په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١٢\٢٠٢٢

رێیەک بە کوردستاندا.


عامر سابیر       


لە ئوسترالیا لە ڕیکەوتی ١٠\١١\٢٠٠٩ لە یەکێک لە پەرتووکفرۆشەکانی شاری سیدنی ئەم پەرتووکەم بەو ناونیشانەی سەرەوە بەرچاوکەت و سەرنجی ڕاکێشام و کۆپییەکم لێ کڕی. پێشتر ئەوەم ئەزانی کە لەلای ڕەواندوز رێیەک هەیە کە بەسەرپەرشتی بەریتانییەکان دروستکراوە و ناوی (هامیڵتۆن)ە.


نووسەری ئەم پەرتووکە ناوی (ئارچیبۆڵد هامیڵتۆن)ە (١٨٩٨-١٩٧٢)، کە ئەندازیارێکی نیوزیلەندی بووە، کە لەگەڵ سوپای بەریتانیادا لە سینگاپور و پاشان دیوانیە لە عێراق و جا بۆ کوردستان کە لە ١٩٢٨ تا ١٩٣٢ لە کوردستان بووە، وە لە هەندێ وڵاتی تری ئەو ناوچەیە و لە وڵاتانی ئەفریقاشدا ئیشی لەگەڵ سوپای بەریتانیادا کردووە و سەرپەرشتی دروستکردنی پرۆژەکانیانی کردووە و نەخشەکێشی ڕێگا و پردە ئاسنیینەکان بووە. رێی هامیڵتۆن کە لە هەولێر و شەقڵاوە و ڕەواندوزەوە تا سەر سنووری کوردستانی ئێران ڕۆیشتووە، بە ناوی ئەم ئەندازیارەوە ناونراوە.


ئەم پەرتووکە چاپی یەکەم و دووەمی لە ١٩٣٧ و ١٩٥٨ دا لە لایەن نووسەرەوە بڵاوکراوەتەوە. وە چاپی سێیەمی لە ٢٠٠٤ دا لە لایەن (دایڤید ماکداوڵ)وە بڵاوکراوەتەوە بە پێشەکییەکەوە کە بۆی نووسیوە. لە کاتی خۆیدا بەریتانیا ڕەزامەندی شای ئیرانی وەرگرتووە بۆ دروستکردنی ئەم رێیە و گوایە مەبەست لێی بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی هۆزە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بووە. وە ئێرانیش ڕەزامەندی داوە کە درێژەی پێبدا و بەشی دیوی خۆی لەم رێیە تەواو بکات.


دروستکردنی ئەم رێیە چوارساڵی خایاندووە و بە سەدان و هەزاران کرێکار ئیشی تیادا کردووە. لە سەرەتادا بەنیازبوونە کە هێڵی شەمندەفەر لە هەولێرەوە تا سنوری ئێران دروستبکەن. پێش ئەوەی هامیڵتۆن بێت لە ١٩٢٧دا دەستیان بە هێڵی شەمەندەفەرەکە کردبوو لە هەولێر تا نزیک شەقڵاوە کاریتیادا کرابوو. پاشان پلانەکەیان گۆڕی و کردیان بە رێ. ساڵی یەکەم واتە لە ١٩٢٨ ئیشکردن لەم رێیەدا بە کەسەرەی زۆر سەرەتایی بووە، تا لە ١٩٢٩دا ئامێری قورسیان بۆ هاتووە. لەسەرەتادا کرێکارانی هیندی و عەرەبیان هێناوە، کە شارەزاتربوونە لە ئیشەکەدا. لە سەرەتادا ئیشیان زۆر کەم دابوو بە کرێکارانی کورد و گووندنشینەکانی ئەو ناوچەیە، گوایە لەبەر ئەوەی شارەزانین و ڕەنگە ئامێرەکان بشکێنن و هەر ئامێرێک ئەگەر شکا ئەوا ئەبێت بیبەنەوە بۆ بەغدا کە بنکەی سەرەکی چاککردنەوەی لێیە. بە زۆری کرێکارانی کورد، سەختترین ئیشەکانیان کردووە، کە بەکارهێنانی تەقەمەنی و تەقاندنەوەی شاخ و بەردەکانی سەر ڕێ بووە. هامیڵتۆن باسی هەندێ کرێکار ئەکات کە دەست و چاوی بە هۆی تەقینەوەوە لەدەست داوە، وە باسی ئەوە ئەکات کە خۆی چووە بۆ هەولێر موچەی کرێکارەکانی هێناوە.

ئەم پەرتووکە چەندین وێنەی ئەو سەردەمەی تیادایە، شاری هەولێر لە ئاسمان و لە زەوێوە کە لەچاو ئێستادا زۆر بچوک دیارە. هامیڵتۆن گەر چی ئەندازیار بووە، بەڵام وەک دبلۆماتێکیش هەڵسوڕاوە لە نێو هۆزەکانی ئەو ناوچەیەدا کە ناکۆک بوونە و زۆرجار شەڕ و تەقەیان لە نێواندابووە. هامیڵتۆن توانییویەتی کە هەموویان ڕازیبکات بۆ بە سەرئەنجام گەیاندنی پرۆژەکەی.

 

 

بەداخەوە تا ئێستا هیچ مێژوونووسێکی کورد لێکۆڵینەوەی نەکردووە لەسەر بارودۆخی ئەو کرێکارانەی کە چوار ساڵ لەو پرۆژەیە دا ئیشیان کردووە. کە پرۆژەکە گەورەترینی سەردەمی خۆی بووە لەو ڕۆژگارەدا لە کوردستاندا. مێژوونووس دکتۆر کەمال مەزهەر نامیلکەیەکی هەیە لەسەر مێژووی چینی کرێکاری کوردستان، بەداخەوە ئەویش لەوێدا باسی ئەم مێژووەی کرێکارانی لە رێی هامیڵتۆن نەکردووە.


٢٨\١١\٢٠٢٢

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک