په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١١\٢٠١٠

رەخنە و قەیرانی رەخنەگران.


فەرەیدون سامان  


ئەگەر مێژووی رەخنەی ئەدەبی کوردی (وەک تێکستی رەخنەیی و لەسەر ئاستی چەند وتارێکی رەخنەیی لا بە لا و دوور لە میتۆدێکی رەخنەیی زانستی پەیرەو کراو) بگەڕێنینەوە بۆ کەمتر لە سەدەیەک، هەڵبەت لەچەند وێستگەو قۆناغی جیاوازو پچڕپچڕدا نەک بەردەوامدا تا دەگات بە رۆژی ئەمڕۆکەمان، کە چی لەسەر ئاستی رەخنەی ئەکادیمی (کە تا نهۆ زێتر لە سەد نامەی دکتۆرا و ماستەر لەسەر رەخنەی ئەدەبی کوردی هەن و یان باشتر وایە بڵێم ئەو شێوازە نووسینە ئەکادیمیانەیە کە بە زمانێکی ئەدەبی رەخنەیی وەکو باس و لێکۆڵینەوە نووسراون، دیارە جگە لە هەوڵی نووسینی وتار و لێکۆڵینەوەی رەخنەیی ژمارەیەک نووسەری رەخنەگر و چ ئەوانەش وەک رەخنە ئەکادیمی نووسراون، پێموایە جارێکی دیکە ئەو پرسیارە خۆی قوتدەکاتەوە.


ئەرێ گەلۆ بە راست ئێمەمانان رەخنەی ئەدەبیمان هەیە ؟


ئەدی باشە ئەگەر هەمانە چۆنە و بۆچی هێشتا نەبۆتە ژانرێکی ئەدەبی سەربەخۆ ، ئایا ئامادە نەبوونی زمانی رەخنەیی بەدەر لە زمانی ستایش و پێدا هەڵدان و یان سەرکۆنە کردن و دوور لەمیتۆدێکی رەخنەیی شرۆڤەکارانە و دوور لەرەخنەی ئیدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی ، ئەم ستایلە رەخنەییە چی بەدەقی ئەدەبی نووسەرانی ئێمە بەخشیوە، تا چەند رەخنەی ئەدەبی کوردی رێخۆشکەربووە بو کەشفکردنی داهێنانە ئەدەبیەکانمان ، هەبوون یان نەبوونی میتۆدی رەخنەیی یان نەبوونی تێڕوانین و رۆئیایەکی رەخنەیی لای رەخنەگرانی ئێمە ، وێڕای بەرهەمهێنانی قەیران لە دوو قەیران ، چی پێ بەخشیوین ، ئەدی ئەوە نییە کە نووسەرێک وەک رەخنەگر خۆی نماییش دەکات و خەریکی توێکاری دەقێک یان چەند دەقێکی ئەدەبی وەک شیعر یان چیرۆکە، کەچی ناتواَنێ تخووبی جوگرافیای شارەکەی یان شێوەزاری ناوچەکەی ببەزێنێ ، کەچی وەک رەخنەی ئەدەبی کوردی نووسینەکانی بە خوێنەران نماییش دەکات ، باشە گوناهی شاعیرێک یان چیرۆکنووسێکی داهێنەر چییە کاتێ خوێندکارێکی زانکۆ نامەی دکتۆراکەی لەسەر شیعر یان چیرۆکی هاوچەرخی کوردییە ، بێ هیچ میتۆێکی ئەکادیمی و تەنانەت ئەخلاقیش بەسەر ئەزموونی شاعیرێک و وێزگەکانی داهێنانیدا بازدەدات و لەهەمانکاتدا شاعێرێکی میللی یان کەم سەواد وەک داهێنەر بەخوێنەران دەناسێنێ، ئەدی ئەوە ئەو جۆرە رەخنەگرانە نین کە خۆیان قەیران بەرهەمدەهێنن ، جا باشە ئێمەمانان مەنەلۆگ دەکەین کەهەر تەنها لە نێو خۆماندا ، خۆمان دەدوێنین و کەسیش گوێ لە قسەکانمان ناگرێ ، واتە چەند شاعیرو نووسەرێک یان لەسنوری جوگرافی چایخانەیەکدا یان هۆلێکی داخراوی دە پانزدە نەفەری و بە شێوەزاری گەرەکەکەمان خۆمان دەدوێنین ، یان دیالۆگ لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی خۆمان دەکەین و گەرەکە دەقە داهێنراوەکانمان سنوورە لۆکاڵییەکانی زمان و جوگرافیای داخراوی شارەکەمان تەنانەت ناوچەکەشمان ببەزێنێ ، راستە زێتر لە 100 نامەی دکتۆراو ماستەر لەسەر رەخنەی ئەدەبی کوردی هەیە ، بەڵام لە کۆریکی رەخنەییدا دووان لەو مامۆستا خاوەن بڕوانامانە ئامادە نابن ، تا بزانن ئەوانەی کە خاوەن بڕوانامەش نین دەتوانن بە زمان و میتۆد و روئیایەکی رەخنەیی دیالۆگیان لەگەل بکەن و رێنماییان بکەن کە نووسینی ئەکادیمی بە تەنگنەزەری نانووسرێ .
 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدون سامان