رەخنەگرتن لە
یەکێتى و پارتى ...
حەمەى ئەحمەد رەسول
گومانى تێدا نییە کە یەکێتى وپارتى دوو حیزبى گەورەى شۆڕشگێڕ بوون و
خەباتى ئەوان بۆ رزگاریخوازى و ئازادى کوردستانى باشوور جێی دوودڵى کەس
نییە، قوربانى و شەهیدى زۆریان داوەو کەسانى مەزن لەڕیزى پێشەوەى ئەم
دوو حیزبەبوون کە هەمیشە مایەى سەرفرازى و شکۆمەندین. خەڵکى کوردستانیش
هەمیشە پشتیوانى ئەوان بوون و زۆرینەمان دژى دیکتاتۆرەکەى بەغدا بووین
چونکە لەگەڵ بەرنامەو دروشمى ئەم دوو حیزبەو لایەنەکانى دیکەى شۆڕشدا
بوون....بەڵام دواى ئەوەى کە لە ساڵى 1991دا ئیدى زۆرینەى خەڵک تووڕەو
بێزاربوون لە شەڕە دۆڕاوەکانى سەدام بۆیە راپەڕین سەرتاسەرى کوردستانى
گرتەوەو بە شانازیەوە ئەم سەرکەوتنەیان تەسلیم بە بەرەى کوردستانى کردو
هیواى زۆرینە ئەوەبوو ئیدى بەهەشت و ئاسوودەیی بە چاوى خۆیان دەبینن..
وەلى زۆرى نەبرد ئەو چاوەگەشە کاڵ بۆوەو نائومێدى دەستیپێکرد، چونکە
شەڕى شوومى براکوژى و کورسیی دەسەڵات ژیان و هیواى وردو خاشکردو ماڵى
کوردى دابەشکرد بەسەر تاریکستان و سەرابستاندا.. خۆشەویستى و تەبایی
نێوان دوو براى پەرشوبڵاو کردەوە.
پاش پرۆسەى رزگارکردنى عێراق ئەم دوو برایە بە ناچارى یەکیان گرتەوەو
بەڵام وەکو پینەکردن دێتە بەرچاوو لە خزمەتگوزارى پێشکەشکردندا
رەنگدەداتەوە.. چونکە هێشتاکە وەزارەتى دارایی یەکینەگرتۆتەوەو ئەمەش
گرفتى زۆرى لە ناشەفافییەتدا دروستکردووە..
لێرەدا پرسیارى گرنگ ئەوەیە باشە ئەم دوو حیزبە دەستکەوتەکان و لایەنى
ئیجابیان زۆرە، ئەى بۆچى زۆرینەى خەڵک گلەیى و گازەندەى لە هەمبەریان
هەیەو وەکو تووتى لە هەموو شوێنێکدا هەر هاواریانەو باس باسی ئەم دوو
حیزبەو گەندەڵییە؟؟ لە واقیعدا، توێژو چینە هەژارەکان زیاتر سکاڵایانە،
بۆ وێنە: بنەماڵەى شەهیدانى شکۆمەند هاواردەکەن و گلەیی دەکەن.. خێزانى
ئەنفالکراوان دادو هاواریانە بەدەست فەرامۆشکردن و پەراوێز خستنیانەوە..
پێشمەرگەى دێرین گازەندە دەکەن و ناڕازین.. مامۆستاو کارمەندان
هاواریانە بەدەست مووچە کەمى و گرانییەوە.. کەمئەندامان لە دەرماڵە زۆر
کەمەکەیان ناڕازین.. شۆفێران هاوار دەکەن.. زیندانە سیاسیەکان بێزارو
تووڕەن.. خوێندکاران و دەرچووانى ئامادەیی و زانکۆو....تاد. گلەیی لە
بەختى خۆیان دەکەن.. دەچیتە هەر شوێنێک( بە تایبەت لە سلێمانى) هەر
رەخنە لەم دەسەڵات و حکومەتە دەگیرێت..
زۆرینەى رەخنەکان بریتین لەوەى کە سامان و داهاتى بودجەکەى بەغدا و
گومرگ و نەوتەکەى خۆمان بۆ بەرپرس و کەسوخزمانیانەو خەڵکیش چاویان
زەقەى دێت.. بیناو ئاپارتمانەکان هى فڵان بەرپرسى یەکێتیەو هى فیسار
بەرپرسی پارتیە.. هەژارى روو لە زیادبوونە، بێکارى تەشەنە دەکات،
گرانیى نرخى شتومەک لە هەڵکشاندایە، تەندروستى و خزمەتگوزاریى
خەستەخانەکان لە ئاستى پێویستدا نین، کارەباو ئاوو سووتەمەنى کەمن و لە
قەیراندان، رێگەوبانەکان خراپن و قوربانی زۆریان لێدەکەوێتەوە..
دامەزراندن و مووچە بۆ بڕانەوە بە واستەو خزمایەتیە.. بەرپرسی گەندەڵ و
دزو درۆزن لێپرسینەوەى لەگەڵدا ناکرێت و بە پێچەوانەوە، پلەکەى بەرزتر
دەکرێتەوە... ئەمانەو دەیان جۆرە گلەیی دیکە کە لە هەموو جێگەیەکى ئەم
دەڤەرەى کوردستاندا گوێبیستى دەبین..
چارەسەرى ئەم رەوشە بەدەست ئەو دوو حیزب و حکومەتەوەیە، ئاوڕدانەوەیە
لە کەرتى کشتوکاڵى و گەڕاندنەوەى گوندنشینەکان و کۆنترۆڵکردنى بازاڕو
گرانیى شتومەک لەلایەن حکومەتەوە نەک بەرپرسەکانەوە.. ئاوڕدانەوەیە لە
بنەماڵەى شەهیدو ئەنفالکراوو بریندارو دێرینە خەباتگێڕەکانى هەڤاڵانتان..
لە کۆتاییدا بە برا خەباتگێڕەکانى ئەم دوو حیزبە بڵێم: ئیدى پێویستە
دابەزنە خوارەوەو کۆڵان و بازاڕ و شارۆچکەو گوندەکان بەسەر بکەنەوە..
خەڵک بە بچووک و بەکرێگراو و ئاژاوەگێڕ مەزانن.. ئێوە ئەمڕۆ لە شاردان
و حکومەتن و خۆتان بە دیموکراسیخواز دەزانن، ئێوە خزمەتکارى منداڵ و
پیرەژن و نەخۆش و نەدارى ئەم نیشتمانەن.. ئەم سەردەمە، سەردەمى قسەکردن
و رەخنەو تانەو تەشەرو داشۆرین و کۆمێنتە(تعلیق) کە باهۆزى جیهانگیرى
بۆ هەموو کونجێکى دونیاى بردووە.
خەڵک وایلێهاتووە دەنگ بە شەیتانیش دەدات کە باسی گۆڕان و وەرچەرخانێکى
بۆ بکات کە تەنانەت هیچیش لەبارەى بەرنامەو ئەجێنداى ئەو لیست و
لایەنانەشەوە نەزانێت و گومانیشی هەبێت لەو لایەن و لیستانەى بەرامبەر
بەم دوو حیزبە بتوانن سەد دەر سەد دیمۆکراسی بن و گەندەڵى پیادە
نەکەنەوە... گرنگ ئەوەیە بەلاى زۆرێک لە خەڵکى هەژارەوە کە لەم
قۆناغەدا حکومەت و دەسەڵاتێک هەبێت کە گوێی لێبگرێت و بەدەم
داواخوازییەکانیەوە بچێت.. کە بتوانێت دروشمى کەسی شیاو بۆ شوێنى شیاو
جێبەجێبکات.. کە مافى منداڵ و گەنج و ژن و پیرو نەخۆش و ئەنفالکراو و
خێزانى شەهیدو پێشمەرگەى دێرین و بێکارو نەخۆش و هەژارو قوتابی و
مامۆستاو کرێکارو هەموو توێژو چینەکان دەستەبەر بکات .. کە بتوانێت
یەکسانى و دادوەرى کۆمەڵایەتى نێوان هاووڵاتى و بەرپرسەکان بە یاسایەکى
سەروەر فەراهەم بکات.. کە ئیدى هاووڵاتى بتوانێت ئاسوودە بژى و
خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستەکانى بۆ مەیسەر بکات.. ئەگەر ئاوەها
بڕوات ئەم کیانە بچکلۆیەشمان لەدەست دەردەچێت و دەکەوینەوە ژێر پۆستاڵى
شیعە مالیکییەکانى ئەم عێراقەى کە ساڵانانێکى دوورودرێژە هەناسەساردەو
بێبەختە..!
|