په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠٢٦

 ڕوانگەی چینایەتی ئەدەبی ئەنتی کۆڵۆنیاڵیزم لە عێراق.
- ڕۆمانی (جەلال خالد) بە نموونە -

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)


سەرنجێک لەسەر چەمکەکانی کۆلۆنیاڵیزم و پۆست کۆڵۆنیاڵیزم.


پۆست - کۆڵۆنیاڵیزم؛ وەک چەمکێکی فیکری و ڕەخنەیی لە ئابووری و فەرهەنگی دژ بە داگیرکارییەکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا لەهەمبەر وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و کاریبی، یان ئەو وڵاتانەی بە جیهانی سێیەم ناوزەد دەکران، بەتایبەت لەپاش جەنگی دووەمی جیهانیی ( ١٩٤٠ - ١٩٤٤) کەوتە نێو فەرهەنگی سیاسییەوە. ئەم چەمکە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە پانتاییەکی فراوانی لەنێوەندە سیاسیی و فەرهەنگییەکان داگیر کرد و وەرچەرخانی ڕەوت و ئاراستەی ململانێی سیاسی و ئابوورییەکان بەرەو چەپ هێندەی تر ئەم تێڕوانینە ڕەخنەییەی قووڵتر و فراوانتر کردوەوە. پۆست - کۆلۆنیالیزم بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەیە لە کاریگەرییەکانی داگیرکاریی لەسەر کلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگە داگیرکراوەکان. (پۆست - کۆلۆنیالیزم بە یەکێک لە تیۆرییە ئەدەبی و ڕەخنەییەکان دادەنرێت کە ڕەهەندێکی کولتووری و سیاسی هەیە، بەو پێیەی گوتار بە کێشە سیاسییە ڕاستەقینەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە. گوتاری دوای کۆلۆنیالیزم گوتارێکی ڕەخنەگرانەیە کە هەوڵ دەدات گوتاری کۆلۆنیالیزمی تێکبدات و دووبارە بە مێژووی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتە داگیرکراوانەدا بچێتەوە کە ڕووبەڕووی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بوونەتەوە. (١) دیارە کاریگەرییەکان دوای کۆڵۆنیالیزەکردن یان دوای کردەی داگیرکاریی دێت و مەودای زەمەنی ئەم دوو سەردەم و قۆناغە جیاوازن. ئەگەر کۆڵۆنیاڵیزم (کردەی داگیرکاری وڵاتان و گەلانی دواکەوتوو)لە چەندین سەدە پێش ئێستاوە وەک پێویستییەکی مادیی گەشەی سەرمایەداری دەستی پێکردبێت، ئەوا پرسی پۆست - کۆڵۆنیاڵیزم تەمەنی ناگاتە سەدەیەک. پۆست - کۆڵۆنیاڵیزم ڕەنگە لەڕووی سەربازییەوە مانایەک بدات بەدەستەوە، بەڵام لە واقیعدا لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە ئەم چەمکە یان تێڕوانینە ناتوانێت ئەرگیومێنتی بوونی خۆی خۆی بسەلمێنێت. چونکە پۆست - کۆڵۆنیاڵیزم بە کشانەوەی سەربازیی داگیرکەر لە سەر خاکی داگیرکراودا دەست پێناکات و ئەوەی دوای کشانەوەی سەربازی داگیرکەران دەسەڵات بەڕێوە دەبات هەر بەتەنها تفەنگ نییە، بەڵکو سێبەری چەک و ئەو کاریگەرییەیە کە وشە و فەرهەنگ و بیرکردنەوەکانی داگیرکاران، جومگەکانی ژیانی داگیرکراوان، داگیر دەکات. (لەڕاستیدا شتێک نییە بەناوی پاش کۆڵۆنیاڵیزم، بەو جۆرەی زۆربەی هەرە زۆری نووسەرەکان باس لە کۆڵۆنیاڵیزم دەکەن وەک ڕوداوێک لە ڕابردوودا، وەک ئەوەی جیهانی ئەمڕۆ کۆڵۆنیاڵیزمی لەناو مێژووی خۆیدا یان لەناو ڕابردووی خۆیدا جێهێشتبێت و تێیپەڕاندبێت. ڕاستە کۆڵۆنیاڵیزم وەک فۆرمە کلاسیکییە سەربازییەکەی لەزۆر شوێن پاشەکشەی کردووە، بەڵام لە فۆرمی کاریگەرتر و بەهێزتردا لە هەمان ئەو وڵاتانەی ڕزگارییان ڕاگەیاند، هێشتا بەردەوامە).(٢) ئەم بەردەوامبوونەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە شوناس و زمان و دەسەڵاتەوە. کلتووری داگیرکەر وەکو کلتوورێکی باڵا لە هەوڵدایە کلتووری داگیرکراو (کلتووری نزم) قووت بدات و زمانیش دەبێتە یەکێک لە قوربانییەکان. مەودای کاریگەرییەکان لەڕووی سایکۆلۆژییەوە بەهای ئینسانیی کۆمەڵگەی داگیرکراو تێک دەشکێنێت. ئیتر لێرەوە شەڕی کلتوورەکان و زمان و فەرهەنگ شانبەشانی شەڕی وابەستەیی ئابووری دەچێتە ئاستێکی نەخوازراو. بەواتایەکی تر داگیرکار دەبێتە چەق و داگیراوانیش دەبنە پاشکۆ و ژێردەستە و وابەستەی چەق.


دیارە پرۆسەی کۆڵۆنیالیزەکردن هەر بە تەنها ویستێکی شەڕانگێزیی و خۆڕسکانەی وڵاتانی داگیرکار نییە، بەڵکو پێویستییەکی ماددیی ژیانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا و مەسەلەی دابینکردنی بازاڕ و فراوانترکردنی دەسەڵاتی سەرمایەیە. فەراهەمکردنی بازاڕ بۆ کاڵاکان و دابینکردنی هێزی کاری هەرزان و بەتاڵانبردنی سامانی سروشتی و کانزاکان هۆکاری سەرەکین بۆ داگیرکاری. گەشەی بۆرژوازی وەک چینێکی خاوەن هێزەکانی بەرهەمهێنان و قۆرخکەری بازاڕەکان، ئەوە دەخوازێت کە سنوورەکانی بازاڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵا و سەرمایە فراوانتر بکاتەوە و لە هەرسێ بوارەکانی گواستنەوە و بازرگانی و پیشەسازی لەسەر حیسابی چەوسانەوە و سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی هەژاری جیهان. ئەم هۆکارە ماددیی و بابەتییانە گەوهەری کۆڵۆنیاڵیزم پێک دەهێنن و داگیرکاریش لێرەوە مانا پەیدا دەکات. ئەم داگیرکارییەش هەر بە سیما و ڕووخسارە شەڕانگێزییەکەیەوە (چەک و کوشتن) خۆی دەرناخات، بەڵکو ئەو ئەژدیها ترسناکە بەنێوی دیموکراتی و مۆدێرنە و ئازادیهێنەر و مافی مرۆڤەوە ڕووخسارە ناشیرینەکانیان دادەپۆشن و هەندێکجاریش بەناچاری چەند کارێک دەکەن کە سوودی گشتی تێدایە و دەبنە هۆی گەشەی ئاگایی سیاسی و هۆشیاری چینایەتی.(٣) بۆیە ئەوەی دەیبینین کاریگەری کۆڵۆنیالیزم هەر بەتەنها کاریگەرییەکی کلتووریی و سایکۆلۆژیی نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا وابەستەبوونی ئابوورییە کە دەرئەنجام جگە لە کۆیلەتی بۆ ئینسانەکانەکانی کۆمەڵگە داگیرکراو و دواکەوتووەکان، مژدەیەکی تری پێ نییە.

عێراق و ئەدەبی ئەنتی کۆڵۆنیاڵیزم و دوو ڕوانگەی جیاواز.


لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و داڕمانی ئیمپرۆتۆرییەتی عوسمانیی و داگیرکردن و سەرلەنوێ نەخشەسازیی و دروستکردنی وڵاتێکی وەکو عێراق و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن بەریتانیاوە، وەک ڕووداوێکی سیاسی گرنگ لەمێژووی عێراق بووە سەرەتای گەلێ گۆڕان و ڕووداوی نوێ کە جێ پەنجەیان بەمێژووی عێراقدا دیارە. داگیرکاری بەریتانیا زۆر پێش پرۆسەی ئینتداب دەست پێ دەکات، بەڵام بەریتانیای داگیرکەر بە فەرمی لە ٢٥ ی نیسانی ١٩٢٠ عێراقی خستە ژێر باری ئینتداب تا بە پەیماننامەی ٣٠ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٠ بە فەرمی کۆتایی پێهێنرا.((٤) ئەدیبانی ئەو وڵاتە نوێیەی کەناونرا عێراق، کەوتنە بەردەم دۆخێکی تازەوە. دەبوو ئەدەبی عێراقی (بەتایبەتی لەڕووی ناوەڕۆکەوە) لەئاست خواستی خوێنەر و دۆخی سیاسی عێراق بێت. شاعیران و نووسەرانی ئەدەبی گێڕانەوە لەهەوڵدابوون دۆخی سیاسی و ئابووری ئەو کۆمەڵگە دواکەوتوو و داهێزراوە بە داهێنانە ئەنتی کۆڵۆنیالیزەکانیان ڕەنگڕێژ بکەن.


ئەدەبی ئەنتی کۆلۆنیالیزم لە عێراق تەنیا دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم دەست پێدەکات کە بێ گومان لەپەیوەندی دابووە لەگەڵ سیاسەت، ئابووری، کۆمەڵناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، کولتوور و زمان. هەربۆیەش ئەو ئەدەبە دوای پرۆسەی پۆست کۆڵۆنیاڵی، بەتایبەت دوای سەربەخۆیی عێراق و پەیوەستبوون بە کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٣٢، گۆڕانی بەخۆوە بینی، ئەویش بەدەستەوەگرتنی گوتاری ڕزگاریخوازی نیشتمانیی ڕاستەوخۆ بۆ کایەکانی نوێبوونەوەی هونەری و واقیعی کۆمەڵایەتی.


ئەوە ئاشکرایە لە قۆناغی کۆڵۆنیالیزم دۆخی خوێندەواری بەگشتی و نووسین بەتایبەتی لە عێراق زۆر لەخوار بووە و ڕێژەی خوێندواری لە عێراق لەئاستێکی نزمدا بووە. پەروەردە و فێربوون زۆر لەسەرخۆ بووە، بەڵام بەراورد بە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان زۆر لەپێشتر بووە. لەنیسانی ساڵی ١٩٢٠ ژمارەی قوتابخانەکان لە سەرتاسەری عێراق ٩٠ قوتابخانە بووە. (٥) کەمی ژمارەی نووسەر و ئەدیب لەو سەردەمەدا و بەرزی ڕێژەی نەخوێندەواری خەڵکی عێراق لە ئاست ئەو زوڵم و چەوسانەوەیەی بەریتانیا نەیتوانی ڕێگر بێت لەوەی کە نووسەرانی خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێڕ لەرێگەی بەرهەمەکانیانەوە بەشداری خەبات و وەستانەوە دژ بە داگیرکاری و ستەمی بەریتانیا بکەن، لەوانە: فازل حامد سەیدەلی، مەعروف ڕەسافی شاعیر(١٨٧٧ - ١٩٤٥)، محموود شوکری ئالوسی، و ئەنستانس ماری کرملی، و مەحموود ئەحمەد سەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس(١٩٠١ - ١٩٣٧)، و عەلی جەمیل شاعیر و ڕابەری کورتەچیرۆکی عێراقی، محەمەد مەهدی جەواهیری شاعیر(١٩٠٠ - ١٩٩٧)، محەمەد جەواد کازم جەزائیری شاعیر(١٨٨١ - ١٩٥١) و محەمەد سەعید راوی شاعیر و میرزا عەباس خەلیلی شاعیر و زۆری تر کە لەڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە لەلایەکەوە داوای سەربەخۆیی بوون و لەلایەکی ترەوە دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزمیان دەکرد. دیارە لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستە ئەنتی کۆڵۆنیالیزمەی نووسەران و ڕۆشنبیران، بەریتانیا چەندین سیاسەتی نا ئینسانیی گرتەبەر لەوانە ئیعدام و زیندانیکردن و ئەشکەنجە و دوورخستنەوە بۆ دەرەوەی عێراق.(٦)ڕۆشنبیران و نووسەرانی عێراق بۆ دژایەتیکردنی کۆڵۆنیالیزم بەسەر دوو ڕوانگەی چینایەتی جیاوازدا دابەش دەبن.


ڕوانگەی یەکەم: ڕوانگەی ئیسلامی - ناسیونالیستییە. ئەم ڕوانگەیە بەرگری لە خەلافەتی عوسمانی دەکرد و لەژێر ناوی ئایین و نەتەوە دەیوست گوتاری ئەنتی کۆڵۆنیاڵیتسبوونی خۆی پەرە پێبدات.


ڕوانگەی دووەم: ڕوانگەی سٶشیالیستیی و ئازادیخوازییە. ئەم ڕوانگەیەش پێداگری لەسەر چەمکی هاونیشتمانی و ئازادی لە ستەمکاران دادەگرت و تێدەکۆشا سنوورەکانی نەتەوە و ئایین ببەزێنێت و لەسەر ئایدیای عێراقیبوون کاریان لەسەر بۆچوونە سیاسی و چینایەتییەکانیان دەکرد.


ململانێی نێوان ئەم دوو تێڕوانینە لە هەموو ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق بە تۆخی دەردەکەوت و جارێک ڕوانگەی یەکەم و جارێکی تر ڕوانگەی دووەم مۆری خۆیان بە ڕووداوەکانەوە دەنا. بەڵام لە قۆناغی پۆست کۆڵۆنیالیزم ڕوانگەی دووەم لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی چینایەتی عێراق جێ پێی خۆی لە مێژووی هاوچەرخی عێراق قایم کرد.

ڕۆمانی (جەلال خالد) و ڕوانگەی چینایەتی.


وەکچۆن (شێوازی زۆربەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەدەبی کۆلۆنیالیزم واقیعین.)(٧)، ئاواش ڕۆمانی (جەلال خالد)ی مەحموود ئەحمەد سەید(*) وەک یەکەمین ڕۆمانی عێراقیی و تەنانەت وەک یەکەمین ڕۆمانی کرێکاریی و سۆشیالیستیی لە ساڵی ١٩٢٨ چاپ و بڵاودەکرێتەوە، وقیعییە و بەدروست پەنجە دەخاتە سەر گرفت و دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتییەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عێراقی تازە دروستبوو. ئەم ڕۆمانە(لەپێشەکییەکەدا نووسەر دەیەوێت ئەوە بەخوێنەر بڵێت کە ئەو شێوازە ئەوتۆبایۆگرافییەی کەلەڕۆمانەدا بەکارهاتووە هیچ پەیوەندییەکی بەنووسەرەوە نییە و نووسەر بەشێک نییە لە ڕووداوەکان. بەڵام لە دنیای واقیعدا جەلال خالید هەر خودی نووسەری ڕۆمانەکەیە. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە باس لە ڕۆشنبیرێکی عێراقی دەکات کە لەڕێگەی دەریاوە و بەهۆی پاپۆڕی (بارجورا)ەوە لە شاری بەسرەوە بەرەو شاری بۆمبی هیندستان دەچێت. لەسەر پاپۆڕەکە خێزانێکی عێراقی جوولەکە دەبێنێت و دڵی دەچێتە سەر (سارا) کیژە جوولەکەکە شەنگەکەی ئەو خێزانە. لە هیندستانیش ماوەی ئەو ساڵ و چەند ڕۆژە لەگەڵ (ف.سوامی) کە ڕۆشنبیرێکی فیکر چەپی هیندییە بەسەر دەبات و جەلال خالد دەکەوێتە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی سوامی. دوای گەڕانەوەشی بۆ عێراق، کۆمەڵێ نامە لەنێوان جەلال خالد و ک س و ئەحمەد موجاهید ئاڵوگۆڕ پێدەکرێن و نامەکان لە بەشی دووەمی ڕۆمانەکە دانراون. ئەوەی کە ئەم ڕۆمانەی پڕ بایەخ کردووە ئەوەیە کە خاڵی وەرچەرخانە لەمێژووی ئەدەبی گێڕانەوە لە عێراقی نوێدا.)(٨) لێرەوە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانەکە لە چەند خاڵێکدا دەخەمە بەر دیدە:


یەک: ڕۆمانی (جەلال خالد) بەمانای وشەکە ئەدەبێکی سۆشیالیستیی و ئەنتی کۆڵۆنیالیزمە. تێڕوانینی نووسەر وەک کەسێکی سۆشیالیست بە تەواوی لە ڕۆمانەکە بەدی دەکرێت. ئەم تێڕوانینەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ نووسەر وەک کەسێکی خاوەن مەعریفەی سەردەمەکەی هەڵوێستی سیاسی چینایەتی دژ بە داگیرکاریی بنوێنێت. ڕەنگدانەوەی هۆشیاری سۆشیالیستی و باڵادەستی ئەو هۆشیارییە لە ئەدەبی گێرانەوەی عێراقیدا بۆ ئەو سەردەمە(١٩٢٨) سەلماندنی توانایی و بلیمەتی نووسەرە. (لە زێدی خۆی شاری بەغدادی وڕ و سەرلێشێواو دەچێتە دەرەوە، ئەو شارەی سوپاکان داگیریان کردووە. ڕۆمانی جەلال خالد لاپەڕە ١١).

 
دوو: کلتوور و ئەدەبی قۆناغی کۆڵۆنیالیزم و پۆست کۆڵۆنیالیزم بەشێکن لە سەرخانی ئابوورییەکی وابەستە بە داگیرکار. بۆیە یەکێک لە هەڵە باوەکانی توێژەران و ڕەخنەگرانی بواری ئەدەب و ئیستاتیکا و ڕێبازە هونەرییەکان ئەوەیە کە ئەدەب و کلتوور لە ژێرخانی ئابووری دادەبڕن و بە ئەبستراکت لێوەی دەدوێن. ڕۆمانی (جەلال خالد) لەو هەلومەرجە ئابوورییەی سەرەتای گەشەی سەرمایەداری لە عێراق مانا پەیدا دەکات و بەدابڕاوی لەو هەلومەرجە هەر رەخنەیەک و لێکۆڵینەوەیەک بەو دابڕاوییە بنەمای مادیی و واقیعیی خۆی لەدەست دەدات.


سێ: زمانی ڕۆمانەکە زۆر سادەیە، بەڵام زمانی کرێکارێک نییە، بەڵکو زمانی ڕۆشنبیرێکی ئەفەندییە کە سەرباری مەوقیعیەتە چینایەتییەکەی، سەنگەری کرێکار و سۆشیالیزمی هەڵبژاردووە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری و هۆشیارکردنەوەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی عێراق. (کێ دەزانێت؟ ڕەنگە ئەو شۆڕشە ئەگەر ڕوویدابا، دەرئەنجامێکی گەورەی هەبوایە: دەرکردنی کۆلۆنیالیستەکان لە ڕۆژهەڵات و دامەزراندنی شارێکی نوێی ئینسانیی لەسەر بنەمای دادپەروەری، نەک کۆلۆنیالیزم، نەک وێرانکەر، و نەک لەسەر بنەمای غازی خنکێنەر. ڕۆمانی جەلال خالد لاپەڕە ٣٢).


چوار: نووسەر لەو نوڤلێتە بچووکە توانیویەتی ئاستێکی بەرز لە مەعریفەی سیاسی و ڕۆشنبیری نیشان بدات بە تایبەتی لەبواری ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ڕۆمانەکە، وەک باسکردن لە مەسەلەکانی نەتەوایەتی و ئایین و ژنان و خەباتی سیاسی و ئابووری کرێکاران.


پێنج: ڕۆمانەکە لە دوو بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم گێڕانەوەیە بە تەکنیکی چیرۆک و بەشی دووەم گێڕانەوەیە بە شێوازی نامە گۆڕینەوە. هەردوو بەشەکە تەواوکەری یەکترن و پەیوەندییەکی پتەو و قووڵیان بەیەکترەوە هەیە و لەخزمەتی ناوەڕۆکەکەدان.


شەش: نووسەر لە ڕۆمانەکە لە زمانی کەسی دووەمی تاکەوە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان بەم سیفەتانە ڕەنگڕێژ دەکات : ڕۆشنبیرێکە لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووری کۆمەڵگەوەیە. تێڕوانینی چەپ و مارکسیستییە و نێونەتەوەییانە بیر دەکاتەوە. لە هەمان کاتیشدا هەڵگری شانازییەکی نەتەوەییە و وەک بۆرژوازییەکی نیشتمانی دژ بە پەیوەندییەکانی فیوداڵی و مەسەلەی عێراق بۆ ئەو گەوهەرییە.(٩) (ئەگەر کرێکارێک لە کارگەکەدا ببینیت، کە جلێکی سادە و دڕاوی لەبەردایە و گەرما و کاری قوورس چۆن ژیانی دەیهارێت و ملکەچانە تەسلیم بووە و بزانیت کە حەقدەستەکەی بەشی ناکات، ئەوا بەزەیی و هاوسۆزیت بۆی دەبێت و هەست بە بەرپەرچدانەوەی ئەو سیستەمە چەپەڵ و نادادپەرەوە دەکەیت کە ناهۆشیاری کرێکاران دەقۆزنەوە لە پێناو تەنها کەسێک کە باڵای ناگاتە مەترێک. ڕۆمانی جەلال خالد لاپەڕە ١٤) یان (من هەرگیز لە وڵاتەکەمدا شاهیدی مانگرتن نەبووم، چونکە کرێکاری تێدا نییە، تەنیا جووتیاری برسی نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا شوکرانەبژێر و ڕازین ڕۆمانی جەلال خالد لاپەڕە ٢٠).


حەوت: لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانەکە سۆشیالیستییە، بەڵام سۆشیالیستییەکی بێخەوش نییە. بۆیە دەبینین لەچەندین جێگە هەست بە تەپوتۆزی ناسیونالیستی لە بیرکردنەوەی پاڵەوانەکە دەکەین کە لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی نووسەرە. ئەم ڕەنگدانەوەیەش کاریگەری کلتوور و فەرهەنگی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەی ئەوسای عێراقە لەسەر نووسەر. وەک ئەوەی پاڵەوانەکە عێراق و سوریا تەنها موڵکی عەرەب بن و هیچ نەتەوە و ئاینزایەکی تری تیا نەژێت.(عەرەب هیچ سوپایەکی نەبوو بەرگری لە دیمەشقی پایتەخت بکات لە داگیرکەران. ڕۆمانی جەلال خالد لاپەڕە ٥٦)

بەم پێیە ڕۆمانی (جەلال خالد) لە ڕوانگەی چینایەتی سۆشیالیستییەوە و لە پێگەی دژایەتیکردنی کۆڵۆنیاڵیزم، وەک دەقێکی ئەدەبیی هەوڵیداوە وەلامگۆی دۆخ و سەردەمەکەی خۆی بێت و ڕێگە خۆشکەر و بەشدار بێت لە گۆڕان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەی عێراق لە هەموو ڕووەکانەوە.

سەرەنجام.


ئەدەبی ئەنتی کۆڵۆنیاڵیزم لە عێراق، لەدوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و داگیرکاری بەریتانیا لە جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨ دەست پێ دەکات. شاعیران و نووسەرانی عێراقی تازە پێکهێنراو لە بەرهەمەکانیاندا ئەو دۆخە سیاسییە نوێیەیان بە دوو هەڵویستی سیاسی چینایەتی جیاواز بەرجەستە کردۆتەوە. ڕوانگەیەکی ناسیونالیستی - ئیسلامی و ڕوانگەی سۆشیالیستی. جەوهەری هەردوو ڕوانگەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینایەتی جیاواز دامەزرا بوون. یەکێک لەو دەقە گرنگانەی ئەدەبی گێرانەوە لەو سەردەمەدا،ڕۆمانی (جەلال خالد)ە، وەک یەکەمین ڕۆمانی سۆشیالیستیی و کرێکاریی، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی عێراقی مەحموود ئەحمەد ئەلسەید، کە لە ساڵی ١٩٢٨ بڵاوکراوەتەوە، لە ڕوانگەیەکی چینایەتی سۆشیالیستییەوە نووسراوە و پایەیەکی لەسەر هەڵویست دژ بە کۆڵۆنیالیزمی بەریتانیا داڕێژراوە. ڕۆمانەکە هەرچەندە بە قەبارە بچووکە بەڵام بە ناوەڕۆک فرە دەوڵەندە و لە دوو بەش پێکهاتووە. ئەم ڕۆمانە مانیفیستێکی ئەنتی کۆڵۆنیالیستی (بەڵام سۆشیالیستانە)ی سەردەمەکەیەتی و ڕۆماننووس بوێرانە دژ بە داگیراکرییەکانی بەریتانیای سەرمایەدار و هەروەها دژ بەکۆی دەرد و نەگبەتییەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی عێراق وەستاوەتەوە.
____________________________________________________
* مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و پێشەنگی ڕۆمانی عەرەبی لە عێراق( ١٩٠١ - ١٩٣٧)، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران بوو، ناوێکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی هوشیاربوونەوەی فیکریی و ڕێنیسانسی ئەدەبی لەمێژووی عێراقدا کە ڕۆڵێکی مەزنی گێرا لە بەرگریکردن لە کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەو لە واقیعی کۆمەڵگەی عێراقی لە دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو ژیا کە هەمیشە لە ناکۆکیدا بوو لەگەڵ دوواکەوتوویی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئاستی مەعریفی خۆیدا.مەحموود ئەحمەد سەید قەڵەمەکەی خستە گەڕ لەبوارەکانی ئەدەب و سیاسەتدا لەپێناو کرێکاران. ئەو لەجەرگەی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنگەرییەی عێراق هاتە دەرەوە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خەریکی هەناسەدان بوو. ئەم نووسەرە کرێکاریی و کۆمۆنیستە لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠١ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. سەرەتا لە کتێبخانەی مزگەوتی حەیدەرخانە لای باوکی دەست بە خوێندنی ئایینی دەکات؛ کە ئەوکات مەلای مزگەوتی عەبدولقادر گەیلانی بوو. پاشان ئەلسەید لە قوتابخانە عوسمانییەکان دەخوێنێت و تا لەسەردەمی داگیرکاری ئینگلیزدا دەچێتە خوولێکی ئەندازیاری. ئینجا گەشتی وڵاتی هیندستان دەکات و ساڵێک لەوێ بەسەر دەبات و شارەزایی لە دۆخی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هیندستان پەیدا دەکات. مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە هیندستان بە بیرمەندی سۆشیالیستیی هیندی (سوامی) ئاشنا دەبێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. ساڵی ١٩٢٠ لەسەروبەندی شۆڕشی ١٩٢٠، دەگەڕێتەوە بۆ عێراق تا ئەزموونی گەشتەکەی هیندستان و شۆڕشەکەی ١٩٢٠ لە ڕۆمانی (جەلال خالد) بخاتە ڕوو، کە دواتر لە ساڵی ١٩٢٨ دا بڵاوی دەکاتەوە.(١٠)
____________________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١)ن. شمناد، خطاب ما بعد الاستعمار في النقد العربي، مجلة المعیار، عدد ١، سنة ٨، ص ١٨٥-١٩٩.

https://asjp.cerist.dz/en/article/46296
(٢)ڕزگار حەمەڕەشید، وشەکان و جیاوازی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، چاپی یەکەم، ٢٠١٤، لاپەڕە ١٧٠.
(٣)بۆ نموونە: هێنانی چاپخانە و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە، بنیادنانی هێلی ئاسن و ڕێگاوبان، دروست کردنی کارگە، کردنەوەی قوتابخانە، پەرەپێدانی بەندەرەکان، دامەزراندنی سیستەمی تەلەگراف و پەیوەندی و .. تاد.
(٤)السید عبدالرزاق الحسني، العراق في ظل المعاهدات، الطبعة الرابعة، مطبعة دار الکتب، بیروت، لبنان، ١٩٨٠، ص ١.
(٥)سهیل الزهاوي، النظام التعلیمي في العراق و نشوء المثقفین ١٩٠٠ - ١٩٣٤، موقع الحزب الشیوعي العراقي،٢٨ کانوون الثاني ٢٠٢٢.

https://www.iraqicp.com/index.php/sections/platform/57738-1900-1934
(٦)الان معروف سالح، موقف الشعراء العراقیین من احتلال الغرب للوطن العربي بدایة القرن العشرین، رسالة اکادیمیة، انقرة،ترکیا.

https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/885930
٧-جون ماکلوید و آخرون، نظریة ما بعد الاستعمار و الروایة، دراسات و مقالات مختارة، ترجمة دکتور اشرف ابراهیم محمد دیزان جامعة بورسعید، تقدیم و مراجعة ا.د.جمال الجزیري، خامعة السویس،مٶسسة البیان للترجمة و النشر و التوزیع، القاهیرة، ٢٠٢٠، ص ١٣.https://www.academia.edu

(٨)و (٩)عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)، جەلال خالد یەکەمین ڕۆمانی کرێکاریی عێراقی و خوێندنەوەیەک، سایتی دەنگەکان، ٢٢ ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٢.

https://dengekan.info/archives/39472
(١٠)عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)، مەحموود ئەحمەد سەیدی چیرۆکنووس و خەبات لەپێناو کرێکارانی عێراقدا، ڕۆژنامەی ڕەوت، ژمارە ٢٤، ساڵی ٢٠٢٣، لاپەڕە ٧.

 

ئەیلوولی ٢٠٢٦

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک