٤\٦\٢٠١٨
رەوشتی چەپگەرییانە.

عەلی مەحمود محەمەد
چەپایەتی چەندە دروشمەکەی قورس و گرانە و ھەموو جەستەیەک بە ھەڵگرتنی
ناتوانێت لەبەری نەچەمێتەوە، ھاوکات باجەکەشی لەوە قورسترە، بڤەو
حەرامی زۆری تێدایە، حەرامەکانی خەونی گەورەن، ئەگەر لە ھەمبەر
ئاڵوگۆڕەکان و زانست و تازەگەری تەواو کراوەبێت، لێ بەھا رەوشتییەکانی
گرانە و ھەموو مرۆڤێک ناتوانێت پارێزیان بکات ، جاران دەوترا کە مردیت
تەنھا ٢ مەتر کفنی سپی خام لە گەڵ خۆتدا دەبەیتە ژێر گڵەوە، کەچی ئێستا
سیاسیەکان کورد خەریکە فیرعەون ئاسا ببێتە نەرێتیان شاخ و گردیش لە گەڵ
خۆیاندا دەبەن، ئەگەر سیاسەت بڕیار بێت بۆ چاکەی گشتی بێت، نەک بەشێک
لە کاسبی ئەوا پێوی ستە سیاسیەکان لە ھەموو ئیمتیازاتێک داماڵدرێن،
گشتیش زۆرینەی ھەژاران دەگرێتەوە، نەک کەمایەسیەکی قارونی، بۆیە حەرامی
چەپەکان ئەوەیە نابێت لە عەوام خۆیان جیابکەنەوەو سیاسەت پێویستە لۆ
ئەوان و بۆ ئەوان بێت، بگرە دەبێت ھەمیشە وەک سولاحی داچەمێنەوە بۆ
پیاڵە، بە تایبەتیش ئەوانەی دەیانەوێت بارودۆخی ئێستا بەرەو باشتر
بگۆڕن، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و یەکسانی بەدی بھێنن کە پێیان
دەوترێت ھەڵگرانی پەیامی چەپ، لەم نێوەدا سیاسییە بەناو چەپەکان بێبەری
نین لەم دابڕانە رەوشتییە لەگەڵ بەھاو نەرێتی چەپگەرییانە، چونکە
تەرازوی ئەوان ھەستیارترە، تاڵە موەکانیش دەکێشێت، بەشێکی زۆری
پاشەکشەی چەپیش لە ئەستۆی داڕمانی رەوشتی بەناو ئەو سەرکردە چەپانەیە،
ئاخر تۆ نەتوانیت لە ریزی رێکخستنەکانی خۆتدا تا رادەیەک ھاوسەنگی لە
یەکسانی رابگریت، سبەی چۆن دەتوانیت لە کۆمەڵگادا ئیدعای یەکسانیخوازی
بکەیت، خۆت موچەت دەی ن جاری ئەندامان بێت و منداڵت لە قوتابخانەی
تایبەتی بخوێنێت، چارەسەرت لە نەخۆشخانەی ھاندەران بێت، ھەندێکیش لە
ماڵەوە کارەکەیشیان ھەبێت، ھەر گەرما ھات لە خانووی ھاوینە بیت و شەوان
خەریکی کەیف و سەفای پێک لێدان بیت ..... بەم نەرێتانەوە کێ باسی
یەکسانیخوازیت لێ دەکڕێت؟ دیارە ئەمانەی باسم کرد بۆ حیزبی بۆرژوازی
قەترەیەکە لە دەریایەیەک بۆ ھەرە پاکیزەترینیان، لێ ھەڵگرتنی ئاڵای
خەباتی چینایەتی ئەگەر ئیمتیازی خەبات بۆ دادپەروەری لە ھێقەت دەدات،
ھاوکات دەبێت تۆش رێز لە بەھاو پرنسیبەکانی یەکسانیخوازی بگریت، پارێزی
حەرامەکانی بکەیت، دەبێت موچەی باڵا رەتکەیتەوە وەک چەپەکانی بەلجیک و
نەمسا و ..... دەیان نموونەی دی، دەبێت قوتابخانەی تایبەت وەک
شیوعیەکانی نیپاڵ تەحریم بکەیت بۆ مناڵەکانت، دەبێت و دەبێت ھەرچی
بەھای جوانی چەپی جیھانە لە ژیانی تۆدا رەنگ بداتەوە، بەدوای
جوانیەکانی ھاوڕێیانت لەم جیھانە بگەڕێیت، خۆ ئەوان تەنھا بۆ ریکلام
ھاوڕێ تۆ نین، لە بەھادا چاو لە مۆخیکا بکە، لە وردبینی و سیاسەتدا
مارکست ھەمیشە لە یادبێت، نابێت تەنھا ئاڵا ھەڵگربیت و شەق وەشێنی
بەھاکان بیت.
لەم رۆژانەدا لەناو پارتی پۆدیمۆسی ئیسپانی- دەتوانین"٧ ساڵ لەمەوپێش
لە گۆڕەپانەکانی مەدرید, گەنجان رژانە سەر شەقامەکان و داوای
دیموکراسیەتی راستەوخۆو دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانیان
کرد, لە شارو شارۆچکەکانیش بەرەو روی ئەو پۆلیسانە بوونەوە کە
دەیانەویست ھاووڵاتیانی ھەژار لە خانووەکان دەربکەن بەھۆی نەدانی قستی
خانووەکانیانەوە, وردە وردە لە ھەناوی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییەوە
بزووتنەوەیەکی سیاسی بەرفراوان لە دایک بوو بەناوی پۆدیمۆس" ئازار –نۆڤەمبەری
٢٠١٤ دامەزراوە خاوەند ٧١ کورسی پەرلەمانە, ٥٠٥٥٤٥ ئەندامی ھەیە" .
یەکێک لەو گەنجانە لەناو ئەو لەشکرە گەنجە ناڕازییە لە دواییدا لە
ھەمووان زیاتر بەرجەستە بوو , پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی لێ ھاتوو و
کادیرێکی قوتابی شیوعی پێشوو و مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆ,
ھەموو کات بڵندگۆ بە ملیەوە, شەقامەکانی ئیسپانیای بە پێیەکانی تەی
دەکرد بۆ گەیاندنی بانگەوازەکەی, بە بێدەنگی و بە سادەیی بڵندگۆکەی بۆ
قسەکەرانی رادەگرت تا پەیامەکانی خۆیان بگەیەنن, ئیتر ئەوانە بێکارێک
بونایە, یان سیاسیەکی دیار, جیاوازی ناکرد, ئەو گەنجە روح سوک و
خۆنەویستە ناوی بابلۆ ئیغلیسیاس بوو " ١٧-١٠-١٩٧٨ -مەدرید " , دوایی ٥
ساڵ بووە یەکێک لە سەرکردەو ئەکتەرە قسە رۆیشتووەکانی ئەو وڵاتە."
مشتومڕێکی توندی بەرفراوان ھاتە ئاراوە, سەرجەم ئۆرگانەکانی ئەم حیزبەی
لە سەر تا خوارەوەی گرتەوە, ناڕازییەکان کەوتنە رەخنەگرتن, تۆڕە
کۆمەڵایتییەکان گەرمتری کرد, چیرۆکەکە ئەمە بوو, کڕینی ڤیلایەک بوو لە
لایەن ئەو دو گەنجەوە, بابلۆ ئیغلیسیاس و ئێرنی مۆنتیرۆ" ١٣-٢-١٩٨٨ "
کە ئەمینداری گشتی پارتەکەو وتەبێژی پارتەکەن و لە ساڵی ٢٠١٧ بوونە
ھاوسەری یەکتر,ئەو دووە ڤیلایەکیان بە ناوی "شالی " بە ٦١٥ ھەزار ئیرۆ
بە قەرزی ٣٠ ساڵ کڕی لە قەراغی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا, کە
چاوەڕوان دەکرێت لە پایزی ئەمساڵ دوانەیەکیان ببێت و لەو ڤیلایە ژیان
بەسەر بەرن.
لە ھەمبەر ئەو کارە رەخنەی زۆریان لێگیرا, بابلۆ ئیغلیسیاس و
ھاوسەرەکەی ئیرینی, فشاری گەورەیان خرایە سەر, بڕیاریان دا لە ریزی
حیزب راپرسیەک بکرێت لە بەرامبەر ئەو داخوازییەی داوای دەستلەکار
کێشانەوەیان لێدەکرێت لە ریزی حیزب, لە پرسیاری راپرسیەکەدا ھاتبوو "
پێویست دەکات ئیغلیسیاس و ئیرینی لەسەرکردایەتی حیزبدا بمێننەوە ,وەڵام
بە یەکێک لە بەڵێ و نا ", ئیرینی رایگەیاند ھەردوکیان دەیانەوێت
لەسەرکردایەتی حیزب بمێننەوە وەلێ بڕیار بۆ زۆرینەیە, وە وتی کڕینی ئەو
ڤیلایە دەستێوەردانە لە ژیانی تایبەتیمان , ئلیغیسایسشیش وتی ئەگەر
رێژەی بەشداربووانی راپرسیەکەش کەم بێت دیسان دەست لەکار دەکێشمەوە,
دیارە ئەندامانی پۆدیمۆس مافی خۆیان بوو, چونکە ئەوکارە ئاستی
دەتوانینیانی ھێنایە خوارەوە, کە ناوی پارتەکەیە, چونکە پایەی حیزب
لەسەر دژایەتی بەھای سەرمایەداری بنیات نراوە ھێنرایە لەرزین, ئەوان کە
بە جوتە بەرزترین بەرپرسیارێتی حیزب دەگرنە ئەستۆ پێویستە ھەڵسوکەوت و
ژیانیان لەگەڵ بەھاکانی حیزبدا بێتەوە.
ڤیلای شالی پانتاییەکەی ٢٦٠ مەترە و مەلەوانگەو مەزرەعەیەکی ٢٣٠٠ مەتری
لە گەڵدایە کە دەڕوانێتە سەر مونتەزایەک لە قەراغی شاری مەدرید,
نرخەکەی ٦١٥٠٠٠ ئیرۆیە, ئیغلیسیاس و ئیرینی ھەردوکیان پەرلەمانتارن و
ھەر یەکەیان موچەکەیان ٢٢٠٠ ئیرۆیە لە مانگێکدا, وەک پەرلەمانتار
دەتوانن قەرزی ٥٤٠٠٠٠ ئیرۆ بکەن بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ,کە بەو قەرزە ڤیلاکە
دەکڕن, ھاوکات ئەمینداری گشتی پۆدیمۆس پێشکەشکاری بەرنامەشە لە کەناڵی
حیسبانی ئێرانی کە بە زمانی ئیسپانی پەخش دەکرێت, لەوێش موچەیەکی ھەیە,
ئەم دووە پێویستە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ مانگانە ١٦٠٠ ئیرۆ قەرز بدەنەوە,
ئیلیغیساس پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپی بوو موچەکەی زیاتر لە ٩٠٠٠
ئیرۆو ئیمتیازاتی زۆریشی لە گەڵدا بوو, وەلێ بۆ سەرکردایەتی پارتەکەی
ئەو پۆستەی رەتکردەوە " پەرلەمانتاری ئیسپانی موچەیان ٢٨١٣٠٨٧ئیرۆیە
مانگانە پێش بڕینی باج, لە کۆتادا ٢٢٠٠ ئیرۆی لێدەمێنێتەوە ".
کڕینی ڤیلاکە بەشێوەی سروشتی بووەو دوور لە ھەر ئیمتیازی تایبەتی و
گەندەڵییەک بووە, وەلێ پاش کڕینی ئەو ڤیلایە بە قەرز لە لایەن سەرۆکی
پارتێکی چەپگەرەوە کە ئیدعای دژی کاپیتیالیزم دەکات پرسیاری رەوشتی
گەورە کرا لە ئاستی سیاسی ئیسپانیا, چونکە گوتاری سیاسی پۆدیمۆس دژ بە
سەرمایەدارییە, بەمەش دروشمەکە ھێنرایە ژێر پرسیارەوە, کە لەسەر ئەو
بنچینەیە دامەزراوە, رەخنەی توند ئاراستەی ئەم دوو سەرکردەیە کرا,
رایان گەیاند " ئەمانە شێوە ژیانێکیان ھەڵبژاردووە پێچەوانەی ئەو
بەھایانەیە حیزب خەباتی بۆ دەکات, چالاکانی حیزب رایان گەیاند ئێمە
ژیانی سادە دەژێین, بۆ ئەوەی بتوانین نوێنەرایەتی خەڵکی ساد بکەین,
پێویستە دەست بەرداری ئیمتیازات وەک موچەی باڵا و شێوە ژیانی
سەرمایەداریانە ببین.
ھەڵسوڕاوانی حیزب پێیان وایە بە کڕینی ئەو ڤیلایە زیانێکی زۆریان بە
وێنەی حیزب و پێگەکەی گەیاندووە, ھەموو دژایەتی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و
نەمانی ئیمتیازاتی چینایەتی حیزبیان ھێناوەتە ژێر پرسیارەوە . ئەم کارە
ھەڵەیەکی رەوشتیی و مەعنەوییە کاریگەریی زۆر لەسەر دەنگەکانی پۆدیمۆس
لە ھەڵبژاردنی داھاتوو دادەنێت, چونکە حیزبی بەناو نوێنەرایەتی
چینەکانی خوارەوە بەرگە ئەم جۆرە لەرزینە ناگرن و کاردانەوەکان توندە
بن و فەلسەفەی بوونی پارتەکە و مانەوەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بۆ
پارتەکانی دی ئاساییە, وەلێ کەسانێک پێگەی جەماوەرییان لەسەر
دادپەروەری و تەقەشوف و زوھد بنیات نابێت نا ئاساییە. لە ئەنجامی
راپرسییەکەدا کە ١٧٨١٨٨ کەس بەشداریان تێدا کرد,
٧٠٪یان دەنگیان
بەمانەوەی ئەو دوو سەرکردەیە دا لە سەرۆکایەتی حیزب, کە پارساڵ لە
ململانێیەکی تونددا لە گەڵ باڵی ریفۆرمخواز بۆ سەرکردایەتی پارت ٨٢٪ی دەنگەکانیان ھێنابوەوە, لە کۆی ١٩٠١٥٥ کەس کە بەشداری ھەڵبژاردنەکەی
کردبوو, بەمەش وەک لە ژمارەکان دەبینین پێگەی سیاسیان ھاتە خوارەوە,
تەقەبولی ڤیلایەکی سپی شەرعی نەکرا, نەک ئیمتیازی دەسەڵاتداران.
alimahmud2001@yahoo.com
|
       |