په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١٢

یاداشتێک لە گرووپی ٤٠٠ی تایبەت بە نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی:

 

رێز لە بەڵێنەکانتان بگرن!!!

 


گرووپی ٤٠٠ کە پێکھاتووە لە ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکەوانی مەدەنی و پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ەوە داوای ھەرچی زووتری تەواوکردنی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی کرد. فشارەکانی گرووپەکەمان توانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارەتی تەندروستی و پەرلەمان و پارێزگای سلێمانی لە گەورەیی ئەو گەندەڵی و ناکارامەیی و پشتگوێخستنەی لە پرۆژەکەدا کراوە ئاگاداربکاتەوە. گرووپەکە سەرکەوتووبوو لە کۆکردنەوەی ھەزاران ئیمزا و کۆبوونەوە لە گەڵ ئۆڤیسی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر نەخۆشخانەکە بۆ داواکاری گشتی سلێمانی.


لەژێر فشارەکانی گرووپەکە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە چیتر ئەو بەرپرس نیە لە کارەکانی پرۆژەکە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەرکی تەواوکردنی دەگرێتە ئەستۆ. ھەروەھا جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بەڵێنی دا کە پێش کۆتایی ئەمساڵ نەخۆشخانەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.


لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی لە زاری وەزیری تەندروستیەوە لێدوان لەسەر نەخۆشخانەکە دەدەن و دەڵێن بۆ مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو کۆتایی پێدێت. ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ پێمان وایە کە ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەخەینە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان:


١. ئایا جارێکی تر کارەکانی پرۆژەکە سپێردراوە بە وەزارەتی تەندروستی و لە وەزارەتی ئاوادانکردنەوە سەندراوەتەوە. یاخود ئەوەی کە لە سەرەتادا بە ڕای گشتی ڕاگەیاندرا ھەڵە بوو؟
٢. ئایا بۆچی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی لە کابینەی حەوتەمدا لە بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەوە لە تەواوکردنی نەخۆشخانەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ؟ ئایا ھۆکارەکان چین لە دووبارە دواکەوتنەوەی تەواوکردنی پرۆژەکە؟
٣. ئایا وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چییان کردووە بۆ دەستنیشانکردن و سزادانی ئەوانەی کە کەمترخەمییان کردووە لە پرۆژەکەدا؟


ئێمە لە گرووپی ٤٠٠ پێمان وایە کە شکستی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانیانەوە بۆ خۆی نەنگییەکی گەورەیە. پێمان وایە ئەم دواکەوتنە تازەیەش دەیان نیشانەی پرسیار لەسەر خەمخۆری وەزارەتی تەندروستی بۆ ھاوڵاتیانی شاری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دادەنێت بە تایبەتی لە کاتێکدا کە شارەکە بەم دواییانە توشی پەتایەکی کوشندەی وەکو کۆلێرا بوو کە پیویستە خزمەتە تەندروستیەکان پەرەپێبرێن نەک دیسان پشتگوێبخرێنەوە.


بۆیە، داوا لە ھەموو خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکەین کە تا رۆژی ٣١/١٢/٢٠١٢ لە ڕێگای ئەو ژمارە تەلەفونەی کە وەزارەتی تەندروستی دابینیکردووە ٠٧٧٠٤٤٤٨١٠٠ بە نامە وەزارەتی تەندروستی لە کارەساتی دواکەوتنی نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕوێڵەیەکە ئاگادارکەنەوە. لەڕێی ئیمزاکردنی ئەم یاداشتەوە، ڕەزامەندی خۆت لە ناردنی ئەو نامەیە پیشانبدە. ھیوادارین تا رۆژی دیاریکراو، ژمارەی نامەکان بگاتە ٤٠٠ وەکو سیمبولێک بۆ ژمارەی قەڕوێڵەکانی نەخۆشخانەکە.


لێرەوە، وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر ئاگاداردەکەینەوە کە گرووپی ٤٠٠ بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی تا ئەو کاتەی نەخۆشخانەکە تەواو دەکرێت و ھەموو گەندەڵکاران بە سزای خۆیان دەگەن.

 


گرووپی ٤٠٠
١٥\
١١\٢٠١٢ - سلێمانی
dana_jameel@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک