په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٦

رژێمی ئێران لە ناوخۆی وڵات.. بەھێز یا بێ هێز، کامیان؟

عەبدولڕەحمان مەولود 

 

دوابەدوای رێککەوتننامەی ئەتۆم لەگەڵ رۆژئاوا، کاربەدەستانی حکومەتی ئێران بەنیازن وا نیشان بدەن کە گوایا بارودۆخی ناو ئێران سەقامگیرە و بەرەو کرانەوە بەڕووی سەرمایەگوزاریی دەرەکی ھەنگاو دەنێت. بەڵام ئایا ئەوە راستە؟!


لە حاڵی حازردا و لە لووتکەی دەسەڵات، ململانەی باڵەکان پەرەی سەندووە و بە نزیکبوونەوەی کاتی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی دادێ بەڕێوە بچێت، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت. بەڵام ئەم ململانەیە بەر لە ھەر شتێک لە ناو بازنەیەکی داخراو روو دەدات لە نێوان باڵەکانی حکومەت کە ھەر کامە ھەوڵی خۆی دەدات بۆ دەربازکردنی حکومەت لە مەترسیی رووخان.


بە پێچەوانەی ھەندێک را و بۆچوون کە پێوەندیدارن بە لۆبی حکومەتی ئێرانەوە، رێککەوتننامەی ئەتۆم نەک تەنھا دەرچوونی حکومەت لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی لێ نەکەوتەوە بەڵکو ئەم حکومەتەی خستە ناو بازنەیەکی نوێی شەڕ و ململانەی ناو دەسەڵات کە زیاتر لە جاران ناسەقامگیربوونی حکومەتی خستەڕوو.


دوو ھەفتە پێش ئێستا سێ لە وەزیرەکانی کابینەی حەسەن روحانی وازیان لە پۆستەکانیان ھێنا کە سەرنج ڕاکێش ترینیان وەزیری ئیرشاد، واتا (عەلی جەننەتی) بوو. لەم دواییانەدا ناوبراو کەوتە بەر شاڵاوی ئیمام جومعەی شاری مەشھەد لەھەمبەر سازدانی کۆنسێرتێک لەو شارە. دەرەنجام رێگری کرا و بەڕێوە نەچوو. روحانی کە ئەم پاشەکشەکردنەی وەزیری ناوبراوی پێ قبووڵ نەکرا بڕیاری دا ناوبراو لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە و بۆ ئەوەی وەک خاڵی لاوازی کابینەکەی وێنا نەکرێت دوو لە وەزیرەکانیتریشی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و ئەمکارەی وەک (ساغ کردنەوەی حکومەت) ناودێر کرد!و کردی بە خۆراکی راگەیاندن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو.


روحانی کە ھەر لە سەرەتاوە وای نیشان دەدا کە بەنیازە سیاسەتێکی جیاواز رەچاو بکات لە بواری رۆشنبیری دا و راگەیاندنێکی بەرفراوانیش لە دەرەوەی ئێران لە ئاڕادا بوو کە گوایا بە ھاتنە سەر کاری روحانی، کەش و ھەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی کراوە دەبێت، بەڵام دوای چەند رۆژ بە ناچاری پاشەکشەی کرد و جارێکیتر ئەم راستیە دەرکەوت کە حکومەت پوتانسیەل و توانای ئەمکارەی نیە و بەرگەی کرانەوە ناگرێت. بە تایبەت گرینگی ئەم خاڵە لەوەدایە کە روحانی و جەننەتی و وەزیرەکانیتری کابینەی روحانی بە پێی ھەموو ستاندارد و پێوەرێک بە میانڕۆ و مۆدێرە دانانرێن. بەڵام بارودۆخی دەسەڵات ئەوەندە شپرزەیە کە تەنانەت کەسێکی وەک (جەننەتی)یشی پێ قبووڵ ناکریت کە بە پابەندبوون بە سیستەمی رەھای ویلایەتی فەقیھیەوە دەیەوێت کار بکات.


نموونەیەکیتری ئەم سیاسەتە لە رۆژانی رابردوو، بڕیارگەلێکی "دە ساڵان"ە کە بۆ ھەندێک لەو ئێرانییانە دەرکراوە کە ھەڵگری ناسنامەی دوو وڵاتن. لەوانە پێنج ئێرانی و لوبنانییەک. لوبنانییەکە نیشتەجێی ھەمیشەیی ئەمریکایە و بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکا بڕیاری ١٠ ساڵ زیندانی بۆ براوەتەوە (ئاژانسی فارس ٢٦ی رەزبەر _١٧ی ئۆکتۆبەر). ماوەیەک لەمەوبەریش ئافرەتێکی ئێرانی کە ھەڵگری ناسنامەی بریتانیاییشە بڕیاری پێنج ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە. ھیچ کام لەو کەسانە نەیاری حکومەت نەبوون. تەنانەت ھەندێکیان و لەوانە باقر نمازی و سیامەک نمازی سپۆنسەری ماڵیی دەزگاکانی لۆبی حکومەت (وەک تریتاپارسی و نایاک) بوون لە ئەمریکا.


روژنامەی (جەوان) کە سەر بە حکومەتە دەربارەی بنەماڵەی نمازی نووسیویەتی: خانەوادەی نمازییەکان لە ماوەی دوو دەیە چالاکی لە نێوان تاران_واشینتۆن دا بواری رەخساندووە بۆ ھەندێک کۆمپانی داغ لە دڵی روژئاوایی بۆ ئەوەی دزە بکەنە ناو ژێرخانی پیشەیی وڵات. یەکێکیتریان (کامەران قادری)ـیە کە ناسنامەی نەمسایشی ھەیە کە بە وتەی ھاوسەرەکەی ناوبراو کەسێکی سیاسی نیە و بازرگانە. یەکێکیتریان کەسێکی لوبنانی_ئەمریکییە کە لە لایەن باڵەکانی حکومەتیەوە بانگھێشت کرابوو بۆ بەشداریکردن لە سمینارێکدا.


ئەو رووداوانە ئەم راستییە دووپات دەکەنەوە کە رژێم دەستەویەخەی قەیرانگەلێکی سەخت بووەتەوە و درووشمی کارتۆنی و ھات و ھاواری راگەیاندن و پڕوپاگەندا برینەکانی ئەم رژێمە سارێژ ناکات و سەرمایەگوزاری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا سوودی نەبووە و نیە و رژێم ئەوەی لەم سەرمایەگوزارییانەدا دەستی دەکەوێت تەرخانی دەکات بۆ سەرکوتکردن و داپڵۆسینی خەڵک لە ناوخۆی وڵات و ھەروەھا ھەناردەکردنی تیرۆر و کوشتار بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران.


لە ناوخۆی وڵات دۆخەکە لەوەش شپرزەترە. لەم لاوە شەپۆلی لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە و لەو لاشەوە جەماوەری ناڕازی، زۆرێک خوپیشاندان دەکەن و بارودۆخی کۆمەڵ بەرەو تەقینەوە دەچێت.


بۆ خاتوو (نێرگز محەمەدی) ١٦ ساڵ زیندانی بڕاوەتەوە و بۆ سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی ئێران (عەبدی)یش ٦ ساڵ. ھەروەھا رێگری کراوە لە یادکردنەوەی رۆژی لە سێدارەدانی (رێحانە جەباری) و تەنانەت دایکی شەھید (شوعلە پاکرەوان)یش دەستگیر کرا و بۆ ماوەیەک زیندانی کراوە.


بەڵام ھاوکات ناڕەزایەتی دەربڕین لە ناو ئێران پەرەی سەندووە و بەرەو سیاسی بوونی زێدەتر دەچێت. لە رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر لە ناو زیندانی (گەوھەردەشت)ی کەرەج درووشمی (مەرگ بۆ خامنەیی) بەرز کرایەوە. رۆژێک پێشتریش لە شاری (مەشھەد) لە تێکھەڵچوونێکدا لە نێوان لاوانی ئەو شارە و ھێزەکانی ئاسایشدا، لاوان درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆریان دووپات کردەوە. (١٠) بەر لەو رۆژەش لاوانی ئەو شارە مەلایەکی سەر بە حکومەتیان دایە بەر پەلامار و ...


دوا وتە.


ئەزمونی ٣٧ ساڵی رابردوو بە باشی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ھەڵەیەکی زۆر گەورەیە گەر دڵخوشی ھەبێت بە دۆزینەوەی مۆدێرە و ئیسڵاح تەڵەب لە ناو حکومەت و ئۆمێدی ئەوە بکرێت سەرمایەگوزاری لە ئێرانی ژێر دەسەڵات سوودی دەبێت بۆ خەڵک. چون ئەم دەستەواژانە بە تەواوی ناتەبا و نەگونجاون لەگەڵ پێناسەی سیستەمی ولایەتی فەقیھی لە ئێران.


ئەوەی گرینگە جێی سەرنجی وڵاتانی زلھێز بێت ئەو راستیەیە کە رژێم ھەنگاوی ناوەتە دواقۆناغی خۆی بەرەو کۆتایی و لە سەرجەم بوارەکاندا روو لە داڕمان و رووخانە. لە ناو ئێران کەش و ھەوای کۆمەڵگا روو لە تەقینەوەیە. زۆرێک دۆسێیەی تاوانەکانی حکومەت لەھەمبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەت دوسێیەی قەتڵوعامکردنی (٣٠) ھەزار زیندانیی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨ ئەکتیڤ کراوە بۆ راکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگای نێودەوڵەتی کە بەداخەوە تا ئێستا دەوڵەتانی زلھێزی جیھان بە ھۆی بەرژەوەندیی ئابووری پشت گوێیان خستبوو.


لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم دوا قۆناغەی حکومەت ئەوەیە کە ھەر ناڕەزایەتی دەربڕینێکی سینفی و غەیرەسیاسی زور بە خێرایی ئاوێتەی پرسی سیاسی دەبێت و خواست و داواکاریی سەرەکیی خەڵک بەرجەستە دەکات کە بریتیە لە گۆڕینی ئەم رژێمە.

 

 

abdorrahman.m@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک