٨\٢\٢٠١٢
رهوشت و بەهای سەرمایە سوودە نەک ژیانی
مرۆڤ!

موحسین کەریم
دوای قەیرانی ئابوری جیهانداگری سەرمایەداریو دەرکەوتنی ئاکامە
وێرانکاریەکانی لەسەر ژیانی ملیۆنەها ئینسان لەسەراسەری دنیادا، دوبارە
ئەو پرسیارەی کە ئایا سەرمایەداری سیستەمێکی شیاوە بۆ کۆمەڵگای بەشەری،
هاتۆتەوە رووکاری سەرەوەی بیرکردنەوەی گشتیو تەنانەت بیرمەندانو
سیاسەتمەدارانو میدیای بۆرژوازیش، لەناو قەڵای سەرمایەداریدا ناتوانن
خۆیانی لێ لابدەن.
چەند مانگ لەمەوبەر، رادیۆی BBC4، ناچاربوو لەبەرنامەیەکدا سەرمایەداری
روبەروی دادگا بکاتەوە، تا لەوێدا فرسەت بۆ سیاسەتمەدارانو بیرمەندانی
بۆرژوایش برەخسێنێ کە پاکانەی ئەو هەڵپەو چاوچنۆکیەی سەرمایەو ئەو
نایەکسانیو جیاوازیە کۆمەڵایەتیە بێوێنەیە بکەن کە بەرهەمی هێناوە.
بەڵام بەراستی نزیکەی دووساڵە سەرمایەداری لەبەردەم دادگای بیرکردنەوەی
کۆمەڵایەتیو تێگەیشتنی سیاسی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی دنیاو
بەپلەی سەرەکی لە ئاستی ئەوروپاو ئەمریکادا راوەستاوە. ناتەبایی ئەو
نیزامە لەگەڵ ژیانو ئایندەو ئاواتەکانی مرۆڤ، لەگەڵ گەشەو هەڵدانی
کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئیرادەی سیاسی بە کۆمەڵی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشو
زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگادا بەرۆشنی نیشاندراوە. نارەزایەتی ملیۆنیی
کرێکارانو خوێنکاران لە ئەوروپا، شۆرشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستو
باکوری ئەفریقا، بزوتنەوەی"توڕەکان- indignant"و "بزوتنەوەی٩٩%" کە بە
بزوتنەوەی دژی سەرمایەداری ناسراوە لە ئەوروپاو ئەمریکا، شانۆو
ساتەکانی ئەو دادگاییە جەماوەریەن کە چینی بۆرژوازی؛ واتە ١% کۆمەڵگای
تێدا دادگایی دەکرێ.
سەرەنجام ئەم فشارە کۆمەڵایەتیە یەخەی کاربەدەستانی یەکێک لە دەوڵەتە
گەورەو تەقلیدیەکانی سەرمایەداری( بەریتانیا) دەگرێتەوە کە لەسەر
کوانووی نارەزایەتی فراوانی کرێکاران، خوێندکاران، بێکارانو جەماوەری
کەمدەرامەتی ئەو ووڵاتە راوەستاوە. لەبەرامبەر هێرشی سەرمایەداریو
چینی بۆرژوازیو دەوڵەتو نوێنەرە سیاسیەکانیدا، کە لەپێشبرکێدان بۆ
شکاندنەوەی باری گرانی قەیرانی ئابوری بەسەریاندا، چینی کرێکارو
جەماوەری دەستەنگ بەرەنگاریەکی توندو بەهێزیان دەست داوەتێ کە تائێستا
چەندین مانگرتنو خۆپیشاندانی دەیانو سەدان هەزارکەسی خستۆتە پشت سەری.
پشێویەکانی مانگی ئۆگەستی رابردووش ئەو راستیەی بەر لەهەمووکەس لەدوو
حیزبی دەسەڵاتداری راستڕەوی بۆرژوازی ئە ووڵاتە گەیاند کە تا چ رادەیەک
ئەو سیستەمە چینایەتیە نایەکسانو چاوچنۆکە ئینسانی تووشی نامۆبوون
کردوە!
لەژێرکاریگەری ئەم راستیەدایە کە هەریەکە لە دەیڤید کامیرۆن سەرۆکی
حکومەتی لیبراڵ-کۆنسەرڤەتیفو ئێد میلیباندی سەرۆکی پارتی کاری
ئۆپۆزیسۆن باسی سەرمایەداریەکی دیکە دەکەن! سەرمایەداریەک کە بە قسەی
میلیباند دەبێ لەبەرامبەر خەڵکدا بەرپرس بێت"responsible capitalism" و
بەپێی لێکدانەوەی کامیرۆنیش سەرمایەداریەکی خەڵکی "popular capitalism"
بێت. کامیرۆن دان بەوەدا دەنێ کە قەیرانی ئێستا متمانەی خەڵکی بە
سەرمایەداری کەمکردۆتەوە، بۆیە بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیە دەبێ
سەرمایەداری لەباری کۆمەڵایەتیەوە بەرپرسو بەشێوەیەکی راستەقینەش
خەڵکی بێت! ئەمەش لەرێگای دەستکاریکردنی بازاڕەوە بەجۆرێک هەم
دادپەروەرانەو هەم ئازاد بێت! میلیباندیش کە پارتەکەی لەپشتیوانی
تەقلیدیی ئۆستۆکراتی کرێکاری بەهرەمەندەو وەکو بەرگریکار لە کرێکارانو
جەماوەری کەمدەرامەتی بەریتانیا کە زۆرترین باری قەیرانی ئابوری
سەرمایەدارییان بەسەردا کەوتوە، خۆی نیشان دەدات، دەیەوێ سنورێک بۆ
چاوچنۆکی کۆمپانیا گەورەکانو بانکەکان دابنێ لەرێگای جۆرێک دەخالەتی
دەوڵەتەوە لەمەیدانی ئابوریدا!
سەربەخۆ لەو فشارانەی کە حکومەتی هاوبەشی لیبراڵ- کۆنسەرڤەتیف بە
سەرۆکایەتی کامیرۆن بۆسەر ژیانو گوزەرانی چینی کرێکارو جەماوەری
دەستەنگو زەحمەتکێش بەرێی خستوە، بەوەی کە لەدەمی خێزانە کرێکاریەکانو
لە خزمەتگوزاریەکانیان دەگرێتەوەو دەیکاتە گیرفانی بەرێوەبەرو کارمەندە
پلەبەرزەکانی بانکەکانو خاوەن سەرمایەکانەوە. جیاواز لەریاکاریەکانی
سەرۆکی پارتی کاری ئۆپۆزیسیۆنیش کە لەراستیدا تەنها کێشەی لەگەڵ
حکومەتدا خێرایی هێرشو پەلامارەکانیەتی بۆسەر کرێی کرێکارانو بڕینی
خزمەتگوزاریەکان، ئەویش لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی ناجێگیری کۆمەڵایەتیو
سەرەنجام زیانگەیاندن بە سەرمایەداری، سەربەخۆ لەمانە کە گومانێک لەسەر
نیازی چینایەتی ئەم سیاسەتمەدارانەی بۆرژوازی بەریتانی ناهێڵێتەوە،
خودی بانگەشەی "سەرمایەداریی خەڵکی" یان" بەرپرس" شتێک نیە بێجگە لە
بلۆفو خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوە، چونکە ناکۆکە لەگەڵ خاسیەتو جەوهەری
سەرمایەداری.
مارکس دەڵێ: "سەرمایەدار دوو ئامانجی هەیە. یەکەم؛ دەیەوێ بەهای
بەکاربردن(use-value) بەرهەمبێنێ کە ئەویش بەهای گۆڕینەوە(value in
exchange)ی هەیە، واتە شتێک کە بکرێ بفرۆشرێ وەکو کاڵا. دووەم؛ دەیەوێ
کاڵایەک بەرهەم بێنێ کە بەها(value)کەی گەورەتربێ لە کۆی بەهای ئەو
کاڵایانەی کە لە پرۆسەی بەرهەم هێنانیدا بەکارهاتوون، واتە لەبەهای ئەو
هۆیانەی بەرهەم هێنانو هێزی کارەی کە بە پارەکەی لەبازاری ئازاد دا
کڕیویەتی." ئەمەش بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی زێدەبایی(surplus-value)
ناودەبات. "سەرمایە/ کتێبی یەکەم/ بەشی سێیەم."
پرۆسەی بەرهەمهێنانی بەهاو زێدەباییش لە پرۆسەی کاردا دابین دەبێت.
واتە لەپرۆسەی کاردا، کرێکار زیاد لەو بەهایە دروست دەکات کە
لەبەرامبەر بەکارهێنانی هێزی کارەکەیدا لەلایەن سەرمایەدارەوە پێی
دراوە. بەپێی تیۆری زێدەبایی مارکس، لە پرۆسەی کاردا کرێکار دوو بەها
دروست دەکات. یەکەمیان بەهای هێزی کار؛ واتە کرێکەی خۆیەتی، کە لە
بەشێکی کاتی کارەکەیدا دروستی دەکات. دووەم زێدەبایی ؛ واتە ئەو
بەهایەی کە لەبەشەکەی دیکەی کاتی کارکردنەکەیدا بێبەرامبەر بۆ
خاوەنکاری دروست دەکات. هەوڵی بۆرژوازیش وەکو چین هەمیشە بۆئەوەیە کە
ئەم بەشەیان گەورەتربکات لەچاو بەشەکەی دیکەدا، چونکە نەک هەر سەرچاوەی
سوودو قازانجی سەرمایەی پیشەسازیە، بەڵکو سەرچاوەی سودو گەورەبوونی
بەشەکانی دیکەی سەرمایەشە وەکو سەرمایەی بازرگانیو سەرمایەی بانکی!
بێگومان ئامانجی یەکەمو کۆتایی سەرمایە بەدەستهێنانی هەرچی زیاتری
سودو قازانجە. ئەمەش تەنها ئەوکاتە دابین دەبێت کە چینی کرێکارو زۆربەی
هەرەزۆری کۆمەڵگا لە خاوەندارێتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا بێبەش
کرابنو هاوکات لە پرۆسەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاردا بەرهەم هێنانی
بەهاو کاڵا دوبارەبێتەوە. بەبێ ئەم دوو فاکتەرە، واتە بێبەشبوونی چینی
کرێکار لە خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنانو چەوساندنەوەی لە پرۆسەی
کارو بەرهەمهێنانی کاڵادا، ئیمکانی بەرهەم هێنانی سودو قازانجی
سەرمایەو کەڵەکەی سەرمایە نابێتو بەبێ ئامانجی قازانجیش سەرمایەداری
مانایەکی نامێنێتەوە. بۆیە بزوێنەری سەرمایە قازانجەو ئەوەی پێی دەڵێن
بەهاو مۆراڵو بەرپرسیارێتی سەرمایەداری هەمووی لەبەرامبەر خوای
سەرمایە؛واتە قازانجدا، کڕنوش دەبات!
مایک گراڤێڵ، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیرانو کاندیدی سەرۆکایەتی
ئەمریکا سەبارەت بە ئامانجی کۆمپانیاکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ
تەلەفزیۆنی BBC لە نۆڤەمبەری ٢٠١١دا ئاوا دەڵێ:" لەراستیدا کۆمپانیاکان
خاوەنی هیچ جۆرە ئەخلاقیەت و زاکیرەیەک نین،
تەنها بۆ قازانج دامەزراون. نابێ ئەوان بەرپرس بن لە کۆمەڵگا، وەکو
ئێستا بەشیوەیەکی فراوانو لە هەموو جێیەکی جیهاندا بەپرسن... ئەمە
دەبێ بگۆڕێت، چونکە بەرەو وێرانکردنی هەسارەکەمان دەڕوات".
دیارە تەرحی ناوبراو کە یەکێکە لە نەیارانی سیستەمی دیموکراسی
نوێنەرایەتی کە لە ئەمریکاو زۆربەی ووڵاتانی بۆرژوازی دیموکراسیدا
بەرقەرارە، کۆنترۆڵکردنی" چالاکیە نامەسئولانەکانی کۆمپانیاکان"ە!
بەڵام بێگومان ئەم تەرحەش هەر فۆرمێکە لە دەخالەتی دەوڵەت لە کاروباری
ئابوریدا. ئەو فۆرمە لە نمونەی سۆشیال-دیموکراسیو دەوڵەتی خۆشگوزەرانیدا
تا باشترینو تەواوترین شکڵی خۆی کە سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، شکستی
خۆی تەجروبەکرد. دامەزارندنی سەرمایەداری بەرپرس بەرامبەر بە کۆمەڵگاو
ژیانی مرۆڤ تەنها خەونێکە کە هیچ بنەمایەکی مادیو مێژوویی نیە.
هەرجۆرە فۆرمێکی سەرمایەداری بەوەی کە مایک گراڤێڵو ئێد میلیباند
داوای دەکەن، یان بەوەی دەیڤید کامیرۆن پێی دەڵێ" خەڵکی" تا بەوەی
سۆشیاڵ-دیموکراسیو سەرمایەداری دەوڵەتی کە نمونەی دەخالەتی دەوڵەتو
کۆنترۆڵی دەوڵەتە بەسەر کۆمپانیاکاندا، ناتوانن بەرامبەر بە ژیانو
گوزەرانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک بەرپرس بنو سیستەمێکی یەکسان بن، چونکە
سەرمایەو کۆمپانیاکانو بانکەکان هەموویان لەبەرامبەر بەدەستهێنانی
قازانجدا بەرپرسن. ئەوە جەوهەرو خاسیەتی سەرمایەو نیزامی سەرمایەدارییە.
ئەگەر قازانج لەسەرمایە وەربگریتەوە سەرمایە دەمرێت. سەرمایە بەبێ
قازنج نە دەژیو نە گەورەش دەبێ! قازانجیش تەنهاو تەنها یەک سەرچاوەی
هەیە ئەویش ئەوبەشەی کاری کرێکارە کە تێیدا بە خۆرایی کار بۆ خاوەنکارو
خاوەن کۆمپانیاو بەگشتی بۆ چینی سەرمایەدار دەکات، واتە ئەوکاتەی کە
زێدەبایی دروست دەکات.
بەمجۆرە ئەوەی گومانی تێدا نامێنێتەوە ئەوەیە کە سەرمایەداری، وەکو
سیستەمێکی ئابوری-کۆمەڵایەتی کەلەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتیو
خاوەندارێتی چینێکی کۆمەڵگا(کەمایەتی) بۆ هۆیەکانی بەرهەماهێنانو
سەرمایەی کۆمەڵایەتیو بێبەشکردنی چینێکی دیکەی کۆمەڵگا(زۆربە- کە چینی
کرێکارو جەماوەری دەستەنگن) دامەزراوە، ناتوانێ سیستەمێک بێت کە
یەکسانی ئابوری لەکۆمەڵگادا فەراهەم بکات. لەسەر بنەمای نایەکسانی
ئابوریشەوە نایەکسانی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، بۆیە کۆمەڵگای
سەرمایەداری هاوکات کۆمەڵگایەکە لەباری کۆمەڵایەتیەوە نایەکسانەو ئەم
نایەکسانیەش سەردەکێشێ بۆ نایەکسانی سیاسی، یاساییو.. بێبەشبوونی
خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لە ناوەندی بڕیاری سیاسیو ئیدارەی کۆمەڵگا.
بۆیە تەنها رێگایەک کە بتوانێ کۆتایی بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی بهێنێ،
کۆتایی هێنانە بە نایەکسانی ئابوری. ئەوەش تەنها بە نەهێشتنی ئەو
هەلومەرجە دەبێت کە پارێزگاری لەمانەوەی خاوەندارێتی تایبەتی چینی
بۆرژوا دەکاتو بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەت بۆ هۆیەکانی
بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیو کردنی بە موڵکی گشتی سەرجەم کۆمەڵگا دەبێت.
ئەوکارەش ناکرێ مەگەر ئەوەی کە سەرەتا دەسەڵاتی دەوڵەتی بۆرژوازی، بە
پۆلیسو سوپاو دەزگا سەرکوتگەرو بیرۆکراسیەکانیو بە دیموکراسیە
راستەوخۆو ناراستەوخۆکەی بۆرژوازیەوە لەرێگای شۆرشی کرێکاریەوە
کارنەخرێو لەجێگایدا دەسەڵاتی سیاسی چینی کرێکار دانەمەزرێ. سیستەمێکی
ئابوری-کۆمەڵایەتی دەتوانێ لەبەرامبەر کۆمەڵگادا بەرپرس بێت کە
خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی موڵکی خودی کۆمەڵگا بێت
نەک کەمایەتیەکی بچووکی چاوچنۆکی قازانجپەرست!
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|