په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠١٠

رەخنەگری گەورۆنە !


تەیب قادر  


دەقێکی ئه‌ده‌بیی پڕ جوانی و پڕ تێفکرین دەچێتە لای رەخنەگرێک ، مەبەست دەچێتە لای واتە بە بەردەم خوێندنەوەی تێدەپەڕی ، هێزی کێشی جوانی دەق، رەخنەگر لە خۆی گیر دەکاو دەق پێی دەڵێ : لە بارەم بدوێ ، شتێکم لە سەر بنووسە ، رەخنەگریش ناتوانێ بڵێ : تۆ دەم و چاوێکی ناشیرینت هەیە چۆن رەخنەگرێکی گەورەی وەک من بەو هەموو گەورەییەی خۆمەوە ! قسە لەسەر تۆی نەفام و گێلۆکە دەکەم . چونکە ئەو دەقە هەڵگری جوانی و جیهان بینییە ، بە دونیاییەک مەعریفە خۆی ئارایشت کردووە.

 

دەست دەکاتە منگە منگ دەڵێ:

- باشە بەتەنها هاتووی ؟ مەبەستم ناسیاوێک ، جیرانێک ، برادەرێکی ئەودیوی کۆڵانەکەمان ، هاوڕێیەکی چایخانەم ؟
- بەڵێ.
- چۆن دەبێ نابێ بەڕێزم بڕۆ کەسێک لە گەڵ خۆت بهێنە ئینجا قسەت لە سەر دەکەم.
- بەخوا برا کەس ناناسم.
- ئەی چۆن دەبێ ؟ باشە بڕۆ پاکەتێک شیرینی یان میوانداریەک یان مەکتوبێک شتێکی تێخە .
- هیچم نیە گیرفانم بەتاڵەو کۆڵێک پارەش قەرزاری دوکانەکەی سەری کۆڵانی خۆمانم واتە گیرفانم خاڵیە.
- باشە تۆ لە سەر من بنووسە و منیش لە سەر تۆ دەنووسم .
- نا شتی واناکەم ، ئەوە مامەڵەیەکی خراپە.
تووڕە دەبێ و دەڵێ :

- ئەی باشە تۆچی ؟
- دەقێکی جوانم.
- تەڕەماشی ، ناسیاونی ، دراوسێ نی گیرفانت خاڵییە ، جوانی چیە جوانی ؟
- ئەی خەڵکی کوێی؟
- دانیشتووی شاری تۆ نیمە.
- سەیری بکە ها ، بڕۆ بابە بڕۆ وازم لێبێنە.
دەیەوێ بڕوا ، دەگەڕێتەوە دەڵێ:

- هەرشتێک نزیکمان بکاتەوە ؟
- نازانم هیچم بە خەیاڵ دانایە.
- لە چ حیزبێکی ؟
- باوڕم بە حیزبایەتی نییه‌.
- ئەی قوڕ بەسەرت چۆن دەژی ؟ هەر لەبەرئەوەیە گیرفانت خاڵییە.
دووبارە دەیەوێ بڕوا ، چەند هەنگاوێک دەهاوێ ، دەگەڕێتەوە دەڵێ:

- هەرهیچت بە خەیاڵ دانایێ هەر هیچ ؟
- نەخێر هەر هیچ.
- هیچ هیچ ؟
- نەخێر.
رەخنەگری گەورە بە دەقی بێکەس و بێ ناسیا و گیرفان خاڵی دەڵێ :

- بڕۆ چارە سەرێک بدۆزەرەوە ئینجا بۆلام وەرە ، جارێکی تر هەڵەی وا گەورە نەکەی ، ئەگەر نووسەرێکی بە ناوبانگیش بی هەرباشە لە سەرت دەدوێم گرینگ نیە ئەو نووسەرە گەوەرەیە چی دەنوسی ، گرینگ ئەوەیە ناوی هەیە ، من کە شتی لە سەر دەنووسم هەست بە گەورەی خۆم دەکەم لە تەنیشت ناوی ئەودا ، ئەی چۆن رەخنەگری گەورە دەبێ لە سەر ناوی گەورە بنووسێ ، بە باڵای ناوی گەورە هەڵبدا،
- تۆ چی ...... ؟
- تەنها دەقێکی جوانم.
- ئاخ بە دەست تۆوە ، تۆ دەقێکی خاوەنەکەشت نێرە ، ئەگەر خاوەنەکەت مێ بوایە زۆر باش بوو ، مامەڵەیەکمان دەکرد، دەمکردیە مشتەریەکی بەردەوامی لێکۆڵینوەکانم ، چۆن دەقێک دەبووی گرینگ نەبوو ، ئاخ بە دەست تۆوە ، ئاخ تۆ چی ......؟
- تەنها دەقێکی جوانم ، دەقێکی جوان و هیچی تر بەڕێزم ئەی رەخنەگری گەورە ، ئەی رەخنەگری گەورۆنە .

_________________________
تێبینی: ئەم رەخنەیەم بەرەو ڕووی ئەو جۆرە رەخنەگرە ناباشانەیە کە لە سەرەوە باسم کردوە ، ئەگەرنا رەخنەگری زۆر بەڕێز و بە توانامان هەیە ، شایستەی ڕێزە ، واتا مەبەستم هەموو رەخنەگرێک نییه‌ ، رێزم بۆ هەموو قەڵەمێکی جوان هەیە.

 


31\5\2010

taibeqadir@gmail.com