په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٣

رەخنەیەک لە وەرگێڕانی فەرھەنگی وشە...
- بۆ نموونە: فەرھەنگی گۆڤەند و زنار-ی حەمەکەریم عارف -


کامەران هەڵوەدا     


وەرگێڕانی فەرھەنگی وشە چ پێویستییەک و کارێکی ھەیە؟ ئاخۆ وەرگێڕانی فەرھەنگی وشە لە بواری ئەدەبی و زمانییەوە کارێکی دروستە؟ ئەگەر کارێکی دروستە چ یاسا و رێسایەکی دەبێ بۆ رەچاو کرێت؟ کێ رێگەی ئەوەی پێ دەدرێت سەرقاڵی بواری فەرھەنگ نووسینی دوو زمانە بێت؟


ئەم وتارە لە دەوری ئەم پرسیارانە دەسووڕێتەوە و بۆ نموونە سەرێک لە فەرھەنگی وەرگێڕدراوی فارسی - کوردی گۆڤەند و زنار -ی مامۆستا حەمەکەریم عارف ھەڵدێنێت.


بێگومان نووسینی فەرھەنگی وشە نیازێکی حاشاھەڵنەگر و پێویستییەکی زەرووری ھەر زمانێکی زیندووی سەر گۆی زەوییە. زمان ئەوەندەی پشتی بە دەنگی ئەو کەسانەوە گەرمە کە پێی دەئاخڤێن، سەد ھێندەش پشتی بەو فەرھەنگانەوە ئەستوورە کە بوونەتە خەزێنەی زمان و وشەکانی لە فەوتان دەپارێزن. دیارە نووسینی فەرھەنگ کاری ھەموو کەس نییە و کورد گوتەنی پیاوی خۆی دەوێ! کەسێک کە شارەزای بواری زمان و ئەدەب بێت و ئاگاداری رابردوو و ئێستای زمانەکە بێت. فەرھەنگی یەک زمانە کە جیاوازە و مەبەستی ئەم وتارە نییە. یەکێک لە رێگەکانی نووسینی فەرھەنگی دوو زمانە بێجگە لە بیر و ھزری خودی نووسەر، کەڵک وەرگرتنە لەو فەرھەنگانەی پێشتر لە ھەر کام لە زمانەکاندا نووسراون. کەڵک وەرگرتن لە فەرھەنگی وشەی زمانی یەکەم بۆ ئەوەی وشەگەلی ئەم زمانە بە دروستی و بە ھاسانی کۆ کرێنەوە و کەڵک وەرگرتن لە فەرھەنگەکانی زمانی دووھەم بۆ ئەوەی بەرامبەر و ھاوتا بۆ وشەگەلی زمانی یەکەم بدۆزرێنەوە. ئەگەر کەڵک وەرگرتن لە فەرھەنگەکانی ئەو دوو زمانە ھەر تا ئەم سنوورە بێت ئەوە نەک ھەڵە، بەڵکوو کارێکی زۆر پێویست و زەروورە.

 

ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە نووسەری فەرھەنگی دوو زمانە پێویستە شارەزای وشە و ئەدەب و نووسراو و زمانی ھەرتک نەتەوە بێت. دەبێ لە باری رابردوو و ئێستای ھەرتک زمانەکە بکۆڵێتەوە و شارەزاییەکی باشی ھەبێت. چونکە وشەکانی ناو زمانیش وەک زیندەوەران تەمەنێکیان ھەیە و زۆربەیان کۆن دەبن و بێ‌کەڵک دەکەون و تاقمێکیان سەر لە نوێ دەژیێنەوە و بەشێکیان بە مانایەکی‌ترەوە دێنەوە گۆڕێ. ھەندێکیش بە درێژایی بیرەوەریی ئەو زمانە ھەر سەرگوڵ بوون و دەبن. ئەگەر نووسەر ئاگاداری رەوتی زمانەکان نەبێت ھەڵە نەکردن و ھەڵنەئەنگووتنی موعجیزەیە. چونکە نووسەرانی شارەزای فەرھەنگی یەکزمانەش بێ ھەڵە نین و لە کەموکووڕی بێبەش نین، چ بگا بە ھی دوو زمانە کە ئەرکەکەی دوو ھێندەیە. لە فەرھەنگی دو زمانەدا نووسەر دێ بۆ ئەوەی وشەی زمانی یەکەم تۆمار کات لە جیاتی ئەوەی دەست بکات بە کۆکردنەوەی وشەکان پەنا دەباتە بەر فەرھەنگێکی موحتەبەری ئەو زمانە و لە خەزێنەی وشەکانی ئەو کەڵک وەردەگرێ. بەڵام کارەکە دەبێ لێرەدا کۆتایی پێ بێت و لە قۆناغی دواتردا کە دەیھەوێ مانا و ھاوتا بۆ ئەو وشانە لە زمانی دووھەمدا بدۆزێتەوە ئیتر حەقی ئەوەی نییە دیسان پەنا بەرێتە بەر ھەمان فەرھەنگ و ئەو چ مانایەکی بۆ وشەکان نووسیوە، ئەمیش ھەمان تەرجەمە بکات و ئیتر تەواو. ئەم کارە دەبێتە وەرگێڕانی فەرھەنگ و کارێکی ناراستە. نووسەر تەنیا بۆی ھەیە وشەکانی ئەو فەرھەنگە وەرگرێت نەک ئەوەی ماناکانیشیان تەرجەمە بکاتەوە. بۆ بەشی دووھەم، واتە بۆ مانای وشەکان، نووسەر دەبێ بێ لە زمانی دووھەمدا بگەڕێ و ھاوتای وشەگەلی زمانی یەکەم بدۆزێتەوە و لە بەرامبەریدا داینێت. کە واتە وەرگێڕانی فەرھەنگ نادروستە و کارێکی ھەڵەیە، بەڵام وەرگیرانی وشە، واتە وشە وەرگرتن لە فەرھەنگان، کارێکی دروست و یاریدەدەرە. یەکێک لە خاڵە بچووکەکانی ھەڵەبوونی وەرگێڕانی فەرھەنگ ئەوەیە کە لە فەرھەنگی زمانی یەکەمدا بۆ زۆربەی مانای وشەکان رستە و تەوزیح نووسراوە، نەک وشە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نووسەر دەبێ لە زمانی دووھەمدا و بۆ مانای وشەکانی زمانی یەکەم وشە بدۆزێتەوە، نەک ئەوەی رستە و تەوزیحەکانی زمانی یەکەم تەرجەمە بکاتەوە. رەنگە ھێنانەوەی نموونەیەک باشتر مەبەستەکە بگەیەنێت. ئەگەر لە فەرھەنگێکی فارسیدا وشەی "عقاب" ھاتووە و چونکە لە فارسیدا عقاب نێوێکی‌تری نییە لە بەرامبەریدا نووسراوە: "پرندەای است شکاری و گوشتخوار کە در کوھستان زندگی می‌کند." (واتە: مەلێکی راوچی و گۆشتخۆرە کە لە کوێستان دەژی) ئیتر فەرھەنگنووسی دوو زمانەی فارسی-کوردی دەبێ تەنیا وشەی عقاب-ەکە وەرگرێت و لە بەرامبەریدا بنووسێ: "ھەڵۆ". نەک ئەوەی کە تەوزیحەکەش تەرجەمە کات و ھەڵۆ-شی لەبیر چێت!. ئەگەر نووسەر تەنیا وشە سەرەکیەکان وەرگرێت بۆی ھەیە بە راستەڕێدا بڕوات، ئەگەر ماناکانی وەرگێڕێت بێگومان دەترازێ و تووشی ھەڵە و پەڵە دەبێ.


کە دەڵێین نووسەر دەبێ شارەزای رەوتی زمانەکان بێت بۆ ئەوەیە کە بۆی ھەیە وشەیەک چەندین مانای ھەبێ کە بێگومان لە فەرھەنگدا ھەموویان تۆمار دەکرێن. لەو چەندین مانایە ھەر یەک دوو مانایان سەرەکین و باقی ماناکان لاوەکی یان مەجازین. ئەگەر نووسەر ئاگاداری ئەم خاڵانە نەبێت بۆی ھەیە مانایەکی لاوەکی وەرگرێت و مانا سەرەکیەکە وەلانێت و لە فەرھەنگە دوو زمانەکەیدا نەیھێنێت. لە ھەندێک حالەتیشدا وەشەگەلێک ھەن کە لەگەڵ ئەوەی دوو مانای سەرەکی و مەجازییان ھەیە، بەڵام مانا مەجازییەکە لەو زمانەدا مەبەستە و ئەم وشەیە بەو مانا مەجازییەوە دەناسرێ نەک بە مانا سەرەکییەکەوە. (ئەم جۆرە وشانە لە نموونەکاندا ھەن). ئەگەر بڕیارە لە فەرھەنگێکی زمانی یەکەم کەڵک وەرگیرێت و بە تەماش نین سەرجەم وشەکان وەرگرین، پێویستە نووسەر بە شارەزاییەکی کە لەسەر زمانی یەکەم ھەیەتی دەست بکا بە گوڵچنی ئەو وشانەی ئێستا لە زمانی یەکەمدا وشەی ناو قسە و نووسراوەکانن. بۆیە پێویستیی شارەزایی لە باری زمان و نووسراوەی زمانەکان بۆ نووسەر زەروورە. وەک باس کرا کۆمەڵێک وشە ھەن تەمەنیان بەسەر چووە، ئەگەر بڕیار نییە فەرھەنگە دوو زمانەکە فەرھەنگێکی تەواو و جامیع بێت، ئەم جۆرە وشانە ئەگەر وەریشنەگیرێن زۆر گرینگ نییە. بەڵام وەرنەگرتنی وشەگەلی زیندوو و کارای ناو زمانی یەکەم دەبێتە ھۆی عەیبدار بوونی فەرھەنگەکە. نەخاسمە ئەوەی کە کۆمەڵێک وشەی ماوەبەسەرچوو وەرگیرێن و کۆمەڵێک وشەی زیندوو وەلانرێن.


ئەوەی باسکرا بە کورتی سەردەق شکاندنی ھەندێک باسی گرینگی فەرھەنگ نووسینە و ھەر کامیان باسێکی تەسەلیان گەرەکە، کە لە قەوەی ئەم وتارەدا نییە. لەو سەروبەندەدا فەرھەنگ نووسین لە وڵاتی ئێمەدا گەشەی سەندووە و وەک شتێک بۆتە مۆد! ھەر رۆژێ فەرھەنگێک سەردەردێنێ و ھەر کامیشیان خۆیان لە فەرھەنگەکانی پێشووتر و جیران و دەر و دراوسێیان پێ فەرھەنگترە. لەم ناوەدا جێگەی بۆشی رەخنە و پێداچوونەوە و لەنگەرگرتن لەسەر فەرھەنگەکان زۆر دیارە و ھەتا واش بێ، ئەم شەپۆلە ھەر تاو دەستێنێ.


من لەم وتارەدا بۆ نموونەی ئەم باسانەی ھاتنە گۆڕێ دەچمە سەر فەرھەنگی دوو زمانەی (فارسی - کوردی) "گۆڤەند و زنار" کە مامۆستا حەمەکەریم عارف ساڵی ٢٠٠٦، لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانییەوە لە دوو بەرگدا، بڵاوی کردۆتەوە. لە پێشدا ئەوە بڵێم کە ھەموو نموونەکان تەنیا ھی پیتی "ئەلف"ن. (ئای بێ‌کڵاو و ئای کڵاودار). واتە من تەنیا پیتی ئەلفم پشکنیوە و بە بیست و چەند پیتەکە‌ی‌تر رانەگەیشتووم. خوێنەرەوەی ئەم وتارە بە پێی ئەو ئاماژانەی بۆ وشەکانی پیتی ئەلف کراون، لە کەموکووڕی پیتەکانی‌تریش دەگات.

یەکەم:


نووسەر لە مانای بەشێک لە وشەکان ورد نەبۆتەوە و هەڵەیان تێ کەوتووە. ھەرچەند نزیکایەتییەک لە مابەین ئەم مانایانەشدا ھەبێت بەڵام سنووری مانا لە زماندا جاری وایە ھێند تەسکە کە بە ھەڵەکردنێکی بچووک، وەک سڕینەوە یان زیادکردنی پیتێک، مانای وشەکە لەبار دەچێت و دەبێتە شتێکی‌تر. لە ھەندێکیشدا جۆری وشەکە(ناو و ئاوەڵناو و...) بە ھەڵە نووسراوە:

١- لاپەڕەی ١٣ ‌آز: بە تەماح، چاوچنۆکی، حەسوودی، ئێرەیی ← ئەم وشەیە تەنیا مانای "تەماح" دەدات، نەک بەتەماح و حەسوودی و ئێرەیی. آزمند دەبێتە بەتەماح. چونکە لە فەرھەنگی عەمید-دا وشەی حرص-ی بۆ ھاتووە، بە حەسوود مانا کراوەتەوە. حرص-یش ھەر بە مانای تەماحە و مانای "بە تەماح" نادات.
٢- ل١٤ آزمند: بەتەماح، چاوچنۆک، حەسوود، تەماحکار ← ئەم وشەیە مانای حەسوود نادات. لە عەمید-دا وشەی حریص ھاتووە و دەبێ نووسەر بە حەسوودی تێگەیشتبێت.
٣- ل١٥ آژیر: ھۆشیار، زیرەک، گۆماو، حەوز، ئەستێل ← سێ وشەی دوایی پێوەندییەکیان بەم وشەیەوە نییە. لەبەر دەم وشەکە پیتی "ص" نووسراوە، واتە صفت (ئاوەڵناو). ھیچ کام لەم سێ وشەیە ئاوەڵناو نین! لە عەمید-دا "برحذر" ھاتووە و نووسەر رەنگە بە حەوزی تێگەیشتبێ.
٤- ل١٧ آشمال: مەرایی کردن،‌پانکەرەوە ← نیشانی ئەم وشەیە "ص"یە، واتە ئاوەڵناو. بەڵام مەرایی کردن چاوگە.
٥- ل ١٨ آغندن: گوڵۆڵە پەمووی ئامادەکراو بۆ رستن ← ئەم مانایە ھی وشەی "آغندە"یە. مانای "آغندن" کە چاوگە، دەبێتە: پڕکردن، داتەپاندن.
٦- ل١٨ آفریدگار: خوا ← مانای راستی ئەم وشەیە "خوڵقێنەر"ە. راستە یەکێک لە ناوەکانی خوایە بەڵام مانای سەرەکی وشە لە فەرھەنگدا گرینگە و پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ. دەنا خوا کۆگایەک ناوی ھەیە، خۆ ناکرێ لەبەر دەم ھەر کامیان بنووسرێ: خوا! یان: یەکێک لە ناوەکانی خوا.
٧- ل٢٤ آمیزەمو: مووی رەش و سپی، پیاوی ردێن ماش و برنج ← ئەم وشەیە بۆ موویەکە نییە بەڵکوو بۆ کەسێکە کە خاوەنی ئەم جۆرە موویەیە. واتە دەکرێ بڵێین "موو رەش و سپی" بە مانای کەسێکی خاوەن مووی رەش و سپی. بەڵام مووی رەش و سپی ئەم مانایە ناگەیەنێت.
٨- ل٢٩ اباطیل: قسەی بێھوودە، بێ‌بنەما، نادروست ← نیشانی ئەم وشەیە "ا"یە واتە ناو. بێ‌بنەما و نادروست ھەرتکیان ئاوەڵناون. اباطیل -یش بۆخۆی ناوی کۆیە و دەبوو بنووسرێ قسەگەلی/قسانی بێھوودە نەک قسەی بێھوودە.
٩- ل٣١ ابدیت: ھەمیشەیی، قیامەت ← لەبەردەم ئەم وشەیە نووسراوە "مێ" واتە چاوگ. بەڵام ئەم وشەیە "ناو"ە و لە عەمید-یشدا ھەر بە ناو تۆمار کراوە. ئەگەر چاوگ بوایە دەبوو ماناکانی ئاوا بن: ھەمیشەیی بوون، قیامەتی بوون.
١٠- ل٣٨ احتیاط: پارێز، دووربینی، یەدەک ← نیشانەکەی "مێ"یە واتە چاوگ. ماناکەی دەبێتە: پارێز کردن، دووربین بوون. مانای یەدەکیش نادات.
١١- ل ٤٢ ادبار: ھەڵاتن ← ئەم وشەیە مانای "ھەڵاتن" نادات. چەند مانای‌تری بۆ ھاتووە کە دروستن.
١٢- ل٤٩ اریب: ئەم وشەیە بە دوو جۆری "ئەریب" و "ئوریب"ە. واتە بەم دوو جۆرە دەخوێنرێتەوە و ھەرکامیشیان وشەیەکی سەربەخۆن و مانای جیاوازیشیان ھەیە. لەم فەرھەنگەدا ھەرتکیان بە "ئەریب" تۆمار کراون، بە دوو مانای جیاوازیشەوە.
١٣- ل٥٠ اریکە: تەخت، جێی نوستن ← اریکە بە مانای "تەختی دانیشتنی پادشایی"یە نەک تەختی نوستن.
١٤- ل٥٣ استاندار: نموونە، معیار، پێوەر ← ئەم مانایانە ھی وشەی "استاندارد"ن. "استاندار" بە واتای پارێزگارە.
١٥- ل٥٥ استعارە: خواستن ← خوازە.
١٦- ل ٦٢ دوو وشەی "سرون" و "سرو ناز" ھی بەشی پیتی "س"ن و کەوتوونەتە "ئەلف"ەوە.
١٧- ل٦٦ اشتراک: وشتری بچووک ← ئەو وشەیەی بە مانای وشتری بچووکە "اشترک"ە، نەک اشتراک.
١٨- ل ٦٧ اشغال: بە دوو جۆری "ئیشغاڵ" و "ئەشغاڵ" دەخوێنرێتەوە و ھەر دوو وشە سەربەخۆن و دوو مانای جیاوازیان ھەیە. لەم فەرھەنگەدا ھەرتکیان بە "ئیشغاڵ" نووسراون، بە دوو مانای جیاوازەوە.
١٩- ل٧٠ اصطکاک: پێکدادانی دوو شت ← اصطکاک پێکدادانی دو شت نیە، رێکخشانی دوو شتە.
٢٠- ل ٨٤ اقدام: چوونە پێَش، ئازایەتی، دلێری ← اقدام ئەم مانایانە نادات، بە واتای "دەست بە کاری"یە. اقدام کردن: دەست بە کار بوون.
٢١- ل١٠٣ اورە: جەوھەری میز ← "تڕ"ە نەک میز.

دووھەم:


ھەندێک وشە ھەن وەک پێَشتر باس کرا دوو مانایان ھەیە، مانایەکی سەرەکی و مانایەکی مەجازی. جاری وایە ھەرتکیان گرینگن و جاری واشە ھەر یەکیان لەو زمانەدا بەھای پێ دراوە:

١- ل٣٣ ابیات: بەیتی شیعر ، ماڵان ← راستە "بیت" لە عەرەبیدا بە مانای ماڵە، بەڵام لە زمانی فارسیدا لەم وشەیە تەنیا بۆ بەیتی شیعر کەڵک وەردەگیرێ و ابیات واتە بەیتەکانی شیعر، ئیتر مانای ماڵان نادات.
٢- ل ٣٥ اثناعشر: دوانزە، دوانزەگرێ ← لە فارسیدا بە دوازدە سانتیمی سەرەتای ریخۆڵەی بچووک دەگوترێ و رەقەمی دوازدەکەی مەبەست نییە.
٣- ل٤٣ ادغام: تێکەڵ کردنی دوو پیت ← ئەم مانایە لاوەکییە و مانای سەرەکی و جێکەوتووی ئەم وشەیە "تێکەڵکردنی دوو شتە"، نەک تەنیا دوو پیت. بۆ نموونە ئەگەر دوو پرۆژە تێکەڵ کرێن دەڵێن ئیدغام بوون.
٤- ل٥٥ استخارە: خێرخوازی ← نیشانەکەی "مێ"یە و دەبێتە "خێرخواستن". مانای سەرکی و جێکەوتووی ئەم وشەیە فاڵی باش گرتنەوەیە، کە لە ناو فارسەکاندا بە قورئان و کتێبی پیرۆز لە کاتی دوودڵیدا بۆ ئەنجامدانی کارێک دەگرترێتەوە.
٥- ل٥٥ استخواندار: بریتیە لە مرۆڤی رەسەن ← مانای سەرەکی ئەم وشەیە ھێسکدارە، واتە بوونەوەری ھێسکدار/خاوەن ھێسک. کینایەیە لە مرۆڤی رەسەن.
٦- ل٥٧ استعفا: داوای عەفو، لێبوردن خوازی ← مانای لاوەکی و جێکەوتووی ئەم وشەیە "دەست لە کار کێشانەوە"یە و ئەو واتایانەی ھاتوون ھەرچەند دروستن بەڵام بێ‌کەڵکن.
٧- ل٩٦ انتصاب: ھەستان، رەپبوون ← مانای سەرەکی و جێکەوتووی ئەم وشەیە "دامەزراندن"ە.
٨- ل ٥٨ استغنا: دەستبەرداربوون، وازلێھێنان ← مانای لاوەکی و جێکەوتووی ئەم وشەیە "بێ‌نیازی"یە.

سێھەم:


بەشێکی زۆر لە وشەکان بە شێوەی "کۆ"ن و دەبوو ماناکەشیان بە کۆ بێت، وەک لە فارسییەکەشدا وا ھاتووە. بەڵام لەم فەرھەنگەدا مانای نزیکەی ٩٠لە سەدیان بە شێوەی تاک ھاتووە. رەنگە خوێنەرەوەی ئەم فەرھەنگە لە شتەکە بگات بەڵام نووسەر دەبێ رەچاوی گرامەر و رێنووسی زمانەکان بکات و ئەمەش خاڵێکی گرینگە. ئەگەر بڕیار بوایە بۆ وشەیەکی کۆ-ی وەک "ارقام" ھەر مانا تاکەکەی (رەقەم) نووسرابایە، ئیتر ھێنانی ئەم وشەیە لە فەرھەنگەکەدا بێ‌جێیە چونکە خودی "رەقەم"ی تێدایە. بەشێک لەم وشانە و مانا نووسراوەکانیان و مانا دروستەکەیان لێرەدا دێنم . ئەم وشانە کە بە تاک مانا کراونەتەوە تەنانەت ئاماژە بە کۆ بوونیشیان نەکراوە.

١- ل٢٩ ابالیس: شەیتان ← شەیتانەکان (کۆی ابلیس).
٢- ل٣٣ ابیات: بەیتی شیعر ← بەیتەکانی شیعر (کۆی بیت).
٣- ل٣٦ اجسام: تەن، لەش، جەستە ← جەستەکان (کۆی جسم).
٤- ل٤١ اخلاف: خەلیفە، جێنشین ← جێنشینەکان (کۆی خلف).
٥- ل٤٣ ادویە: دەرمان، دەوا ← دەرمانەکان (کۆی دەوا).
٦- ل ٤٨ ارقام: رەقەم، ژمارە ← ژمارەکان (کۆی رقم).
٧- ل٥١ اساطیر: ئەفسانە ← ئەفسانەکان (کۆی اسطورە).
٨- ل٧١ اطبال: تەپڵ، دەھۆڵ ← تەپڵەکان (کۆی طبل).
٩- ل ٧٥ اعصاب: دەمار، رەگ ← دەمارەکان (کۆی عصب).
١٠- ل ٨٤ اقلام: قەڵەم ← قەڵەمەکان (کۆی قلم).
١١- ل٨٥ اقمار: مانگ ← مانگەکان (کۆی قمر).
١٢- ل ٩٣ املاک: مڵک ← مڵکەکان (کۆی ملک).
١٣- ل ١٠٦ اوباش: ھەرچی و پەرچی ← ھەرچی و پەرچییەکان (کۆی وبش).
١٤- ل١٠٩ اوھام: خەیاڵ ← خەیاڵەکان (کۆی وھم).

چوارەم:


وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا نووسەری فەرھەنگ ئەگەر وشەیەک لە فەرھەنگێکی زمانی یەکەمەوە وەردەگرێت، بۆ ماناکەی دەبێ وشەیەکی بەرامبەر لە زمانی دووھەمدا بدۆزێتەوە و حەق نییە تەوزیحاتی وشەکە لە فەرھەنگی یەکەمەوە وەرگێڕێت. لە گۆڤەند و زناردا وشەی لەم چەشنە بەرچاو دەکەون کە ھیچ حەولێکی وا نەدراوە بۆ دۆزینەوەی وشەیەکی بەرامبەریان لە زمانی کوردیدا. ھەڵبەت ئەوە زەروورەتی تەوزیحات بۆ ھەندێک وشە کە پێویستیان پێیەتی رەد ناکاتەوە، بەڵام ھەر تەوزیحێک دەبێ پاش ئەوەی بەرامبەری وشەکە لە زمانی کوردیدا ھات، زیاد کرێت. (ھەم مانای نووسراوەکەی ناو گۆڤەندوزنار و ھەم ئەو وشە یان وشانەی دەبوو ھاتبان، لەم نموونانەدا ھێنراون):

١- ل٤ آب رفتن: چوونە ئاو ← تێکچوون.
٢- ل٥ آبگردان: ئاوگوردان، کەوچکێکی گەورەی لە مس دروستکراوە ئاوی پێ لە مەنجەڵێکەوە بۆ مەنجەڵیشکی دی دەگوازنەوە. ← ئاوگەردێن، ئەسکۆ، کەتوو، ئاوبارە، کەوجز و...
٣- ل٦ اب مقطر: ئاوی کوڵێنراوی پاڵێوراو ← ھەڵماو.
٤- ل٨ آتش چرخان: سەبەتەیەکی بچووکی لە تەل دروستکراوە، چەند کۆڵوو خەڵووز و ئاگری تێدەکەن و لە ھەوادا بایدەدەن تا ئاگر بگرێ. ← تاولەمە، پۆلگەشێن، کوورێ.
٥- ل١٠ آخوندک: میروویەکە سەوز رەنگ لە کولە گەورەترە، قاچەکانی درێژ و سەری گەورەیە، لە ھەندێ شوێنی کوردستان ماینی حەسەن و حوسێنی پێ دەڵێن، تانجیە پێغەمبەرە. ← تاژیلۆکە، تاجیلۆکە، بالووکە، تاژی ئەحمەدڕاوکەرە، کوللەحاجی، حوشترخوا، کەرکێ فاتمێ، ھەسپی نەبی و... (وێدەچێ حەمەکەریم عارف ئاخووندەکە "زەرد"ەکانی پێ تانجیلۆکە نەبێت!).
٦- ل١٣ آروغ: قرقێنە، قرخێنە ← قرپ، وەربوق، یەق، ئارشک.
٧- ل١٤ آزنگ: ئەو چرچ و لۆچەی لە ئەنجامی پیری یان تووڕەییدا لە دەم و چاو و تەوێڵ پەیدا دەبن. ← کوریشک، گرنج، گنج.
٨- ل١٦ آسمانخراش: کۆشک و تەلاری چەندین نھۆم و زۆر بەرز کە سەری گەییبێتە ھەوران، کۆشک و تەلاری سەر بە فەلەک ← ئاسمانگەز، ھەوربڕ، ئەورماڵ.
٩- ل١٨ آفتاب پرست: خۆرپەرەست ← قژ، خەمەگڕوو، قۆڕیەزەردە، لووس‌لووسک، سەرمازەڵە، تێرتێرە، کەرپەزە، بێژنگەسەر، قومقمۆک، کەشتێلەسەرە و ...
١٠- ل٥٥ استخوانبندی: ئێسکەپەیکەر ← ھێسکبەند.
١١- ل٦٤ اسکنە: ئەسکەنە، ئامرازێکە دارتاشان بۆ کۆڵین و کونکردنی دار بە کاری دێنن. ← موغار، مغار، تیغی نەججار.
١٢- ل٧٢ اطلسی: جۆرە گوڵێکی شەیپوورییە، رەنگی شین، وەنەوشەیی، سوور و سپی ھەیە و تا زستان دەوام دەکات. ← گوڵە حەریرە.
١٣- ل٩٧ انجبار: جۆرە گیایەکە لە کاری پزیشکیدا وەکوو دەرمان بەکار دەبرێ، بۆ مالیجەی مایەسیری و ئیسھال و قوڕگ یەشە و ئاوسانی زگ. ← مارەوڵە، مێوژەھەواری.
١٤- ل ١١٢ ایلجار: کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە رەعیەت بۆ ئەنجامدانی کارێک. ← ھەرەوەز، زبارە.

پێنجەم:


جەلال زەنگابادی لە پێَشەکی ئەم فەرھەنگەدا - کە ھەڵەبژێری لە ئەستۆ بووە - دەڵێ: "ئەم فەرھەنگە لە تەڤ فەرھەنگێن دیکەی فارسی-کوردی دەوڵەمەندترە چونکە تێکڕای پەیڤێن ھەر دوو فەرھەنگێن عەمید و موعین و زۆرترین ژمارەی پەیڤێن کوردی، بە گشت شێوەزار و دڤۆکەوە گرتۆتە ئامێزی خوە." بەڵام من چاوم بە زۆر وشە کەوت کە لە فەرھەنگە دەوڵەمەندەکەی موعین گەڕێین، لە ھینەکەی عەمید-یشدا ھەیە و لە گۆڤەندوزنار-دا نەھاتووە. نەک وشەگەلی ناپێویست، بەڵکوو کۆمەڵێک وشەی زۆر پێویست و رۆژانەی زمانی فارسی. رەنگە نووسەرانی ئەم فەرھەنگە ئاگایان لەوە نەبووبێت کە ئەو فەرھەنگە گەورانەی دەردەچن، دواتر فەرھەنگی بچووکیان لێ چاپ دەکرێت کە وشە گرینگەکان، یان بۆ نموونە وشەی بە کەڵکتر بۆ خوێنەرانی خوێندنگەکانی تێدایە و وەک گوڵبژێری فەرھەنگە گەورەکانە. لەو سەرچاوانەشدا کە حەمەکەریم عارف ھێناونی وشەی "بچووک" لە پەنای فەرھەنگەکانی عەمید و "نێونجی" لە بەردەم فەرھەنگەکەی موعین‌دا دەبینرێ. کە واتە ئەم فەرھەنگە (گۆڤەندوزنار) گوڵچنێکە لەم دوو فەرھەنگەی باس کرا - کە بۆخۆشیان گوڵچینن -. بەڵام چۆن گۆڵچنێک؟


وەک وترا پۆلێک وشەی زۆر پێویست لە زمانی فارسیدا ھەن کە رۆژانە لە ناو فارساندا و لە نووسراوەکانیاندا و لە تەلەفیزیۆنەکانیاندا دەبیسترێن و دەگوترێن، لە فەرھەنگەکانیشدا جێگەی ھەمیشەییان ھەیە، کەچی لە گۆڤەندوزناردا نەھاتوون. وشەکانیش ھیچ سەیر و سەمەرە نین و شەگەلێکی ئاسایین کە ماناکەیان روون و ئاشکرایە. کەچی لەولاوە پۆلێک وشەی سەیر و سەمەرە و ناپێویست کە رەنگە نەوەد لە سەدی فارسەکان لە درێژایی تەمەنیاندا دوو جاریان کەڵک لێ وەرنەگرن یان ھەر نەشیبیستن، ھێنراونەتە ناو گۆڤاروزنارەوە. لێرەدایە کە شارەزایی فەرھەنگنووس لەسەر زمانی یەکەم بە رابردوو و ئێستایەوە، بە وشە زارەکی و نووسراوەکانیەوە، خۆ دەردەخات. بەشێک لەو وشە پێویستە قرتاوانە و بەشێک لەو وشە ناپێویستە جێگرانە لێرەدا دەھێنم. (وەک کوترا تەنیا ھی پیتی ئەلفن):

- ئەو وشانەی دەبوو ھاتبان و قرتاون:


اینجا- اینجانب- آتشکدە-اشک تمساح- اشکفت- اقتدار- الواط- انگولک- اواسط- اوراق- اجناس- اجنبی- اسامی- اسانس- اسپاسم- استادیوم- استاندارد- استراحت- اسمز- اشتراک- اشتراکی- اتاق- اجارەنشین- اجاق کور- احسن و...

- ئەو وشانەی نەشھاتبان ھیچ نەدەقەوما:


آثام- آلامد- آنگولوفیل- آھازیدە- آویاتور- آوکات- ابحاپ- ابلغ- اخگوژنە- ارتکاز- اژکھان- استاسیون- استطراف- استکراە- اشانیتون- اشبال- اصابع- اضعف- اغلیسون- اکتحال- اندخسوارە- ایماق و...

دوا وتە:


لەم فەرھەنگە و لە کۆی کتێبە چاپکراوەکانی باشووری کوردستاندا ھەڵەی تایپ بە لێشاوە. بۆ نموونە لە لاپەڕەی ١ و لاپەڕەکانی ١٠ تا ٢٨ دا، کە بە گشتی نزیکەی ٣٠٠ وشە لەخۆ دەگرن، ھیچ کام لە وشەکان کڵاویان نییە (ئەو شتەی لە فارسیدا پێی دەگوترێ "ئای کڵاودار") و سەرجەم بە بێ‌کڵاو نووسراون و ھەڵەن. ئەم چەشنە ھەڵانە کەی کۆتاییان پێ دێت و کەی کەسێکی لێزان بەر لە چاپ بە بەرھەمەکاندا دەچێتەوە خوا دەزانێ.
_________________________________
وردە نیگا:
فەرھەنگی "گۆڤەند و زنار" لەم ئەدرێسە دەست دەکەوێ: www.pertwk.com

دیارە "فەرھەنگ" و "وشەدان" ھەر کام تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە و لەم وتارەدا مەبەست لە وشەی فەرھەنگ ھەموو ئەو نووسراوانەن کە وشەی ناو زمانیان بە ریزکردنی پیتەکان کۆ کردۆتەوە. ئیتر چەندیان لەسەر وشەکە کۆڵیوەتەوە جارێ گرینگ نییە تا مانای راستەقینەی "فەرھەنگ" لە لای ئێمە دەگوورێت.
شتێکی سەیر ئەوەیە - کە سووچی حەمەکەریم عارفیش نییە - کە ئەگەر لە خوا بترسێی و لە راستیش بگەڕێی دەبوو ئەم فەرھەنگە ناوی فەرھەنگی عەرەبی - کوردی بوایە! دەڵێن بۆ؟ بچن سەیری کەن پیتی (ع) لە بەرامبەر ئەو وشانە دانراوە کە وشەیەکی عەرەبین و پەڕەوازەی ناو زمانی فارسی بوون. کەم لاپەڕە ھەیە لە چەند وشەیەک پتری فارسی بێ (لە کۆی نزیکەی بیست و چەند وشەی ھەر لاپەڕەیەک). باقیەکەی پاکی وشەی عەرەبییە. کەچی وا فارسەکان شانازییەکی لە رادەبەدەر بە زمانی لەنگ و لۆڕی خۆیان دەکەن و ئێمەی کوردیش بەتایبەت رووناکبیران و نووسەران و شاعیرانی ئێستای باشووری کوردستان لەسەر ئەو خەزێنە وشەیەی کوردی‌ڕا ھەر دەمەو گوێچکەی وشەیەکی فارسی دەگرن و دەیھێننە ناو دەقەکانیانەوە و سەیرتریش ئەوەی کە خۆشی پێوە دەنوێنن. ئەگەر قسەش لە قسە بگیرێت دەڵێن کاکە ھەموو زمانێک زمانانی‌تری تێکەڵ دەبێت و کەڵکیان لێ وەردەگرێت و ناشێ وشەگەلی میوان دەرکەیت دەنا زەرەر دەکەین! بەڵێ بۆ وشەیەک کە ھێندە لەگەڵ وشەکانی خۆمان دەر و ژووری کردووە بۆتە ھاوماڵ و کەوی بووە و ھەڵواردنی حاستەمە، قسەم نییە، بەڵام خوا ھەڵناگرێ دەیان و سەدان وشەی زەق ھەن کە جێگەیان بە وشە خوێنشیرینەکانی کوردی لەق کردووە و ناحەقییان لە حەقدا کردوون. مەبەستم ئەم وشانەیە. خوا یار بێت لە وتارێکی سەربەخۆدا بە ھێنانەوەی بەڵگەی پێویست لەسەر ئەم بابەتە دەدوێم و لێرەدا چیتر بە بەریەوە نادەم. (ئەم تاوتوێکردنە لەگەڵ وشەگەلی فارسی رەنگە ئەوەندەی لە لای نووسەرانی باشوور زەق دەنوێنێت، بەو ئاستە لە لای نووسەرانی رۆژھەڵات زەق نەبێت کە بە ناچاری فارسییان بە سەردا فەڕز کراوە).

 

ماڵپەڕی کامه‌ران هه‌ڵوه‌دا‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک