١٠\٦\٢٠١٥
نامەی بۆردی
دامەزرینەری ناوەندی سێکولار لە کوردستان*
بۆ لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان:
راگەیاندنی
ناوەندی سێکولار لە کوردستان
سەبارەت بە
رەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان.
رەشنووسی
دەستووری ھەرێمی کوردستان کە لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانی
کوردستانەوە خراوەتەڕوو و ئێستا کاردەکەن بۆ ھەموارکردنەوە و
ئامادەکردنی بۆ ڕاپرسی، نەیتوانیوە بنەمایەک بێت کە ماف و ئازادیەکانی
خەڵکی کوردستان دابین بکات و چوارچیوەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوانەشی
دانەناوە بۆئەوەی سیستەمی سیاسی و دادوەری و پەروەردەیی لەسەر
بنەماکانی مافە جیھانیەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنە زانستیەکان لە بواری
بەڕیوەبردن و جیایی ئاین لە دەوڵەت و بەشداری فراوانی جەماوەر لە
یاسادانان و بەڕیوەبردنی لەسەر دابمەزرێ .ھەربۆیە ناڕەزایەتی چین و
توێژ و حیزب و ڕێکخراو و کۆڕ و ناوەند و کەسانی ئازادیخواز و یەکسانی
خوازی لێکەوتۆتەوە .ناڕەزایەتی سەبارەت بە سیستەمی سەرۆکایەتی و
دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم ، دەوری ئاین لە دەستوور و یاساکان،
بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕاو و ئازادیە سیاسیەکان و ئازادی حیزب و
ڕێکخراوەکان ،وپێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵان و کرێکاران و
فەرمانبەران و توێژە کەم دەرامەتەکان، لەبەرچاونەگرتنی خواستی
سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان و بڕیاردانی لە چارەنوسی سیاسی کوردستانداو
ھتد... . ئێمەش خۆمان بەبەشێک لەو ناڕەزایەتیە پێشکەوتنخوازانە و
ئازادیخوازانەیە دەزانین کە ڕەخنەمان لەم رەشنووسەی دەستووری ھەرێمی
کوردستان ھەیە و ئامادەی کارکردنین لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە خوازیاری
گۆڕینی ئەم رەشنووسەی دەستوورن بەو شێوەیەی کە زۆرترین ماف و
ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکات و ببێتە بنەمای دامەزراندنی
سیستەمێکی ئازاد وسێکولار و پێشکەوتنخوازانە لە کوردستان. پێویستە
لەلایەن دەزگا دەسەڵاتدارەکانی ھەرێمەوە پێش لە ڕاپرسی پرۆسەی
ھەموارکردنەوەی دەستوور بکرێتە پرۆسەیەکی ئازادانە کە بەشداری فراوانی
خەڵک مسۆگەر بکا و ھۆیەکانی ڕاگەیاندن فەراھەم بکرێت بۆ بەشداری
جەماوەر لەم پرۆسەیەدا.
ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە کوردستان ئەوەندەی پەیوەستە بە ئامانج و
کاری ئێمەوە ،ڕەخنەی خۆمان سەبارەت بەم رەشنووسە لەم خاڵانەی خوارەوەدا
دەخەینەوە ڕوو:
یەکەم: پرۆژەی یاسای دەستووری ھەرێم لە
ماددەی سێیەم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە "گەل سەرچاوەی دەسەڵات"ـە،
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گەل یان نوێنەرەکانی ھەم یاسادانەرو ھەم
دەسەڵاتی جێبەجێکار پێکدەھێنن. بەڵام ئەم ماددەی سێیەمە بە ماددەی
شەشەم لە پرۆژە یاساکە پوچەڵ دەکرێتەوە ،بەو پێیەی کە ماددەی شەشەم
پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە "بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی
سەرەکی یاسادانان" و "نابێ یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە
نەگۆڕەکانی ئیسلام".
ھەربۆیە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت ئەم ماددەیەی
٦ی دەستوور لە دەستووری ھەمیشەیی ھەرێم لاببرێت لەبەر ئەم ھۆیانە:
١. ئەو ماددەیەی کە دەڵێت "بنەماکانی شەریعەی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی
یاسادانانەو نابێ یاسایەک دابندرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆڕەکانی
ئیسلام" ناکۆکە لەگەڵ ئەو ماددەیەی کە دەڵێت "گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە"
چونکە لەوەی پێشەوە ئاین دەبێت بە سەرچاوەی یاسادان لەوەی دواتریش گەل
دەبێت بە سەرچاوەی یاسادانان.
٢. کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ
یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە ھەرچی فەقیھە موسڵمانەکان لە ماوەی
١٤٠٠ ساڵی ڕابردودا وەک فەتواو یاسا بەرھەمیانھێناوەو وەک یاسا
دەریانکردوە دەبێت ببێت بە سەرچاوەی یاسادانان لە ئەمڕۆ و دواڕۆژی
ھەرێمدا. ئەمەش لەگەڵ سروشتی گەشەو گۆڕاوی کۆمەڵگەکان نەک یەکناگریتەوە
بەڵکو دژایەتی دەکات.
٣. کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ
یاسادانان ئەوە مانای ئەوەیە کە ھاوڵاتیان لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبوون
مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت بەڵکو لەسەر بنەمای موسڵمانبوونو ئێزیدیبوونو
کرستیانیبوونو کاکەییبوونو شەبەکیبوون سوننیبوونو شیعیبوون
مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو بنەما سەرەکییەی
دەوڵەتی مەدەنییە کە پێداگری لەسەر یەکسانبوونی ھاوڵاتیان لەبەرامبەر
یاسادا دەکات.
٤. کاتێک کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەکرێن بە سەرچاوەیەک بۆ
یاسادانان ئەوە نایەکسانی ژنو پیاوی لێدەکەوێتە چونکە ژنان بەپێی
شەریعەتی ئیسلامی مافی یەکسانیان نە لە میرات نە لە شایەدی نە لە
مارەبڕینو ژیانی خێزانی نییە. ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی ماددەی بیستو
بڕگەکانی پڕۆژە یاساکەی دەستوورە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە "پیاو
و ژن بەرامبەر بە یاسا وەک یەکن"، یان ئەوەی دەڵێت "حکومەت ھەوڵدەدات
ھەموو کۆسپێکو ڕێگرییەک لە ڕێگای یەکسانیی لە ژیانو مافە شارستانیو
سیاسیو کۆمەڵایەتیو ڕۆشنبیرییو ئابورییەکاندا لابەرێ". لەڕاستیدا
دانانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان راست پێچەوانەی ئەم
ماددەیەیەو دەبێتە کۆسپێک لەپێش گەیشتنی ژنان بە مافەکانیان لە ھەموو
ئەو بوارانەی کە ماددەکەی ئاماژەیپێکردون.
٥. بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە دانانی شەریعەتی ئیسلام بەسەرچاوەیەکی
سەرەکی یاسادانان پێچەوانە ودژ بە مافە جیھانیەکانی مرۆڤە و پوچەڵ
کردنەوە و پێشێلکردنی ئەو مافانەی مرۆڤە کە ئەم دەستوورە دانی پێداناوە.
دووەم: پرۆژە یاساکە ھەر لە ماددەی شەشەم
"دان دەنێت بە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی ھەرێمی کوردستان".
ئێمە پێمانوایە کە ئەم ماددەیە دەبێت لە
دەستوورە ھەمیشەیەکە لاببرێت لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:
١. ھەرێم، وڵات یان دەسەڵات پێویست ناکات کە شوناسی ھەبێت چونکە ھیچ
کۆمەڵگەیەک لە یەک گروپی نەتەوەیی، ئاینیی، کەلتوریی پێکنەھاتووە.
دانان بە ھەر شوناسێک بۆ ھەرێم مانای سەپاندنی شوناسێکی دیاریکراوە
بەسەر ئەو گروپانەی کە شوناسەکە نایانگرێتەوە یان قەبوڵیان نییە.
٢. دەوڵەت چوارچێوەیەکی یاساییو دەزگاییە کە پەیوەندیی نێوان ئەو
شوناسە جیاوازانە لە ڕووی یاساییەوەو بەپێی مافو بەرپرسیاریەتی یەکسان
ڕێکدەخات نەک دەزگایەکی خاوەن شوناس.
٣. شوناسی کۆمەڵگەکان نەگۆڕ نین چونکە وەک سروشتی کۆمەڵگەکان لە
گۆڕانکاری بەردەوامن بۆیە ناکرێت شوناس بۆ کۆمەڵگە لە گۆڕانھاتوو و فرە
کەلتورییەکان جێگیر بکرێتو بسەپێنرێت.
دەستووری ھەرێمی کوردستان دەبێت یەکسانیی ھەموو ھاوڵاتیانی ھەرێمی
کوردستان لەبەرامبەر یاسادا ڕابگەیەنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی
ئاینیی، مەزھەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز و زمان .
سێیەم: ماددەی سییەم کە پێداگری لەسەر
ئەوە دەکات کە "نابێ حوکمەکانی باری کەسێتی پەیڕەوانی ئاینێک لەسەر
پەیڕەوانی ئاینێکی دیکە بسەپێنرێت" وا دەردەکەوێت کە مافە ئاینییەکانی
ھاوڵاتیانی ھەرێم دەپارێزێت بەڵام لە جەوھەردا کۆمەڵگە لەسەر بنەمای
ئاینو ئاینزا لە یەکجیادەکاتەوەو لەبەرامبەر یاسادا نایەکسانیان دەکات.
بۆنمونە چۆن دەکرێت موسڵمانێک ئەگەر دزی کرد ئەوە دەستی ببڕدرێت کەچی
ئێزیدییەک ئەگەر دزی کرد ئەوە شەش مانگ زیندانی بکرێت. ئەمە نایەکسانی
دەسەپێنێت نەک یەکسانی کە ئەرکی دەستوورە. بەم شێوەیە ئەم مادەیە
شەریعەتی ئیسلامی و پەیڕەوی ئاینە جیاوازەکان دەکات بەیاسا و ھەموو
ھەموو بنەما مەدەنی و مۆدێرنەکان ویاسا مەدەنیەکانی باری کەسی دنیای
ئەمڕۆ دەسڕێتەوە.
لە دەستووری ھەرێمی کوردستاندا پێویستە بنەماکانی یاساکانی باری کەسیی
لەسەر پرینسیپە سیڤیل و مەدەنی و مافە جیھانیەکانی مرۆڤ دابنرێ و
دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی ھەر ئاینێک.
چوارەم: ماددەی نۆزدە کە پێداگری لەسەر
ئەوە دەکات کە نابێت "مزگەوتو کەنیسەو شوێنەکانی خواپەرستی بکرێنە
گۆڕەپانی چالاکی حیزبیو سیاسیی" کەچی شەریعەتی ئیسلام دەباتە نێو
دادگاکانو دەیانکات بە بنەمای یاسادانان. ئەم ماددەیە تەواو ناکۆکە
لەگەڵ ماددەی شەشەم. چونکە ئەگەر شەریعەت بکرێت بە سەرچاوەیەکی
یاسادانان ئەوە دەبێت ئاسایی بێت کە مزگەوتو کەنیسە بکرێن بە شوێنی
سیاسەتکردن. کاتێک کە بنەماکانی ئاینێک بکرێن بە سەرچاوە بۆ یاسادانان
ئەوە ھەر خۆی تێکەڵکردنی ئاینە بە سیاسەت، جا کە وابێت بۆ دەبێت شوێنی
قسەکردن لەسەر ئاین لە کاری سیاسیی قەدەغەبکرێت.
____________________________
*
بۆردی دامەزرینەری ناوەندی سێکولار لە کوردستان:
ناوەندی سێکولار لە کوردستان لە ١٩ی نیسانی ٢٠١٥ لە لایەن بۆردی
دامەزرێنەرەوە ڕاگەیەندرا، بۆردی ناوەند پێکھاتوە لە (فوئاد مەجید
میسری، گۆنا سەعید، د. سالار باسیرە، ئاسۆ کەمال، شێرزاد حەسەن، بەھار
مونزیر، د. شێرکۆ کرمانج ،فەتاح زاخۆیی و ریبوار ئەحمەد).
ناوەندی سێکولار لە کوردستان
info@kurdistansecular.com
www.kurdistansecular.com
٠٠٤٤٧٨٩٤٢٥٢٧٠٨
،٠٠٩٦٤٧٧٠١٥٢١٥٢٢
|