٢٤\٤\٢٠١٢
رفێنراو.

ئەلبێرتۆ مۆرافیا لە فارسییهوە: ئازاد نەجم
لە ناکاو لە
خەو ڕادەپەڕم، واهەست دەکەم ئەو تاریکیەی دەوروبەرم لەلام نامۆ
و نائاشنایە و جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەو تاریکیەی ڕۆژانی تر کە دوای
لەخەو هەستان لەگەڵیدا بەرەوڕو دەبومەوە. نازانم جیاوازیەکە لەچیدایە؟
بەڵام دڵنیام کەجیاوازیی هەیە.
یەکسەر دڵم دەکەوێتە کوتە کوت ، لەخۆم دەپرسم: ( بۆچی هاتومەتە ئێرە؟).
بۆ وەدەستهێنانی وەڵامی ئەم پرسیارانە ، دەست بە جێخەوەکەمدا دێنم و
خێرا دەستم دەکێشمە دواوە ، دەستم بەر گنج و لۆچی بیجامە و ماسولکە و
ستونی بڕبڕەی چەماوەی پشتی کەسێک دەکەوێت. گومانم نیە کە یەکێک
لەتەنیشتمەوە خەوتوە. بەڵام نازانم کێیە.
وردە وردە خەریکم دەگەمە ئەو باوەڕەی کە منیان بەهۆیەکی نادیار و
بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و بەزۆر هێناوەتە ئێرە. یان بەواتایەکی تر
ڕفاندویانم.
بیرکردنەوە لەوەی کە لەوانەیە ئەمشەوم بەهەرجۆرێک بوبێ لەگەڵ ئەم
پیاوەدا بەسەربردبێ ، گومانی خراپتر بەمێشکمدا دێنی: ( بەڵێ ، کاتێ بە
شەقامە چۆڵەکەدا تێدەپەڕیم ، دو سێ کەس بەزۆر گرتمیان و سواری
ئۆتۆمبیلیان کردم و دەست و قاچ و دەمیان بەستم و شەوێ هێنامیانە ئەم
خانوەوە. حەبی خەویان دامێ و دواتر جل و بەرگەکانیان لەبەر داڕنیم و
خستمیانە سەر چارپاکە و دەسدرێژیان کردە سەرم).
بەم شێوەیە بەمێشکمدا هات ئەوەی بەسەرم هاتوە جارێکی تر بیهێنمەوە بیری
خۆم. لەڕاستیشدا شتێکی زۆر ئاساییە کە ژنێکی گەنج و جوان بەم شێوەیە
پەلامار بدرێ. تەنانەت ئەگەر لەمەش بەدەر بێت جێگای سەرسوڕمانە.
بەڵام ئێستا ، کاتی ئەم قسە فەلسەفیانە نیە. بەڵکو دەبێ هەرچۆنێک بوە
خۆم لێرە دەربازکەم و هەڵێم ، بەر لەهەڵاتنیش ، ماڵەکە بەوردی دەسنیشان
بکەم و دواتر یەکسەر هەواڵیان لێبدەم.
منیان بەزۆر لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی خۆم و خۆشەویستانم و ئەو کارانەی
کە حەزیان پێدەکەم ، دابڕی. دەبێ باجی ئەم تاوان و خراپەکاریانەی خۆیان
بدەنەوە. سوپاس بۆ خودا کە یاسا و پۆلیس و کەڵانتەری هەن.
دەسدرێژی کردنە سەر خەڵکی - ئەویش بەشێوەیەکی ئاوا دڕندانە و نامرۆڤانە
- نابێ بێ سزا تێپەڕێ. بەڵکو دەبێ سزایەکی هێندە توند بدرێن ببنەپەند
بۆ کەسانی تر.
ئەم بیرۆکەیە ، لەنێو مێشکمدا خول دەخوا. ئێستا هێواش هێواش قاچی چەپم
لەژێر لێفەکە دێنمە دەرێ و هەوڵ دەدەم بەوپەڕی وریاییەوە ئەم کارە بکەم
، نەکا قاچم بەو پیاوە بکەوێ کە لەتەنیشتمەوە ڕاکشاوە. بەرکەوتنی قاچم
بە مافوری خوار چارپاکە ، چەشنی ئەو تاریکیەی کە ببوە هۆکاری نەبینین ،
لەلام نائاشنایە.
دواتر قاچی ڕاستم دەخەمە سەر زەویەکە. بۆ ساتێک لەسەر لێواری چارپاکە
دەمێنمەوە ، دواتر بە یەک جوڵە ڕاست دەبمەوە ، هەست دەکەم لەکراسێک
زیاتر ، هیچی ترم لەبەردا نیە. بەڵام ئەمە کراسی من نیە. تەنانەت زۆر
نامۆشە لەلام. ئەوەندە نامۆ و نائاشنایە کە کاتێ دەمەوێ بەڕقەوە
دایکەنم لەبەرمدا ، هەڵدەجڕێ. پاشان روت و قوت ، بەکوێرە کوێر دەمەوێ
دەرگاکە بدۆزمەوە.
دەرگاکە دەکەمەوە ، لەژورەکە دێمە دەرێ ، ئێستا لە نێو هاڵێکی تەواو
ئاساییدام ، بەڵام نامۆیە لام. چوار دەرگای هەیە ، دەرگای چونەدەرەوە
لەکۆتاییەکەیدایە. چەند تابلۆیەکی بچوک بەدیوارەکەوەن ، جێگایەکی ڕەنگ
برنجی هەڵواسینی چەتر و چوار دانە چرای کز - کە بەشێوەیەکی نیگەرانی
هێنەر ، هەستی دڵنیابونی (ئاشنایی) و (نائاشنایی) لەلای مرۆڤ بەهێزتر
دەکات – بەدیوارەکەوە هەڵواسراون.
بەڵام ئایا دەکرێ جگە لەمە شتێکی تر هەبێ؟! کاتێ تاوانبارەکان بۆ
جێبەجێ کردنی مەرامە چەپەڵەکانیان ئاپارتمانێک بەکرێ دەگرن ، خۆ ناچن
بەشێوەیەکی جوان بیڕازێننەوە! چونکە لە ڕاستیدا ئەوان نیازی ئەوەیان
نیە تێیدا بژین. نایانەوێ بناغەی خێزانێکی دروستی تێدا بنیات بنێن.
تەنیا مەبەستیانە بەمێشکێکی ئاسودەوە تاوانەکانیانی تێدا ئەنجام بدەن.
لەبەر ئەوە جوانی و ڕازاوەیی ماڵ ، هیچ بایەخێکی نیە لەلایان. تەنیا
هێندە بەسە بگەنە یەکەمین فرۆشگای سەر ڕێگایان تا هەندێک کەلوپەلی
ئاسایی بکڕن و تەواو!.
بەدرێژایی مێژو ، کردەوەی دەسدرێژی کردنە سەر خەڵکی ، هەمیشە بێ پەردە
و بێ شەرمانە بوە. تەنانەت لەژیانی نێو ئەشکەوتەکانی سەردەمی کۆنەوە
بگرە تا ئەم ئاپارتمانە کاتی و نامۆیەی کە ئێستا منی تێدام.
هێشتا کات زوە ، سەروەختی بەرەبەیانە. ئەو ساڵۆنە بچوکەی کە ئێستا
خەریکم وردە وردە دەچمە نێوی ، ڕوناکیەکەی چەشنی سەروەختی بومەلێڵە.
لەنێو دەرگاکەدا ڕادەوەستم و سەیر دەکەم ، قەنەفەیەک ، دو دانە مۆبێڵ ،
مێزێک ، چوار کورسی و سندوقێکی هەڵگرتنی کەل و پەل دەکەوێتە بەرچاوم.
هەمو شتەکان لەبەرچاومدا نامۆن و لەهەمان کاتیشدا ئاشنان. هەست دەکەم
کەپێشتر ئەمانەم دیتون و لەگەڵیاندا ژیاوم. حەتمەن هۆکاری ئەمەش ،
ئەوەیە کە: نەشیاوترین و تاوانکارانەترین قۆناغی ڕفاندنەکەم لەم ژورەدا
بوە.
چەند دانە پیاڵەیەک و بتڵێک شەراب و چەند دانە فنجانێک و تەپڵەکێکی پڕ
لەقونچکەجگەرە ، لەژورەکەدا هەن و پاکەتە جگەرەیەکی بەتاڵیش لەسەر زەوی
ژورەکە فڕێ دراوە.
هەمو ئەمانە لەلام ئاشنان ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا گومانم هەیە کە
پێشتر کەش و هەوای ژورێکی لەو شێوەیەم بەرچاو کەوتبێ! دەچمە بەردەم
پەنجەرەکە ، زگ و سینگم بە شوشەکەوە دەنوسێنم و دەڕوانمە دەرێ. دەتوانم
سوێند بخۆم کەهاوشێوەی ئەم ئاپارتمانە ، لە سەد شوێن ، تەنانەت لەهەزار
شوێنی تریش هەیە. تێکچڕژانی ئۆتۆمبیلەکانم لێ دیارە و دەبینم یەک
بەدوای یەکدا ڕیزیان بەستوە. دواتر لەولای شەقامەکەوە شۆستەیەکم بەرچاو
دەکەوێ. فرۆشگاکانی باڵەخانەکەی بەرامبەرم ، هێشتا داخراون. ڤیترینەکەی
بەردەمیان کوژاوەتەوە.
گۆشت فرۆش ، بۆن فرۆش ، فرۆشگای جل و بەرگ ، باشە! ئەمەش باڵکۆنەکان!
بەڵام ئاسمانم لێوە دیار نیە! پێدەچێ لە نهۆمی دوەم بم! گڵۆپەکانی
شەقامەکە لە کەش و هەوای بومەلێڵی بەربەیاندا هێشتا داگیرساون. قیرەکەی
ناوەڕاستی شەقامەکەش تێکچوە و چاڵێکی گەورەی تێدا دروست بوە.
لەسەرمان هەڵدەلەرزم ، لەپەنجەرەکە دوردەکەومەوە ، بێ مەبەست دەچمە سەر
قەنەفەکە و قونج دەدەمەوە ، ئەژنۆکانم بەسینگمەوە دەنوسێنم ، چەناگەم
لەسەر ئەژنۆکانم دادەنێم ، ئێستا خەریکە بۆم ڕون دەبێتەوە کەناتوانم
بڕۆم و ڕفێنەرەکانم بەگرت بدەم. چونکە ئەمانە بەڕفاندنی من و هێنانم بۆ
ئەم ماڵە نامۆیە و دورخستنەوەم لە هەمو ئەو شتانەی کە ژیانی منیان پێک
دەهێنا ، بەشێوەیەک بێئیرادەیان کردوم کە خۆم ون کردوە و نازانم کێم؟
هیچ نازانم؟ دەمەوێ خۆم بم ، هەروەک چۆن دەشێ کەسێکی تر بم. ئێستا ڕونە
کە ئەگەر هێشتا خۆم بم ، دیارە دەبێ وێڵ و سەرگەردان بم.
بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر بەهەمان شێوە کە خەریکم تێدەگەم کە کەسێکی تر
بم ، بەچی دیارە کە ئەو هەل و مەرجەی کە ئێستا تێیدام ، هەل و مەرجێکی
ئاسایی ژیانم نەبێ؟
بەچی دیارە کە ڕفێنەرەکانم کەسێکی تریان دروست نەکردبێ کە بۆ پیلان و
مەبەستەکەیان گونجاوتر بێت؟ بەڵام مەبەستیان چیە؟
تادێ زیاتر خۆم لەسەر قەنەفەکە بچوکتر دەکەمەوە. بەچاوانێکی زەق و
حەپەساوەوە دەڕوانمە سەر ئەو مێزەی کەپیاڵە و فنجان و تەپڵەکەکەی
لەسەرە ، لەناکاو دێتەوە بیرم کە دەبێ هەرچی زوە لەسەر قەنەفەکە هەستم
و بچمە چێشتخانەکە و سینیەک بهێنم و پیاڵە و فنجان و تەپڵەکەکەی تێکەم
و بینبەم بیانشۆم. دواتریش بچم دەرگای بەفرگرەکە بکەمەوە و هەندێک شیر
بخەمە نێو قابلەمەیەک و بیخەمە سەر تەباخەکە. هەروەها قاوەجۆشەکە پڕ
ئاو بکەم و بیخەمە سەر ئاگرەکە تا دەکوڵێ هتد ...
ئێستا چۆن دەکرێ ئەم گیانی کابانێتیە لەگەڵ دەسدرێژی تاوانکارانەی
دوێنێ شەوێدا بسازێنی؟
باشە خۆ ڕونە ئەو ڕفێنەرانە مەبەستیانە بەشێوەیەک لە شێوەکان بمگۆڕن بۆ
شتێک کە سودی بۆ خۆیان هەبێ ، نەک تەنیا سودێکی سێکسی.
من بۆ خۆم لەماڵ و حاڵی خۆمدا کەسێک بومە! خاوەنی ناو و کەسێتی خۆم!
خاوەنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و کاروباری خۆم. بەڵام لێرە ئیدی هیچ
شتێک نیم. یان باشترە بڵێم ئەوەم کە ئێستا هەم. بەڵام چیم؟ ئەها شتێک
بەمێشکمدا هات: بۆ پەی بردن بەمە ، دەبێ سەرەتا بزانم ئاخۆ لەڕوانگەی
ڕفێنەرەکانمەوە چیم؟
بۆ گەیشتن بەم وەڵامە دەبێ چ کارێکیان بوێت بۆیان بکەم. دەبێ وردە وردە
لەڕێگای ئەو کارانەوە کە لەمنیان دەوێ ، تێبگەم کە من کێم.
لەناکاو دەنگێکی پیاوانەی گڕ و توڕە ، لە ژورەوە بانگی ژنێک دەکات. بە
(لویزا) بانگی دەکات. ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەو خانوەدا تەنیا من ئەو
پیاوەی تێداین. واتا تەنیا من و ئەوپیاوەی کە لەتەنیشتیەوە خەوتبوم.
لەمەوە دەکرا مرۆڤ بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەو پیاوە بانگی من دەکات.
کەواتە من (لویزا) م.
بەر لەهەمو شتێک گەیشتمە ئەو ئاکامەی کە لای رفێنەرەکانم ، ناوم (لویزا)
یە. دیاربو دەیویست لەم (لویزا) یە بپرسێ کە کاتژمێر چەندە و بار و دۆخ
لەچیدایە؟ پەردەی پەنجەرەکە لادات و بڵێت کە ڕۆژێکی خۆشە یان نا؟ دواتر
بچێتە چێشتخانەکە و نانی بەیانی ئامادە بکات. دروست هەروەک چۆن
پێشبینیم کردبو ، شتەکان بەو شێوەیە بون. بەم شێوەیە هێدی هێدی ، بون و
ناسنامەی تازەم دەق دەگرێ. بون و ناسنامەی پێشوی خۆمم لێ ون بوە و
پێناچێ هەرگیز بیدۆزمەوە.
______________________________________________
سەرچاوە:
یک زندگی دیگر / البرتو موراویا
/ ترجمە هالە نازمی / انتشارات هرمس ١٣٨١
nagmkaya@yahoo.com
|