆبوونەوەکە مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەدانیشتنەکە پاشگەزبوونەوەو بەمەش
پارتی و بەشێکی زۆری خەڵکی نیگەران کرد. ئەمەش خوێندنەوەی ئەوەی بۆ
دەکرێت بەراستی یەکگرتوو دووچاری غروری سیاسی بووە یاخود ترسیان
لەنەبوونی بەڵگەی پشتراستکراو هەبووە لەوەی پارتیان تۆمەتبار کردووە
بەسوتاندنی بارەگانی یەکگرتووی ئیسلامی و تەنانەت هەندێ جاریش لەلایەن
میدیاکەیانەوە تۆمەتی نانەوەی پشێویەکانی ناوچەکەشیان ئاراستەی پارتی
دەکرد.
لەم بارەیەوە ئەرسەلان بایزی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی
کوردستان کە لەهەمان کاتیشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە، رەخنە
لەیەکگرتوو دەگرێت لەوەی پاشگەزبوونەتەوە لەئەنجامدانی کۆبوونەوەکەو
پێیوایە کە یەکگرتوو کەوتۆتە ژێر کاریگەری حیزبە ئیسلامییەکانی عەرەب و
رەخنەی ئەوەشیان ئاراستەدەکات بەوەی هەڵچوونی ئیعلامیان پێوە دیارەو
مەرجەکانی یەکگرتووش بۆ بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکە بەجۆرێک
لەجۆرەکان بەبیانووێکی لاواز وەسف دەکات و دەڵێت: بۆچی پێش کاتی
کۆبوونەوەکە مەرجی ئازادکردنی گیراوەکانیان نەکردە مەرجی سەرەکی
دانیشتنەکە؟. هەروەها ئەرسەلان بایزی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەم
وتارەیدا کە لەکوردستانی نوێدا بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوەش دەکات بەو
پێیەی یەکگرتوو پەشیمان بوونەتەوە لەکۆبوونەوەکە ئەگەر حەقیشیان بووبێت
ئەوا بەهەدەریاندا.
پشێویەکانی بادینان و هەڵویستی رۆشنبیران.
ئەوەی جێگەی مەترسییە کەسانێکی رۆشنبیری چەپ هێندەی مەبەستیان
سەنگەرگرتن بوو لەپارتی هێندە خودی کردەوە ناشیرینەکەی بادینانیان
مەحکوم نەکرد بەوەی ئازادی تاکەکەس و پێکەوەژیانی ئایینی پێشێلکراوە
بەهاندانی جەماوەری حیزبێکی ئیسلامی سیاسی لەڕێگەی بەکارهێنانی
مزگەوتەوە بۆ زیادکردنی نفوزی حیزبی، ئەگەرچی یەکگرتوو پاکانە بۆ ئەوە
دەکات کە ئەوان دەستیان نەبووە لە هاندانی خەڵکی، بەڵام نووسەر شاخەوان
شۆڕش لەدیدێکی مێژووییەوە ئیسلامییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەدوای
نەوەدەکانەوە کار بۆ کۆنەپارێزکردنی ئایینیانەی کۆمەڵگە دەکەن و خەڵکی
دژی دیاردەو پرەنسیپە نائیسلامییەکان هاندەدەن و دەستیان خستۆتە ناو
کاروباری خێزانی کۆمەڵگەی کوردییەوە. هەروەها رووناکبیر شاخەوان،
ئیسلامییەکان کە لێرەدا زیاتر لەگەڵ یەکگرتوویەتی ئاماژە بەوە دەکات لە
مزگەوتەکاندا لەرێگەی مەلاکانیانەوە رۆژانە لەسەری خەڵکی دەخوێنن و
بەرەو کۆنەپەرستی و داخراوی ئایینی هانیان دەدەن دژی ئازادی تاکەکەسی.
نووسەر و رۆژنامەنووس هیوا رەش لەماڵپەری "ئەمڕۆ"دا دەڵێت:
یەکگرتووەکان لەرووداوەکانی بادینان بەکۆڵ فرمێسکیان بۆ بارەگە
سوتاوەکانیان رەشت. بەڵام رەخنەی ئەوە لەسەرکردایەتی یەکگرتوو دەگرێت
کە ئامادەنەبوون داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی نائیسلام بکەن و
لەپەلاماردانی سەرچاوەی بژێویان لەلایەن هەندێک گەنجی سەرەڕۆی ئیسلامی
تینوو بەخنکاندنی ئازادی بێنەدەنگ. کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە
مەترسیدارەی یەکگرتووەکان لەپشتی هاندانی خەڵکەوە بوونە بۆ ئەنجامدانی
هێرش و پەلاماردانی هاوڵاتیانی نائیسلامی کە هەمیشە ترسیان لەزیادبوونی
ئەم رەوتە نائیسلامییە هەیە لەوەی هیچ کاتێک دەنگ بەحیزبێکی ئیسلامی
سیاسی نادەن، بەڵکو کاریگەری خراپیشان بۆ سەر پێگەی جەماوەری یەکگرتوو
هەیە لەناوچەکەدا.
بەدیوەکەی تریشەوە بەم کارەیان ویستیان بە جیهانی دەرەوە بڵێن دەسەڵاتی
کوردستان ناتوانێت باڵانسی ئایینەکان رابگرێت و لەوێشەوە پاڵپشتی
دەوڵەتانی عەلمانی بۆ هەردوو حیزبی عەلمانی فەرمانڕەوای کوردستان لاواز
بکەن و دووربکەونەوە لەداڕشتنی سیاسەتی مەدەنیانە لە هەرێمی کوردستان و
بەمەش دەرفەتێک بۆ ئیسلامی سیاسی بێتە پێشەوە تا دەسەڵات بگرنە دەست بە
سوود وەرگرتن لە ئایین و سادەیی خەڵکانێکی موسڵمان کە ناتوانن کۆدە
شاراوەکانی ئیسلامی سیاسی بخوێننەوە.
مەلاو پشێوی سیاسی.
ئەو پشێوەی لەوتاری مەلاکەی زاخۆوە داکەوت بەلای جەمال حوسێنی نووسەری
فیکری ئیسلامی سیاسی موفاجەئە نەبووە، ئەمە قسەی نووسەرە کە تایبەت
بەپەیجەکەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردۆتەوەو رەخنەی ئەوە
لە حیزبە عەلمانییەکانی کوردستان دەگرێت لەوەی بۆ دژایەتیکردنی هێزە
ئیسلامییەکان و وەکو پەرچەکردارێک دەیان مەلایان قوت کردۆتەوە. ئەم
بۆچوونە ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە حیزبە عەلمانییەکانی ئێمە خۆیان
هۆکارێکن لە نانەوەی ئەو پشێویانەی مەلاکان لەسەر هەموو شتێکی کۆمەڵگە
دێنەدەنگ و شیکارێکی هەڵەی ئایینیان بۆ دەکەن و زۆر جاریش بوونەتە هۆی
نانەوەی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی. جەمال حوسێن یەکێتی زانایان بەدەزگەیەکی
سامناکی فەتواو قۆرخکردنی حەقیقەتی ئایینی وەسف دەکات و دەڵێت:
بەگوێگرتن لەوتارەکانی ئەم تایپە نوێیە لەمەلای سیاسی توڕەو توندڕەو
تێدەگات کە رووداوێکی لەم شێوەی بادینان موفاجەئە نییە. بەڵگەش بۆ
بۆچوونەکەی نووسەر ئەوەیە ئەم چەند ساڵەی دوایی مەلاکان مزگەوتەکانیان
کردۆتە شوێنگەی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و بوونەتە فاکتەرێکی دیاریش
لەنانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسی و ئەمانەش هیچیان
پەیوەندیان بەپیشەکەی ئەوانەوە نییە. کەچی ئەوە مەلا ئیسلامییە
سیاسییەکانن لەسەر بڵاوکردنەوەی شیعرو تابلۆی هونەری و وەرگێڕانی چیرۆک
و دەقە ئەدەبییەکاندا هانی خەڵک و حیزبەکانیان دەدەن بۆ دروستکردنی
فشاری سیاسی بۆ سەر حیزب و کەسە عەلمانییەکان و بەهەڵە وەسفکردنی
دەستەواژە مەدەنییەکانی وەک جێندەرو دژایەتیکردنی گلۆبالیزەیشن و سیمای
مەدەنیانەی کۆمەڵگە کە راستەوخۆ ئەمانە دەبنە هۆی لێدان لەبەرژەوەندی
ئەوان و لاوازکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیان.
هەروەها میدیای ئیسلامی سیاسیش وەک پاڵپشتییەکی هەمیشەیی مەلاکانی
خۆیان خەریکی نانەوەی پشێوی کۆمەڵایەتین بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و
دواتریش گرتنەدەستی و پیادەکردنی ئەو سیاسەتە فاشیلەی لە ئەفغانستان
دەکراو ئێستاکەش لە ئێرانی ئیسلامی پەیڕەو دەکرێت.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|