په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٦\٢٠١٤

رەخنەیەک لەسەر پەرتووکی

''کۆمەڵێک پەند و ئیدیۆمی کوردی''ی زەکیە محەمەد رەشید.


کامەران ھەڵوەدا   


"ئەو بەھرە و لێھاتووییە کە زبان ھەیەتی بۆتە ھۆی ئەوە کە لەو سەردەمەوە کە ئینسان بوو بە خاوەنی شارستانەتی و ژیانی وێنەئاژەڵی بەجێ‌ھێشت، ھەموو سەرنجی خۆی بداتە سەر زبان و دەیان بەزمی پێ بگێڕێ. لێرەوە زبانی شیعر و ھەست و سۆز و عاتیفە سەر ھەڵدەدا کە بە دەیان فرسەخ دوورە لە زبانی رۆژانەی مەعیشەت و نان پەیدا کردن. ئەزموونە تاڵ و شیرینەکانی ژیان بە درێژایی مێژوو وردە وردە خەست دەبنەوە، دەپاڵێورێ و دە قالبی پەند و مەتەڵ‌دا خڕ دەبنەوە و لقێکی دیکەی زبان پێک دێنن....یەکێک لەو بەشانە لقی زاراوە و پەندەکانە کە بە وردی دەتوانین بڵێین خڵتەی ئەزموون و بیرکردنەوە و ڕا و بۆچوون و فکر و فەلسەفەی ژیانی گەل، چین بە چین تێیان‌دا دەکەوێتە سەر یەک و بۆ دوارۆژ بەجێ دەمێنێ و بەرەکانی داھاتوو دەتوانن بە شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئەو پەند و مەتەڵ و زاراوانە لە چەندین روانگەوە، کۆمەڵناسی، ئابووری، سیاسی، بیروڕا، داب و نەریت و...، زانیاری پێویست لەمەڕ رابردووی خۆیان وەدەست بێنن.".١


"خاتوو زەکیە رەشید محەمەد ئەمین" ساڵی ٢٠١١ "کۆمەڵێک پەند و ئیدیۆمی کوردی"٢ لە کتێبێکدا ھەر بەم ناوە بڵاو کردەوە. ئەم کتێبە سەرجەم ٢٢٢٥ پەند و ئیدیۆمی لە خۆ گرتووە. داڕشتەی کتێبەکە بەم شێوەیەیە کە لە سەرەوە پەند و ئیدیۆمەکان ھاتوون و لە ژێرنووسدا بە ژمارەی پەند و ئیدیۆمەکە مانا و بابەتی سەرەکیی پێوەندیدار بە پەند و ئیدیۆمەکە ھاتووە. زەکیە لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێ: "پەندی پێشینیان دەبێ وەکوو پارچە گەوھەرێک بپارێزدرێت و وەکوو ئامانەتێکیش بگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتووی نوێ وەکوو خۆی، ھەرچەند ھەندێ وشە نامۆیە بە لای ئەوەی تازەوە." ھەرچەند رستەکە لەنگ و لۆریە، بەڵام دیارە زەکیە چی لە دڵدا بووە و دەیھەوێ چی بڵێ و ھەر بۆ ئەم مەبەستەشە کە حەولی داوە بەشێک لەم ئەمانەتە تۆمار بکات و بیپارێزێت. لەم رووەوە زۆر جێگەی پێزانین و دڵخۆشییە و دەسخۆشی پێ دەڵێم، بەڵام لە ھەندێک شوێنان ھەڵە و پەڵەی تێکەوتووە کە لەم وتارەدا ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم و ھیوادارم بە ھەڵە نەچووبم.


بۆ ھەر خاڵێک کە ئاماژەی پێ دەکرێت نموونە دەھێنمەوە و ئەگەر مەبەستەکە روون بێت درێژدادڕی ناکەم و ئیزن دەدەم ھەر نموونەکان خۆیان بدوێن و سەری خوێنەر نەیەشێنم.


ئەوەش بڵێم ئەو ھەڵە و پەڵانەی لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت عەنتیکە نین و بەداخەوە لە زۆربەی زۆری کتێبە چاپکراوەکانی باشووری کوردستانەکەمدا بۆ دۆزینەوەی ھەڵە و پەڵەی ناو کتێبان، بە تایبەت ھەڵەی چاپ، پێویستت بە ھیچ ماندووبوونێک نییە و ھەر بە نیوەنیگایەک بوخچەت پڕ دەکەی. بۆیە ئەم کتێبەم بە تەماڵ ھەڵناوە، تەنیا لەبەر ئەوەی پەند و ئیدیۆم ھی ھەموانە و مافی تاکە کەس نییە و من بەش بە خاوەندارێتیی خۆم پرتە و بۆڵەیەک دەکەم و بەس. ئەوەشی باوێژمە سەر کە کەم کاری نووسین ھەن وەک شتی فۆلکلۆر و زارەکی و لەو چەشنانە سەخت و دژوار بن و پێویستیان بە وردبینی و تیژڕەوی بیر و ئەندێشە بێت.


(ھەموو ئەو ھەڵە ئیملاییانەی لە رستە و پەند و ئیدیۆمە ئاماژە پێکراوەکانی ئەم کتێبەدا دەبینرێن، ھی کتێبەکەن و ھی ئەم وتارە نین. بۆیە راستم نەکردوونەتەوە چونکە وەک خاڵێکی لاوازی چاپ و تایپی باشوور بۆ نواندن دامناون).٣


بەشی یەکەم) مانای بەشێکی زۆر لە پەند و ئیدیۆمەکان بە ھەڵە نووسراوە و مەبەستەکە شێوێنراوە و لە مەبەستی سەرەکی دوور کەوتۆتەوە. (لێرەدا ھەڵەکە و دروستەکەی دێنم):

١- ئاو لە لێژیدا ناوەستێت. (ل١٦) نووسراوە:" بە کەسێک دەوترێت بە درێژایی تەمەنی رێچکەی خۆی گرتبێت و بە ھیچ کەس نەگۆڕێت." ← ئەم مەسەلە دەیھەوێ بڵێ ئەو شتە بۆ ئەو شوێنە ناشێ. ئەو کەسە بۆ ئەو جێگەیە نابێ. بە کورتی واتە ئەم کردەیە ھیچی لێ شین نابێ و کارێکی بێھوودەیە.


٢- ئەسڵ بێنە و لەسەر حەسیر بینوێنە. (ل١٨). نووسراوە: "واتە کچی ماڵی ئەسڵزادە ئەوەندە تێر و پڕ بووە لە ماڵی باوکی، رازییە بەو بەشەی لە ماڵە مێردا ھەیەتی." ← ئەوەڵەن کچی تێر و پڕ بە کەموکورتی رازی نییە! و کچی ئەسڵزادەش حوکم نییە تێر و پڕ بێت، چونکە لێرەدا مەبەست بنەماڵەی چاکە نەک تێر و تەسەلی ورگ. واتە کچێکی بارھاتوو و خاوەن بنەماڵەی باش و بێپینە لە ھەموو بارودۆخێکی ناھەمواریشدا ھەڵ دەکات و ماڵی مێرد ناشێوێنێت.


٣- ئەسپێ لە باخەڵیا سەوزەڵە گیانم دەڵێت. (ل١٩). نووسراوە:"بەو کەسانە دەوترێت دەست سپین و ئیش ناکەن ژیانیان پێشخەن بەڵام خۆھەڵکێشن و داوای زۆر دەکەن." ← کام وشەی ئەم مەسەلە مانای دەست سپی و ئیش نەکەر دەدات و کامی مانای خۆھەڵکێش و داوای زۆرکردن؟ ئەم مەسەلە تەنیا حیکایەت لە رووت و قووتی و نەداری دەکات. بۆ نموونە مامۆستا ھێمنی ئاغاوات و بەشدار لە ژینی خۆش و گوزەرانی تێر و پڕ، لە پێناو گەلەکەیدا سەری خۆی ھەڵدەگرێ و وەشوێن ئاواتەکانی دەکەوێ و چەرمەسەری رۆژگاری پێ خۆش دەبێ. مامۆستا ھەژار گوتەنی "لە گوتن نایە چھا ھاتە سەرم". کاتێک باسی بارودۆخ و گوزەرانی خۆی دەکات دەڵێ: "ئێستا لە شارێکی دوور وڵات بە تاقی تەنێ لە ژوورێکی رەق و رووق دانیشتووم. ھەموو سامانم تەختێک و دەستێک نوێن و دوو دەست بەرگی کۆن و نوێ و چەند کراسی چڵکن و چەمەدانێک و ساکێکی دەستی و چەند جڵد کتێب و کۆڵێک کاغەزی بڵاوە و ئەسپێ لە گیرفانمدا سەوزەڵەتان عەرز دەکا."٤ دەی خۆ ناکرێ بفەرمووی مام ھێمن لەم مەسەلە حاڵی نیە و ناشکرێ بە کابرایەکی شەپ لە خۆشی ھەڵداو و خووگرتوو بە ئازارانەوە بڵێی دەست سپی و خۆھەڵکیش.


٤- ئەمڕۆ بە حازر، سبەینێ بە قەرز. (ل١٩) نووسراوە: "ئەمڕۆ فرۆشتنەکە بە حازر بێت. ئیتر بۆچییەتی قەرز بۆ سبەینێ." ← دوو مانای ھەیە، یەکەم: بە قەرز و قۆڵە شت نافرۆشم. دووھەم: جارێک برایەتی خۆت بسەلمێنە و شتێکم بە نەغد لێ بکڕە و قازانجێکت بۆم ھەبێ، جا پاشان داوای قەرز و دەستگرتنم لێ بکە.


٥- ئەم نانە بەو رۆنە. (ل١٩) نووسراوە: "کە وابێ ھەموو شتێک بەرامبەر و حەق بە حەق باشە." ← بۆ کەسێک دەگوترێ کە شتێکی سادە لە رووی نەدارییەوە بە یادی شتێکی بەلەزەتەوە دەخوات. واتە نانی ویشک دەخوات و لە خەیاڵیدا بە نان و رۆنی دەجاوێت. ئیتر سەودا و مامەڵەیەک لە ئارادا نییە.دەڵێن کابرا تۆزێکی رۆن بوو و زۆریش تامەزرۆی نان و رۆن. دڵیشی نەدەھات لە رۆنەکەی بخوات. ناچار کووزووی رۆنەکەی لە بەرامبەر خۆی دانا و نانێکی ویشکیش لەبەر دەمی. ھەر پارووی دەگرت و بۆ لای کووزوو رۆنەکەی رادەداشت و دەیگوت ئەو نانە بەو رۆنە و دەیخوارد.


٦- ئەگەر زانی ئەزم، ئەگەر نەیزانی دزم. (ل٢٣) نووسراوە: "ئەگەر کەسێک ویستی کارێکی خراپ بە دزییەوە ئەنجام بدات، تیایدا سەرکەوتوو بوو خۆی بە ئازا دەزانێت. ئەگەر زانرا تیادەچێت و دەشکێت." ← کەسێک دەیڵێ کە گەرەکیەتی شتی ئاشنایەکی خۆی دەست داتێ. واتە ئەگەر پێی زانی بە حیسابی ئاشنایەتی دادەنێم و دەڵێم لەسەر ئەو حیسابە ھەڵمگرتووە، ئەگەریش نەیزانی ئەوە بێدەنگێی لێ رادەگرم. لە ھیچ کامیاندا تێداچوون و شکان بۆخۆی چاوەڕوان ناکات و بە ھەرتک باردا گەیشتن بە ئامانجی مەبەستە. (ئەو مەسەلەش لەوانەیە کە زەکیە بە زۆری لە چاکە و خراپەی ھاَلاندووە، کە دواتر باسیان دەکرێ)


٧- ئەگەر زاڵ نەبیت، بەسەزمان دەبێت. (ل٢٤) نووسراوە: "من دەڵێم نە زاڵ و زاڵم نە، ژێردەستە و بەسەزمان". ← زەکیە ناھێڵێ پەندەکە بدوێ و بۆخۆی نسیحەتان دەکات. پەندەکە دەڵێ: زیرەک بە و بەشی خۆت بپچڕە دەنا زوڵمت لێ دەکەن. (ھەرچەند لە بنەڕەتدا ھەندێک گومانم لە پەندبوونی ئەم رستەیە ھەیە.)


٨- ئەگەر لە جافان یەکێک بمێنێت، مافی بەر و دوا لە گشت دەسێنێت. (ل٢٤) نووسراوە: "واتە ماف ھەر مافە و موقەدەسە، کۆن دەبێت و نافەوتێت." ← ئەم مەسەلە ئاماژەیەکە بۆ ئازایەتی عێلی جاف بە تایبەتی و ئازایەتی و تۆڵەستێنی ئەو بنەماڵەیەی مەسەلەکەیان بۆ دەگوترێ بە گشتی. باسی کۆن بوون و نەفەوتانی قەرزی تێدا نییە. شێخ رەزا دەفەرموێ: خزمینە مەدەن پەنجە لەگەڵ عەشرەتی جافا/ مێروولە نەچێ چاکە بە گژ قوللەیی قافا.


٩- ئەو ماستە موویەکی تیایە. (ل٢٥) نووسراوە: "بۆ کارێک دەوترێت بە مەرامێک بکرێت و بۆ مەبەستێکی شاراوە کە بەرامبەرەکەی ھەستی پێ نەکات." ← راست بە پێچەوانەوە بەرامبەرەکەی ھەستی پێ دەکات بۆیە وەھا دەڵێ. واتە سەری سووڕ ماوە کە بۆ دەبێ وابێت و کە وایە حەکمەن مەبەستێکی شاراوە لە گۆڕێدا ھەیە.


١٠- ئەو جێیە خۆشە دڵ لێی خۆش بێت. (ل٢٦) نووسراوە: "مرۆڤ لە جێی خۆشدا دڵخۆش دەبێت و گوزەران دەکات و نیشتەجێ دەبێت." ← ئەو مەسەلە دەڵێ: مرۆڤ لە کوێ دڵی خۆش بێت ئەو شوێنەی لە ھەموو شوێنێک پێ خۆشترە. نەک ئەوەی کە کوێ زۆر خۆش بێت لەوێ دڵی خۆشتر بێت. ھەمانە گوندە وێرانەکەی بە پاریس نادات چونکە دڵی لێی خۆشە، ھەشمانە لاس‌وێگاسی لێ دەبێتە قەفەس و بە ئاواتی کوێرەدێیەکەی خۆیانەوە سەردەنێتەوە.


١١- ئەوەی خزم بە خزمی دەکات، دوژمن بە دوژمنی ناکات. (ل٣١) نووسراوە: "واتە خزم و کەسی نزیک لە یەک رادەبینن یەکتر زیز بکەن. چونکە دەزانن لە یەکتر دادەبڕێن، بەڵام لە یەکتر نابن. ھەر کەسی یەکن." ← خزم بە ھەموو شتت دەزانێت و دەزانێ لە کوێوە بوەشێنێت و چۆنت پێوە دات. برینی خزم کاریترە.


١٢- ئەوەندە گەڕاوە دڕاوە. (ل٣٢) نووسراوە: "واتە لە ئەنجامی گەڕان و خەڵک بینین و تێکەڵاویدا مرۆڤ زۆر شت وەردەگرێت و فێردەبێت." ← ھەرچەند مانای تەواویم بۆ دەستەبەر نەبوو بەڵام دڵنیام ئەم مانایەی لێرەدا نووسراوە ناقیسنە.


١٣- با نە شیش بسووتێت نە کەباب. (ل٣٦) نووسراوە:"بە دوو کەسی زەرەرمەند وتراوە کە زەرەرەکە بەش بکەن وەک یەک بە یەکسانیی." ← پەندێکە بۆ رێگری لە زەرەرمەند بوون نەک بەش کردنی زەرەر. واتە با ھیچمان زەرەر نەکەین.


١٤- باویلە باوێکی بەسە.(ل٣٧) نووسراوە: "بەو کەسانە دەوترێت زۆر دڵیان ناسکە و مان دەگرن. قسەی کەسیان بە دڵ نییە، یان کەمێک روویان بدەیتێ لە سنووری خۆیان دەردەچن.". ← ئەم مەسەلە بۆ کچی پێخۆشە دەگوترێ کە چاوەڕوانی تەنیا ئیشاڕەتێکە.


١٥- بە پەلەپیتکە خۆی دەتەکێنێت. (ل٣٨) نووسراوە: "بۆ ئەوانە زۆر پاک و خاوێنن." ← ئەم مەسەلە حاشا لە پاک و خاوێنی ناکات بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستە ناکوترێت بەڵکوو بۆ ئەو کەسانە دەوترێ کە زۆر بە پۆزن.


١٦- بە عەرەب بڵیت مەرحەبا، ھەم دەخوات و ھەم دەبا.(ل٤٦) نووسراوە: "واتە ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ عەڕەبدا مەحاڵە." ← من ناڵێم مەحاڵ نییە بەڵام ئەم مەسەلە بۆ کەسی بێ‌چاو و روو و ھەلپەرەست دەکوترێ.


١٧- بە مێردی نییە، بە خوڵایە. (ل٤٧) نووسراوە:"ھەژار عەقڵی و نەخوێندەواری و کەم زانیاری خەڵکیی گێل کردبوو لە زەمانی کۆندا". ← ھەرچی کردم پێوەندی نێوان ئەم مانایە و ئەم مەسەلەم بۆ نەچوویەوە سەر یەک.


١٨- بە ھۆی گەلە گەنمێکەوە. سەد گوڵە مرۆر ئاو دەخواتەوە. (ل٤٨) نووسراوە:"بە ھۆی دەوڵەمەندێکەوە. ھەزاران ھەژار سوودمەند دەبێت." ← دیارە وەک دواتر دێ مەنزوور ئەم مەسەلەیە: بە بیانووی گوڵە گەنمێکەوە سەد/گوڵە جۆیەکیش ئاو دەخواتەوە. باسی فەقیر و دەوڵەمەندی تێدا نییە. دەکرێ گوڵەگەنم بە کەسێکی خۆشەویست دانێین کە خزمەتی دەکرێت و کەسانی دەوروبەریشی لە سایەی ئەوەوە شتێکیان پێدەگات.


١٩- برسێتی رەگی ھاری پێوەیە. (ل٤٩) نووسراوە:"واتە کەس بە برسێتی ئیدارە ناکات، رەنج پێویستیی ژیانە." ← باسی رەنجی تێدا نییە. دەڵێ برسی بۆی ھەیە ھەموو کارێک بکات و زەرەریش بدات. خۆ لە دار و بەرد دەدا بۆ ئەوەی لە ئازاری برسێتی رزگاری بێت. دەڵێن بێ‌ئیمانی بە برسێتی گوت دەچی بو کوێ؟ راوەستە منیش دێم!


٢٠- بیانوی تڕ نانی جۆیە. (ل٥١) نووسراوە:" بە ھیوای شتێکە و شتێکی دیکەی کردووە بە بیانو و ھۆ و پاساو." ← پاساو بۆ عەیبی خوی دێنێتەوە و دەیھەوێ خەتای داپۆشێت و بیخاتە مل شتێکی‌تر.


٢١- بێکەسیی ھەر بۆ خوا ھاتووە. (ل٥١) نووسراوە: "کەسێک دەیڵێت تەنیایی زۆر پێوە دیار بێت و بێزار بێت لە تەنیایی." ← کەسانی دەوروبەری کەسی تەنیا دەیڵێن بۆ ئەوەی ھانی دەن ژیانی ھاوبەشی پێک بێنێت. لەوانەیە بۆخۆی بە تەنیایی خۆی رازی بێت و بێزاریش نەبێت.


٢٢- بووە بە گیسکەکەی ھەیاسی خاس. (ل٥٢) نووسراوە: "بۆ کەسێک دەوترێت کە پێی درێژ دەکات لە کارێکدا لە رادەی خۆی دەرچێت بیگەریێنێتەوە بۆ سنوورە ئاساییەکەی خۆی (ئەمە چیرۆکی گورگ و بزنە)." ← گیسک، گیسکە و بزن، بزن! بۆ کەسێک دەکوترێ کە ناوە ناوە قەڵەو بێت و بە ھۆی ئیشێک یان رووداوێکەوە کز بێتەوە. یان زۆر لە گوڕ بێت بۆ کارێک یان پرۆژەیەک و بە ھۆی قسە یان ھەڕەشەی کەسێکەوە لێی شل بێتەوە.


٢٣- بۆسۆی لێھەڵناستێت. (ل٥٥) نووسراوە: "واتە زۆر شڕ و رەزیل و پیسە." ← ئەم مەسەلە باسی رەزیلی و پیسی تێدا نییە. باس لە ھەژاری و نەداری دەکات. واتە ھێند ھەژارە. شڕ لەگەڵ رەزیل و پیس یەک نین.


٢٤- بۆتە چەرمی چۆلەکە. (ل٥٦) نووسراوە: "واتە بە دەس ھەموو کەسێکەوە ئاسانە." ← دەڵێن دنیای لێ بۆتە/لە خۆی کردۆتە چەرمی چۆلەکە. واتە دنیای/ کارەکەی زۆر لە خۆی تەنگ کردۆتە و زۆر سەختی گرتووە نەک ئاسان.

بەشی دووھەم) بەشێک لە پەند و ئیدیۆمەکان بێ ئەوەی پێویست بێت ماناکەیان لەبەر یەک کێشراوەتەوە و لێی زیاد کراوە، لە کاتێکدا دەکرا زۆر کورت ببڕدرێتەوە و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پەند و ئیدیۆمیش ھەر کورت بڕینەوەیە.


١- ئەم قسەیە بەینی خۆمان بێت. (ل١٩) نووسراوە: "واتە ئەم قسەیە پەیوەندیی تەنھا بە ھەردووکیانەوە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی گومانێک یارمەتیی یەکتر بدەن." ← حوکم نییە قسەکە پەیوەندیی بە ھەرتکیانەوە ھەبێت،‌چەلی وایە باسەکە پەیوەندیی بە ھیچکامیانەوە نییە و تەنھا لە دەمەوە دەگوازرێتەوە بۆ گوێ و ھەر بۆ بیستن دەگوترێ. مەسەلەن کابرا دەڵێ بەینی خۆمان بێت کاک خدر بە دزییەوە ژنێکی‌تریشی مارە کردووە. واتە لای کەس مەیدرکێنە و مەڵێ فڵانکەس گوتوویەتی. ئیتر بۆی ھەیە ھیچ بڤە و خەتەرێکیشی تێدا نەبێت.


٢- بەرتیل بەرد نەرم دەکات. (ل٤٤). نووسراوە: "بەرتیل لە دەرەوەی سنووری ھاوڕێیەتییە حەرامە لەعنەتلێکراوە بە ھەر دوو سەر، ئەوەی قبووڵیەتی و بە فرسەتی دەزانێت بە دەستکەوتنی شتێک کە ئیشەکەی خۆی بکاتە ھۆ." ← لە حاڵێکدا ئەم پەندە تەنیا ئەوەندە دەڵێ: پوڵ کلیلی گیر و گرفتە. (دواتریش ئاماژەی پێ دەکرێت).


٣- بوو بە کوردەکەی لە ھەر دوو جەژنە بوو. (ل٥٢). ← ماناکەی دروست نووسراوە بەڵام پێویست بوو ئەم چیرۆکە ھاتبایە: کوردەی تامەزرۆی جێژن بیستی سبەینێ لە فَلانە دێ جێژنەیە، لە کاتێکدا خەڵکی دێیەکەی خۆیان ھێشتا لەسەر رۆژی جێژن ساغ نەببوونەوە. ملی پێوە نا بەرەو ئەو دێیە. تا گەیشتێ لەوێ جێژنەیان کردبوو. بەرەو ئاواییەکەی خۆیان گەڕایەوە، تا گەیشتەوە لەوێش جێژنە کرابوو. خولاسە لە ھەرتک جێژنان بوو. دیارە ئەواندەمان ھاموشۆ بە وڵاغ و پیادەیی بووە. (ئەوی دەبوو درێژ کراباوە بە کورتی نووسراوە و بە پێچەوانەشەوە!).


٤- بۆنی شیری خاو لە دەمی دێت. (ل٥٦) نووسراە: "بە کوڕێکی تازە پێگەیشتوو دەوترێت کاری پیاوێکی گەورە بکات." ← ئەوە نەرمە تەوسێکە بۆ کەم لە قەڵەم‌دانی کەسێک. ئیتر پێویست نییە حەکمەن کاری پیاوێکی گەورەی کردبێت و حەتمەنیش نابێ تازە پێگەیشتوو بێت. بۆ نموونە کەسێک ھەڕەشە لە کەسێک دەکا و بۆ کەسی ھەڕەشە لێکراوی دەگێڕنەوە. ئەویش ھەر بۆ ئەوەی نەترسان و کەمبوونی ھەڕەشەکەر بسەلمێنی دەڵێ: جا ئەوە چ گوویەکە، خۆی چی و ھەڕەشەی چی؟ ھێشتا بۆنی شیری خاوی لە دەم دێ. مومکینە کابرای ھەڕەشەکەریش ھێندە منداڵ نەبێت.

بەشی سێھەم) ھەندێک لە پەند و ئیدیۆمەکان لەنگ و لۆڕن و دروست تۆمار نەکراون، یان ئەوەی کە بە بێ ئەوەی پێویست بێ قورس کراون. (راستە لە زۆر ناوچەی کوردەواری مومکینە شێوازی بەیانکردنی ئەم پەند و ئیدیۆمانە جیاواز بێت و لێک نەچن، بەڵام ئەوەی حاشاھەڵنەگرە ئەوەیە کە ئەم پەند و ئیدۆمانە لە درێژایی مێژوودا لێکولووس کراون و چۆن لەسەر زاران سووکتر بن وا دەربڕاون. بۆیە زوو باری سووکی و قورسییان لەسەر زاران ھەست پێ دەکرێت و ناسینەوەیان زۆر حاستەم نییە):


١- ئاشێک لە میز بێت ھەر دەمیزێت. (١٤). ← لە جیاتی: ئەو ئاشە لە میزتن بێ ھەر دەمیزێ.
٢- ئاگای لە مەحموی بێزەوا نیە. (ل١٥). ← ئەوەڵەن یان مەحموو، یان مەحموود. دواتر ئەم پەندە لە بنەڕەتدا دەبێ ئەوە بووبێت: ئاگای لە مەعبوودی بێزەواڵ نیە.
٣- ئاگری پێوەنێیت بۆسۆی لێ ھەڵناسێت. (ل١٥). ← لە جیاتی: شەمچەی/ئاگری پێوە نێی بۆسۆی نایە.
٤- ئاڵتوون لە قوڕاو دیارە. (ل١٦). ← لە جیاتی: ئاڵتوون لە قوڕاودا دیارە.
٥- ئەگەر نانت جۆ بێت، با خوڵقت گەنم بێت. (ل٢٣). ← لە جیاتی: نانت جۆیین بێت و خوڵقت گەنمین بێ.
٦- ئەو ماستە موویەکی تیایە. (ل٢٥) ← لە جیاتی: ئەو ماستە بێ‌موو نییە.
٧- ئەوەی ھاوڕیەتی بگرێت، رەنگی نەگرێ خوی دەگرێت. (ل٢٨). ← لە جیاتی: گایەک لەگەڵ گایەک بێ، یا خووی دەگرێ یا رەنگی. یان: دوو گا لە دۆڵێکدا بن رەنگی یەک نەگرن خووی یەک ھەر دەگرن. واتە لێرەدا زەکیە مانای ئیدیۆمەکەی نووسیوە نەک خودی ئیدیۆمەکە.
٨- بە ھوی گەلە گەنمێکەوە. سەد گوڵە مرۆر ئاو دەخواتەوە. (ل٤٨) ← لە جیاتی: بە بیانووی گوڵە گەنمێکەوە (سەد) گوڵە جۆیەکیش ئاو دەخواتەوە.
٩- بە کەر ناوێرێت بە کورتان رەتە رەتێتی. (ل٤٧). ← لە جیاتی: بە کەر ناوێرێ بە کورتان رەپەڕەپێتی.
١٠- بیسکەی سمێڵی دێت. (ل٥١). ← لە جیاتی: بسکەی سمێڵی دێت.
١١- باویلە باوێکی بەسە.(ل٣٧) ← لە جیاتی: ‌باوەلە/باوەلێ باوێکی بەسە.

بەشی چوارەم) بەشێک لە پەند و ئیدیۆمەکان پوختەی ماناکەیان کە پێویستە نەنووسراوە و وشە بە وشە مانایان نووسراوەتەوە و مەبەستە سەرەکییەکە نەئەنگێوراوە:


١- ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک. (ل١٤) نووسراوە: "واتە ئەو بەرنامەیەی ئاشەوان بۆی داناوە. ئاشەکەی بۆی ھەڵناسووڕێت." ← دەبوو بنووسرێ: لە کاتێکدا دەوترێت کە کەسێک باسی شتێک دەکا و کەسی بەرامبەر لە فکری شتێکی دیکە دایە و شتێکی‌تری دەوێ و بە خواستێکی‌ترەوە سەرقاڵە. دەوترێ حای حای ئاش لە خەیاڵێک و...، واتە من دەڵێم چی و تۆ دەڵێی چی. یان من چم دەوێ و تۆ داوای چ دەکەی.


٢- ئاگر لە کای کۆن بەر نەبێت (ل١٥) نووسراوە: "ئەمە بە عاشقێک یان کەسێک تامەزرۆ بێت و بە ئاواتێکەوە بەخۆشی و بە گورچی بە پیریەوە بچێت." ← دەبوو بنووسرێ: سووتان بە عیشقێکی کۆنەوە، گەڕانەوە سەر حەزێکی رابردوو لە کاتێکدا کە تەمەن ھەڵکشاوە و سەردەمی ئەو حەزە بەسەرچووە. لەو کاتەدا مرۆڤ تێدا دەچێت چونکە وەک کای کۆن بۆ ئاگر تێبەربوون و بوونە خۆڵەمێش ئامادەیە.


٣- ئاگری پێوە نێیت بۆسۆی لێ ھەڵناسێت. (ل١٥) نووسراوە: "واتە ئەوەندە جلەکانی چڵکن و پیس و شڕە بسووتێت بۆسۆی لێھەڵناسێت." ← دەبوو بنووسرێ: بۆ پیاوی نەدار و بابەدەست دەگوترێت. ئیتر حوکم نیە حەکمەن جلەکانی شڕ و چڵکن بن. چونکە جلی چڵکنیش بۆسۆی ھەر دێت! لێرەدار مەبەست بێ‌جلی و بێ‌پۆشاکییە. ئەوەشی لەگەڵ بێت کە زۆر دەوڵەمەندی پیسکە ھەن کە ئەو پەندە نایانگرێتەوە.


٤- ئاوی زاڵم سەرەوژوور دەڕوات. (ل١٨) نووسراوە: "واتە کاری مرۆڤی خراپ و دژ بە سروشتی مرۆڤایەتی نەنگە و سەر ناگرێت." ← دەبوو بنووسرێ: لە لایەکەوە چونکە زۆری ھەیە و کە زۆر ھات قەباڵە بەتاڵە، ئەوە کاری زاڵم بە زۆرەملیش بێت دژ بە باو سەردەگرێت، ھاوکات ئەو مانایەشی تێدایە کە ئاخری رۆژێک ئەم ئاوە سەرەوژێر دەبێتەوە و باری زاڵم دەشێوێت.


٥- ئەمڕۆ دنیایە و سبەینێ قیامەت. (٢٠) نووسراوە: "واتە ئەمڕۆ لە دنیادا زمان پاراوە و فڕان فڕانە بەڵام بێ‌سوودە چونکە مردن ھەیە". ← دەبوو بنووسرێ:لە کاتێکدا دەگوترێ کە کابرا بیھەوێ راستی و دروستیی خۆی بسەلمێنێ و بەرامبەرەکەی لە بەرحەق بوونی خوی دڵنیا کات. واتە من قیامەت و جەزام لەبیرە و درۆم لێ نابیستی.


٦- ئەو دەستەی نەتوانیت بیبڕیت، دەبێت ماچی بکەیت. (ل٢٦). نووسراوە: "بۆ ئەو کەسانەیە کەس دەسەڵاتی نییە بەسەریاندا، دەبێت بیانپەرستی و دەستەوئەژنۆ کڕنووشیان بۆ بەریت. ← دەبوو بنووسرێ: واتە ئەگەر نەیارێکت ھەیە و دەروەستی نایەی و ناتوانی بە زۆر بەسەریدا زاڵ بیت و لە کۆڵ خۆتی کەیتەوە دەبێ حەول بدەی ھەر بە زمان و بە زاھیر رایگری و خۆ لە زەڕی بپارێزی. ئیتر ئاماژە بە کڕنووش بۆ کردن و دەستەوئەژنۆ بوون ناکات. خزمایەتی لەگەڵ ئەم ئیدیۆمە ھەیە کە دەڵێ بە لۆکە سەری بڕی.

بەشی پێنجەم) زەکیە لە ماناکردنەوە و لێکدانەوەی پەند و ئیدیۆمەکاندا بێ ئەوەی پێویست بێت ئەوەندی بۆی لواوە بە چاکە و خراپەوەی گرێ داون و ماناکەیانی بردۆتە ئەم رێچکەیەوە و لە رەنگی ئایینی ھەڵکێشاون. بە قسەی چاک و خراپ و مەیلەو ئایەتانەوەی گرێ داون و ھاوکات مانا و کارەکتەریانی زۆر کورت کردوونەتەوە و لە کاری خستوون. گەلێک پەند ھەن کە لە زۆر جێیاندا دەگوترێن و بۆ زۆر مەبەستان، بە پێی لێ کاڵینەوەیان، لە کار دەکرێن. بۆیە کورتکردنەوەی ھەودای فڕینیان وەک لە قەفەس پەستاوتنی مەلێکی خۆشخان وایە، کە ھەرچەند جوان و چەلەنگ و دەنگخۆشە، بەڵام ھەر خاوەنەکەی خاوەنێتی و دەنگی بە سروشت راناگا و گوڵووکی جوانیی بە رووی سروشتدا ناپشکوێ. بۆ نموونە:


١- ئاسمان کۆڵەکەی دەوێت. (ل ١٣) زەکیە دەڵێ: "بەو کەسانە وتراوە کە بە درێژایی تەمەنیان نەیانتوانیوە چاکە بکەن و ئەگەر بۆ جارێک چاکەیەکیان کردبێت جێی سەرسووڕمان بووە." ← بەڵام ئاخۆ مەرجە ئەم پەندە تەنیا ئەو کەسانە بگرێتەوە کە چەلێک لە درێژایی تەمەنیاندا کارێکی چاک دەکەن؟ ھیچ مەرج نیە کە تەنانەت ئەو کارەی دەکرێ و ئەم پەندەی بۆ دەگوترێ نرخێکی لەسەر دانرێت. دەبینی کابرا بە حەیاتی دڵی نەھاتووە پووڵ بدا و کەبابێک لە دەرێ بخوا. رۆژێک برادەرێکی دەبیستێ کە فڵانکەس لە فڵان کەبابخانە دیتراوە. دەکرێ یەکسەر بڵێ: یانی فڵانکەس دڵی ھات پووڵ بدا بە کەباب؟ وەڵا بابم ئاسمان کۆڵەکەی دەوێ!. واتە دەریدەخا کە شتێکی سەیر قەوماوە و تەواو. تەنیا ئاماژەیە بەو سەرسووڕمانە بۆ کارێک کە پێشبینی نەدەکرا یان ناکرێ. ئیتر مەرج نیە ئەو کارە کاری چاک بێت. لە کەبابخانە نان خواردن خۆی لە خۆیدا نە چاکە و نە خراپ.


٢- ئاردی بن دڕک کۆ نابێتەوە.(ل ١٣) زەکیە دەڵێ: "واتە قسەی باش بکە، با پاداشتەکەی ھەڵگریتەوە و بە با نەچێت."! ← لە کاتێکدا ئەم پەندە حەکمەن قسەی باش ناگرێتەوە و بۆ زۆر مەبەستی‌تر دەگوترێ کە فڕیان بە سەر باش و ناباشەوە نیە. مەسەلەن کابرا قەرزی لە لای چەند نەفەرە و لای برادەرێکی باس دەکا. برادەرەکەی کە ئەو پیاوانەی پێ ھەو نیە و بڕوای پێیان نیە، دەڵێ: حاح وەڵا تازە بوو بە ئاردی بن دڕک. واتە بۆت کۆ نابێتەوە و لێت دەخورێ. بەڵام خۆ قەرز دان خۆی لە خۆیدا نە باش و نە خراپ.


٣- ئاو بە بێژنگ دەھێنێت. (ل ١٦) زەکیە دەڵێ: "واتە کارێکی ناپەسەند و نەشیاو دەکا." ← کەچی ئەم پەندە تەرازووی پەسەند و ناپەسەند نیە بەڵکوو لە بنەڕەتدا ئاماژەیەکە بە بێ‌ئاکامی و بێھوودە بوونی کردەکە. مەولانای رۆمی دەڵێ: دوست دارد یار این اشفتگی- کوشش بیھودە بە از خفتگی. واتە یار ئەم پەرێشانی و خۆ بەملاو ئەولادا دانەی خۆش دەوێ و حەولی بێھوودە لە پاڵکەوتن باشترە. واتە لێرەدا کارێکی بێھوودە بوو بە پەسەند! کە وایە بە جێگا کەوتووە.


٤- ئەو شوێنەی زەوی لێیە، ئاوی لێ نییە. (ل ٢٥) زەکیە دەڵێ: "زەوی بێ‌ئاو بەیارە بە بێ‌سوود وازیان لێ ھێناوە، ئاویش لە شوێنی بەرد و سەختا بە فیڕۆ دەڕوات. وەکوو دوو کەسی باش واتە کە یەک نەکەون یان دوو کەسی یەکیان باش و یەکیان خراپ ئەو کاری چاکەی تەواوی تیادا مەیسەر نابێت." ← کورتکراوەی مانای ئەم پەندە ئەوەیە کە ئەم شتە یان ئەو کارە لە جێگای خۆیدا نیە، ئیدی ھیچ باسی چاکە و خراپەی تێدا نیە. مەنزوور ئەوەیە کار بە تەواوەتی ھەر سەرناگرێ و بە بارێکدا لەنگ ھەر دەبێت. نە ئاوی بەردەڵان بە فیڕۆ دەڕوات و نە زەوی بەیار خراپە. ھەر کامیان سوودی خۆیان ھەیە، بەڵام دەکرا زۆر بەسوودتر بن ئەگەر لە شوێنی پێویستی خۆیاندا بوایەن.


٥- ئەوەی بەرز بفڕێت، نزم دەنیشێتەوە. (ل ٣٠). زەکیە دەڵێ: "واتە بەرز فڕین و خۆ بەشتزانین نەنگە لە مرۆڤدا، چونکە ھەموومان مردنمان لە ناوچەوان نووسراوە." ← با نموونەیەک باس کەین. کوڕێک دەیھەوێ ژن بێنێ. خۆشی بە کوڕە وەزیر نازانێ، بەڵام لانەی دڵە و بە ناحەزان گەرم نابێت. ھەر قامک لەسەر کچانی شەنگ دادەنێ و بە ھی ناحەز رازی نابێ. قسمەت وای دێنێ کچێکی ناشیرینی بە نسیب دەبێ. پێی دەڵێن: ئاوایە بابم بۆیە قەدیمیان دەڵێن ئەوەی بەرز بفڕێت، نزم دەنیشێتەوە. ئەگەر ئەم گەنجە بە ماناکەی زەکییەی کردبا دەبوو ھەر لەسەرەتاوە کچێکی ناشیرینی مارە کربا و وازی لە ئەم دەرک و ئەو دەرک کردن ھێنابا، چونکە مردن لە پێشە! بەڵام ئەم پەندە تەنیا ئەوە دەڵێ کە قەناعەتت بێت و بۆ بەشی خۆت لە قەدەر خۆت داوا بکە. جا مردن ھەبێت یا نەبێت.


٦- بە حەوت تەور ملی نابڕێتەوە. (ل ٣٩) زەکیە دەڵێ: "واتە بە ھێزە و بێ‌پێزە، خێر لە دەستی نابێتەوە.) ← بەڵام ھیچ باسی خێر و بێری تێدا نیە، نە رواڵەتەن و نە لە ناخیدا. بۆی ھەیە کابرایەک رقی لە پیاوێکی چاکی چوارشانە بێت و ئەم قسەیە بکات. ئەوە گەواھی لەسەر بێ‌پێزی ئەو کابرایە نادات.


٧- بە دەستێک چەپڵە لێ نادرێت. (ل ٤٢) زەکیە دەڵێ: "بە تاکە کەسێک چاکە ناکرێت، دەبێت بەرامبەرەکەشی چاک بێت، واتە چاکە لە چاکەیە." ← لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بە کەسێک سەر ناگرێت. ئیتر باس لە چاکە و خراپە نیە. چەپڵە خۆشی لە زۆر جێیان ناحەزی و خراپەیە. چەپڵەی وایە بۆ ناحەزان لێ دەرێت. واتە ھەمیشە ئەم چەپڵەیە ھێمای چاکە نیە و تەنیا باس لە سەرگرتن و نەگرتنی کارێک دەکا و گرینگی ھاودەنگی و ھاویاری دەنوێنێت.


٨- بەرتیل بەرد نەرم دەکات. (ل ٤٤) زەکیە دەڵێ: "بەرتیل لە دەرەوەی سنووری ھاورێیەتییە، حەرامە، لەعنەتلێکراوە بە ھەر دوو سەر، ئەوەی قبووڵیەتی و بە فرسەتی دەزانێت بە دەستکەوتنی شتێک کە ئیشەکەی خۆی بکاتە ھۆ." ← ئەم پەندە کام باسی ھاوڕَیەتی تێدایە و کام حەرامی باس کردووە؟ راست بە پێچەوانەوە خەریکە دەرست دادەدات و دەڵێ ئەگەر کارت گیری کرد دەرمانەکەی بەرتیلە. حوکم نیە ئەم کارە حەکمەن ناپەسەند و حەرام بێت. بۆ نموونە تۆ بەرتیل دەدەی بە جاشێک و قارەمانێک لە مەرگ رزگار دەکەی. ئەو بەرتیلە بدرێت یان ئەو قارەمانە بمرێت؟ کارم بە حەرام و حەڵاڵەتیی بەرتیل لە روانگەی ئیسلامەوە نیە. لێرەدا تۆ بڕیارە مانای پەندێک بخەیتە روو، یان تەفسیری ئایات بکەی؟!

بەشی شەشەم) ھەندێک لە پەندەکان دووپات بوونەتەوە. دیارە چەلی وایە یەک پەند بە دوو شێواز دەردەبڕدرێت و چەند وشەیەکی پاش و پێش دەخرێن. بەڵام ئەوە تایبەت بە فەرھەنگە گەورەکانەوەیە کە ھەموو پەند و ئیدیۆمەکان لە خۆ دەگرن و ریوایاتی جۆراوجۆریان تۆمار دەکەن، نەک کتێبیک کە کۆمەڵێک پەند و ئیدیۆمی لە خۆ گرتووە:


١- ئەوەی چاوەڕوانی دراوسێ بێت، دەبێت بە بێ‌شێو سەر بنێتەوە. (٣٠) بە تەمای دراوسێ بیت، بێشێو سەر دەنێیتەوە. (ل٣٨).
٢- ئەوەی بچێتە شاری کوێران، دەبێت دەست بە چاویەوە بگرێت. (ل٢٦). بچێتە شاری کوێران، دەبێت دەست بە چاوەوە بگرێت. (ل٤٩).

دوا وتە:


ئەم کتێبە سەرجەم ٢٢٢٥ دانە پەند و ئیدیۆمی لەخۆ گرتووە. لە کۆی ئەم ٢٢٢٥دا، ئەم وتارە تەنیا ٣٦٤دانەیانی بەسەر کردۆتەوە کە ھی دوو پیتی ئەلف و بێ-ن. دەڵێن مشت نموونەی خەروارە، لەبەروەی وتارەکە بێ‌ھۆ درێژ نەکەمەوە، چونکە ھەر ئەوەندە نموونەیەش بەسە بۆ نرخاندنی ئەم کتێبە، کورتی دەبڕینەوە و لە پیتەکانی‌تر نموونە ناھێنمەوە.


ئەگەر بڕیارە ئەم پەند و مەسەلانە تۆمار بکەین و لە نەسلی پێش خۆمانەوە بیگوازینەوە بۆ نەسلەکانی پاش خۆمان، پێویستە زۆر بە سەبر و حەوسەلە و وردبینییەوە ھەنگاو ھەڵێنین و لە راست و دروست بوونییان تەواو دڵنیا بین. ئەم کارەش وەک کاری فەرھەنگ نووسی کارێکی کۆمەڵیی و ئیشی تاکەکەس نییە. ھەر نەبێ پێویستە لە کۆتایی کارەکەدا پرس بە چەند کەسێکی شارەزا بکرێت، ئەوکات بڕیاری بڵاوکردنەوەی بدرێت.چونکە شتێک کە چوویە سەر کاغەز و کتێبان ئیتر پێداچوونەوە و ھەڵەبڕینی مەحاڵە و ھەر وا لەنگ و لۆڕ ماڵەوماڵ دەکات.
_____________________________
ژێدەر:
١- پایانیانی، سەلاح. ٢٠٠٦. فەرھەنگی زارەکی موکریان. بەرگی١. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رەھرەو. ل١٠-٩.
٢- رەشید محەممەد ئەمین، زەکیە. ٢٠١١. کۆمەڵێک پەند و ئیدیۆمی کوردی. بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی.
٣- ئیھانەت بە کەس ناکەم بەڵام ئێمە ھێشتا باوەڕمان بەوە نەھێناوە کە ویراستار (ھەڵەچنی تایپ و زمانی) ئیشێکی سەربەخۆیە و فەننێکە و ویراستاری لقێکی دانەبڕاوی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە لە دنیادا. ئەو شتەی کە لە لای ئێمە ھیچ ھەمیەتی ویّ نادرێت.
٤- ھێمن. بارگەی یاران. ٢٠٠٣. بڵاوکەرەوەی ئاراس.ھەولێر.ل ٥٨.

 

ماڵپەڕی کامه‌ران هه‌ڵوه‌دا‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک