١٢\٢\٢٠١٢
رژێمی ئیسلامیی
ئێران،
لە نێو زەریای
ئاڵۆزیی و قەیرانی سیاسی و ئابووریدا،
پێینایە ٣٣یەمین
ساڵی دامەزرانیەوە!

سیروان کاوسی
لەساڵانی کۆتایی سەدەی بیست، سەدەی زانست و تەکنۆلۆژیا، سەدەی
پێشکەوتنی دێمۆکراسی و بیری ئازادیخوازیی، راپەڕینێکی سەرتاسەریی
لەئێران هەڵگیرسا و، بووە هۆی رووخانی رژێمی حەمەڕەزاشای دیکتاتۆر و،
لەجێی رژێمێکی کۆماریی بەبیری بنچینەگرانەی ئیسلامییەوە دامەزرا.
دوای سەرکەوتنی شۆرشی ئیسلامیی بەسەرۆکایەتیی ئایەتۆڵڵا خومەینیی
لەساڵی ١٩٧٩ی زاینیی، یاسا و نەرێتی کۆنی هەزاران سالە و درۆشمی ئاینی
و شۆرشگێڕانە بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا سەپێندرا و هەموو داخوازییەکانی
سیاسی و نەتەوەیی و ئابووری و چینایەتیی گەلانی ئێران پشتگوێخران.
گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان، کەسالانیکی دوورودرێژ لەهەموو
مافەکانی نەتەوەیی و فەرهەنگیی بێبەشکرابوو، دوای رووخانی یەکجاریی
رژێمی دیکتاتۆر و رەگەزپەرستی حەمەڕەزاشا، بەگەشبینییەوە دەیڕوانییە
داهاتووی خۆی، بەڵام ئەوە بوو ئایەتۆڵڵا خومەینیی لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی
دەسەڵات بەپێچەوانەی هەموو وادە و بەڵێنەکانی پێشووی، دەستیکرد
بەپیلانگێڕان و، هێشتا چەند هەفتەیەک لەدامەزرانی حکوومەتەکەی
تێنەپەڕێبوو، کە لە هەردوو پارێزگەی ورمێ و سنە شەڕێکی خوێناوی و
ناڕەوای بەسەر گەلی کورددا سەپاند. پاشان بەبیانووی شەڕ لە پاوە و
هەورامان، فەرمانی جیهادی لەدژی نەتەوەی بندەستی کورد دەرکرد و،
دەیانهەزار لەپاسدارانی ئیسلامی و سەربازانی ئیمامی زەمانی رژاندە
کوردستانەوە بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک لە
کوردستان بنبڕبکات.
لەوساتەوە تاکو ئەوڕۆ، دەیانهەزار رۆڵەی کورد بەهۆی سیاسەتی شەڕخوازانە
و داگیرکەرانەی ئەم رژێمەوە شەهیدکراون. سەدان ملیارد دۆلار سامانی
سەرزەوی و ئاسەوار و کانزای کوردستان بەتاڵان براوە. بووجە و داهاتی
کوردستان تەرخانکراوە بۆ سازکردنی لەشکرگە و پێگەی چەکداریی و
بەخێوکردنی هێزی چەکدار و جاش و سیخوڕ و سازکردنی جبەخانە لەکوردستان
و، خستنەڕێی شەپۆلی لەسەریەکی گرتن و دەستدرێژی و شکەنجە و
لەسێدارەدانی لاوان و تێکۆشەرانی کورد و ئێرانی.
رژێمی ئیسلامیی ئێران، جگە لەوەی بەرامبەر گەلانی ئێران سیاسەتی گرتن و
شکەنجە و سێدارە و تۆقاندنی پیشەکردووە، بەڵکو لەئاستی ناوچەی
رۆژهەڵاتی ناڤین و هەموو جیهان، هاندەر و پشتیوانێک بووە بۆ پەرەپێدانی
ئاژاوە و پشێوی و تێرور و پشتیوانیکردن لە رژێم و رێکخراوەکانی
تێرۆریستیی لەناوچەکە. لەبەر ئەوە، ئەوڕۆکە نەک هەر لەئالیی نێوخۆی
ئێرانەوە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەریی بووەتەوە، بەڵکو
لەلایەن دنیای ئازاد و دێمۆکراتیشەوە، بە کۆست و لەمپەرێکی گەورە بۆ
سەر ئاسایشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان دەژمێردرێت.
وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی و رۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتیی پێیناوەتە
قۆناخێکی هەستیار و چارەنووسسازەوە، راپەڕینی گەلانی عەرەب، لەماوەی
ساڵێکدا چەندین رژێمی دیکتاتۆر و سەرەڕۆی لەنێوبرد و، هەموو نیشانە و
ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن، لەدوای ڕووخانی رژێمی رەگەزپەرست و داگیرکەری
سووریا، سەرە دێتە سەر ئێران.
لێرەدا ئەوی جێی سەرسووڕمانە، ئەوەیە لەبارودۆخێکی هەستیاری وەک
ئەمڕۆدا، هێشتا حیزب وپارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەبیری
پاوانخوازی و حیزبحیزبێنە و بەرژەوەندیی حیزبییەوە سەیری رەوتی
رووداوەکان دەکەن و، بەتەمان دوای رووخانی رژێمی ئێران، هەریەکەیان
بگەڕێتەوە، گەڕەک و کۆڵانێک داگیربکەن و، وەک رابردوو بەبیری
کوێخایانەوە لەگەڵ یەکدیی هەڵسوکەوت بکەن و، ناکۆکی و ئاژاوەی ٣٠ ساڵ
ئەزموونی دوورەوڵاتیی، بەدیاریی بەرنەوە بۆ رۆژهەڵات!! هێشتا ئامادەنین
لەسەر بچووکترین و سەرەتاییترین بەرنامەیەک رێبکەون کە لەخزمەتی
بەرژەوەندی و ئامانجی نەتەوەکەیاندا بێت. لەبەر ئەوە ئەم ئەرکە مێژووی
و نەتەوەییە بەرەوڕووی نیشتمانپەروەرانی گەلەکەمان دەبێتەوە کە پەلە
بکەن لەسازکردنی ناوەندێکی کوردستانی و، هەموو کەسایەتی و رێکخراوەی
نەتەوەیی کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە لەدەوری ئەم ناوەندە
کۆبکرێنەوە، پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی دابڕێژرێ، میدیایەکی نەتەوەیی
دابمەزرێندرێ و، بخرێتە خزمەتی پەرەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی
لەسەرتاسەری کوردستان. ئەمەش تاکەڕێگەیەکە بتوانێت بەشێوەیەکی بابەتانە
و زانستانە خزمەتی ئامانجەڕەوا ولەمێژینەکانی گەلەکەمان بکا کە نێزیک
بە ١٠٠ سالە لەپێناویدا قوربانیی بۆدەدات.
سەرکەوێت خەباتی یەکگرتووی نەتەوەی کورد، لەپێناوی رزگاری یەکجارەکی و
دامەزرانددنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا!
بژی ئازادیی، بژی سەربەخۆیی، بژیی کوردستان!
٩\٢\٢٠١٢
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|