په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠١٣

ریشەکانی تیرۆریزم.


عوسمان رەحمانی   


کاتێک دەوڵەتی فەرانسە و ئوروپاییەکان خەباتی خەڵکی کوردستانی تورکیە بە تیرۆریسم ناو دەبەن، بێگومان ڕیگا دەدەن بە تیرۆریستان کە بە ئاسانی ھەڵسوڕاوانی سیاسیی کورد تیرۆر بکرێن.


کاتێک کە ئەمریکا راستەوخۆ لە کردەوەێەکی تیرۆریستی دا عەبدوڵا ئوجالان دەگرێ و تەحویلی تورکیەی دەدا، بێگومان دەوڵەتی فەرانسەش ڕێگا دەدا ئەندامانی پکک بە ئاسانی تیرۆر بکەن.


لێرەدا باسی سیاسەتی غەڵەت و کرادرا رەفتاری قێزەونی سەرانی ناسیونالیستی کورد ناکەم کە خۆیان ئامرازێکی سیاسی بون بە دەست تیرۆریزمی نێودەوڵەتیەوە لە دژی میلەتی خۆێان و خەڵکانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام زۆربەی سەرانی کورد لە ئورپا تیرۆر کران و تیرۆریستانیش ئاشکرا بون، وە مامەڵەشیان پیوە کرا و ئازادیان کردن. لێرەدا باس لەسەر کردوە تیرۆریستیەکانی دەوڵەتانی ڕۆژاوایە کە بە بیانوی شەڕ لە دژی تیرۆریسم و دیکتاتورانی ناوچەی رۆژەھەلات رۆژانە خەڵک کوشتار و تیرۆر دەکەن و بە ناوی دێموکراسی کۆنەپەرستترین و درندەترین کەسەکان دەکەنە دەسەڵاتدار.


تیرۆری ٣ ژنی کورد و ھەڵسوڕی سیاسی سەر بە پارتی کرێکارانی کودرستانی تورکیە، بێگومان جیناێەتێکی تیرۆریستی نیودەولەتیە و بە ھەمو شیوەیەک مەحکومە. دەوڵەتی فەرانسە بەرپرسیاری ئەم تیرۆرێە و دەبێ وڵامدەر بێ. بە ھیچ پاساوێکی مەزھەبی و یان سیاسی نابێ و ناکرێ ئینسانەکان قەتڵعام و عەزیەت و ئازار و کوشتار بکرێن. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە تەنیا مەحکوم کردنیش ناتوانێ یارمەتی بە چارەسەری نەمانی تیرۆر بدا، چونکە ئەو کردەوە تیرۆریستیەیکە لە پاریس ڕوی دا، درێژەی ھەمان تیرۆریسمی گوروپی و دەوڵەتی و نێودەوڵەتیە کە لەندەن، شەرم الشێخ، عێراق، کوردستانی عێراق، السالوادۆر، فەلەستین، ئەفغانستان و چیچان و ... روویان ‌دا و ژمارەێەکی زۆر ئینسانی تێدا بریندار و سەقەت و کوژران. تیرۆریسم ڕیشەی ھەیە و بەرژەوەندی لە پشێت نوستوە. ھەر بۆێە پێویستە ھەر ھەمو بەشەریەتی پێشکەوتو لەگەڵ دۆزینەوەی ریشەکانی ئەم جیناێەتە دژی ئینسانیە کە بەردەوامە،‌ دەبێ تێبکۆشن و بە وروژاندن و یەکخستنی ھێزە پێشکەوتنخوازەکان، بە دەڕبرینی نارەزاێەتی جەماوەری و جیھانی بەر بە ڕودانەوەی بگیرێت. لە سبەی رۆژی روداوی دڵتەزێنی لەندەن رابێرت فیسک نوسەری بەناوبانگی ئینگلیسی لە رۆژنامەی گاردیەن لە سەردەمی داگیر کردنی عێراق لە لاێان ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانیەوە نوسی:


"کاتێک کە ئێمە لە عێراق، لە ژێر ناوی دێموکراسی دا عێراقیەکان قەتڵعام دەکەین، لە زیندانەکانی عێراق تەجاوز بە خەڵکی عێراق و ئەتکی حورمەتیان دەکەین، چلۆن چاوەروان بین ئەوان تۆڵەمان لێ نەکەنەوە". ھەروەھا جورج گالاوی نوسی: "شەری عێراق ناڕەوا و لەسەر ئەساسی درۆ ئەنجام درا کە خۆی جۆرێک تیرۆریزم بوو. تەنیا جیاوازیەک کە ھەیبو، ئەوە بو کە حوکمی ئەم شەرە لە لاێان کەسێکێکەوە درا کە جاکەت و پانتۆڵێکی رێک و پێک و بۆینباغی جوانی پۆشیبو ئەگینا لەگەڵ حوکمەکانی بن لادن فەرقی نییە کە عەبای ھەێە و لە ناوچەی تورابورای ئەفغانستان دەژی".


سیاسەتێک کە لە لاێان ئەمریکا و ئینگلستانەوە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست دەبرێتە پیش، خۆی سەرچاوەی نەفرەت و بێزارییە. ھەر ئێستا ٥٧ ساڵە کە خەڵکی فەلەستین لە ناو ووڵاتی خۆیان قەتڵعام و کوشتار ئەکرێن. لەگەڵ شکەنجە و قەتڵعامی خەڵکی فەلەستین لە ساڵانی رابوردو دا دەوڵەتی ئیسرایل ٤٧٨ دێھات لە کۆی ٥٨٥ دێھاتی لە فەلەستین کاول کردوە و نزیک بە ٧٨٠ ھەزار کەسی لە دانیشتوانی ئەم دێھاتانەی ئاوارە کردوە و جولەکەکانی دانیشتوی ووڵاتانی ئوروپا، ئەمریکا و روسیەی تیدا نیشتەجێ کردوە. لە ساڵی ١٩٧٦ تا ئیستا ٣٦٧٠٠ خانوی فەلەستینیەکان خاپور کراوە، و ھەر لەم ماوەدا زیاتر لە یەک میلیون و پێنجسەد ھەزار داری سەمەر بە شۆفڵ لە ریشە دەر ھێنراوە.


ھەروەھا ھەر لەم فەترێە دا ‌نزیک بە ٢٠٠٠ مزگەوت روخێندراوە و ژمارەیەکیش شوێنەواری میژویی فەلەستینیەکان تەقێندراوەتەوە و نابود کراوە کە لە نێوانیان دا "کۆشکی شەھابی" کە یەکێکە لە داھێنانی ھونەری مێعماری و کاشیکاریی رەنگیی سەدەی رابوردو دەبینرێ. ھیزەکانی ئەرتەشی ئیسرایل تەنیا لە رۆژی ١٥ی مەی ٢٠٠٠، ١٠٨ بیری ئاویان لە ناوچەی غەزە کوێر کردەوە، ٣٩٢ مەخزەنی ئاویان تەقاندەوە، ٣٨٠٢ میتر لولەی ئاویان تێک شکاند و ھەزار سەر مەروماڵاتیان کوشت. (زانیاری لە سایتی الجزیرە) ھەموان ئاگادارن لە ساڵی ٢٠٠٢ کە ئەرتەشی ئیسرایل ھێرشی کردە سەر جنین و کەوتە کوشتاری خەڵکی بێدیفاع و بێبەش کە ئەم کردەوە فاشیستیەی دەوڵەتی ئیسرایل لە سەرتاسەی جیھان و لەوانە لە لاێان رێکخراوی نەتەوە ‌یەکگرتوەکان وەک قەتڵعام ناودێر کرا و لە رەوتی کوشتاری سەبرا و شەتیلا لە بەیروت نزیک بە ٥٠٠ کەس کە زۆربەێان ژنان و منداڵانی دانیشتوی دوو ئوردوگای ناوبراو بون قەتڵعام کران. ئەم گوریسە زۆر درێژە و کوشتار و کاولکاری و دەستدرێژی و شکەنجە ھەروا بە شێوەی بەردەوام لە دژی فەلەستینیەکان بەرێوە دەچێ.


لە بابەت عێراق دەبێ بوترێ کە بە پێی راگەێەندراوێک کە ئەم دواییانە لە لاێان مافی مرۆڤی عێراق بڵاو کراێەوە، لە سەرەتای شەرەوە تا ئیستا یەک ملیون و ١٠٠ ھەزار عێراقی کوژراون کە ٥٥٪ یان ژن و مناڵ بوون. ئەم زانیاریانە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی شەخسی، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و دامەزراوەکانیتر بەتایبەت بنەماڵەکانەوە کۆ کراوەتەوە.


"گری یانگ" لە رێکەوتی ١١/٧/٢٠٠٥ لە رۆژنامەی گاردیەن نوسی: " ئێمە ناتوانین ڕق و غەزەب و دەرد بۆ خۆمان پاوان بکەین، خوێنی ئێمە بە ھیچ شێوەێەک سورتر لە خوێنی عێراقیەکان و ئەفغانیەکان نییە، ئێسکەکانی ئێمە پتەوتر لە ئێسکەکانی ئەوان نییە و فرمێسکەکانی ئێمەش جیاوازیەکی لەگەڵ فرمێسکەکانی ئەوان نییە. ناوبراو لە درێژەدا دەنوسێ: " بێگومان بلێر بەرپرسی کوشتاری ٥٠ کەس و بریندار بونی ٧٠٠ ئینگلئسی نییە، بەڵکو ئەمە تیرۆریستە جیھادیەکانن کە ئەم کردەوەێان ئەنجام دا و تاوانبارن. بەڵام بلێر بێگومان بەرپرسی ١٠٠ ھەزار عێراقییە کە لەو ووڵاتەدا کوژراون". ئەرتەشی ئەمریکا و ئینگلستان لە سبەی رۆژی داگیر کردنی عێراق "ئازادی و دێموکراسی" راستەقینەی خۆێان نمایش کرد. ھەزاران عێراقییان دەستگیر کرد و راپێچی زیندانیان کردن و خستنیانە ژێر وەحشیانەترین شکەنجە. نەک ھەر ژنان و کچان و کورانی ئەوانیان شکەنجە کرد، بەڵکو دەستدرێژی جنسیشیان پێکردن. سیمور ھێرش لە بابەتێدا لە نیویورک تایمز دەنوسێ کە، فیلمێکی لە ناوەندی کونگرەی ئەمریکا بینیوە کە چلۆن نەک ھەر دەستدرێژی جنسیان کردوەتە سەر کورانی ١٠_١٢ ساڵە و ھەڵبەت بە بەرچاوی باوکان و داکانیانەوە بە مەبەستی ئێعتراف و دان پێدانان، بەڵکو ژمارەێەک لەم منداڵانە لە ژیر ئەم کردەوانەدا گیانیان لەدەست داوە. سیمور ھیرش و ئەندامانی کونگرەی ئەمریکا ئەم فیلمە ویدوییەێان بینیوە.


لە حاڵێک دا نوسینی ئەم جینایەتانە لەشی ئینسان دەلەرزێنێ و لە حاڵێک دا ئەم کردەوە دژی ئینسانی و قیزەونانە لە لاێان ئاڵا ھەڵگران و ئیدیعا کەرانی "شارستانیەت، ئازادی و دێموکراسی"وە ئەنجام دەدرێ، ئاو لە ئاو تەکان ناخوا خەڵکانێک گەشکە دەکەن کە میلەتی خۆیان ھەمان کارەساتیان بەسەر ھاتوە. ئێستا وای دابنیین لە ھەزاردا یەکی ئەم جیناێەتانە کەسێک لە خەڵکی ووڵاتانی جیھانی سێھەم ئەنجامی ئەدا، ئەوکات دەمانبینی کە ئەم جەنابانەی بەناو شارستانی و مودێڕن و دێموکراتیەت چ قیژە و قاوێکیان وەرێ ئەخست. بەڵام خۆیان بۆ کوژرانی پشیلەێەکیان پرسە و سەرخۆشی گشتی رادەگەێەنن وەک (لە فەرانسە لە کاتی شەری ناوخوی ئەلجەزایر) بینیمان. کاتێک لە ئاکامی خۆراگریی سەرسەختانەی ھێزەکانی بەرگریی نیشتمانی لە عێراق و لەقاودانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەرەنجام دەوڵەتی ئەمریکا ناچار بوو دان بە جیناێەتەکانی ئەبوغرێب دا بنێ و وەفدێک بە سەپەرەستی جنراڵ "ئانتونیو تاگوبا" بە رەچەڵەک فیلیپینی بۆ لێکۆڵینەوە ناردی بۆ عێراق. ئەو جنراڵە دیارە کە دەێەویست ھەر جۆرێک نەبێ "ئابروی" ئامریکا بپارێزێ، پاش تاوتوێ و دەستکاری کردن و سانسۆرێکی فراوان ئەم راپورتەی خوارەوەی لەبابەت شکەنجە دابە کونگرە و رۆژنامەکان و راگەێەنەرەکانی دەنگ و رەنگ کە ھەموتان بینیتان و بیستتان.


"لە مانگی ئوکتوبەر تا دەسمابری ساڵی ٢٠٠٣ سەربازان و بەرپرسانی گوردانی ٣٧٢ جێگیر لە عێراق دەستیان داێە رەفتاری سادیستی و جیناێەتکارانە لە زیندانی ئەبوغرێب کە لە نێوانیان دا دەتوانین ئاماژە بە چەند نمونەێەک بکەین.


- شکاندنی زەرفی گلاو لە کیمیایی بە کوتان ب سەر و لاشەی زیندانیاندا.
- رشتنی ئاوی سارد و گەرم بەسەر لاشەی روتی زیندانیەکاندا.
- دەستپەڕ کردنی جنسی بە زیندانیان و ھەروەھا ناچار کردنیان بەم کارە لەگەڵ یەکتر.
- روتکردنەوەی زیندانیان و خەواندنیان بەسەر یەکدا.
- بەکار بردنی مادەی تیشکی کیمیایی لە کۆمی زیندانیەکان.
- راگرتنی زیندانیان بە روتی بۆ چەندین رۆژی بەردەوام.
- ناچار کردنی پیاوانی زیندانی بە لەبەر کردنی جلی ژنانە.
- بێ بەش بونی زیندانیان لە خەو.
- دەستدرێژی جنسی کردنەسەر ژنان.


ھەڵبەتە ئەم گوریسە سەری درێژە و دەبی بگوتری کە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە شکەنجانە زیاتر لە مەئمورانی ئیسرایل (موساد) کەلک وەر گیراوە، چونکە ئەوان ھەمان رەوشتیان بەکار ‌ھێنا کە بۆ خەڵک ئازاردەرتر بوو. ئیسرایلیەکان لە ئاکامی دەێان ساڵ جیناێەت کردن نەک ھەر لە فەلەستین بەڵکو لە ئێران و ووڵاتانیتری جیھان تەجرەبەی فراوانیان لە زەمینە و بواری شکەنجە کردنی جۆری ئینسانەکاندا ھەێە. لە رێکەوتی نوامبری ساڵی ٢٠٠٣ ئەرتەشی ئەمریکا ٢٥ ھەزار کەسی بە ناوی ھێرشی "شێخ انتقام" نارد بۆ شەر لە دژی خەڵکی فەلوجە. ماوەی ١٠ رۆژ شاریان بە فرۆکەی ئێف ١٦ بوردمان کرد و بومبی ٥٠٠ کیلویان بەسەر خەڵکدا باراند. ھەر لە رۆژی یەکەمەوە نەخۆشخانەی گشتیی شاریان تەقاندەوە. تەواوی ماڵەکان، مزگەوتەکان و دوکانەکان خاپور کران و سیارە و تەواوی سەرچاوەکانی ژیانی شار لە ژیر بومبارانی بەردەوام دا نابود کرا. دەێان ساڵە کورد لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست بە دەست رژیمە فاشی و سەرمایەداریەکانی ئێرا، تورکیە، عیراق و سوریەوە بە وەحشیانەترین شێوە کوشتار دەکرێ. لە زیندانەکانی ئەم دەوڵەتانەدا جیاواز لە شکەنجە و دستدرێژی بۆ سەر زیندانیان کورد، تا ئێستا بە ھەزاران کورد ئێدام و بێ سەروشوێن کراون. تەنانەت خودی سەرانی حیزبە کوردیە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رژیمە داگیرکەرەکان سەفاکتر و دڕندانەتر کوردیان کوشتار کردوە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و ئامریکادا. رژیمی وترکیە ھاوپەیمانی ستراتیژی ئامریکاێە کە بە بەر چاوی جیھانەوە عەبدوڵا ئوجەلانی گرت و وەک تیرۆریست تەحویلی رژیمی تورکیەی دا. ئامریکا خەباتی خەڵکی کوردستان بە تیرۆریسم ناو دەبا.


پاش ھیرشی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ ناوچەی " ھیو"ی ویتنام لە ساڵی ١٩٦٨ ئەمە توندترین ھێرشێک بوە کە تا ئیستا لە دژی شارێک ئەنجام دراوە. بە پێی راپورتی ئەمریکاییەکان ١٦٠٠ کەس لە شاردا کوژران. جێگای وتنە کە لەم ھێرشەدا ٨٠٠ سەربازی ئینگلیسیش بەشدار بون.


سەرتاسەری جیھانی عەرەب بوەتە موڵگەیەک بۆ ئەمریکاییەکان و ئینگلیسیەکان. کامە بیرمەند و روناکبیری عەرەب خیرەتی ھەێە ووشەێەک لە دژی حاکمانی کۆنەپەرەست و یان ئەمریکا و ئینگلستان بڵێ. دەێان زیندان و شکەنجەگای ئەمریکا لە ووڵاتانی عەرەبی دا ھەێە کە ھەر کەسێک پێانخۆش بێ دەستگیری دەکەن و بۆ شکەنجە و دان پێدانان ئەیبەن بۆ ئەو زیندانانە. عەبدوڵا ئوجەلان راستەوخۆ لە لاێان ئەمریکا و ئیرایلەوە گیرا و ڕادەستی تورکیە کراێەوە. ھەر لەو چەند ساڵەی ڕەبوردودا تەنانەت لە کانادا کەسێکی خەڵکی سوریەێان دەستگیر کرد و بۆ شکەنجە کردن ناردیان بۆ ئوردون و پاش یەک ساڵ کە بۆێان دەرکەوت بێ تاوانە ئازادیان کرد. ئێستا ئەو کەسە لە مونتریالی کانادا دەژی. چەند ساڵێک لەوەپێش نوسەرێکی میسری کە ماموستای زانستگە بو لە قاھێرە، بابەتێکی لێکۆڵینەوەی لە سەر ئیسرایل نوسی کە بو بە ھۆی تورە بونی سەفیری ئەمریکا لە قاھێرە. سەفیری ئەمریکا بە رەسمی داوای لە حوسنی موبارک کرد تا ئەو نوسەرە بخاتە زیندان. پاش خۆپیشاندان و نارەزاێەتیەکی فراوان بە شێوەی کاتی بێدەنگەێان لە مەسەلەکە کردوە.


لە بابەت ئەفغانستان کە ھەمو جیھان شاھێدی نابود کردنی ژیانی ئینسانین لە لاێان ئەمریکاوە لەم ووڵاتە، رۆژانە منداڵانی ئەفغانی کوشتار دەکەن لە ژێر ناوی تیرۆرسمدا. تاوانی تاڵەبانەکان ئەوە بوو کە ئەوان ئامادە نەبون لە مەسەلەی کێشانی لولەی گاز لەگەڵ ئەمریکاییەکان رێکەون، و لە لاێەکیترەوە بەرھەم ھێنانی تریاکیشیان لە ئەفغانستان تەقریبەن راگرت و ئەمریکا ئەمەی پی ناخۆش بوو، چونکە بەرھەم ھێنان و فرۆشی تریاک داھاتێکی گەورەی ھەێە بۆ مافیاکانی سەر بە ئەمریکا. بە پیی راپورتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمرۆ وەزعی ئەفغانستان لە سەردەمی تالەبان دەێان جار خراپترە. مافیاکانی سەر بە ئەمریکا وەک حامید کارزای و براکەی و چەند فەرمانەێەکی ئەرتەش بونەتە بەڵای گیان ئەو وڵاتە. پێویستە ئەوەش بوترێ کە خودی تالیبانەکان ئامریکا ئوروپاییەکان دروستیان کرد و سەپاندنیان بەسەر ئەفغانستاندا.


بە کورتی دەبێ ریشەکانی تیرۆریزم لە ستەم و دەستدریژی و ھەژاری و جەھل و ئێستبداد دا ببینین. تیرۆریزم پێوەندی بە تەنیا یەک مەزھەبەوە نیە. ئێمە لە مێژودا بینیومانە کە لە ژێر ناوی جۆراوجۆری وەک قرمتی، زەندیق، سەربدار، کومیتەی نھێنی و ئەبو لولو، وە لە ناو ووڵاتان و میللەتانی دیکەدا بە ناوی ترەوە دەستیان داوەتە کردەوەی ھێرش بەرانە و تۆڵە ئەستێنانە لە دژی ئەم و ئەو. ئەمرۆ ئەرکی ھێزە پێشکەوتن خوازەکان و لەسەرەوەی ھەموان سوسیالیستەکانە کە بە تەواوی توانای خۆێان بە یەکخستن و ریکخستنی ھێزە ئینساندۆست و ئازادیخوازەکان بۆ پێک ھێنانی سیستمێکی عادڵانە و ئینسانی تێبکۆشن. تەنیا لەم رێگاێەوە ریشەکانی تیرۆر و جیناێەت و تۆلە ووشک دەبێ.


ئاسوەکانی ئەم بزوتنەوە ھیوا بەخشە ھەر ئێستا ئێمە لە زۆر شوینی جیھان لەوانە لە ئیران لە لاێان ژنان، لاوان و چین و تویژەکانی تری کومەڵایەتی، لە ئەمریکای لاتین، لە وینزویلا، کوبا، بولیوی، یونان، سپانیا،پورتوغال و ھەر ھەمو ئوروپا و جیھان، وڵاتانی عەرەبی و ھتد دەیبینین. تەنیا لە ژێر تیشکی خباتی عەداڵەتخوازانە داێە کە ریشەکانی ئەم ھەمو تەجاوەز و تیرۆر و دەستدرێژیانە بۆ سەر ماف و حورمەت و کەرامەتی ئینسان ووشک دەبێ و کۆتایی پێ بێ.

 

osman_r@hotmail.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک