په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠٢٢

    رەوەند.

عەلی حەمەڕه‌شید

رەوەندێکی سەرهەڵگرتووم
بۆیە دەمبینن شەمزاوم
شەپۆلی حەزێکی یاخی
هاتووە خۆی لێ مەڵاس داوم.
  *   *   *
ئەوەتانێ زەنگوڵ زەنگوڵ
ئەشکم لە چاو دێتە خوارێ
روو لە هەر جێگایەک دەکەم
بارانی خۆزگەم دەبارێ.
  *   *   *
بارگەم لە هەر شوێنێک هەڵدەم
منی کەویی خەم و نامۆ
بۆ کوانووی شەوی سارد و سڕ
وشەکانم دەبنە پشکۆ.
  *   *   *
منی رەوەند بەبێ لانەم
بێ پەروا وەکو پەروانەم
بە نێڵەی ئاگری عەشقت
وزەم داوە بەم ژیانەم.
  *   *   *
لە هەنیەتدا ئەڤینی من
بۆتە رێبازی ژینی من
ئەم گۆوەندە بخەینە کەی
دەسا وەرە شیرینی من.
  *   *   *
دەسکەنەی پرچی شەو بکەین
بە خێڵی خەمیش رەو بکەین.
  *   *   *
تا کازیوە هێدی هێدی
ئامێزی بۆ رێبوارەکان دەکاتەوە
تیشکی خۆریش دەست دەکاتە
ملی سروشت بە خۆشترین ئاواتەوە.

 

ماڵپەڕی عەلی حەمەڕەشید

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک