په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٩\٢٠١٠

رەوشى رۆژنامه‌گه‌ریی کوردى،
لە نێوان ئه‌رێنیی ونه‌رێنییاندا.


راپۆرتى شیکارى: شاخەوان برایم عەبدوڵا


سەرەڕاى ئەو پێشکەوتنەى رۆژنامه‌گه‌ریی کوردى بەخۆیەوە دیوە، هێشتاکە لەتەنگەژەو قەیران بەدەر نییەو رۆژ دواى رۆژیش ئاراستەکەى بە ئاقاری توندوتیژى و جۆرێک لەدووبەرەکى و ئاژاوەى سیاسى دەڕوات و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش لەڕێگەى میدیاى سێبەرەوە شەڕى ساردى یەکترى دەکەن و ئەمەش کۆمەڵگەو پرۆسە سیاسییەکەى دووچارى ئاڵۆزى و ئاریشە کردۆتەوە.


بەدەست هێنانى زانیارى و کۆسپەکانى بەردەمى.


بۆ هەر رۆژنامەنووسێک کە بەدواداچوون لەسەر پرسێکدا دەکات مافى بەدەستهێنانى زانیارى هەیەو دەبێت ئەو فەرمانگەو لایەنە بۆى بڕەخسێنێت تاوەکو لەرێگەى دەزگەیەکى میدیاییەوە وەکو خۆى بیگوازێتەوە. لەو راپۆرتەى کە"کۆمەڵەى خەڵک بۆ گەشەپێدان" بەهاوکارى"رێکخراوى فریاگوزارى گەلى نەرویژى"ئامادەیکردووە، هاتووە: مافى بەدەستهێنانى زانیارى خۆى لەتواناى دەستگەیشتن بەو زانیارییانەى کە لەلایەن دەوڵەت و بەتایبەت دەستە گشتییەکانییەوە هەڵگیراون دەبینێتەوە کە هاوڵاتیان پێویستیان پێیەتى و دەوڵەت و دەزگەکانیشى رووبەرووى بەرپرسیارێتى ئاشکراکردنى زانیارییە جیاوازییەکان دەکاتەوە. لێرەدا هاوڵاتى مافى یاسایی خۆیەتى زانیاری لەرێگەى رۆژنامەوە بەدست بگات و لەسەر حکومەت و دەزگەکانیشى پێویستە زانیارى دروست بەرۆژنامەنووسان بدەن بۆ ئەوەى ناچارى هەڵەکردن نەبن. هەر لەم بارەیەوە، دکتۆر سامان فەوزى، پسپۆڕى یاساى رۆژنامه‌گه‌ریی، بۆ هاوڵاتى رایگەیاندووەو پێیوایە بەرانبەر نەدانى زانیارى بەرۆژنامەنووسان، پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ئەو کەسەى کە زانیارى نادات و پێشنیارى ئەوەشى کردووە ئەم مەسەلەیە بەیاسایی بکرێت و مافى ئەوە بدات بەرۆژنامەنووس شکات لەو کەسە بکات کە زانیارى ناداتێ، لەکاتێکدا هاوڵاتیان پێویستیان بەو زانیارییەى هەیە.پێدانى زانیارى، زۆرێک لەو گرفتانەى بەردەم رۆژنامەنووسان چارەدەکات و ململانێى نێوان رۆژنامەنووس و دەسەڵاتیش کەمتر دەکاتەوەو فاکتەرێکیش دەبێت بۆ دروستى و متمانە پێکردنى هەواڵ و بەدواداچوونە رۆژنامەنووسییەکان و رەوتێکى ئاسایی دەبەخشێت بەپیشەی رۆژنامەوانى لەکوردستانداو ئەوکاتەش رۆژنامەنووس ناکەوێتە هەڵەوەو ئەحمەد میرەى سەرنووسەرى گۆڤارى لڤین باس لەوە دەکات هەرکە دەرگەکانى زانیارى بەرووى رۆژنامەنووس دادەخرێن، ئەوکاتە رۆژنامەنووس ناگاتە زانیارى و دواتر رووبەرووى هەڵە دەبێتەوەو بەو هۆیەوەش بەماددەى نۆ دادگایی دەکرێیت و غەرامەیەکى زۆر دەکرێیت. لەکاتێکدا دەسەڵاتى سیاسى و حکومەتى کوردستان بانگەشەى ئازادى رادەربرین و شەفافى دەکەن، لەبەرانبەریشدا رۆژنامەنووسان رەخنەى ئەوە دەگرن کە لەلایەن دەزگەکانى حکومەتەوە زانیارییان پێنادرێت و دواتریش هەواڵەکە یاخود بەدواداچوونەکەى دەبێتە هۆى پێکدادان و ململانێ لەنێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵات دروست دەکات.


دروستکردنى کەمپین، بوونى ئازادى رادەربڕین.


لەکاتێکدا کە رۆژانە لەکوردستاندا بەدەیان رۆژنامەو گۆڤارو دەزگەى جۆراوجۆرى میدیایی دروست دەبەن و بەئازادی مومارەسەى کارەکەیان دەکەن و زۆرجاریش قسەکردنیان لەسنوورى ئاسایی خۆى تێپەڕیوەو زمانى زبرو تەشیهرو سوکایەتى لەنێوەندى رۆژنامه‌گه‌ریی کوردیدا روویداوەو لەئێستاکەشدا بەبیانووى نەبوونى ئازادى رادەربڕین، ئۆپۆزسیۆن و هەندێ رۆژنامەى ئەهلى، کەمپین بەمەبەستى بەرگریکردن لەئازادى رادەربڕین دروست دەکەن، وەک کەمپینەکەى کۆمپانیاى وشە کە تێیدا رەخنە لەدەسەڵات دەگرێت لەوەى گوایە ئازادیی بیروا بەرتەسککراوەتەوەو فشار دەخریتە سەر رۆژنامەنووسان بەمەبەستى ترساندنیان و ئاماژەش بەو داوا یاساییانەى سکرتێرى مەکتەبى سیاسی پارتى دەکات کە داواى لەسەر هەریەک لەرۆژنامەى رۆژنامەو هاوڵاتى و ئاوێنەو لڤین بەرزکردۆتەوەو گوایە داواى پارەیەکى زۆرى کردووە. خۆى لەخۆیدا دروستکردنى کەمپینێکى لەم شێوەیەو رەخنەگرتن لەدەسەڵات و هەبوونى ئەم لەشکرە زۆرەى رۆژنامەو رۆژنامەنووسە، بەڵگەى بوونى ئازادى رادەربرینەو بەرزکردنەوەى داواى یاساییش لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت، ئەمە مافێکى یاساییەو پێوەندى بەئازادى رادەربڕینەوە نییە. لەبارەى داواکردنى پارەیەکى لەم شێوەیەش، رۆژنامەنووسانى بێسنوور، نیگەرانى خۆیان دەربڕیوەو لەهەمان کاتیشدا ئاماژەى بەوەداوە ئەم جۆرە مامەڵانە ئازادى رۆژنامەوانى بەرتەسک دەکاتەوەو زۆرێک لەرۆژنامەنووسانیش داوایەکى لەم شێوەیە بەشتێکى شارستانى و یاسایی دەزانن.


یاساى رۆژنامەنووسى و ئەگەرى هەموارکردنى.


دواى رەخنەو سەرنجێکى زۆرى رۆژنامەنووسان و شارەزایانى بوارى رۆژنامەوانى و رەتکردنەوەى پرۆژە یاساى کارى رۆژنامەنوووسى لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە ئەوەبوو یاساکە پەسەندکراو سەندیکاى رۆژنامەنووسانیش داکۆکیان لەیاساکە دەکردو ئێستاکەش دەنگۆى هەموارکردنى لەئارادایەو ئەمجارەیان دژى هەموارکردنى یاساکە بەپێچەوانەوە رۆژنامەنووسان رەخنەدەگرن و بەبەرتەسککردنەوەى ئازادى رادەربڕین و بۆ بەرژەوەندى دەسەڵاتى دەزانن. نەقیبى رۆژنامەنووسانى کوردستان، لەدیمانەیەکیدا بۆ"ئاوێنە"رایگەیاندووە ئەو رۆژنامەو رۆژنامەنووسانەى ئێستاکە باس لەگرنکى یاساکە دەکەن، کاتى خۆى دژى بوون و بەیاسایەکى خراپ وەسفیان دەکرد، فەرهاد عەونى لەبارەى هەموارکردنى یاساکەوە گوتوویەتى، کاتى خۆى رامانگەیاندووە کە بەشێوەیەکى پراکتیکى چاودێرى یاساکە دەکەین و ئەگەر هات و خاڵێکى لاوازى تێدابوو، یان گۆڕانکارى تێدا بکرێت لەکۆنگرەدا دەیخەینە بەردەم ئەندامانى کۆنگرەو دواتریش دەدرێتە پەرلەمان. ئەگەرچى یاساکە زۆر ماددەى پۆزەتیڤى تێدایە، بەڵام هێشتاکە بێ کەموکوڕى نییەو تێیدا بەشێوەیەکى دیار باس لەپێدانى زانیارى ناکات و رادیۆو تەلەفزیۆن و زۆرێک لەهۆکارەکانى ترى میدیاى فەرامۆشکردووە کە هەریەک لەمانە کاریگەرى بەسەر کۆمەڵگەوە هەیەو بۆیەش هەموارکردنى یاساکە لەئێستاکەدا گرنگى خۆى هەیەو بەمەبەستى فراوانکردن بەقازانجى ئازادى رادەربڕین و رێگە لەتەشهیرو زمانى زبرو سوکایەتى رۆژنامەنووسان بگیرێت و بەروونى مافى پێدانى زانیارى بەیاسایی بکرێت و ماددەى سزایی بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە پابەندى یاساکە نابن بەتایبەتى فەرمانگەکانى حکومەت و تەنانەت سزاکە خودى رۆژنامەنووسانیش بگرێتەوە.


داواکارى گشتى، دەسەڵاتە خەوتووەکە.


لەوڵاتانى پێشکەوتووى دونیادا، داواکارى گشتى کاراترین دەزگەى دادوەرییە بۆ رێکخستنى کاروبارە یاساییەکانى خەڵک و داکۆکیکارە لەمافى هاوڵاتیان، بەڵام ئەم دەزگەیە لەکوردستاندا بەئەرکى خۆى هەڵنەستاوەو رۆژانە چەندان راپۆرت و دیمانەو بابەتى تەشهیرى و هەڵدانەوەى کەیسى گەندەڵى فەرمانگەو بەرپرسانى حکومەت لەرۆژنامە ناوخۆییەکانى هەرێمەوە بڵاو دەکرێنەوە، کەچى داواکارى گشتى بەدواداچوونى بۆ هیچ یەکێک لەم بابەتانە نەکردووەو لەکاتێکدا ئەمە ئیشى داواکارى گشتییە بەدەنگ بێت و لێپرسینەوە بکات لەم پرسانەدا. رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل، لەبابەتێکیدا ئاماژەى بەوەداوە کە کاتى ئەوە هاتووە داواکارى گشتى لیژنەى بەدواداچوون دروست بکات و بەدواى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان هەنگاو بهاوێت و لەو خەوە قوڵەى راپەڕێت و بزانێت نووسینى رۆژنامەکان بۆ رەشکردنەوەى لاپەڕەى رۆژنامەکان نییە. لەگەڵ ئەمەشدا زۆرجار رۆژنامەنووسان خۆیان خەریکى شکاندنەوەى ئەم و ئەو دەبن و هەستى کۆمەڵگە بریندار دەکەن و دیسانەوە پێویستە داواکارى گشتى بێتەدەنگ و بەدواداچوون بکات لەسەر ئەو تۆمەت و کێشانەى بۆ تاکەکان دروست بووە لەرێگەى هۆکارەکانى میدیاوە. نووسەرو رۆژنامەنووس، مەم بورهان قانع، لەم بارەیەوەو لەوتارێکیدا ئاماژەى بەوە داوە کە داواکارى گشتى رۆڵێکى ئەوتۆى بۆ تۆمارکردنى سکاڵا لەدژى ئەو گۆڤارو رۆژنامانە نەبینیوە کە نابەرپرسیارانە خەریکى شکاندنى ئابڕووى تاکە جیاجیاکانى کۆمەڵگەى کوردین و لەو کێشانەى کە مافى گشتییان تێدایە. کەواتە دەسەڵاتى گشتى لەکوێ بوو ئەو کاتەى گۆڤارى بەڵگە وێنەى کچێکى بڵاوکردەوەو کاتى خۆشى گۆڤارى جیهان کە باسى لەلاقەکردنى سەرنووسەری گۆڤارێکى دیار دەکات، بۆچى داواکارى گشتى ئەم دوو گۆڤارەى بانگى بەردەم دادگە نەکرد بۆ لێپرسینەوە، چونکە ئەمە پێشڵکردنى ئیتیکى رۆژنامەنووسییەو لەهەمان کاتیشدا بەسووک تەماشاکردنى تاکەکانى کۆمەڵگەیە، چۆن دەبێت رۆژنامەیەک هەوڵى ناوزڕادنى کەسێک بدات؟ گریمان واشبوو، هێشتاکە مافى ئەوەى نییە، خەڵکى لەم مەسەلەیە ئاگادار بکاتەوە، ئەمە ئیشى داواکاری گشتییە لێپرسینەوە لەم جۆرە مەسەلانەدا بکات و ئەگەریش نەیکرد ئەوکاتە ئیشى پەرلەمانە داواکارى گشتى بباتە پەرلەمان و لێپرسینەوەى یاسایی رووبەرووى بەرپرسانى داواکارى گشتى بکاتەوە.


زمانى زبرو بێدەنگى سەندیکا.


زمانى زبر بۆتە دیاردەیەک و رۆژنامەنووسان بەمەبەستى ناودەرکردن و سووکایەتیکردن بەکەسێتى بەرانبەر بەکارى دەهێنن و دەستەواژەى ناشیرین ئارستەى هاوپیشەکەى یاخود لایەنێکى سیاسى دەکرێت و سەندیکاى رۆژنامەنووسانیش وەک داواکارى گشتى لەم رووەوە کەمتەرخەم بووەو نەیتوانیوە پیشەییانە لێپرسینەوە بکات لەگەڵ ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەى لەئادابى گشتى کۆمەڵگە لادەدەن و زۆرێکیش لە رۆژنامەنووسان ئازادى ڕادەربڕین لەجنێودان و سووکایەتى و بوختان و ململانێدا دەبیننەوەو پابەندنین بەیاساى رۆژنامه‌گه‌ریی و بۆیەش ئەرکى سەندیکاى رۆژنامەنووسان و داواکارى گشتییە لەرێگەى هەموارکردن و فراوانکردنى یاساکەوە سنوورێک بۆ ئەم پرسە هەستیارە دابنێن کە تەواوى دەزگە جۆراوجۆرەکانى میدیا بگرێتەوەو داواکارى گشتی بەدواداچوونى خۆى بکات لەسەر هەر بابەت و هەواڵێکى وا کە گومانى ناراستى یاخود راستى لێدەکرێت. لەم بارەیەوە فەرهادى عەونى، نەقیبى رۆژنامەنووسانى کوردستان گوتوویەتى تاوەکو ئێستاکە لە راپۆرتەکانى لیژنەى داکۆکى و بەیاننامەکاندا بەخراپە نزیکى رۆژنامەنووسان نەبووینەتەوەو محاسەبەى ئەو رۆژنامەنووسانەمان نەکردووە کە یاساو رۆژنامەنووسى پێشل دەکەن و لەخەتەکە چوونەتە دەرەوە، لە درێژەى قسەکانیدا ئەو نەقیبەى رۆژنامەنووسان پێداگرى لەسەر ئەوە کردووە کە پێویستە لەمەودوا سزاى ئەو رۆژنامەنووسانە بدرێت کە لەخەتەکە دەچنە دەرەوە.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا