١٩\٨\٢٠١٥
رژێمی تورکیای
تیرۆریست لە ھەوڵی داگیرکردنی خاکی وڵاتانە.

ئهحمهد رهجهب
لە مێژەوە داگیرکردنی خاکی وڵاتان لە لای
باب وباپیرانی رەجەب تەیب ئەردوگان بووەتە پیشەو ئیسلامیان بۆ مەرام و
خواستە چەپەڵەکانیان بەکار ھێناوە جارێک بەناوی خەلیفەی ئیسلام و
جارێکی تر بە ئەمیر ئەلمۆمنین ھەر وەک چۆن لەم رۆژانەدا تاوانباری
خوێنرێژ ئەبو بەکر ئەلبەغدادی بە زەبری شمشێرو ئیسلامییە توندرەو
دواکەوتووەکان خۆێ کردووە بە خەلیفەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی خوێرێژ
(داعش).
لە ساڵی ١٢٩٩ سوڵتان عوسمانی یەکەم کوری ئەرتوغلەر دەوڵەتێکی بەناوی
خۆی دامەزراندو ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانلی) لێناو، کەمە کەمە
ھێزی پەیدا کردو، کەوتە داگیرکردنی وڵاتان و، زۆری پێنەچوو ناوەکەی
گۆری بۆ ( دەوڵەتی ئیمبراتۆرییەتی عوسمانلی ئیسلامی) و، ئەم دەوڵەتە
ئیسلامییە نۆێیە لە پێناو مانەوەو خۆسەپاندن و خاک داکیرکردن کەوتە
کوشتن و خوێنرشتن و قرانی خەڵک و، بەو شێوەیە درێژەی بە ھەوڵەکانیدا تا
بەشێکی زۆر لە ئەوروپا و ئاسیا و باکوری ئەفریقیای خستە ژێر رکێڤی
خەلافەتەکەی.
بەھۆێ شەرو ئاژاوەو تەشەنە کردنی لە نێوان کورو کورەزاو، مام و کورە
مام و، خزم و ناسیارەکانیان و دەستوپەیوەندییەکانیان و، سەرھەڵدانی
بیری پێشکەوتنخوازو بیری نەتەوایەتی و دامرکانەوەی ھەستی ئاینی و
شەرەکانی لە گەڵ وڵاتاندا رێکاخۆشکەرە بوون بۆ نەمانی فەرمانرەوایی
دەسەڵاتی عوسمانلییەکان و، لە ( ١ ی نۆڤەمبەر – تەشرینی دووەم ساڵی
١٩٢٢ ) لە رووی سیاسییەوە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانیلی نەماو، لە (٢٤ ی
یۆلیۆ – تەموز ساڵی ١٩٢٣) و، لە پاش ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان
کۆتایپێھات و، لە (٢٩ ی ئوکتۆبەر – تەشرینی یەکەمی ھەمان ساڵ) و دروست
بوونی کۆماری تورکیا دەوڵەتی زوڵم و زۆر و داپڵۆسین بە تەواوەتی لە
ناوچوو.
تورکیا لە ٢٠ یۆلیۆی / تەموزی ساڵی ١٩٧٤ کاتێک نەجم ئەلدین ئیربەکان
یاریدەری سەرۆک وەزیران بوو، لە کاتی سەفەری بۆڵند ئەجویدی سەرۆک
وەزیران بۆ دەرەوەی وڵات فرسەتی ھێناو ھێرشی کردە سەر وڵاتی قوبرس و،
لە مانگی ھەمان ساڵدا بەشیک لە خاکەکەی داگیرکردو، ئەو وڵاتە بوو بە ٢
کەرت و، سوپای تورکیا لەوی مایەوەو، لە ساڵی ١٩٨٣ باکوری قوبرسی تورکی
وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناوبراو، تا ئێستا تەنھا لەلایەن تورکیاوە
ناسراوەو (ئیعترافی) پێکراوەو، وڵاتانی ترو یەکێتی ئەوروپاو نەتەوە
یەکگرتووەکان داوا ئەکەن سوپای تورکیا بگەرێتەوە شوێنی خۆێ و کۆتایی بە
داگیرکردن بھێنێت و تورکیا بێ وەڵامەو، شایانی باسە نەجمەدین ئیربەکانی
ملھورو سەر لێشێواو سەر بە تاقمی ئاژوچییەکانی ئیخوان ئەلموسلیمین بوو،
یەکێکە لەوانەی دژایەتی عیلمانییەتی ئەکردو، چەند کەرەتێک گیراو خرایە
بەندیخانە و، لە کۆتایی ژیانی ئەم توندرەوە ئیسلامییە لە یۆلیۆ /
تەموزی ساڵی ٢٠٠٠ بە تاوانی ھاندان و ورووژاندن و دژایەتی کردنی ئاینی
و رەگەزپەرستی لەلایەن دادگاوە سزا دراو، تا لە ژیاندا بوو، دەم
کوتیان کردو کاری سیاسی لێی قەدەغە کرا.
پاش راپەرینە مەزنەکەی بەھاری ساڵی { ١٩٩١ } و، حزبەکانی بەرەی
کوردستانی گەرانەوە ناو شارەکانی کوردستان و، لەڕێکەوتی ١٩/٥/١٩٩٢ و ،
بە پێی قسەی بەرپرسانی حزبەکان "" گەورەترین و شارستانیترین پڕۆسەی
دیموکراسی لەکوردستان بەڕێوەچوو"" و، ھەڵبژاردن ئەنجامدراو پەرلەمانی
کوردستان ھەڵبژێردراو، بەڵام لەئەنجامی کەم ئەزموونی ئەوانەی خۆیان کرد
بە خاوەنی دەسەڵات لەحوکمڕانی وچۆنێتی بەرێوەبردن و پەند وەرنەگرتن
لەناکۆکی و ناتەبایی و دووبەرەکی و ھەوڵی دەستکەوت و خۆ سەپاندن بە سەر
دامودەزگاکانی ھەرێم بە پێی سیاسەتی ٥٠ بە ٥٠ (فیفتی فیفتی) و،
بەردەوامی و ھەوڵ و تەقالای دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بۆ تێکدانی
ئەو ئەزموونەو، نەبوونی خواست و ئارەزوو توانایەکی بەھێزو گەورەکردن و
پیرۆزکردنی "" سەرکردەکان"" کە لەسەرووی یاساو پەرلەمان بوون،
پەرلەمانێکی ناکاراو گڵۆڵەو ئیفلیج لەدایکبوو، دوای ھەڵگیرسانی شەڕی
ناوخۆو کە ناونرا(شەری براکوژی) و کوشتنی براکان بەدەستی یەکتر، بووە
ھۆکاری ئیفلیجبوونی پەرلەمان.
پاش ئەوەی پەرلەمان لە کار کەوت و، کوردستان دابەش کرا لە نێوان
سلێمانی و ھەولێرو شەری نەگریس و چەپەڵ لە نێوان پارتی دیموکراتی
کوردستان ( پدک) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ( ینک) پەرەی سەندو درێژەی
کێشاو خوێنێکی زۆر رژاو، ژمارەیەکی پێشمەرگە لە پێناو بەرژەوندی تاقمێک
"" سەرکردە"" لە ناوچوون و، لە ساڵی ١٩٩٧ لە پرۆسەی ھامەری سەربازی
تورکیای تیرۆریست و و مرۆڤکوژ و، لە سەر رێچکە و نەریتە کۆنەکانی
سوڵتانەکان و دەسەڵاتی ئیسلامی عوسمانیلییەکان و، بە ناوی دژایەتی (پ.
ک . ک) و، لە راستیدا بۆ یارمەتی یەکێک لە حزبەکان ھاتە خاکی کوردستان
و لەو کاتەوە تا ئێستا چەند ناەچەیەکی داگیرو کەنترۆڵ کردووە.
ماوەیەکە رۆژانە بە گەرمی باس باسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە و، لە
ساتێکدا دەیان و سەدان وبگرە زیاتریش وشەی سازان لە سەر زاری بەرپرس و
{خەڵکی عەوام} دوبارەو ھەزار بارە ئەبێتەوەو، بەبێ ئەوەی ھیچ سەوز بکات
و پینج حزبەکەو حکومەتی بنکە فراو و سەرکردایەتی ھەرێم بتوانن گرێ
کوێرەیەک بکەنەوەو، خەڵک لە دڵەراوکێ رزگار بکەن و، ئەو باسەجاروبار ""
بەرپرسە سیاسییەکانی "" کوردستان تووشی دەمارگیری و ھەرەشەو گورەشە
ئەکات و، لەم قەیرانە کەس باسی دەرکردنی سوپای داگیرکەری تورکیا لە
خاکی کوردستان ناکات.
بۆۆنی سوپای تورکیاو، دەستوپەیوندەکانی وخیانەتی ھەندێ کەسی ترسنۆک و
وڵاتفرۆش و، بە پێی نەخشەیەکی پێشتر دارێژراو بوونە بایسی ھاتنی
دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) بۆ ناوچەکانی کوردستان و
داگیرکردنی شەنگاڵ و، ئەم کارەساتە بووە ھۆێ ئەوەی زیاد لە ٣٠٠ ھەزار
لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە کە زوربەیان کوردی ئێزدین روو بکەنە
شارەکانی ھەرێمی کوردستان و، بەشێکیان پەنایان بۆ چیاکان بردو، ھیچ
جۆرە پێداویستیێکی ژیان وەک نان و ئاویان پێ نییەو، نەبوونی پێداویستیە
سەرەکییەکان وەک ئاو و نان و دەرمان مەترسی لەناوچوونی خستوەتە سەر
ھەزاران مناڵ و ژن و،. ھەروەھا زیاد لە شەش ھەزار کەس کە زوربەیان ژن
وکچ و مناڵ و پیری پەککەوتە بوون گیران و بران بۆ شۆێنێکی نادیارو، بە
پێی شەرعی ئیسلام و داب و نەریتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ھەندێکیان
کوشت و ژمارەیەک لەژنان و کچەکانیان بە بەر چاوی وڵاتانی عەرەب و
ئیسلامی و ھەموو دونیا دران بە تیرۆریستە روورەشە بی دینەکان وئەوەی
مایەوە بران بۆ بازارو، لەوێ ھەراج کران و فرۆشران.
بێ لە سوپای تورکیا کوردستان بووەتە جێی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای
چروکی تورکان و، ھەزاران بەڵێندەرو کارمەندو کرێکارو، بێ شک زۆربەیان
سەر بە میتی تورکین و، ھەرچی لە کوردستان ھەیە یان روو ئەدات وەک ھەواڵ
و راپۆرت بە یارمەتی یاوەرەکانیان رەوانەی دەزگای داپلۆسینی میتی
ئەکەن.
ھەر لە سەرەتای دروسبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلییەکان پیشەیان کوشتنی
بە کۆمەڵی خەلکی سڤیل و بێ دەسەڵات بووە لە گەڵ لەناوبردن و خاپورکردنی
گوندو شارو داگیرکردنیان و، ئەو پیشە قیزەوەنە گوازرایەوە بۆ
نەوەکانیان تا گەیشتە رەجەب تەیب ئەردۆگان و رژێمە خوێنرێژەکەی و،
نموونەی کردەوە نامرۆڤەکانیان زۆرەو، لەوانە لەناوبردن و جینوسایدی
ئەرمەنەکان و دەرسیم و قەسابخانەکەی گوندی رۆبۆسکی پارێزگای شێرناخ و
کوشتارەکەی پاریس و تاوانەکەی گوندی کورتەک و زارگەلی و ناوچەکانی تری
کوردستان و، ئەم رژێمە لە دوواین ھێرشی بۆ سەر کوردستان چەکی
قەدەغەکراوی بەکارھێناوەو دەستی نەپاراستووە لە بۆردومانی خەڵکی سڤیلی
گوندنشینەکان و قوتابخانەو نەخۆشخانەو سەرەرای وێرانی کردنی ماڵ و
سوتاندنی باخ و لە ناوبردنی ئاژەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و
بێدەسەڵاتی شەھیدو بریندار کردو. لەدواین سەردانی نوێنەری ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراق {سەفیە سوھەیل} بەڕاشکاوانە ئاماژەی بەوەکرد کە سوپا
داگیرکەری تورکیا چەکی قەدەغەکراوی نێودەولەتی دژ بە ھاوڵاتیانی سڤێل
لە بناری قەندیل بەکارھێناوە.
رژێمی تورکیای فاشیست بە ھیچ شێوەیەک لە کوشتنی رۆڵەکانی کوردستان دەست
ناپارێزێت و، بۆ لە ناوبردن و نەمانی دانیشتوانی ئەم خاکە بە ئاشکرا
ھاوکاری چەتە روورەشەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش)
ئەکات و، ھەندێ لایەن و حزب دژی کردەوەکانی تورکیا ھەڵوێستیان
دەربریوەو ئیدانەی ئەکەن، بەڵام تورکیا سوودی لە بوونی لە خاکی
کوردستان بینیوەو، توانیویەتی ھەندێ کەناڵ وژمارەیەک رۆژنامەنووس و حزب
و سەرکردەی حزب ئەوانەی لە سەر بیرو بۆچوونی ئیخوان ئەلموسلمین و حزبی
دادو گەشەپێدان گۆشکراون لە باشووری کوردستان بکرێت و، شەو رۆژ لە
خزمەتی ئاغا تۆرانییەکانیان بن.
لە کاتی ھەڵگیرسانی راپەرینەکەی گەلانی سوریا دژ بە رژێمەکەی بەشار
ئەلئەسەد رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا بە ھەلی زانی و
دەستی لێھەڵماڵی و بە ناوی پشتگیری لە خەڵکە راپەریوەکە خوێ کرد بە
خاوەنی راپەرینەکە و، ھاوکات وڵاتانی عەربستانی سعودی و قەتەر وەک دوو
وڵاتی دەوڵەمەند پارەیەکی زۆریان ھەڵرشت بۆ توندوتیژی و ئاژاوانانەوەو،
ئەردۆگان بوو بە داردەستی ئەو دوو وڵاتەو، ملی شۆر کردو، لە بەر پارە
وەک چڵکاوخۆرێکیش ئامادەیی خوێ و حکومەتەکەی پیشاندا بۆ جێبەجێ کردنی
خواست وسیاسەتی ئەو دوو وڵاتە.
بەڵێ جەماوەری سوریا لە مانگی { ئازار - مارس} ساڵی ٢٠١١ دژ بە
رژێمەکەی بەشار ئەلئەسەد ھەڵسان و، ھەر لە سەرەتاوە ئیخوان موسلیمەکانی
سوریا بە ھەماھەنگی لە گەڵ ئەردۆگان و ئیخوانەکانی تورکیا
یەکیانگرتەوەو بە پارەو پولی عەرەبستانی سعودی و قەتەرو وڵاتانی کەنداو
توانیان رووی راپەرینەکە بگۆرن و بیخەنە ژێر دەستی ئیخوانچی و سەلەفی
و وھابی وئیسلامی توندرەو تیرۆریست و، سەرانی ئەو گروپانە
ئیستەنبولیان کرد بە جێی کۆبوونەوەو نەخشەو پلاندانان و، ئەنجومەنێکیان
بە ناوی "" ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا"" دروستکردو، بە ئەنجومەنی
ئیستەنبول ناسراوەو لە بنچینەوە دژی کوردو کوردستانە ، چونکە پرە لە
کەسانی شۆڤەنیست و سەر بە وڵاتانی کۆنەپەرست و رەگەزپەرست وەک
عەربستانی سعودی و قەتەرو تورکیاو، ئەنجومەنەکە سوپایەکی بەناوی ""
سوپای ئازادی سوریا "" دامەزراند.
تورکیا بووە ھاوکاری ھەرچی شۆڤەنیست و تیرۆریست ھەیەو، ھەوڵی بێوچانی
ئەدا بۆ ئەوەی بچیتە خاکی سوریاو، جێ پێی خوێ قایم بکات بەڵام ھەرچەند
یارمەتیدرا تەنانەت لەلایەن ئەمریکاشەوەو تەرخانکردنی راھێنەری سەربازی
و ھەموو کەرەستەی مەشق پێکردن بە "" سوپای ئازاد "" نەیتوانی بگاتە
مەرام و خواستە دزێوەکانی.
چەند ساڵێکە تورکیا باس لە دروستکردنی ھەرێمێکی ئارام و ناوچەیەکی
دژەفڕین دەکات لە ناو خاکی سووریا، گوایە بۆ خۆپاراستن و پاراستنی خەڵک
و سنوورەکانیەتی، بەڵام تا ئێستا خواست و ئارەزووەکانی نەھاتووتەدی
چونکە بەزاندنی سنووری وڵاتێکی دیکەو دامەزراندنی ھەرێمێکی ئارام
پیویستە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان
دەستنیشان بکرێت و، ئەگەر ئەو ھەرێمە ئارامە ھاتەدی، ئەوا فرۆکە
جەنگییەکان و سوپای سوریا بۆیان نییە لە ئاسمان و زەوی ئەو ھەرێمە
ببەزێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا دژ بە خواست و ئارەزووی تورکیا
وەستاون و، بە ھیچ جۆرێک رێگا بەو کارە نادەن و، ئەمریکا لە ئەیلوولی
ساڵی ٢(٢٠١٤) وە چەندجارێک لە رێگەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی
وڵاتەکەی، وەڵامی داخوازی تورکیای بۆ پێکھێنانی ھەرێمی ئارام لە ناو
خاکی سوریا داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردەوە ( ئەمریکا پێکھێنانی
ھەرێمێکی لەوجۆرە لە سووریا بە پێویست نازانێت و بیری لێ ناکاتەوە).
تورکیا لە سەر سنوورەکانی لە گەڵ سوریا ژمارەیەکی زۆر سەربازی
جۆراوجۆرو فرۆکەی جەنگی و ھەلیکۆپتەرو سەدان تانک و تۆپ و تفاق و
کەرەستەی سەربازی ئامادە کردووەو، سوود لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی
تیرۆریست (داعش) وەرئەگرێت و، قەت رژێمی تورکیای فاشیست دۆژمنی داعش
نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەمیشە ھاوکاری یەکترن.
ئەرکی حکوومەتی بنکە فراوانی ھەرێمی کوردستانە ھەڵوێستی بتەو تەواوی
ھەبێت لە ئاست پاراستنی ھاووڵاتیانی کوردستان و ئاسایشیان و، لێرەوە
داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت دۆسیەی دەستدرێژییەکانی
تورکیاو بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیلی بێ تاوان و، خاپور کردنی دێھات و،
سوتاندنی پوش و دارستان وباخەکانی وڵاتەکەمان لە رێگای حکوومەتی
عێراقییەوە بگەیەنێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و، بە فەرمی سکاڵا بەرامبەر
بە تورکیای فاشیست تۆمار بکات و، ھاوکات داوا لە پارت و لایەنە
سیاسییەکانی کوردستان دەکرێت ھەڵوێستی راشکاوانە بەرامبەر بەم تاوانانە
دەرببڕن و ئیدانەی ئەم تاوانانە بکەن کە بەرامبەر بە گەل و نیشتمان
دەکرێن و، پێویستە حکومەتی کوردستان و ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی
بە شەرەفی کوردستان بە یەک دەنگ بڵێن: سوپای تورکیای داگیرکەر بۆ
دەرەوە.
١٨\٨\٢٠١٥
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|